کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كوشتنی هاورێیەكی تری كورد خاتو پێترا كێلی

Saturday, 17/12/2011, 12:00


لەو شوێنەی كەخۆشەویستی دەستپَیدەكات، لەوێوە زەبروزەنگ كۆتایی دێت (خاتوو كێلی)

خاتوو كێلی كێ بوو؟
خاتوو پێترا كێلی ئەندامی پەرلەمانی لەسەر لیستی پارتی سەوزەكان. مرۆڤێكی سیاسەتمەدار و چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ و ژینگە بوو. یەكێك لە كەسایەتیەكانی دروستكەری پارتی سەوزەكان بوو. دواتر پارتەكەی بوە پارتێكی سیاسی و توانی هەتا سەرەتای دوو هەزار لەگەل پارتی سۆشیال دیموكراتەكاندا پێكەوە لەكۆوالیسیۆنێكدا دەسەلات بگرنە دەست بۆ چەند سالیك. خاتوو كێلی دۆستی راستەقینەی گەلانی چەوساوەو مافخوراو بوو. جگە لەمەش سەرقالی كێشەی ژنان و چالاك بوو لەناو بزوتنەوەی ژناندا لەتیۆری و پراكتیكدا و خاوەن هەلوێستی ئازایانەو لێكۆلینەوەی خۆی بوە لەم بوارەدا.


یەكەم یەكتر بینینمان
من بۆ یەكەم جار راستەوخۆ لەكۆنفرەنسێكی نێودەولەتی سێ رۆژیدا بەخاتوو پێترا كێلی ئاشنا بووم كەلە (14-16/1989) سازكرابوو بە ناوی كۆنفرەنسی نێودەولەتیی سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە كوردستان لە شاری برێمنی ئەلمانیا. وتوێژو بابەتەكانی كۆنفرانسەكە دواتر كرانە كتێبێك بە زمانی ئەلمانی. لەم كۆنفرەنسەدا ئەو هەلەم دۆزیەوە وتوێژێكیشم لەگەلیدا ئەنجامدا سەبارەت بە كێشەی چەكی كیمیایی و فرۆشتنی لە لایەن كارگەكانی ئەلمانیاوە بە ئاگاداری حكومەتی ئەلمانیا بە عێراق و مەسەلەی بازرگانی چەك و هەوەرها دۆزی كوردو بابەتی هاوپەیمانی ئەتلەسی كە توركیا ئەندامە تێیدا. هەر لەوێ خاتو كێلی ئاشنای كردم بە هاورێ و هاوسەرەكەی خۆی جەنەرال (گێرت باستیان) كە پێیان دەوت جەنەرالی ئاشتی چونكە وازی لە سوپا هێناو لەگەل بیركردنەوەكانی سوپاو سیاسەتی دەرەوەی ئەلمانیا نەدەگونجا. هاوشانی خاتوو كێلی تێدەكۆشا بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ. خاتو كێلی لە جانتاكەی كۆمەلێك نوسینی دەركردو نیشانیدامو وتی كە خەریكی نوسینی كتێبێكم سەبارەت بە كێشەی مافی مرۆڤی تیبێتێكان لە ولاتی تیبیتی ژێر دەسەلاتی حكومەتی چین. بەماوەیەكی كورت دواتر كتێبەكەی هاتەناو بازارەوەو من ژمارەیەكیم لێكری كە ناونیشانی (ولاتێكی تەحەدا لێكراو)ی دابویەو بە ناوی جەنەرال باستیان و خۆیەوە بلاوی كردەوە. وتەیەكی سەرۆكی رۆحی تیبیتەكان (دەلای لاما) ی پَیشكەش بە پشتی كتێبەكە كردوە كە دەلێت:

"هێزو دەسەلاتی خۆشەویستی و لێبوردن لەسەرجەم دەسەلاتی هەموو زەبروزەنگێك بەهێز ترە. لەگەل هەموو ئەو زولموزۆرە درندانەیەی چینیەكان لە ولاتەكەمدا دەیكەن لە دلمدا رق دروست ناكەم لەسەریان. با بە دوای تۆلـە سەندنەوەو بە دوای ئەوانەدا نەكەوین كە درندایەتییان بەرامبەر بە ئێمە ئەنجامداوە. هیوای من بەندە بە ئازایی تیبیتێكان و خۆشەویستییان بۆ راستی و دادپەروەری كە هەرهێشتا لە دلی مرۆڤەكانیدا دەژی".




ئاینی دەلەی لاما بوزی یەو هەلگری خاوەن فەلسەفەیەكی تایبەتی خۆیانن كە بریتیە تەنیا لەئاشتی و بروایان بەبەكارهێنانی زەبروزەنگ نیە. بەلام بە یاد هێنانەوەی ئەم وتەیەی دەلەی لاما لە لایەن خاتو كێلی ئەو راستیە دەبەخشێت كە ئەمیش دژ بە كەلتوری جەنگ و كوشتنو وێرانی و بۆ ژیانی ئاشتی تێكۆشاوە. خاتوو كێلی بەواتای وشە دۆستی گەلی كورد بوو. بەتوندی دژایەتی فرۆشتن و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی كرد بە رژێمی عێراق و بەكارهێنانی لە دژی كورد. دەیوت ئەم كارەساتە بوە خالێكی رەش لەسەر ئێمەو ئەلمان ناتوانێت قوربانیەكان زیندوو بكاتەوەو داوای دوبارە نەكردنەوەو قەرەبووی دەكرد بۆ قوربانیانی چەكی كیمیایی بۆ كورد. خەمخۆری چارەنوسی كورد بوو، نوسینیشی هەبوو لەم بوارەدا. هەر لەبەر ئەم هۆیانە لای جەماوەرێكی زۆری بێگانەو كوردەكانیش خۆشەویست بوو. دوا بەدوای ئەم كۆنفەرەنسە چەند جارێك نامەو نوسینمان لەگەل یەكتردا گۆڕیەوە سەبارەت بە شەری عێراق ئێران و كێشەی كوردو مەسەلەی هاوپەیمانی ئەتلەسی و چەكی كیمیاوی. بۆ بیرەوەری نەمفەوتاندن.




خاتو كێلی هاوشێوەی خاتوو لیسی شمیت بوو
خاتو كێلی هاوشێوەی خاتوو لیسی شمیت مرۆڤێكی ئینتەرناسیۆنالیست و مرۆڤ دۆست و ئازادیخواز بوو. زۆر دلخۆشبووم بەوەی كە دەموت كوردیش بێ هاورێ نیەو ئێمە دەبێت ئەم جۆرە مرۆڤانە بدۆزینەوەو دۆستایەتیان بكەین و دەنگمان بگەیەننە شوێنی مەبەست كەخۆمان ئاسایی توانای گەشتنمان نیە بۆی و ببنە لۆبی بۆ كورد. ئەم مرۆڤانە بروایان بە خەباتی خۆیان هەبوە بۆ كەمكردنەوەی چەوساندنەوە لەسەر مرۆڤ و خاوەن پرەنسیب بوون و كەسانی هوشیار و ژیر بوون و لەیاساو نهێنیەكانی ژیان گەیشتبوون من لە زۆریانەوە سوودم وەرگرتوە.


رۆژی تیرۆركردنەكەی خاتوو كێلی
بە ماوەیەكی كەم دوای ئەم كۆنفەرەنسە كە هێشتا قوتابی زانكۆ بووم لەیەكێك لەشەقامەكۆن و رۆمانسیەكانی ناوشار نزیك بەزانكۆ لەناو مالێكی كۆندا ژورێكم گرتبوو بەكرێ كە چەند خوێندكارێكی تریشی لێدەژیا. ئێوارەیەك لە زانكۆ گەرامەوەو تەلەفزیۆنەكەم كردەوە بۆ گوێگرتن لە دەنگ و باسەكانی ئێوارە كە وتەبێژەكە وتی:
"ئەم بەیانیە لە شاری بۆن لە مالەكەی خۆیدا خاتو كێلی و هاورێی و هاوسەرەكەی جەنەرال باستیان كوژراون. هەر یەكێكیان گوللەیەك نراوە بەسەریانەوەو گیانیان لە دەستداوە".



كە ئەم هەوالەم بیست دەتووت گوللەكەیان بەسەری منەوە ناوە بەتەواوی لەجێگای خۆمدا تاسام و فرمێسك لەچاوەكانمدا قەتیس ما. خاتو كێلی لەناو جێگاكەی خۆی لە قولایی خەودا لەبەرەبەیانی رۆژی 1/10/1992 بە گوللەیەك مێشكیان پژاندو كوژرا، هەربەم جۆرە جەنەرال باستیانیش. دوای ماوەیەك لێكۆلەرەوانی حكومەت دۆسیەكەیان داخست بەو لێكدانەوەیەی كە گوایە جەنەرال باستیان پێشەكی هاورێ خۆشەویستەكەی خۆی خاتو كێلی لە خەودا كوشتوەو دوایش گوللەیەكی ناوە بە سەری خۆیەوە. جەنەرال باستیان لەبارودۆخێكی رۆحی ناهەمواردا ژیاوە.گوایە ماوەیەك بووە كێشەیان هەبوەو كێلی ماوەیەك بووە توشی ژیانی ترس ببوو لەناو ئەو باودۆخەی كەبەهۆی كارەكەیەوە تێیدا ژیاوەو بابەتی كارەكانی خەفەتی زۆری بۆ دروست كردبوو كە باستیان ویستویەتی كۆتایی بەژیانی خۆیشی و ئەمیش بهێنێت. دەمانچەكەی كەهێشتا لەناو دەستی جەنەرال باستیاندا بوە تەنیا دوو گوللەی تێدا بوە كەبەسەری هەردوكیانەوە نرابوو. خاتوو كێلی دیارە نەخشەی كۆتایی هێنانی نەبوە بەژیانی خۆی چونكە دەفتەری مەوعیدەكانی هەتا سالی 1993 پربوون لە چاوپَێكەوتن و بابەتی تر. ئەم قسەیە گوایە جەنەرال باستیان پێترا كێلی كوشتوە زۆر كەم كەس بروای پێیەتی. بۆچی كوژران و چۆن كوژران؟


كوشتنەكەی گوچكەی سەرۆكی بزوتنەوەی خوێندكارانی ئەلمانیام هاتەوە یاد كە لە شاری بەرلین لە سەرەتای هەفتاكاندا لە ئوتومبیلێكەوە تەقەی لێكراو كوژرا. هەروەها ئەندامی سەرۆكایەتی سوپای سوری ئەلمانی خاتوو ئولریكا ماینهۆف لەبەندیخانەی شاری شتامهایمی ئەلمانیا مرد. لێكۆلینەوە فەرمیەكە وابوو كە گوایە خاتوو ماینهۆف بەگۆرەویە تەنكە ژنانەكەی، خۆی لەژوری بەندیخانە پێخنكاندوەو لاشەكەیان لە گۆرستانێكی ئەلمانیادا بەخاك سپارد. هەروەك كوشتنەكەی رۆژنامەنوسی ئەلمانی لیسی شمیت لە كوردستان- عێراق. لەسەر ئەمانە ناتەواوی هەیە سەبارەت بە هۆكارو شێوەی كوشتن و بكوژەكانەوە. بەقەناعەتی من ئەم جۆرە روداوانە سێبەری خۆیان هەیە. ئایا كەی راستیەكان دەردەكەون؟ ئەگەر دەریش كەوتن لەوانەیە ئەو كاتە رای گشتی ئارەزوی لە مەسەلەكە نەمابێ.

رۆژی بەخاك سپاردنی خاتوو پێترا كێلی
لە رۆژی 26/10/1992 لەتەمەنی 44 سالیدا خاتوو كێلی لەشاری ڤورتس بورگ لەگۆڕستانی (ڤالد فریدهۆف) بەخاك سپێردرا لەتەنیشت خوشكەكەیەوە كەبە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی كرد. لەرۆژی 9/11 شدا جەنەرال گێرت باستیان لەشاری میۆنیخ بەخاك سپێردراو لەم رۆژە بەدواوە مرۆڤایەتی هاورێیەكی تری بەوەفاو ماندونەناس و پارێزەری مافی مرۆڤیان لەدەستدا بەكوردیشەوە. لەسالی 1993 هاورێكانی كتێبێكیان لەسەر نوسی.
د. سالار باسیرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە