کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان

Friday, 30/09/2011, 12:00


سیستەمێكی ئۆتۆكراسی كە بنەما شەرعیەكەی وەلای تەقلیدیە
ئەنجامدانی توێژینەوەیەكی زانستانە بۆ ناونیشانی باسەكە ئەو كاتە دەكرێت ئەگەر تێبگەین ئەو دەسەلاتە دەكەوێتە خانەی كام لەسیستەمە سیاسیەكان و تەنها لەبەر رۆشنایی ئەم بنەمایە سیستەمی ئالتەرناتیڤ دادەرێژرێت. سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان بریتیە لە سیستەمێكی ئۆتۆكراسی كە بنەما شەرعیەكەی وەلای تەقلیدیە بۆ حیزب و سەرۆك. سیستەمێكی تەقلیدی و دەسەلاتی بنەمالە كە لەسەر بنەمای ئەقل ومەنتق دانەمەزراوە، هەربۆیە نەیتوانیوەو نەیشیویستوە ببێتە سیستەمێكی موئەسەساتی. ولات و دەسەلات وەك شتێكی، مولكێكی شەخسی مامەلەی لەگەلدا دەكرێ و توانای بەسەر ئامرازەكانی دەسەلاتدا هەیە هەروەك بەسەر شمەكێكی خۆیدا هەبێت. بەم شێوەیە دەكرێ بكڕدرێ و موزایەدەی پێوە بكرێ، لە وەرەسەدا بەش بكرێ. لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە كۆمەلگا سەندراوەتەوەو دوور خراوەتەوە لە هوشیاری سیاسی. گەل بێ مافی سیاسیەو وەك خزمەتكار، وەك ئۆبجەكتی روتاندنەوە سەیر دەكرێ نەك وەك هاولاتی لە دیدگای كۆمەلگای مەدەنیەوە. جوداكردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەكان و گشتیەكان نیە. بەرژەوەندیە حیزبی و بنەمالەییەكان لەسەرو بەرژەوەندیە نەتەوەییەكانەوەن و تەنیا لەم دیدەوە سیاسەت و كۆمەل دەبینرێت. سەرجەم پەیوەندیەكانی دەسەلات پەیوەندی كەسییە نەك موئەسەساتی. جوداكردنەوەی دەزگاكان بەلایەنی كەمەوە بە روكەش ددان پێدا نراوە، هەربۆیە دەكرێ لە رای گشتیدا ئاماژەی پێبدرێ، بەلام لە پراكتیكدا بوارە شەخسیەكان و گشتیەكان لەیەكتر جودا ناكرێنەوە. داگیركردنی مولكی گشتی بە رێگای دەسەلاتداری كەسەوە رەفتاری پێوە دەكرێ هەروەك ئەم ولاتە هەمیشە مولكی بنەمالە (بنەمالەكان) بوبێت. خولقاندنی بارودۆخێك كە تەنیا بە رێگای حیزبەوە دەگەیت بە بەرژەوەندیەكانی خۆت و حیزبیش بۆتە حیزبی قائید، حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەك ئامراز. دیاردەیەك كە دەبێتە هۆی سەقەت كردنی كۆمەلگا. هەربۆیە ئەم سیستەمە سیاسیە كلاسیكیە بنەمالەییانە لەهاوكێشەی كۆتایدا بەهۆی بلۆك كردنی خۆیەوە رێگریش دەبێت لە گەشەكردن بەئاراستەی هەرێمێكی، دەولەتێكی مۆدێرن. ئەم شێوە دەسەلاتە پشت بەدارودەستەكانی، بەئیدارەكانی سەر بە كەسی دەسەلات و بە هێزی چەكدارو ئاسایش ودەزگا هەوالگریەكانى دەبەستێت. دوو ئیدارەیی هەرێم نیشانەی دەسەلاتی دوو ئەمیری سەدەكانی ناوەراستە.

سیستەمە سیاسیەكەی هەرێم سەرۆكایەتیە
هەرچەندە لە دەستوردا هەرێمی كوردستان وەك سیستەمێكی پەرلەمانی پێناسە كراوە بەلام لە راستیدا دەسەلاتەكانی سەرۆكی هەرێم سیمای سیستەمی سەرۆكایەتی هەلگرتوە. بەرگی سیستەمی سەرۆكایەتی كراوەتەبەر بەدەسەلاتی موتلەقی سەرۆكێك بەرامبەر بە پەرلەمان و حكومەت ودادوەرییەكی بێدەسەلاتكراو. دەسەلاتەكانی سەرۆك لەگەل سیستەمی پەرلەمانیدا یەك ناگرێتەوە و لەمەوە هەلنەقولاوە كە دەسەلاتی راپەراندن لە سیستەمی پەرلەمانیدا لە دوو دەزگای جیاواز لە یەكتر پێك دێت كە بریتین لە سەرۆكی دەولەت (سەرۆك كۆمار) و ئەنجومەنی وەزیران. لێرەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرۆكی بالای دەسەلاتی جیبەجیكردنیشە (دەستوری هەریم، ماددەی 99). هیچ بالانسێك نیە لەنێوان سەرۆكی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیراندا. پێش بینینی حكومەت سەرۆك دەبینرێت، سەردانەكەی كۆیە كاری حكومەتە نەك سەرۆك، باسی نەهێشتنی گەندەلی كاری حكومەتە.

هەروەها بە پیچەوانەی دەستور سێ دەسەلاتەكە بەنێو یەكتردا تواونەتەوەو ئەمەش خەسلەتێكی تری پێچەوانەی پرەنسیپی سیستەمە دیموكراسیەكانە. دەستور و سێ دەسەلاتەكە فاكتەری گرنگن بۆ پێناسە كردنی سیستەمی سیاسی. لە ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی شەشدا لەنێو ژوری فەرمانبەران و لەسەر دیوارەكانی هێشتا وێنەی سەرۆكی كابینەی پێنج هەلواسراون. وێنەیەك كە خۆی بۆ خۆی دەدوێ. سەرۆك لە كابینەی پێنجدا كەمتر دەردەكەوت چونكە سەرۆكی حكومەت درابوە دەست برازاكەی و دەسەلات هەر لای خۆیان كۆببۆە. دەسەلاتەكانی سەرۆك زۆرن تەنانەت بە سەرۆكی كوردستان نێودەبرێت. سەرۆكی دەزگای راپەراندنە، فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەیەكی نانیزامی، سەرۆكی ئەنجومەنی "ئاسایشی هەرێمە"، سەرۆكی پارتیەو خاوەن ئابوریەكی تایبەتی خێزانە، خاوەن دەزگای هەوالگری حیزبی و لەشكری زێرەڤانی و بارزانەو خاوەن مولك و سامانێكی زۆرە، بارەگای سەرۆك لە سەری رەشە نەك لە پایتەخت، هەروەها ئەم دامەزرێنەری بەرێوەبەرە گشتیەكانەو داخۆ زیندانە نهێنیەكانیش سەر بە كێ بن و ئەو چەند ملیاردەرانەی دۆلاریش كێ بن؟... دەكرێ لێرەدا باس لە سیستەمێكی سەرۆكایەتی ناموئەسەساتی و سیستەمێكی سیاسی تەقلیدی بكرێ لەولاتێكی بەدیكتاتۆر كراودا. لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش سیستەمی سەرۆكایەتی پیادە دەكرێ بەلام كۆنگرێس (پەرلەمان) بەهێزەو توانای كاردانەوەی هەیەو دەولەت دەولەتی قانونە. لە پەرلەمان سەرۆكی هەرێم پێش گەشتەكەی بۆ توركیا لە مانگی 5/2010 دەرگای پەرلەمانی داخست دوور لە چاوی میدیاكانو وتارێكی هەرەشە ئامێزی خوێندەوە بێئەوەی تەنیا یەك پەرلەمەنتار یان سەرۆكی پەرلەمان كاردانەوەی هەبێت. ئایا دەبێت لێرەدا پەرلەمان وەك بەشێكی گرنگی پێكهاتەی سیستەمە سیاسیەكە لە كام شوێنی هاوكێشەكەدا پێناسە بكرێت؟ سەرۆك دەتوانێت پەرلەمان هەلوەشێنێتەوە.

ئەوەی سەرۆك نایەوێ
سەرۆك نایەوێ خاوەن مەلەفەكان و موستەشارەكان روبەروی دادگا بكرێن و تەسلیم بكرێن، سەرۆك نایەوێ جینۆساید بكاتە چەكێكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، هەمان شت بۆ سەرۆك كۆماریش وەك بەشێك لە سیستەمە سیاسیەكە، سەرۆك نایەوێ ئازادی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، سەرۆك حیزبی قائیدی دەوێت، سەرۆك لەبری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەنجومەنی هەوالگری و حیزبی دروست دەكات كەخۆی سەرۆكیەتی و نەبوونی كاردانەوەی فیعلی لە پێشێلكردنەكانی ئێران و توركیا، سەرۆك لەگەل حیزبە هاوپەیمانەكەیدا ئەحزابی سێبەرو میدیای سێبەر دروست دەكات و ناوی پلورالیزمی لێدەنرێت... بەم جۆرە سیستەمە سیاسیەكەی هەرێمی كوردستان مۆدێلێكی نەگونجاوەو ناسەركەوتوەو سیستەمێكی تەندروست نیەو كۆمەل و ئۆپۆزیسیۆنی تەندروست ناكرێ لەم شێوە سیستەمەدا بەئازادی كاربكات و گەشە بكات و تاك بێ مافە. بەرژەوەندیە نەتەوەییەكان دەبنە قوربانی بەرژەوەندی تاك. ئەم سروشتی سیستەمە خۆی وەلامی هەر پرۆپاگەندەیەك ئەداتەوە بۆ مكیاج كردنی سیستەمە سیاسیەكەی لە لایەن دەسەلات خۆیەوە.

كێ لە سەرۆك دەپرسێتەوە؟
ئایا لەم هەرێمەدا پێویستی بوون بە سەرۆك هەیە؟ ئەی كێ لە سەرۆك دەپرسێتەوە؟ كامانەن راوێژكارەكانی سەرۆك؟ ئەلمانیای فیدرالی شازدە هەرێمی هەیەو شتێكیشیان نیە بەناوی سەرۆكی هەرێم. سەرۆكایەتی هەرێم كە بریتیە لە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی و دیوانی سەرۆكایەتی بەلام جێگرێكی راستەقینەی نیەو بوونی جێگر لەلایەن سەرۆك وەك فاكت رەد دەكرێتەوە. لە ماددەی هەشتدا برگەی یەكەم هاتوە سەرۆك نوێنەری سەرۆكی هەرێم دەبەخشێتە ئەو كەسانەی خۆی دیارییان دەكات. ئەو گەشتانەی جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئەندامی بنەمالە دەیانكات بۆ دەرەوە، ئەم پۆستەش هەر لە نێو دەسەلاتی ئەندامانی بنەمالەی سەرۆك قەتیس ماوە. گەشتەكانی سەرۆك بە یاوەری ئەندامانی تری بنەمالە بۆ توركیاو ئەمریكا بێدانانی قەوارەیەك بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بەستنی پرۆژەی ئابوری خێزانیی سەدان ملیۆن دۆلار لەم شوێنانە چی دەبەخشێت؟ خۆ ئەگەر وەك بنەمالەش ئەنجامدرابێت ئەوا دوبارە ئەو راستیە نیشان ئەدات كە سیستەمێكی بنەمالەش هەیە كە سیستەمە "شەرعیەكە" ی كرمێ كردوە. ئایا مرۆڤ لێرەدا كام پێناسە بداتە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان؟

سیستەمی سیاسی هەرێم و كێشەی شەرعیەت
پەرلەمانی هەرێم دەستورێكی شەرعی نیە. دەستور لە خولی پێشووی پەرلەماندا بەرێگایەكی ناشەرعی تێپەرێندراو راپرسی گەلیشی لەسەر نەكراوە بەوەی دەستور پەیمانێكی كۆمەلایەتیە لەنێوان دەسەلات و كۆمەلدا. هەربۆیە بۆ من دەسەلات دەسەلاتێكی دەستوری نیە، بەم پێیە حكومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش دەستوری نین، هەربۆیە ئەركێكی گەورە دەكەوێتە سەر شانی ئۆپۆزیسیۆنی نێو پەرلەمان كار بۆ هەرێمێكی دەستوریی ودیموكراسی بكات بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنیش بتوانێ ئۆپۆزیسیۆنێكی دەستوری بێت و پەرلەمان مەرجەعی یاسایی بێت. بەلام سیستەم و دەسەلاتە سیاسیەكە هەرچیەك بێت بۆ ئەوەی دەسەلاتەكەی سەلامەت بێت هەمیشە پێوانەیەك لە رەزامەندی گەلی پێویستە. دەسەلات دەكرێ ئیتر لەبەر هەر هۆیەك بێت زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنێت و بەمەش دەبێتە دەسەلاتێكی شەرعی بەلام مەرج نیە دەسەلاتێكی دیموكرات بێت.

ئەم سیستەمە توانای گواستنەوەی قۆناغی بەمۆدێرن كرنی نیە
لە راستیدا لە هەرێمی كوردستان دوو سیستەم لە تەنیشت یەكترەوەن (سیستەمی بنەمالەو سیستەمە دەولەتیەكە)، بەلام ئەم دوو دەسەلاتە لەراستیدا لەتەنیشت یەكترەوە نین بەلكو دەسەلاتە تەقلیدیە بنەمالەكە خۆی خنیوەتە نێو سیستەمە شەرعیەكەو دامودەزگاكانی و فۆرمی دەگۆرێت و بێكاریگەری دەكات. لە رووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەك زۆربەی ئەوانەی تری ولاتانی "جیهانی سێ" لە راستیدا بریتیە لە گرێدانێكی تەقلیدی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. هەربۆیە بۆ پرۆسەی بەمۆدێرن كردن دەركەوتەیەكی قۆناغی گواستنەوەیە (المرحلە الانتقالیە). بەلام سروشتی ئەم سیستەمەی ئێستەی هەرێم توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە، هەربۆیە ئەم رژێمە دەبێت جۆرێكی تر شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەكێك لە كێشە سەرەكیەكانی. هەرچەندە بەناوی سەرجەم موئەسەساتەكانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە راستیدا تەنیا لە هەولی ئەوەدایە دەسەلات و كاریگەری خۆی گەورەو سەلامەت بكات ئیتر بەهەر میتۆدێكی ناشەرعیش بێت. ئەم سیستەمی دەسەلاتە سەقامگیریەكەی بەتەنیا لە پیادەكردنی هێز، لە میكانیزمی كۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن سەرچاوە ناگرێت بەلكو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو راستیەی كە دەرئەنجامەكانی ئەم شێوە دەسەلاتە لە كۆتایدا دەبێتە هۆی وێرانكردنی پێكهاتەكەی خۆی كە كار بۆ چركردنەوەی دەسەلات لە دەستی تاقمێكی بچوكدا دەكات كە لە هەولی ئەوەدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێكخراوی سەربەخۆی سیاسی و كۆمەلایەتی. هەربۆیە كۆنترۆلی سەرجەم بزوتنەوەو چالاكیە سیاسی وكۆمەلایەتی و مەدەنیەكان دەكات و بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسك كردنەوەو ژێردەست كردنی داواكاریە سیاسی وكۆمەلایەتیەكان.

سەرۆك دەیەوێ كۆمەل تەنیا ئەم ببینێت
ئەم شێوازی دەسەلاتە كار بۆ بەكاریزمابوون دەكات كە بەرێگای سەرۆكی بنەمالەوە پراكتیزە دەكرێ بەلام بەر لە هەموو شتێك پێویستە بایەخ بە باش گوزەرانی دارودەستەكەی بدات. بەرێوەبەرانی ئیداری بەتەنیا لەلایەن سەرۆكەوە هەلدەبژێردرێن. هەروەها سەرجەم نمونە تەقلیدیەكان لەراستیدا بەو شێوەیە چارە دەكرێن كەدەلێت: "هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەلێم...". ئەم شێوازی كاریزمایە رەوتێكی نائەقلانیە. بەبۆچوونی من كاریزمایەكی نەگەتیڤی ناوچەیی كەدەیەوێ بەرگی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش بكرێتە بەری ئەم و كۆمەل تەنیا ئەم ببیننَت و ناشیەوێ لە مێژووی سیاسی جیهان و گەلان هیچ فێر ببێت. هەر فەرمانێك لەلایەن سەرۆكەوە دەربچێ بە یاسایەك دایدەنێ و دەبێت كۆمەل جێبەجێی بكات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن. خالی جەوهەری لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە كە هەر بەرپرسێك نەك هەر لەلایەن سەرۆكەوە دەستنیشان دەكرێ بەلكو ئەوەندەش لە پۆستەكەیدا بێت لە بەرگی سەرۆكدا رۆل و كاریگەریی و چالاكی دەبینێت.

مەركەزیەت لە سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستاندا
ناكۆكە بەخۆی ئەگەر هەرێمێك خۆی بەفیدرالی ناوببات و داوای فیدرالیەت بكات بۆ عێراق بەلام لە هەرێمەكەی خۆیدا بروای بەلامەركەزی پارێزگاكان نەبێت و ئەنجومەنی پارێزگاكان بێدەسەلات كرابن. ئەگەر سیستەمی لامەركەزی لەولاتێكدا پەیرەو نەكرێ ئەوا رۆلی ئەنجومەنەكان نامێنێت و لادانە لەم شێوە سیستەمە. سیستەمی لامەركەزی كە دابەشكردنی دەسەلاتەكانە دەبێتە هۆی كەمبونەوەی گەندەلی و بەهێزكردنی دیموكراسی وسەقامگیری. دیارە دەسەلات لێرەدا "سەقامگیریەكەی" لەمیتۆدی تردا دەبینێتەوە. لەهەرێمی كوردستانیشدا هەر وەك دەسەلاتە سیاسیەكەی بەغدا هێشتا لەژیانی سیاسی وحیزبی وحوكمرانیدا ئەقلیەت وسیستەمی مەركەزی وكەلتوری مەركەزی زالە. دەسەلاتی هەرێم فەرمانرەوایی مەركەزیی لەعێراقدا گوایە قبول ناكات، كەچی لە كوردستان مەركەزیەت پەیرەو دەكات. دیارە دەسەلات بەناوی فیدرالیەوە هەرێمێكی سەربەخۆی دەوێت بەلام نە بۆ سوودی نەتەوەیی بەلكو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی گروپی ئۆتۆكراسی بچووكی دەسەلاتدار. دیموكراسیەت و مەركەزیەت دوو شتی تەواو دژ بە یەكن. هەرچەندە سیستەمی فیدرالیەت لە دەستوری نوێی عێراقی دوای بەعس تۆمار بووە كەچی سەنترالیزم لە بیروفكری كۆمەلێك لە هێزە سیاسیەكانی عێراقدا هێشتا دەژی. كورد لە عێراقدا بە پلەی یەكەم دوچاری بێ مافی و چەوساندەوە بووە لە سایەی سیاسیەتی مەركەزیەتدا.

كام ئالتەرناتیڤ
لەبەر رۆشنایی سروشتی دەسەلاتی سیاسی هەرێمی كوردستان، دوو ئیدارەیی و هەروەها لێكۆلینەوەی زانستیی و واقعبینانە بۆ دیارەدەكە من وەك پێویستیەك دەیبینم عێراق بكرێتە دوو فیدراسیۆن (فیدراسیۆنی كوردستان و عەرەبستان) لەسەر مۆدێلەكەی بەلجیكا لەچوارچێوەی سیستەمێكی فیدرالی بەلام بە چارەسەری مادەی 140 ەوە



لەم حالەتەدا سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ببنە سێ هەرێمی سەربەخۆ. هەمان مۆدێل بۆ ئەو پارێزگا نوێیانەی ئەگەر دروستببن لەهەرێم. بەواتا پارێزگای سلێمانی ببێتە هەرێمێكی فیدرالی و خاوەن سێ دەسەلاتەكەی خۆی بێت. هەولێرو دهۆكیش بەهەمان شێوە. هەر هەرێمە توانای بەسەر ئیدارەكەی خۆیدا باشتر دەشكێت وكاری دانیشتوان خێراتر دەروات و كێشەو پێداویستیەكان (ئابوری، كۆمەلایەتی، ئیداری، پەروەردە..) باشتر دەبینرێن. خەلكی پارێزگای سلێمانی و دهۆك بۆ راپەراندنی كارەكانیان دەبێت زۆربەی كات بچنە هەولێر چونكە كارەكان بەپێی ئەزمونەكان نارۆن بەرێگاوەو هەروەها وەزارەتەكان لەهەولێرن وسیستەمەكە سیمای سەنترالیزمی پێوەدیارە. جگە لەوە ئەم مۆدێلە دەبێتە هۆی دابەشبونی دەسەلات و رێگر دەبێت لە چربوونەوەی دەسەلات. یەكێكی تر لە سودەكانی ئەم سیستەمە دروستبونی كێبركێیە لەنێوان هەرێمەكان و بوارە جیاوازەكانی ژیان دەبوژێنێتەوەو دەبێتە هۆی ئاسانكردنی بەشداری سیاسی هاولاتیان. هەموو ئەمانە لەچوارچێوەی فیدراسیۆنێكی كوردستاندا (نەخشەی ژمارە 1) بێئەوەی كاربكاتە سەر هوشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی و لە مەركەزیەتی دەسەلاتیش كەم دەكاتەوە بۆ ئێستەو ئایندەش. ئەگەر بوینە خاوەن دەولەتێكی كوردی بەلام بۆ نەهێشتنی دەسەلاتی مەركەزی ئیتر لە سایەی هەر سیستەمێكی سیاسی تەقلیدی، ئاینی یان شمولی بێت بەلام بوونە دەولەتێكی فیدرالی چەند هەرێمیی كوردستان و ببینە مۆدێلێكی ئەقلانی و تەندروست بۆ گەلان و دەولەتانی تر. سەبارەت بەناوچە دابراوەكان ئەو ناوچانەی سەر بە سێ پارێزگاكەی هەرێمن بخرێنەوە سەر سێ پارێزگاكە (نەخشەی ژمارە 2). باسێك كە قسە زۆر هەلدەگرێ.



كەركوك دەكرێ لەبەر رۆشنایی واقعی كەركوك خۆی و وەك چارەسەرێك بۆ پێكهاتەكان بكرێتە هەرێمێكی تایبەتی سەربەخۆ بە مانەوەی ماددەی 140 لەگەلیدا، بەلام پارێزگای كەركوكیش بەگشت پێوەرەكان سەر بەباشوری كوردستانەو دەچێتە سەر فیدراسیۆنی كوردستان یان دەولەتی كوردستان كە لەوانەیە بۆ ئەم قۆناغە مێژوییە سیاسیە دەولەتێكی كۆنفیدرالی گونجاوتر بێت. دانیشتوانی سویسرا كە 7.8 ملیۆن كەسە كەمێك لە دانیشتوانی باشوری كوردستان زیاترە، روبەرەكەشی 41'285 كم دوجا لە باشوری كوردستان زۆر بچوكترە، خاوەنی 26 هەرێمەو مۆدێلەكەشی سەركەوتوەو دەولەتیشە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە