کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەزنترین ستەم لـەمێژووى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمدا

Friday, 25/12/2009, 12:00


پێویستە دەسەڵاتى ئەمڕۆى كوردستان بەگشتى و گەندەڵكار و ستەمكارەكانى وەزارەتى ناوخۆ بەتایبەتى زۆرباش لەوە دڵنیابن كە تاكو ئیستا لەمێژووى سەرتانسەرى مرۆڤایەتیدا ستەم و نادادپەروەرى بۆ هیچ كەس و لایەنێك تاكو كۆتایى نەچۆتە سەر ، سەدام حسینى گەورە دیكتاتۆر چى نەما نەیكا و چۆن بەئاگر و ئاسن ئەم میللەتەى تۆقاندبوو !! ، بەڵام ئەوەتا رۆژگارێك هاتەكایەوە كە ئەوترێ : [ماڵەكەت بەماڵى سەدام بێت] ، لەبەرئەوەى سەدام و دارودەستەكەى دادپەروەر نەبوون .. ستەمكاربوون .. بۆیە سەدام هەردوو كوڕەكەى لەیەك سات و چركەدا بەئاگر و بارووت سووتێنران و خۆشى ملى ئەستوورى كرا بەپەتى سێدارەدا .. لەو شوێنەدا كە زۆر مل و گەردنى تێكۆشەر و ئازادیخواز تیایدا بەناهەق خنكێنرا ، بەڵام پاشتر دار بەسەر پەردووى دەسەڵاتەكەیانەوە نەما و ئەو وێنانەى سەدام كە لەهەموو كوون و قوژبنێكدا كڕنۆشى بۆ ئەبرا .. رۆژگارێك هات بە بنى پێڵاو لێى بدرێ و تـفـى تێبكرێ و بۆ زبڵدان تووربدرێ .

رێچكەى سیناریۆى بەسەرهاتەكانى رژێمى دیكتاتۆرى بەعس و دار و پێوەندەكەى بێ هیچ گوومان و ئەگەر و بێنە و بەرەیەك تەواو بەدڵنیاییەوە هەمان ئەو سیناریۆ و بەسەرهاتەیە كە بەسەر دەسەڵاتى ئەمڕۆى بەناو خۆماڵیدا دێت ، لەبەرئەوەى ستەمكارى و نادادپەروەرى دروشمى شاراوەى حوكمڕانیەتى ، ئەوەتا رووداوەكانى كۆمەڵگاى پیرەمەگروون و سووتاندنى رەمزەكانى دەسەڵاتى داپڵۆسێنەر باكوورە و سونبولى ئەو راپەڕینە جەماوەرییە سەرتانسەریەیە كە ئاگر بەردەداتە خەرمانى ستەمى دەسەڵات و كاسەلێسەكانى.

پاش ئەم سەرەتایە كە زۆر پێویست بوو بوترێ ئەوكات ئەچینە سەر هۆكارى نووسینى بابەتەكەمان ، ئەویش مەزنترین ستەم بوو كە وەزارەتى ناوخۆ و روونتر [نوێنەرانى یەكێتى لە وەزارەتى ناوخۆ] ئەنجامیاندا دەرهەق بە ئێمەى ئەفسەر ، ئەو كارە قێزەونەى كە پارتیەكان لەوەزارەتى ناوخۆدا تەواوى وردەكارییەكانیان داڕشت و ملـهوورە بێهەڵوێستەكانى نوێنەرانى یەكێتى لەوێ جێبەجێیانكرد ، [مامۆستا جەلال و لیوا حەمە سعید و عقید نـاجوامێرى بەشى سەربازى و رائید نــاسالارى بەشى یاسا] ، ئەویش بەرنامەى دوورخستنەوەى گوایا ئەو ئەفسەرانەیە كە بەڕەچەڵەك لە بەشە سەربازییەكانەوە واتە فەرماندەی گشتى و كۆلێژى سەربازییەوە هاتوون بۆ سەرمیلاكى وەزارەتى ناوخۆ ، سەرەتا مامۆستا جەلال و ئەو چەند ماستاوچیە كاسەلێسەى ناومان هێنا وتبویان بڕیارەكە هەموو ئەفسەرێك ئەگرێتەوە و بەدەرى تیانیە ، بەڵام ئەو ستەمە ناخۆشە پڕئازار و سوێیەیى ناخى هەموومانى زاماركرد و پێوەى ئەتلێینەوە ئەوەیە كە هەر زوو واستە و مەحسوبیەت و بەرتیل بوو بەپێوەر و رەنگدانەوەكانى لەجێبەجێكردنى بڕیارەكەدا وەدەركەوت .

ئێمە پێشتر وتوومانە و ئیستاش دووپاتى ئەكەینەوە كە بەهیچ جۆرێ لاریمان نیە لە پەرتەوازەكردنمان بۆ بەشە سەربازییەكان و شانازى بەوەوە دەكەین كە دەرچووى كۆلێژ و خوولە سەربازییەكانین ، بــــــەڵام ئەوەى جێى داخ و كەسەرێكى قووڵـــە ئەوەیە كە بڕیارەكە هەمووانى نەگرتەوە و دادپەروەرانە جێبەجێ نەكـــرا ، بەڵكە بوو بە كارێكى میزاجى سرف و تەنانەت بەبەڵگەى گومان هەڵنەگرەوە ئێمە لەم باسەدا ئەیسەلمێنین كە بێ لە مەحسوبیەت [بەرتیلخواردنیشى] تێكەوت ، ئەمەش ئەو تەوەرەیەیە كە تاكو ئەو رۆژەى ئەمرین كارئەكەین بۆ فەزحكردن و پەردەلەسەررووماڵكردنى و بەهەموو جۆرەكانى زمان و دەنگ و رەنگ كارئەكەین بۆ ئاشكراكردنى ئەم كارەچەپەڵە ، كەبەهەرحاڵ دیارە روویەكە بۆ پێناسەكردنى هەموو ئەو گەندەڵى و ستەمكارى و دزى و جەردەییەیى ئیستا لەناو لاشەى بۆگەنى دەسەڵاتى هەرێمى بەناو كوردستاندا روودەدات .

بێگومان ئاستەمترین و ناخۆشتیرین هۆكارى وەڕسبوونى ئەو پۆلە ئەفسەرەى لەوەزارەتى ناوخۆ دوورخرانەوە ئەوەبوو كە :

یەكەم / كارێك بوو بەپلان و بەرنامەى راستەوخۆى پارتى پیادەكرا و لەبنەڕەتەوە بۆ لاوازكردنى یەكێتى و ناشتنى تۆوى دووبەرەكى بوو لەنێوان ئەندامەكانیدا .

دووەم / كارێك بوو لەلایەن كۆمەڵى سەرى مەزنى گەندەڵیەوە جێبەجێكرا كەهەرهەموویان بە بەڵگەوە رابردوویان سەرڕێژە لە لەكەى گەندەڵى و خراپ بەكارهێنانى دەسەڵاتدا .

سێیەم / بڕیارەكە كە گوایا سەرتانسەرییە و ئەبوو بێ فەرق و جیاوازى هەمووان بگرێتەوە !!!؟؟؟.. هەمووانى نەگرتەوە و مەحسوبیەت و شتى تریش رۆڵى كاریگەرى خۆى بینى ، وەك ئەوەى شكارى كوڕى مامۆستا جەلال كە بەخوولێكى دوو هەفتەیى لە باینجان بەشەهادەى سەرەتاییەوە بەزۆرى زۆردارى و بەدەر لەهەموو رێسا و رێنماییەكان كــــــــرا بەئەفسەر و پاشتریش هەر بەگوێڕاكێشان گواسترایەوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ و ئیستا لە پۆلیسى فریاكەوتنە ، ئەبوو یەكەم ئەفسەر كە بگوێزرێتەوە ئەم بێت ، كەچى بازبەسەریدا هەڵدرا و كەس نەیتوانى بیگوزێزێتەوە ، بەئامادەبوونى چەند ئەفسەرێك هاوڕێیەكى مامۆستا جەلال پێى وتبوو : مامۆستا بۆ نەقڵى وەزارەتى پێشمەرگەى ناكەى خۆى شێخ جەعفەر هاوڕێتە و چیت بوێ بۆت ئەكات ، مامۆستا فەرموبووى : من هەر بەنێرەكەرى لەڕقى ئەو ئەفسەرانە نەقڵى ناكەم كە لەكوردستانپۆست لەسەرم ئەنووسم دەى بـــــابزانم چیان لەدەستدێ !؟ ، راست دەكات ئێمە هیچمان لەدەست نایەت بەڵام ئەم جۆرە نوسینانە كە گەندەڵیەكانیان ئاشكرادەكات لەبەردیدەى خوێنەرانى خۆشەویستدا زۆر لەگوللە بۆ جەستەى ئەوان كاریگەرترە و ئەوەش تەنیا دەسەڵاتى ئێمەیە .

لێرەدا زۆر پێویست و گرنگە كە بەوپەڕى ویژدان و راستگۆى پێناسى راستەقینەى ئەو پاڵەوانە درۆینانە .. ئەو شێرە بەفرینانە .. بكەین كە كەرەستەى ناشرینى جێبەجێكردنى بڕیارەكە بوون [ئەوەى رۆژێ لەكوردستان ژیابێ سوور ئەزانێ ئەوانەى لێرەدا ئەنووسرێن تەواوى راستى بێخەوشە و زەڕەیەك تۆزى گومان لەخۆناگرێ ، هەرچەندە ئێمەى ستەملێكراوان دڵ گەرم بین ئیمكان نیە بوار بدەین بەخۆمان شتى نادروست و بوختان بڵاوبكەینەوە ، لەبەرئەوەى لەلایەكەوە ئەوكات ئێمەش وەك ئەوان ستەمكار و ناشرین رەفتاردەبین و لەلایەكى تریشەوە بۆخاترى حورمەتى كوردستانپۆستى بەڕێز كە رەوا و راستى پەرستە و ئەبێتە مینبەرێكى ئازاد بۆ گەیاندنى سكاڵاكانمان بە دەووروبەر] :

مامۆستا جەلال : بریكارى وەزارەتى ناوخۆیە / وەك بۆ گاڵتە و گەپ لەنێو ئەفسەران دەوترێ ئەم مام پیاوە لەزەمانى مەلیكەو و لەوكاتەوەى درهەم لەتەختە دروست دەكرا ئەم زاتە وەك مەڕى گێژ لەهەردووبەرى بەروبوومى وەزارەتى ناوخۆ دەخوات ، مامۆستا جەلال بەشاهیدى هەموو شاهیدان كاتێ سەرەتا لەئاسایشى دەربەندیخانەوە گوازرایەوە بۆ وەزارەتى ناوخۆ ئوتومبیلێكى لاندكروزى شڕۆكەى پێبوو ، لەموحتاجیدا هەربەوەزارەتى ناوخۆى دابوو بەكرێى مانگانە ، ئەوە دوور لەئیستاى كە بەئەندازەى پێشانگایەك ئوتومبیلى دوا مۆدێلى هەیە بێ لەو پاڵاسەى لەناو هەموو گردەكەى سرچناردا هاوشێوەى نیە و دواپوولى پێى حەرامە و لەبودجەى وەزارەتى ناوخۆ بەجەردەیى حەپەلووشكراوە و تەنها كەسێك نیــە ئەم راستیە زۆر بە روونى نەزانێت .

لیوا حەمە سەعید باراوى : ترسنۆكترین و بەرژەوەندچى ترین لیوایە لەكوردستاندا ، تەواوى كەس و كارى لەپارتیە تووندڕەوەكانن ، لە 31 ى ئابدا لەسلێمانى وێنەى مەلا مستەفاى كردبوو بە ئوتومبیلەكەیەوە ، پاشتریش نەوێرا لەگەڵیانا هەڵبێ ، ئەوەبوو لە هاتوچۆى سلێمانى بۆ شڕەخۆرى و پیسخۆرى مایەوە و كەوتە هەوڵى ناشەرعى بۆ خۆدەوڵەمەندكردن لەسەرحسابى پۆست و دەسەڵاتەكەى ، ئەوەى جێى پێكەنینە و هەموو ئەفسەرەكان لەسلێمانى ئەیزانن ئەوەیە كە لیوا حەمەسەعید ساڵێ بەرلەئیستا و لەترسى خانەنشینكردن لەڕێگاى هاوڕێكانیەوە لە بەڕێوبەرێتى بارى كەسێتى و رەگەزنامە توانى تەمەنى خۆى چەند ساڵێك كەمبكاتەوە و بۆشى چووە سەر ، بێگومان ئەمەش ئەو راستیە ئەسەلمێنێت كە ئەم لیوایە چەند سوودمەندە لەپۆستە حكومیەكەى .

عقید جوامێر : سەرەتا ئەم عەقیدۆكەیە پۆلیسى گومرگ بوو پاشتر بەخوولێ بوو بەئەفسەر و چووە ئاسایش لەوێ پێى ئەوترا [مارە رەق] ، پاشتر لەیانەى وەرزشى ئەوێ بەشاهیدى هەموو ئەفسەر و كارمەندە كۆنەكان بە موتەلەبیسى دەستگیرئەكرێ كاتێ هەوڵدەدات چەند فانیلە و دەرپێیەكى نوێ بدزێ كە بۆ وەرزشكاران كڕابوو ، ماوەیەكیش دواى ئەمە چەند ساختەكردنێكى لەدۆسیەكەیدا ئەنجامدا ، ئیتر ئەوەبوو لەئایش دەركرا و عقید حەبیبى رەحمەتى خرایە شوێنەكەى .

مــــــــــەزنترین و نوێــــــــترین گەندەڵى ئەم كەڵە گەندەڵەش واتە عقید نـــاجوامێر فەزیحەتەكەى پەیوەست بە كارمەندەكەى بەڕێوبەرێتى توندوتیژى دژى ژنانى سلێمانیە ، دیارە عقید ناجـوامێر ماوەیەك لەمەوبەر خێزانەكەى دەچێت بۆ حەجكردن ، ئەو ماوەیەیى ئەو خوشكەى خێزانى لەحەج بووە بەشاهیدى هەموو ئەفسەر و كارمەندەكانى بەڕێوبەرێتى تووندوتیژى دژى ژنان و خودى بەڕێوبەرەكەى بەڕێز عەمید كەمال ، ئەم عەقید ناجوامێرە لەم ماوەیەدا كارمەندێكى كچى ئەم بەڕێوبەرێتیەیى بەناوى [ت] بردۆتە ماڵەكەى خۆى [دیارە عەقید جوامێر و هاوڕێكانى لەهەولێر شوقەى زەكەریایان بۆدابینكراوە] ، ئیتر بەدرێژى ئەو ماوەیە پێكەوە ژیاون ، كاتێ ئەم فەزیحەتە ئاشكرا دەبێت ، عەقید نـــاجوامێر ئەڵێ من ئەو كچە ناسراومە و تەنها بۆ خزمەتكردنى خۆم و جل شتن و نان ئامادەكردن بردوومەتە ماڵەكەم و من وەك باوك و براى وام ، ئیتر ستافەكەى لەوەزارەت بۆى دیزەبەدەرخوونەدەكەن بێ ئەوەى بیكەن بە ئەنجوومەنى لێكۆڵینەوە ، بێ لەمانەش هەر بۆ زانیارى .. عقید ناجوامێر كوڕێكى خۆى بەناوى پاسەوانەوە وەك پۆلیس دامەزراندووە كە تاكو ئیستا پێى نەداوە بەزەویداو و بەرگى سەربازیشى لەبەرنەكردووە و هەموو مانگێكیش لەپێش پۆلیسە داماوەكانى ترەوە كە مانگێكى رەبەق واجبى سەخت دەگرن مووچە وەردەگرێت .

رائید سالار : بۆخۆى بەدەهۆڵ لێدان لە دەزگاى هاتوچۆى سلێمانى لەسەر گەندەڵى دەركرا و مامۆستا داڵدەى دا ، دیارە هەموو لایەك بەئاگایە لەلیژنەى كڕینى ماتۆڕەكانى وەزارەتى ناوخۆ كە ئەم رائید ناسالارە بەتەنها نزیكەى بیست و حەوت دەفتەر دۆلارى تیا خوارد كــاتێ چەندین ماتۆڕى كڕى بەناوى ئەوەى كۆرین و خۆشیان لەبنەڕەتدا ئێرانى بوون و جیاوازى نرخى هەریەكێكیان لەسەروو پێنج هەزار دۆلارەوە بوو .

بێگومان پاش ئەوەى لە تەواوى دەزگاكانى وەزراەتى ناوخۆدا بڕیارى نەفیكردنى ئەفسەرە سەربازییەكان جێبەجێكرا و بەهۆیەوە سەدان ئەفسەر بەهەرچوارجەمسەرى كوردستاندا لەماڵ و منداڵیان دوورخرانەوە ، تەنها بەدەریش كوڕەكەى مامۆستا جەلال و ئەفسەرەكانى ناو هاتوچۆى سلێمانى بوو ، ئەگەر كوڕەكەى مامۆستا بەهۆى بابیەوە نەگوازرایەوە ئەوا ئەفسەرەكانى ناو هاتوچۆ و بە قسەى خودى خۆیان هەندێكیان بەرتیلیان داوە تا لەپۆستەكانیاندا بمێننەوە ، بۆنموونە عقید ناجوامێر خۆى وتویەتى چەند رۆژێكم بەرلەئیستا چوومەتە مرورى سلێمانى و لەوێ مقدم عومەر ، ژمارەیەكى جوانى چوارى لەسەر هەڵبژاردەى خۆم داومەتێ ، هەروەك چۆن لەكاتێكدا مامەڵەى خەڵكى رەش و رووت بە چەند هەفتەیەك تەواو نابێ .. بەڵام عەقید ناجوامێر وتویەتى من بە دە دەقیقە مامەڵەكەم بەتەواوكراوى دراوەتەوە دەستم ، ئەمە بێ لەوەى دوو ئەفسەرى ترى هاتوچۆ خۆیان لاى هاوڕێ ئەفسەرە سەربازییەكان وتویانە كە كۆمپیوتەرى لاپتۆپ و ریكۆردەرى گران بەهایان بەدیارى بردووە بۆ ماڵى عەقید جوامێر و ئەوانیش پێى وتوون مەترسن تا من لە وەزراەتى ناوخۆبم ناهێڵم بتانگوازنەوە ، تەواوى ئەفسەرەكانیش ئەم راستییە سوور دەزانن و بڵاوبۆتەوە بێ ئەوەى كــەسێكى دڵسۆز هەبێت لێكــۆڵینەوەى تیادا بكات .

لەكۆتایدا ئەم پۆلە ئەفسەرە نایشارینەوە كە لەكاتى هەڵبژاردنەكانى هاوینى پێشوودا بۆ پەرلەمانى كوردستان هــــــەموومان زۆر .. زۆر.. زۆر... بەداخ و پەشیمانی و كەسەرەوە كارمانكرد بۆ لیستى كوردستانى و دەنگمانپێدان ، ئەوەش دیارە زۆر هۆكارى لەپشتەوە بوو هەر لە چەواشەكردنى سەرانى دەسەڵات و وەعدى پڕ باق و بریقیان تاكو كوورتبینى خۆمان ، بەڵام ئێمە لێرەوە چەند داخ لەدڵى ستافى وەزارەتى ناوخۆى گەندەڵین هەزارئەوەندەش سوپاسیان دەكەین و دەستخۆشیان لێدەكەین كەبەم ستەمە بێهاوتایەیان بەرچاوڕوونیان كردین و مەمنوونین لێیان كە كەڵبە چەپەڵەكانى خۆیانیان نیشان داین ، چونكى ئێمە و كەس و كار و خزم و ماڵ و منداڵ و دڵسۆزان و خەمخۆرانمان ئەمجارە رێگەى راستى خۆمان بۆ ئاشكرا بوو و بەهۆى ئەوانەوە گەڕاینەوە ریزى میللەتى ستەمدیدەى گــۆڕانـخواز و جارێكى تر ئەو پەنجانەى خۆمان ئەبڕینەوە پێش ئەوەى بواربدات بەوەى دەنگ بە لیستى ستەمكار و كاسەلێس و خوێنمژانى میلەەتەكەمان بدات ، تازەكێ ئەوە مردووەمان مرد كــە بەدەهۆڵى پڕ چەواشەكارى ئەوان سەمابكەین و گوێ لە درۆكانیان بگرین ، ئێمە لەمڕۆ بەدواوە چاوەنواڕى هەرەسهێنانى قەڵاى پڕ ستەمى باستیل ئاساى جەردە و خوێنمژانى دژ بەمیللەتە خێرنەدیوەكەمانین كەبەتەوسەوە ئومێد دەكەین شەرەفى بەشداركردنى ئەو راپەڕینەمان لــەئایندەیەكى نزیكدا بەربكەوێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە