پارتى یان یەكگرتوو خاوەنى ئەم شەڕەیە ؟
Sunday, 04/12/2011, 12:00
دیقەتتان داوە هەر جارەو بۆ جاڕدانێكى نوێ جوانیەكى ترى ئەم ووڵاتە ناشیرین دەكرێت ؟ لەمجارەشیان جوانیەكى ترى ئەو ووڵاتە كە ماوەى سەدان ساڵە خەریكیەتى و شانازى پێوە دەكەین ناشیرین كرا . ئەو جوانیە پێكەوە ژیانى ئاشتیانەو برایانەیە . لە پێشكەوتوترین ووڵاتى دونیا سەخترین حاڵەت دروستكردنى ژیانى پێكەوییە . زۆریش ئەستەمە تۆ بتوانى كۆمەڵێك بۆچون كۆمەڵێك ئاین كلتورى جیاواز لەخۆتدا كۆبكەیتەوەو هاوڕایان بكەیت و ڕاییان بێنیت لەسەر یەكتر ویستن و پێكەوە ژیانى ئاشتیانە و برایانە . هەرێمى كوردستان ئەگەر هیچى نەبوبێ بەڵام ئەم حاڵەتەى لێ بەدى دەكرێت و شانازى پێوە دەكات كە بێگومان ئەمەش كاتى ویست تا بە ئەمڕۆ گەیشت . كەواتە ئاسانە ئەمە لەدەست بدەیت ؟ ئایا تا ئێستا و لەسەردەمى ئەمڕۆدا تاكەكانى كۆمەڵ تەنها بە قسە و فەتوایەكى ناشەرعى مەلایەكى بەساڵاچوو جوانیەكانى ووڵات لەناودەبەن ؟ بەڵام ئایا خودى تاكەكانن یان مەرامى دەستەیەكى سیاسین ؟
هیچ كاتێك هێندەى ئێستا بۆ بارودۆخى هەرێمى كوردستان ناسك و نالەبار نەبووە . ئایا كرژى و ململانێكانى بادینان بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردنى چاوەڕوانكراوى ئەم بەهارەى كوردستان ؟ یاخود كاڵ كردنەوە و لەناوبردنى دەسەڵاتى ڕەهاى پارتى یە لە ناوچەى بادینان ؟
زۆر كارێكى ڕەوا و شەرعى یە ئەگەر یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان چاوى لە دەسەڵات و ململانێى سیاسى كوردستانە بەڵام ئایا ئەم هەوڵدانە بۆ مومارەسەیەى دەسەڵات گونجاوە كە یەكگرتووى ئیسلامى هەوڵى بۆ دەدات ؟ گومانى تێدا نیە كە پارتى و یەكگرتوو دوو دەسەڵاتى موتڵەق و خاوەن جەماوەرى تایبەتى ناوچەى بادینانن و بەردەوام خەریكى یارى سیاسین لەو ناوچەیەدا و ئەگەر تا ئێستاش گوێمان لەهەندێ پێشیلكارى پارتى بووبێ بەرامبەر بە یەكگرتوو كەچى لە ئێستادا گوێمان لە پێشیلكارى یەگكرتووشە بەڵام ئایا جیاوازى لە ڕیتمى ئەم پێشیلكارییانە هەیە ؟ گومانى تێدا نیە كە پێشیلكارییەكانى یەكگرتووى ئیسلامى پێشلكارى مێژوویى و نەتەوەیى و دەستورین . یەكگرتووى ئیسلامى لە هەوڵى سڕینەوەى ئەو پێكەوە ژیانە ئاشتیانە و مەزهەبى و تائیفیانەیە كە لە هەرێمى كوردستان دروست بووە و شانازى پێوە دەكرێت , لە هەوڵى لەباربردنى ئەو پەیوەندییانەیە كە لە نێوان كەمە نەتەواییەتیەكانى كوردستان دروست بوە . چونكە ئەو شەڕەى كە یەكگرتووى ئیسلامى دەستى داوەتێ بەر لەوەى شەڕ بێ بەرامبەر بە پارتى شەڕە بەرامبەر بە برایانى مەسیحى و ئێزدى و كلد و ئاشور و كاكەیەكان . ئەگەر مەبەستى یەكگرتوو, پارتى و تۆڵە كردنەوە بێ لە پارتى بۆ نەچون بارەگاكانى پارتى بسوتێنن , ئایا سوتاندنى دوكانەكانى مەى فرۆشتن گەواهە بۆچى ؟ نەك لە ناوچەى بادینان بەڵكو لە هەموو هەرێمى كوردستان كێن ئەوانەى خاوەنى دوكان و شوێنەكانى مەى فرۆشتنن ؟
مەبەستى یەكگرتوو گەڕانەوەیە بۆ سەردەمى جەهالەت و كاولكارى و یەكتر سڕینەوە . ڕەنگە یەكگرتوو ئەمە باش بزانێت بەڵام ڕەنگە ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نەبێ بەڵكو گرنگ ئاژاوەنانەوە و جێبەجێ كردنى پلانى دەوروبەر و تێكدانى ڕەوشى ئاشتیانە و پێكەوە ژیانى برایانەى كوردستانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست