کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ناواخنێك‌و چوار په‌راوێز بۆ كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسێكی ئه‌م وڵاته‌

Saturday, 05/06/2010, 12:00


تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌م بۆ رۆژنامه‌ی (هاوڵاتی) نارد ئه‌وانیش وتیان شتی توندی تێدایه‌.. ڕاسته‌كه‌ی شتی ڕاسته‌وخۆی تێدایه‌ نه‌ك توند
به‌یاننامه‌كه‌ی 13ی ئایار‌و یاسای دژه‌ تیرۆر

من یاسای دژه‌ تیرۆرم نه‌خوێندۆته‌وه‌‌و نایخوێنمه‌وه‌ چونكه‌ بیخوێنمه‌وه‌ مه‌زاجم تێك ده‌چێت.. چونكه‌ شتێكم له‌باره‌یه‌وه‌ بیستووه‌.. چونكه‌ ده‌زانم ئه‌و شته‌ ناهه‌قیی تێدایه‌.. چونكه‌ ده‌زانم‌و هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێت یاساكه‌ كاڵایه‌كه‌ به‌قه‌د باڵای مه‌به‌سته‌كانی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام منیش‌و هه‌موو كه‌سێكیش ده‌زانین كه‌ یاسا له‌ئاست ده‌سه‌ڵاتدا بێده‌نگه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ منیش‌و هه‌موو كه‌سێكیش بزانین كه‌ له‌كۆتاییدا ئێمه‌ سیرخۆری زۆڕنالێده‌رین‌و كه‌س، ته‌نانه‌ت داواكاری گشتیش، ناتوانێت كه‌له‌پچه‌ی یاسای دژه‌ تیرۆر بكات مه‌چه‌كی ده‌سه‌ڵات.
هه‌مووان باسی هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتییان كرد، كه‌ له‌ژماره‌ی رۆژێكدا ده‌رچوو لای عه‌قڵی خوڕافی ژماره‌یه‌كی شوومه‌ (به‌ڵام شوومه‌ بۆ كام لا؟)، ناشزانم چه‌ند كه‌س تێبینییان كرد به‌یاننامه‌كه‌ ڕسته‌یه‌كی تێدایه‌ كه‌ دڵنیام یاسای دژه‌ تیرۆر كه‌ نه‌مخوێندۆته‌وه‌‌و حه‌ز ناكه‌م بیخوێنمه‌وه‌ به‌سه‌ریدا ده‌چه‌سپێت. ڕسته‌كه‌ هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زایی دژی رفاندن‌و كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان به‌ پیلان دژی پارتی‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌زانێت، له‌هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كانیش گه‌ڕێ، له‌ باسكردنی ده‌ستبڕینیش گه‌ڕێ، له‌ وریاكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ریش گه‌ڕێ كه‌ پارتی ده‌زانێت كێن‌و كێ نین، ڕسته‌ی مه‌به‌ست له‌كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دایه‌‌و ده‌ڵێت: ((جه‌ماوه‌ری خه‌لكی كوردستانیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیلانه‌و دارێژه‌رو ئه‌نجامده‌رانی له‌گۆڕ ده‌نێین)).
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین باس ته‌نها باسی له‌گۆڕنانی ((پیلانه‌كه‌)) نییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ قسه‌یه‌كی ئاساییه‌‌و به‌دڵنیاییه‌وه‌ مافی پارتییه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی پیلان بێت، كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پیلان نییه‌، له‌گۆڕی بنێت، به‌ڵكو باسه‌كه‌ هه‌روه‌ها له‌گۆڕنانی ((داڕێژه‌ر‌و ئه‌نجامده‌رانی)) پیلانه‌كه‌شه‌ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جه‌سته‌ییه‌ بۆ مرۆڤانێكی دیاریكراو. ته‌نهاش ئه‌وه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌ یاسای دژه‌ تیرۆر بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌یاننامه‌كه‌ له‌وه‌ش بێباكتره‌ چونكه‌ له‌هه‌مان به‌یاننامه‌دا ئاماژه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و نه‌وشیروان مسته‌فا كراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌كاته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كه‌سانی دیاریكراو به‌ناوو نازناوی ئاشكراوه‌. ئه‌گه‌ر یاسای تیرۆر كه‌ نه‌مخوێندۆته‌وه‌‌و حه‌ز ناكه‌م بیخوێنمه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ نه‌گرێته‌وه‌ با هه‌موو لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان ده‌ست بده‌ن چه‌ك‌و بیكه‌نه‌ ته‌قه‌‌و تۆقاندن‌و ته‌قینه‌وه‌.

پارتی بۆچی تووڕه‌ بووه‌؟
ئه‌وه‌ی پارتیی ناڕه‌حه‌ت كردووه‌ هه‌ر خۆی به‌رامبه‌ر كه‌سانی تر، به‌تایبه‌تی ئیسلامییه‌كان، كردوویه‌تی. زمانی ته‌شهیر‌و ناوزڕاندن لای پارتی ئاسایی بوو كاتێك به‌رامبه‌ر ئیسلامییه‌كان ده‌یكرد بێئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌و ته‌شهیر‌و ناوزڕاندنه‌ چه‌ند له‌ڕاستییه‌وه‌ دوور بوو یان نزیك، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر كوشتنی سه‌رده‌شت پیلانه‌‌و پارتی به‌ڵێن به‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان، جه‌ماوه‌ری بێباك له‌ سومعه‌ی پارتی‌و هه‌موو حزبه‌كانی تر، كه‌ ده‌ستی پیلانگێڕان ده‌بڕێت‌و له‌گۆڕیان ده‌نێت. ئایا پارتی‌و ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی ئێستا بیرده‌كه‌نه‌وه‌‌و ده‌پرسن: ((ده‌بێت ئیسلامییه‌كان چه‌ند به‌و ته‌شهیره‌ی ئێمه‌ ناڕه‌حه‌ت بووبن))، ئایا پارتی بۆ دواڕۆژ ئه‌و تاڵاوه‌ی له‌بیر ده‌مینێت‌و سیاسه‌تی ڕاگه‌یاندنی خۆی ده‌گۆڕێت؟ گومانم هه‌یه‌.

ئه‌ی سه‌رۆكی پارتی بۆچی تووڕه‌ نه‌بووه‌؟
بیرمانه‌ سه‌رۆكی پارتی له‌ وه‌سفی پێشمه‌رگه‌ به‌ میلیشیا زۆر تووڕه‌ ببوو ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتبه‌ده‌ركردنی ده‌كرد، بیریشمانه‌ كه‌ ئه‌و تووڕه‌بوونه‌یمان زۆر لا سه‌یر بوو چونكه‌ له‌جێی خۆیدا نه‌بوو. ئێستا هه‌رچه‌نده‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی به‌ڵام سه‌رۆك نابینین به‌م كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسانه‌ تووڕه‌ ببێت. كه‌ی سه‌رۆك تووڕه‌ ده‌بێت؟ با چاوه‌ڕێی قوربانییه‌كی تر بكه‌ین.. به‌ڵكۆ!

ئایا ئه‌مه‌ ته‌نها شه‌ڕی گۆڕانه‌؟
پارتی ده‌یه‌وێت هه‌موو ناڕه‌زاییه‌كان بكاته‌ پیلانێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. به‌رله‌وه‌ی پرسیار له‌ هۆكه‌ی بكه‌ین ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی گۆڕان له‌پشت ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زاییانه‌وه‌ بێت پێویسته‌ سوپاسی بكه‌ین كه‌ نه‌یهێشت كوشتنی سه‌رده‌شت به‌ئاسانی تێپه‌ڕێت چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ئاسانی تێپه‌ڕێت لێكۆڵینه‌وه‌ش ده‌بێته‌ گاڵته‌‌وگه‌پ‌و ئه‌نجام یه‌كێك ده‌بێت له‌ دوان: یان ده‌وترێت بكه‌ر نادیاره‌، ئێوه‌ش بچنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، میزه‌كه‌تان بكه‌ن‌و بنوون، یانیش داماوێك ده‌كرێته‌ تاوانبار‌و ده‌كرێته‌وه‌ به‌ قوتابیی جاران په‌خشانی تاوانێك كه‌ نه‌یكردووه‌ له‌به‌ر بكات‌و بۆمانی بڵێته‌وه‌، ئینجا ئه‌م بێت یان ئه‌وی تر ڕاستییه‌كه‌ ون ده‌بێت‌و ونبوون ده‌بێته‌ ده‌رگایه‌ك بۆ كوشتنی هه‌ر كه‌سێكی تر بڵێت من سه‌رده‌شتێكی دیكه‌م. باشه‌ ئه‌ی بۆچی پارتی ده‌یه‌وێت ورووژاندنه‌كه‌ به‌ ته‌نها هی گۆڕان بزانێت؟ ئه‌وه‌ ته‌كتیكێكی زیره‌كانه‌یه‌: كه‌ هێرشت كرایه‌ سه‌ر به‌ره‌ی جه‌نگ بچووك بكه‌ره‌وه‌. مه‌ڵێ فڵان‌و فڵان‌و فڵان لایه‌ن پیلان ده‌گێڕن.. بڵێ فڵانه‌ لایه‌نه‌‌و ئه‌وانی تر به‌ بێده‌نگیی خۆت به‌رامبه‌ریان بێده‌نگ بكه‌. ئه‌و ته‌كتیكه‌ بۆ ئیسلامییه‌كان سه‌ركه‌وتوو بوو، ئه‌مجاره‌ با بۆ گۆڕان بێت، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت یان نا.. ئه‌مجاره‌ش با چاوه‌ڕێ بكه‌ین.

چێشتی ته‌عزیه‌
ئه‌وسا خه‌ڵكانێك هه‌بوون چاویان بۆ پرسه‌ ده‌گێڕا بۆ ئه‌وه‌ی نانێكی تێدا بخۆن. ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زاییه‌ش كه‌ ڕووبه‌ڕووی پارتی بۆته‌وه‌، كه‌ بۆ پارتی وه‌ك پرسه‌ وایه‌، شوێنی له‌وه‌ڕێكی چه‌وره‌ بۆ ژماره‌یه‌ك نووسه‌ر‌و ڕۆژنامه‌نووس، زۆربه‌شیان تازه‌ بوونه‌ته‌ پارتی‌و ده‌یانه‌وێت بیسه‌لمێنن له‌ پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلوول پارتیترن، بۆیه‌ ئێستا بیرده‌كه‌نه‌وه‌: شه‌ڕێكی چه‌وره‌ ئه‌مجاره‌ خۆمان هه‌ڵمانه‌گیرساندووه‌، قه‌ڵه‌م ده‌رده‌هێنن‌و ده‌ڵێن فرسه‌ته‌، بڕبه‌نگ له‌ زمانیان ده‌ده‌ن‌و بۆیاغی زه‌رد له‌ ده‌موچاویان هه‌ڵده‌سوون، ده‌گرین‌و پێده‌كه‌نن، نانی پرسه‌ی پارتی ده‌خون‌و له‌دڵی خۆیاندا دوعا ده‌كه‌ن‌و ده‌ڵێن: یاڕه‌بی هه‌موو ڕۆژێكی پارتی پرسه‌‌و ته‌عزیه‌ بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە