فراکسیۆنى گۆڕان لە چلەى شەهید گەرمیاندا: شەهیدکردنى گەرمیان نمونەیەکى زیندوى لاوازى ئەخلاقى حکومڕانیە
Saturday, 09/04/2011, 12:00
عەبدوڵاى مەلانورى پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان کە هاوکات خەڵکى گەرمیانیشە، پەیامى فراکسیۆنى گۆڕانى لەپەرلەمانى کوردستان خوێندەوە.
ئەمەش دەقى پەیامى فراکسیۆنى گۆڕان لەچلەى ماتەمینى شەهيد گەرمیاندا:
((بە ناوى خواى بەخشندەو میهرەبان))
ئامادەبوانى بەرێز، لە... ساتە وەختى چلەى ماتەمینى کاکە گەرمیاندا سەرى رێزو نەوازش بۆ گەرمیانى فریشتەو هەموو شەهیدانى خۆپیشاندانەکانى کوردستان و کۆى شەهیدانى رێگاى رزگارى و ئازادى خاک و خەڵکى کوردستان دادەنوێنین.
خۆشەویستان، مرۆڤ هەستێکى سەیرى لا دروست دەبێت کاتێک دەبینێت هێز گەلێکى دەسەڵاتدارى کوردى کە بانگەشەى ئازادى و دیموکراسى و مافى مرۆڤ دەکەن، کەچى لولەى چەکەکانیان دەکەنە هاوڵاتیان و لە ساتە وەختێکدا دوور لە هەر خەسڵەتێکى مرۆڤانە خوێنى کۆمەڵێک خەڵکى بێ گوناه دەڕژَێنن، ئەو وێنە تراژیدیانە دەمانباتەوە بۆ ئەو رۆژانەى کە بەعسیەکان تاوانى دڕندانەیان بەرامبەر بە ئینسانى کورد دەکرد، تەنها جیاوازییەک کە دەبینرێت ئەوەیە، جەلادەکانى ئەمڕۆ هاو نەتەوەکانى خۆمانن، جەلادەکانى ئەمرۆ بەشێکن لە شۆرشگێڕەکانى دوێنێ. بە بینینى مەشهەدى شەهیدکردنى گەرمیان هەر دەسەڵاتدارێک زەڕەیەک ویژدانى هەبێت، یان ئەوەیە دەمودەست بڕیارى گرتنى تاونباران دەردەکات، یان بە سەربەرزیەوە پۆستەکەى بە جێ دێڵێت، بەڵام کە هەڵوێستى وا جوامێرانەمان نەدى، ئیدى دەرکەوت کە خوێن و کەرامەتى هاونیشتمانیان لاى ئەوانە چەند بێنرخە.
بەڕێزان لە ئیستادا هەرێمەکەمان بە دۆخێکى نا ئاسایدا تێپەڕ دەبێت، خەڵکێکى زۆر رژاونەتە سەر شەقام و داواى چاکسازى دەکەن لە سیستمى حکومڕانى هەرێمدا، داخوازیەکانى خەڵک دەرئەنجامى 19 ساڵ حکومڕانى خراپە لە کوردستاندا، لەم وڵاتەدا کۆى کایەکانى ژیان لە لایەن حزبەوە قورخکراوەو هەموو جوانیەکان لە بەهاى راستەقینەى خۆیان داماڵراون، حزب سیاسەت و نیشتمان و بەرپرسیاریتى ناشرین کردووە، شەهیدکردنى گەرمیان نمونەیەکى زیندوى لاوازى ئەخلاقى حکومڕانیە، حزب و سەرکردەکانى بونەتە سەرپەرشتیارو میراتگرى هەموان، لە برى هەموان بڕیار دەدەن و لە برى هەمووان سامانى ئەم وڵاتە هەڵدەلوشن.
هاوڵاتیان کوردستان لە گیانى بەرپرسیارێتیەوە دەرفەتى زۆریان بە دەسەڵاتدا بە نیازى گۆرانکارى بنەڕەتى، بەڵام دەرکەوت ئەوانە لە ئاستى ئەو بەرپرسیاریەتیەدا نین، بۆیە جەماوەر بڕیاریداوە خۆى گۆرانکارى بکات و چیتر چاوەرێى بەڵینى ناراست ناکات، هیچ هێزێکیش ناتوانێت شکست بە بڕیارو ئیرادەى جەماوەر بێنێت.
لە کۆتایدا پەیامى ئێمە بۆ خوشک و دایک و باوک و هاورێکانى گەرمیان ئەوەیە، ئێستا گەرمیان کوڕى نیشتیمانە، ئێستا گەرمیان بچوکترین پێشمەرگەى شەهیدى بە دیهێنان و چەسپاندنى ئازادى و خۆشگوزەرانى و داپەروەریە بۆ خەڵکى کوردستان، بۆ ئەو منداڵانەى کە بە هۆى دەسکورتى بە خێوکەرەکانیانەوە لە هەرچى خۆشى ژیان هەیە بێبەشن، ئیدى شەهید گەرمیان نواى ئایندەى ئەو منداڵانەیە کە دوور لە هەموو پرنسیپێکى ئینسانى و عەقل ویژدان بە لەشولارێکى لاوازەوە ناچارن کۆشش بکەن بۆ روبەروبونەوەى تاڵیەکانى ژیان، ئێستا گەرمیان ئەو رەمزە نەمرە گەورەیەیە کە پێویستە گەردون خوشک و رێزان خانى دایک و کاک احمەدى باوکى گەرمیان و هەمومان بۆ هەتا هەتایە شانازى پێوە بکەن.
*** جارێکى تر سڵاو لە شەهید گەرمیان، سڵاو لە هەموو شەهیدان ***
فراکسیۆنى گۆڕان
7-4-2011 چەمچەماڵ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست