کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق و کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ کۆنگرەی گشتی گۆڕان

Thursday, 14/06/2012, 12:00


شۆڕش حاجی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق ، ماوەی چەند ڕۆژێکە گەڕاوەتەوە لەندەنی پایەتەختی بەریتانیا ، وە دەستی کردوە بە بینینی هەڵسووڕاوانی گۆڕان لە لەندەن و دەوروبەری لەندەن ، بە نیازی دروست کردنی تەکەتول تاوەکو بتوانێت دەنگ بۆ خۆی کۆبکاتەوە بۆ کۆنگرەی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان .

ئەو سەرۆکی فراکسیۆنە ئەیەوێت گۆڕانیش هەر بە دەردی یەکێتی ببات، هه‌روه‌ک چۆن ره‌گی به‌ ده‌ردی کۆمه‌ڵه‌ له‌ناو برا! شۆڕشی حاجی  لەناو یەکێتی دوڕا،  ئینجا ئێستا هەوڵ ئەدات کە بە هەمان شێوازی کۆنی ناو یەکێتی لەناو گۆڕانیش تەکەتوول دروست بکات.

جێگای سەرنج ڕاکێشانە کە شۆڕش حاجی تەکەتوول لە خەڵکانی دۆڕاوی وەکو خۆی دروست ئەکات وائەزانێت کە بەوخەڵکە دۆڕاوانە ئەتوانێت خۆی بگەیەنێتە سەرکردایەتی بزووتنەوەکە.

ئەو پیاوە هەر لە ئێستاوە پەیمانی بە دۆڕاوەکانی ناو تەکەتوولەکەی چ لە بەریتانیا و چ لە کوردستان داوە کە ئەگەر هاتوو پشتگیری بکەن ئەو کە چووه‌ سەرکردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوا پاداشتیی دانە بە دانەیان ئەداتەوە، بەڵام ئەبێت شۆڕش حاجی و هاوڕێکانی وەکو خۆی باش بزانن کە خەڵکانی گۆڕانخواز لەو جۆرە یاریە سیاسیە  باش تێئەگەن و بڕواو متمانە بەو جۆرە کەسایەتیانە قەت و قەت نادەن .

شۆڕش حاجی تاوەکو ئێستا چەندین جار پرسیاری ئەوەی لێ کراوە کە ئایا چی لە پارەی ئەو ٣٠ حیمایەیە ئەکات کە لە ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق بۆیان دابین کراوە !!! هەموو زانیاریەکان ئەوە دەسەلمێنن کە شۆڕش حاجی تەنها پێنج حیمایەی هەیە !! بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە .  ئەبێ ئەوه‌ش بڵێم کە زۆربەی هەرە زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی فراکسیۆنی گۆڕان پارەی بەشێکی زۆری حیمایەکانیان ئەخۆن ، بە تایبەتی ئەو سێ ئەندام پەرلەمانەی کە لە لەندەن هەڵبژێردران بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی ئێراق . ئەوئەندام پەرلەمانانە پارەی چەندەها حیمایە ئەخەنە تەنکەی باخەڵیان و لافی ئەوەشما لەسەر لێدەدەن کە گوایە ئەوانەن کە لە ئایندەدا سیستەمی ووڵاتمان بۆ ئەگۆڕن! منیش لێرەدا ئەڵێم ، ئایا گۆڕانکاری بە خەڵکی دز ئەکرێت؟! هەڵبەتە نەخێر ، لەبەر ئەوەی خەڵکانی وەکو شۆڕش حاجی و هاوڕێکانی ، هەر تەنها بەدوای بەرژەوەندی تەسکی خۆیانەوەن و بەس ، لە هیچ کات و ساتێکدا خەڵکی هەژارو داماوی ووڵاتەکەیان لەبیر نیە .

کوا ئەو شەفافیەتەی کە شۆڕش حاجی بانگەشەی بۆ دەکرد لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا! کوا ئەو دیمکراسیەتەی کە بە هەمان شێوە بانگەشەی بۆ دەکرد! کوا ئەو عەدالەتە کۆمەڵایەتیە کوا !؟ کەی ئەوە عەدالەتی کۆمەڵایەتیە کە پارەی ٢٥ حیمایە بخۆیی و لە پالیشیدا زیتر لە ١٠،٠٠٠$ دە هەزار دۆلار مووچەی مانگانەت بێت و پاش چوار ساڵیش بە مووچەیەکی زەبەلاح خانەنشین بکرێی! ئەوەیە عەدالەتی کۆمەڵایەتی! یان ئەوە دزینی موڵکی گشتی و بەتاڵان بردنی ماڵی خەڵكی خێرلەخۆ نەدیوی گەلەکەمان؟!.

لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم کە شۆڕش حاجیەکان نابێت نە لە ناو هیچ بزووتنه‌وه‌یکی سیاسییدا جێگایان بکرێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌مانه‌ بۆ خۆیان ئه‌بزوێن نه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگای کوردیی، به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌، ئه‌مانه‌ که‌سانی ئۆگۆیستن، نه‌ک کورد- ویست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە