خه‌مى خاك و خه‌ڵك خه‌مه‌ بنـــه‌ڕه‌تیه‌ ئــــاینى و نیشـــتمانییه‌كه‌ى یه‌كگرتوو

Saturday, 26/12/2009, 12:00


به‌ پاساوى ساڵیادى كاره‌ساته‌كه‌ى (6/12/2005) پێشكه‌شه‌ به‌ شه‌هیدانى ڕێگه‌ى چاكسازى .
یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان, وه‌ك هێزێكى سیاسى ئیسڵاحى ئیسلامى كوردستان، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندن و خۆئیعلانكردنیه‌وه‌، خۆى به‌وه‌ پێناسه‌ كرد كه‌:\"حیزبێكى سیاسى ئیسڵاحییه‌ و به‌ دیدێكى ئیسلامییه‌وه‌ تێده‌كۆشێت له‌پێناو خه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كانى گه‌لى كوردستانداو له‌ ساڵانى ڕابرووى خه‌باتیشیدا به‌ كرده‌یى ئه‌مه‌ى سه‌لماند و نیشاندا. له‌ چه‌ند ساڵى خه‌باتى ڕابردوویدا ،یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان، تووشى چه‌ندین هه‌وڵى له‌ناوبردن و لاوازكردن و لادان له‌ هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ستراتیژى بوویه‌وه‌ وچه‌ندین كۆسپ و گرفت خرایه‌ سه‌ره‌ ڕێى خه‌باتى ئه‌ندامه‌ كۆڵنه‌ده‌ر و مه‌بده‌ئى و چالاكه‌كانى، هه‌ر له‌م میانه‌یه‌شدا به‌ شێوازه‌ نادیموكراسى و نائه‌خلاقییه‌كانى تۆقاندن و گرتنى بێ‌ بنه‌ما و بڕیار و پاساوى یاسایى و بێبه‌شكردنو ئیغراكردن و چه‌ندین شێوازى دیكه‌، هه‌وڵى پوكانه‌وه‌ و وه‌ستاندن و لاوازكردنى درا، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆك و نایاسایى و نائه‌خلاقییانه‌ سه‌ریان نه‌گرت، به‌ڵكو ساڵ له‌ دواى ساڵ یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان به‌ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌ جوان و گرنگ و پێویسته‌كانى درێژه‌ى به‌ خه‌باتى نه‌پساوه‌ى خۆى دا، ئه‌گه‌رچى هه‌ندێ‌ جار ڕه‌وت و ڕێ‌ ته‌یكردنه‌كه‌ى له‌ هه‌ندێك قۆناغ و هه‌لومه‌رجدا كه‌مێك خاو بووبێته‌وه‌ و له‌ ئاست خه‌ون و داواكارى و تموحى یه‌كگرتووه‌كان و جه‌ماوه‌ردا نه‌بووبێت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌ كاروانه‌ بانگخوازى و ئیسڵاحخوازى و نیشتمانپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌ دۆسته‌كه‌ى. ئه‌وه‌ى كه‌ تا ئێستا له‌ پێش چاوه‌، یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌ هه‌ڵوێسته‌ ئینسانى و نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى و جوامێرانه‌كانى، گومانه‌ نابه‌جێ‌ و پڕوپاگه‌نده‌ شاخداره‌كانى ـ به‌تایبه‌ت گومان و تۆمه‌ته‌كانى پێش هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و كاتى كاره‌ساته‌ شه‌رمئاوه‌ره‌كه‌ى (6/12/2005)ى دهۆك و بادینان ـ پووچه‌ڵ كرده‌وه‌ و سه‌لماندى كه‌ دۆست و خزمه‌تكارى ئایین و خاك و خه‌ڵكه‌ و له‌پێناو ئاسوده‌یى گه‌ل و سه‌روه‌رى نیشتمانه‌كه‌یدا چه‌نده‌ى پێ‌ بكرێت درێغى ناكات، له‌م پێناوه‌شدا چه‌ندین هه‌وڵ و هه‌ڵوێستى جوانى نیشانداوه‌، له‌ نموونه‌ى ئه‌و هه‌وڵ و هه‌ڵویستانه‌ش وه‌ك: یه‌كه‌م: یه‌كگرتوو به‌ خزمه‌تى هه‌ژاران و هه‌تیوان و نازداران و دروستكردنى بنكه‌ى ته‌ندروستى و بیرى ئاو و چه‌ندین كارى تر له‌ ڕێگه‌ى ڕێكخراوه‌ خێرخوازه‌كانى وه‌ك\"ڕابیته‌ و ئیغاسه‌ و نه‌دوه‌\"وه‌ ئه‌ركى خه‌مه‌ ئینسانییه‌كه‌ى به‌جێ‌ گه‌یاند. دووه‌م: یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌ گرنگیدان به‌ مزگه‌وت و وانه‌ى قورئان و په‌روه‌رده‌كردنى نه‌وه‌یه‌كى خاوه‌ن باوه‌ڕ و ئاكارى جوان و كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌ شه‌رعییه‌كان و زیندووكردنه‌وه‌ى یاد و بۆنه‌ ئایینییه‌كانى وه‌ك \"جه‌ژنه‌كان و مه‌ولود و هیجره‌ت و ئیسراومیعراج\" و چه‌ندین شتى دیكه‌، خه‌مه‌ ئاینییه‌كانى له‌ئه‌ستۆ گرت و به‌ شانازییه‌وه‌ به‌ئه‌نجامى گه‌یاندن، هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ یه‌كێكى دیكه‌ له‌ دوایین هه‌وڵ و هه‌ڵوێسته‌ دڵسۆزانه‌كانى كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستاندا ـ له‌مه‌ڕ پرسه‌ ئاینى و ئه‌خلاقییه‌كانى گه‌لى كوردستان ـ بریتى بوو له‌ ئاماده‌كردنى ئه‌و دوو پرۆژه‌ یاسایه‌ بۆ په‌رله‌مانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر خه‌مه‌ ئاینى و ئه‌خلاقییه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌باره‌ى به‌ربڵاوى و په‌ره‌سه‌ندنى \"هێنانى ئافره‌تانى له‌شفرۆش و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و مه‌ى فرۆشتن به‌ شێوه‌یه‌كى فراوان\" له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، كه‌ كێشه‌ و خه‌مێكه‌ پێویست بوو حكومه‌تى هه‌رێم زۆر به‌ جددى به‌ده‌میه‌وه‌ بوایه‌ و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى بدایه‌. سێهه‌م: یه‌كگرتوو به‌ پێداگرى و هه‌وڵه‌ دلێرانه‌ و دڵسۆزانه‌كانى له‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش درێغى نه‌كردووه‌ له‌ هه‌وڵ و هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كانى بۆ گه‌لى كوردستان و داكۆكیكردن له‌ ماف و داخوازییه‌كانیان. جێى خۆیه‌تى له‌ پێش چاومان بێت كاتێك كه‌ به‌ڕێز \"مامۆستا عه‌لى محه‌مه‌د\"ى وه‌زیر له‌ حكومه‌تى عێراقى له‌سه‌ر لیستى یه‌كگرتوو توانى بڕى (6000000) شه‌ش ملیۆن دۆلار دابین بكات بۆ هه‌ر خانه‌واده‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ى \"600\" كه‌لاوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، هه‌روه‌ها به‌ڕێز دكتۆر \"محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د\"ى سه‌رۆكى كوتله‌ى په‌رله‌مانى یه‌كگرتوو و سه‌رۆكى لیژنه‌ى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، توانى بڕى مووچه‌ى زیندانییه‌ سیاسییه‌كان و شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان زیاد بكات و ڕاست بكاته‌وه‌ و هاوكارییه‌كى ماددى بۆ \"100\" خانه‌واده‌ى هه‌ژارى شارۆچكه‌ى سه‌ید سادق دابین بكات.. له‌ دوایین هه‌نگاوه‌ نیشتمانییه‌كانى كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بایكۆتكردنى كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ زیانى كوردستان و گه‌لى كوردى تێدابوو، هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌كى دابوویه‌ پارێزگاى كه‌ركوك، ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیشتمانییه‌ى كوتله‌ى په‌رله‌مانى یه‌كگرتوو، هه‌ر به‌ هێنده‌ كۆتایى نه‌هات، تا ئه‌وه‌ بوو دواجار و له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ (6ـ7/12/2009) پاش ڤیتۆكه‌ى (تاریق هاشمى ـ جێگرى سه‌رۆك كۆمارى عێراق) وه‌ك داكۆكیكردن له‌سه‌ر مافه‌كانى گه‌لى كوردستان و پێداگرى له‌سه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كان، جارێكى دیكه‌ كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ به‌غدا ده‌نگى به‌و یاسایه‌ نه‌دا و دڵسۆزى و په‌رۆشى خۆى بۆ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانییه‌كان خسته‌ ڕوو، به‌مه‌ش سه‌لماندى كه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ـ ئه‌گه‌رچى كوتله‌ى هاوپه‌یمانى له‌ هه‌ندێ‌ قۆناغ و هه‌لومه‌رجدا هه‌ندێ‌ سازش و خه‌مساردى بكات ـ ئه‌م هه‌ر پارێزه‌رى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان ده‌بێت. یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان به‌ بوێرى و دڵسۆزى و له‌خۆبڕان و بۆخوا لێبڕان توانى كه‌ خوێنى شه‌هیدانى بادینان و دوكه‌ڵى باره‌گا به‌ناهه‌ق سوتاوه‌كانى به‌هه‌ده‌ر نه‌دات و، خوێنه‌ به‌ سته‌م ڕژاوه‌كه‌ى شه‌هیدانى (6/12/2005)ى كرده‌ ئاوى ژیانه‌وه‌ و دوكه‌ڵه‌ ڕه‌شه‌كه‌ى باره‌گاكانیشى كرده‌ سێبه‌رى پریاسكه‌ و كه‌ژاوه‌ى پشوودان و حه‌وانه‌وه‌ و بووژانه‌وه‌ و به‌ گوڕ و تینه‌وه‌ هه‌ستانه‌وه‌. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ پاش چوار ساڵى دیكه‌ى خه‌باتى نه‌پساوه‌ى ئه‌ندامانى كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دڵنیاین له‌وه‌ى كه‌ \"سه‌یدا موشیر\" و هاوڕێكانى شه‌هیدانى ئیسڵاح و چاكسازى ڕۆحیان شاده‌، كاتێك كه‌ ده‌بینن كه‌سێكى چالاك و دڵسۆز و بوێرى وه‌ك \"سه‌یدا سامى ئه‌تروشى\" نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات، هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدانى بادینان و ئه‌ندام و كادیره‌ دلێر و بوێر و كۆڵنه‌ده‌ره‌كانى بادینان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى یه‌كگرتوو سه‌ربه‌رزن و شانازى ده‌كه‌ن كاتێك ده‌بینن \"سه‌یدا سامى\" و خوشك و برا هاوڕێكانى له‌ كوتله‌ى یه‌كگرتوو له‌ به‌غدا به‌ جوانى و بوێرانه‌ و دڵسۆزانه‌ و دلێرانه‌، نه‌ك هه‌ر نوێنه‌رایه‌تى ئه‌وان، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تى سه‌رجه‌م گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ هیچ پرس و مه‌سه‌له‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیدا سازش و كه‌مته‌رخه‌مییان نه‌كردووه‌ و ناكه‌ن و، چه‌ندین هه‌وڵ و هه‌ڵوێستى جوان و جوامێرانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌یان نواندووه‌. دواجار جێى خۆیه‌تى پاش چوار ساڵ له‌و كاره‌ساته‌ى (6/12/2005) درود و سڵاو بنێرین بۆ گیانى پاكى \"سه‌یدا موشیر\" و هاوڕێكانى و، ڕوو بكه‌ینه‌ نه‌یاره‌كانى پرۆژه‌ ئیسڵاحى و نه‌ته‌وه‌ دۆسته‌كه‌ى یه‌كگرتوو و، پێیان بڵێین:\"كاتێك كه‌ ناتوانن ببنه‌ مۆمێك بۆ ڕووناككردنه‌وه‌ى ڕێگه‌ى خه‌ڵكى، هه‌وڵى كوژاندنه‌وه‌ و كزكردنى چرا و مه‌شخه‌ڵه‌ پرشنگداره‌كانى كه‌سانى دیكه‌ش مه‌ده‌ن!\"
.هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە