کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆ (3 كاديره‌ كه‌ى پارتى سالارو هاوده‌نگ و ئامانج) زمانى ته‌شهیر ئامێزتان بۆنى بارووتى لێ دێت

Thursday, 25/02/2010, 12:00


له‌ دوو ژماره‌ى (728 و 729)ى رۆژنامه‌ى هه‌ولێردا، كه‌ له‌ بودجه‌ى ئه‌م وڵاته‌ و هاووڵاتییه‌كانى به‌خۆرِایی دابه‌ش ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له‌ (سالار عوسمان) و (هاوده‌نگ فاروق) و (ئامانج عه‌بدوڵلا) له‌ سێ ستونی جیاوازدا به‌ یه‌ك ئاواز وه‌ك ئه‌وه‌ى قورمیش كرابن، هێرشێكی نارِه‌وایان كردووه‌ته‌ سه‌ر یه‌كگرتووى ئیسلامیی كوردستان. ئه‌وان هێنده‌ به‌ كینه‌ و رقه‌وه‌ نووسیویانه‌، له‌ پیت به‌پیتى وشه‌كانیانه‌وه‌ بۆنى بارووت ده‌كه‌یت، ئه‌و سێ قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌ ده‌ڵێی ئاربیجی و بیكه‌یسییان به‌ ده‌ست و به‌ شانه‌وه‌یه‌، لایه‌كی یه‌كگرتوو نه‌ماوه‌ هێرشیان نه‌كردبێته‌ سه‌رى. (ئامانج) تاوێ‌ به‌ وڵاتفرۆش و تاوێ‌ به‌ ئاین فرۆش و ساخته‌كارى دین له‌قه‌ڵه‌می ده‌دات و هاوده‌نگیش وه‌ك ئه‌وه‌ى ماڵی حیزبه‌كه‌ى خۆى له‌ پۆڵا بێت، ده‌ڵێت ئێوه‌ ماڵتان له‌ شوشه‌یه‌ و (سالار)یش ده‌بێژێ نازانم چۆن جورئه‌ت ده‌كه‌ن به‌ هه‌گبه‌ى به‌تاَله‌وه‌ له‌ پرِی بدوێن. وه‌ڵامی منیش بۆ ئه‌و سێ به‌رِێزه‌ ئه‌مه‌یه‌: * یه‌كگرتوو ده‌ستى سپییه‌ و تاكه‌ كه‌سێكیش له‌م كوردستانه‌دا به‌ ئاربیجی و كڵاشینكۆفی یه‌كگرتووه‌كان نه‌كوژراوه‌ و تیرۆر نه‌كراوه‌، یه‌كگرتوو نه‌ سازشی كردووه‌ له‌سه‌ر مافه‌كان و نه‌ ده‌ستى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى وڵاتانی دراوسێی گرتووه‌ و نه‌ ده‌بابه‌ى هێناوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر و نه‌ ئه‌نفالی گونده‌كانى كوردستانی كردووه‌ و نه‌ شه‌رِی براكوژى و كوردكوژی هه‌ڵگیرساندووه‌ و نه‌ ژنانی بێوه‌ژن كردووه‌ و نه‌ منداڵانی هه‌تیوخستووه‌، بۆ نه‌ك هه‌ر رابردووى، ئێستا و ئاینده‌شی بێ خه‌وشه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ داكۆكی له‌و هه‌رێمه‌ ده‌كات، كه‌ دوور نییه‌ خه‌ڵكی تر هه‌رزانفرۆشی بكه‌ن. * یه‌كگرتوو هه‌گبه‌ى پرِه‌ و ده‌یان ساڵه‌ به‌شدارى ساردى و گه‌رمی هاووڵاتیه‌كانى شاره‌كانى هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌كات و له‌ كاتى ته‌نگانه‌دا به‌ده‌م هه‌ژار و هه‌تیوانه‌وه‌یه‌ و نه‌ ئاشناى ئوتێل و مۆتێله‌كانى ئه‌وروپایه‌ و نه‌ لێره‌ش له‌ بورجی عاجیدایه‌، تا ده‌ست پێی نه‌گات و له‌ خه‌ڵكه‌وه‌ دوور بێت، ده‌زانێت چه‌ند گوند و كۆڵان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌یدا و دۆستى هه‌ژار و یارى ده‌وڵه‌مه‌ندانى خێرخواز و میلله‌تدۆسته‌، یه‌كگرتوو نه‌ هه‌رێمی دووله‌ت كردووه‌ بۆ دوو ئیداره‌ و نه‌ جیاوازى له‌نێوان ئه‌م شار و ئه‌وشاردا ده‌كات و نه‌ خاوه‌نى بیرۆكه‌ى ڤێلا و زه‌وى قۆرخكردنه‌.. به‌پێچه‌وانه‌ى خه‌ڵكی تره‌وه‌ یه‌كگرتوو له‌برى ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى دۆلار و جێگیركردنى له‌ بانكه‌كاندا، ده‌ستى رێكخراوه‌ خێرخوازه‌كانى گرت و قۆڵی هه‌ڵمه‌تى خزمه‌تگوزاری لێ هه‌ڵماڵی و، شار و گوند نه‌ماوه‌ له‌ هه‌رێمدا ده‌ستى خزمه‌تگوزاری ئه‌وى پێ نه‌گه‌یشتبـێ، بۆیه‌ هه‌گبه‌ى پرِه‌ و ئه‌و به‌ حیزبی خزمه‌تگوزار ناسراوه‌، نه‌ك شتى تر. * یه‌كگرتوو ماڵی له‌ شوشه‌یه‌، راست ده‌كات (هاوده‌نگ) یه‌كگرتوو هێنده‌ شه‌فافه‌، چی هه‌یه‌ و چی كردووه‌ ده‌بینرێت و به‌ به‌رچاوه‌وه‌یه‌، ئه‌و نه‌ بودجه‌ى لووش داوه‌، نه‌ گومرگی قووتداوه‌ و نه‌ ماڵی خه‌ڵكی وێران كردووه‌ و نه‌ گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵكاره‌. یه‌كگرتوو خاوه‌نى بیرۆكه‌ى دژه‌ گه‌نده‌ڵی و یه‌كه‌م حیزبی كوردستانه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكردنى دروشمی دژه‌ گه‌نده‌ڵی كادیره‌كانى شه‌هید و بریندار كراون و باره‌گاكانى سوتێنراون. یه‌كگرتوو شوشه‌ ئاسایه‌، چی تێدایه‌ دیاره‌ و چیشی تێدا هه‌ڵبگرێت، خه‌سار نابێت و تێكناچێت، یه‌كگرتوو خاوه‌نى ملیاره‌ها دۆلاری بزربوو نییه‌ و سه‌ربه‌رزه‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و ده‌ستى له‌ رووخاندن و وێرانكردنی یه‌ك ماڵدا نییه‌ و جه‌ماوه‌رى كوردستانیش به‌ چه‌واشه‌كارى چاوبه‌ست نابن. رۆژنامه‌ى (هه‌ولێر) كه‌ جارێ به‌ ئاشكرا له‌لایه‌ن پارێزگارى هه‌ولێره‌وه‌ ده‌رده‌كرا و ئێستاش خۆیان ئیدیعاى نه‌بوونى په‌یوه‌ندی به‌ پارێزگاوه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م رۆژنامه‌ بوو كه‌ له‌ (25/7)دا هێرشی كرده‌ سه‌ر ره‌مز و سه‌ركرده‌كانى یه‌كگرتوو. ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ر و هێربه‌ره‌ و باشتر وایه‌ له‌برى هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كگرتوو، بچن به‌لای به‌رنامه‌ى لیستى هاوپه‌یمانییه‌وه‌، تا به‌ خه‌ڵك بڵێن ئێمه‌ پاش (7) ساڵ له‌ رووخانى رژێمی سه‌دام، ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان بۆ كورد و كوردستان و ئه‌وه‌ش كه‌ركوك، كه‌ گه‌رِاندووه‌مانه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم!! شوكر خه‌ڵكی هۆشیاره‌ و ده‌زانێت ئێوه‌ چیتان به‌رهه‌م هێناوه‌..


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە