نە بۆ نەوزاد و نە بۆ نەژاد .... وتەیەك بۆهەق
Sunday, 15/02/2009, 12:00
دوای ئەوەی نووسینی بە ڕێزێكم بەناوی(رەوەز عومەر)، كەوتە بەرچاو لە ژێر سەردێڕی: (نەوزاد هادی زەویەكی بازرگانی ئەداتە نەژاد عەزیز سورمێ)سەرنجی بۆلای خۆم راكیشام و لەبەرخۆمەوە گوتم: بڵێی دنیا وای لێهاتبێت، كە خەڵاتی ماندوونەناسی وەك ئەو بەڕیزە بكرێت و شەونخونی كردنەكانی بەدیار دەرچوونی رۆژنامەكە و گەیاندنی هەواڵەكان تازەبەتازە گەیشتبیتە ئەو ئاستە، كە خەڵاتی لەوشێوە بكرێن!، بڵێی كارەكانیان بە هەند وەربگیرێت؟، خۆ ئەگەر وابێت زۆر كەسی دیكەیش شایانی ئەوەن و دیارە بە خۆدا هاتنەوە هەیە!، بەڵام كە چوومە ناوەرۆكی باسەكە، چەند سەرنج و تێبیینیەكم بۆ دروست بوو، بە هیوای ئەوەی بەڕێزانی سەرپەرشتیاری(كوردستان پۆست)رێگە بە بە بڵاوكردنەوەی بدەن و سوپاسیان دەكەم:
1: رۆژنامەكە هی نەژاد نییە و نەژاد وەك هەریەك لەو بەڕێزانەی دیكەی پێش خۆی ئەركێكی پیرۆزی كاتیی حزبی و رۆژنامەنووسی دەبینێت و رۆژنامەكە ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستانە، نەوەك هی هیچ كەس.
2: لە(خەبات)، بە دوودا چوون و هەواڵ بەردەوامە و هیچ كات لە گەڕ و خول نەكەوتووە و هێندەی گونجابێت رەخنەی بنیاتكاری دابەزاندووە نەوەك شەڕەجوێن.
3: دەكرێ هەر بەرپرسێك هەڵەی گەورە بكا و بەتایبەتی لە كوردستاندا شتێكی نامۆ نییە، دەنا ئەو هەمووگەندەڵی و نادادپەروەرییە لە كوێ هاتن؟، بەڵام بۆ ئەوەی هەرنووسینێك گەر خاوەنەكەی بیەوێت جێگەی متمانەبێت پیویستی بەوەهەیە بەڵگەنامە بڵاوبكاتەوە نەوەك گوتیان، پێمان گەیشت، دەڵێن، ...... ئەمانە خۆخاڵی كردنەوە و تەعبیر دانەوەن لە دڵی پر لە خەشم نەوەك نووسینی رۆژنامەیی.
4: گرنگیدان بەكار و چالاكی هەر دەزگایەكی حكوومی شان بەشانی بڵاوكردنەوەی رەخنە لەسەریان، شتێكی ئاساییە و گەورەترین كاری رۆژنامەگەرییش ئەوەیە لە دوولاوە شتەكان بگەیێنێت و نەبێتە بەشێك لە هیچ لایەك.
5: ئەگەر ئەو(7)مانگەی ئەو نووسەرە بەڕێزە ئاماژەی بۆدەكات، كە لەلایەن نەوزاد هادییەوە تیایدا زەوییەك بە نەژادی سەرنووسەری خەبات بەخشراوە، بكەینە نموونە و چاوێك بخشێنین بەنووسینە رەخنە ئامێزەكانی ئەوماوەیەدا، كە نووسەر پێی وایە ئیتر خەبات شتی لەسەر ئەو لایەنەی دووەم بڵاونەكردۆتەوە، بیكەینە پێوەر و بگەڕێنەوە دەیان نووسینمان دێنە پێش چاو، كە رەخنەی هەرزۆر توندن و سەروپۆتەڵاكی زۆرێكیان گرتۆتەوە، بەتایبەتی لە كاتی دابەشكردنی شوققەكاندا و باس كردن لە تێكدان و تێك نەدانی هەندێك لە بازاڕەكانی نێو پایتەخت و باسكردن لە پرۆژەكان و كەموكوڕی نیشاندان چ لە ریگەی پڕۆفایلەكانەوە بێت، یان لە رێگەی كورتە نووسینەكانی لاپەڕەی كۆتایی، یان نووسینە درێژەكانی نێو رۆژنامەكە.
لە كۆتاییشدا سوپاسی هەر كەسێك دەكەم بە بوێرییەوە رووبەڕووی شتەكانمان بكات و پەنجە لەسەر خاڵەكان دابنێت بەڵام بە بەڵگەی راستەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست