حزبی زەحمەتكێشان باجی هەڵوێستی خۆی دا
Friday, 03/04/2009, 12:00
حزبی زەحمەتكێشان یەكێكە لەو پارتانەی كە ڕەگ و ڕیشـــــەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەباتی شاخ و قوڵایی پرۆژەی خەباتی چەكداری . یەكێكە لەو پارتانەی كە سەروەری دەست پێكردنەوەی شۆڕشی بە بەرۆكەوەیە , هەڵبەت ئەوكات زەحمەت كێشان وەكو پارتێكی سەر بەخۆ نەبوو بەڵكو بەشێك بوو لە بزوتنەوەی سوشیالیستی كوردستان و دواتر حزبی سۆشیالیستی كوردستان .
حزبی سۆشیالیستی كوردستان لە بڕگەیەكی تاریكی خەباتی گەلەكەماندا لەدایك بوو وە ئەو ئەركە مێژووییەی خستە ئەستۆی خۆی لە كاتێكدا رژێمی فاشی بە هەموو توانایەوە هەوڵی ئەوەی دەدا كە بۆ یەكجاری بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەكەمان گۆر بە گۆڕ بكات و لە دەمی سەركردەكانی بەعسەوە بە شانازیەوە ئەوە دوبارە دەكرایەوە كە كێشەی كورد لە كوردستانی عێراقدا نەما , بە تایبەتی كە بنەماڵەی خێڵەكی لەبەردەم ئەمری واقعدا هەڵاتن و تەسلیم بوونی هەڵبژارد , بە خێرایی مامز گەل و وڵاتیان بەجێ هێشت , ئەگەر شۆرشی تازەی گەلەكەمان نەبوایە تا ئەوڕوی ئاسایی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێزی پێشەوەی پاسدارانی ئێراندا شارو دیهاتی كوردستانیانی ئێرانیان وێران دەكرد ....
پارتی سۆشیالیستی كوردستان شان بە شان لەگەڵ پارتی كۆمۆنیستی عێراق و پاسۆك و یەكیەتی نیشتمانی كوردستان تاكە پارت و هێزی سەر گۆرەپانی خەبات بوون لەگەڵ ئەوەشدا كە كێشەكانی ناو بزوتنەوەی گەلــەكەمان و پڵانی دوژمنانی كورد دەستی لە زۆر لاوە گەشتبوە ناوەوەی ئەو بزوتنەوەیەو بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوەی دەدا كــــە شۆرشی تازەی گەلەكەمان لە بێشــكەدا خەفە بكات و لەوەشدا تا رادەیەكی زۆر سەركەوتو بون .
ئەوەش لە شەری براكوژی ساڵانی هەشتاو نەوەتەكاندا مێژوویەكی رەشی تۆمار كرد كە تا زوّر ساڵی تر ئاسەواری بەسەر تراژیدیای گەلەكەمانەوە دیارو ئاشكرایە .لەو لاشەوە ئێرانی پاسداران هەوڵی ئەوەی دەدا بە هەموو شێوەیەك پشكی خۆی بخاتە ناو ئەو بزوتنەوەیەوە ئەویش لە رێگەی پارتی و ماڵی بارزانیەوە چونكە ئێران هەم لە بەهای وەرەقەی كورد دەگەشـــت و هەم لە هەمان كاتدا ئەوەی دەزانی كە ماڵی بارزانی گونجاوترین كەسێكن كە رۆڵی ئەو ئەكتەرە بگێرن , وەكو بۆمبای تەوقیت كراو لە كات و ساتی پێویستدا بە گوێرەی بەرژەوەندی خوِیان قورمیشیان بكەن...
لە ناو رێزەكانی پارتە كوردستانیەكانی ئەو سەردەمەش بە سەدان كەس بە سوكترین شێوە ژێر بە ژێر بوو بە سیخوری بەعس و بە دەستی بەعس لە ناوەوەی شۆرشدا كاری سیخوریان بۆ بەعس ئەنجام دەدا لەوانەش ئەوانەی مەلەفی خەیانەتیان ئاشكرا بوو دوای پروسەی ئازادی عێراق لەوانە مچە چاورەش , سەعدی پیرە, بەهرۆز گەلاڵی , شیروان حەیدەری و دەیانی تر وە دڵنیام لەوەی ئەگەر رۆژیّك پرۆسەی ئازادی ئێران و دەوڵەتانی تری كورد كوژ بێتە كایە ئەرشیفەكان ئاشكرا بێت و واڵا بێتەوە مەلەفی لەو جۆرە واتە مەلەفی خەیانەت و خۆ فرۆشی سەركردەكانمان لە پەرتوكی قوتابخانەكان زیاتر دەبێت .
لە لایەكی ترەوە لە سەرتاسەری كوردستاندا سەرەك هۆزو تیرەو بنەماڵەو خەڵكی هەلپەرست بۆ كەمترین بەرژەوەندی نازناوی جاشایەتی بۆ خۆی هەڵبژاردو كەوتە دوژمنایەتی گەلە ستەمدیدەكەی هەموو ئەوانەش ئەورۆ لە دیوەخانی بنەماڵەكاندا كاربەدەست و تەنانەت بە هەزاران لەوانە ئەورۆ موچەی پێشمەرگەی دانەبڕاوو شەهیدی سەنگەر وەر دەگرن .....
پارتی سۆشیالیستی كوردستان لەو هەلو مەرجە ناهەموارەدا توانی رۆڵی دیاری هەبێت لە وروژاندی خەڵك هەم لە بواری وریاكردنەوەی جەماوەر هەم لە بواری مەیدانی و جەنكەكانی دژی هێزی سوپاو چڵكاو خۆرەكانی بەڵام بە داخەوە ئەو حزبە كاروانێك لە سەر كردە هەرە دڵسۆزەكانی كرد بە قوربانی كێشەی رەوای گەلەكەمان لەوانە شەهید سەیدا سالح یوسفی , دكتۆر خالید , عەلی عەسكەری , ئەنوەری مەجید سوڵتان , كاردۆ گەڵاڵی , عەلی هەژار , تایەری عەلی والی , عەبدولڵا سور , قادر شۆرش , شێركو شێخ عەلی , مام ئاراس و بە دەیانی تر , ئەوانەش هەر هەموویان كادیری سەركردەو خەڵكی خاوەن ئەزمون و نیشتمان پەروەر بوون كە توانی بۆشاییەكی پان و پۆڕ لە ناو رێزەكانی رێكخستن و بوارەكانی رێكخستنی پێشمەرگەدا دروست بكات لەوە بە دواوە سەر كردایەتی حسك بەرەو چەواشەیی رۆشت و خەڵكی ناكارامە و هەلپەرست توانی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە وردە وردە ئەو پارتەیان بەرەو ئاراستەیەكی تر برد لە ناوەرۆكە شۆرشگێریەكەیان دور خستەوە ......
لەو هەل و مەرجەدا لە ساڵی 1985 كۆمەڵێك لە كادیرانی حسك بە دەستپێشخەری قادر عزیز كە لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و ئەركی خەباتی نیشتمانیدا خۆیان بە بەر پرس دەزانی هەوڵیان دا حسك بگەرێننەوە بۆسەر دۆخی خۆی و بەرەو ناوەرۆكی ئایدیۆلۆژی كە وەكو حزبێكی دیموكراتی شۆڕشگێر بەردەوام بێت لە رەوتی خەبات دژی رژێمی فاشی بەڵام لە چوار چێوەی مەكتەبی سیاسی حسكدا نەتوانرا چارەسەرێكی دیموكراسیانە بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە بۆیە ئەو هەڤاڵانە رەوتی خۆیان راگەیاندو لە رێزەكانی حسكدا نەیانتوانی بەردەوام بن , بەڵام وەكو حزبێكی شۆرشگێر توانیان رۆڵی دیاریان هەبێت لە بەردەوامی خەبات و كوردایەتیدا وە قادر عزیز لەو بوارەدا رۆڵی سەرەكی هەبوە وەتوانیویەتی پارسەنگی حزبەكەی لە هەمبەر روداوەكاندی بپارێزێت وە حزبی زەحمەتكێشان یەكێك بوو لەو حزبانەی كە چالاكانە هاو بەشی كرد لە راپەرینی پیرۆزی گەلەكەماندا لە 1991 وە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا حزبی زەحمەتكێشان یەكێك بوە لەو پارتانەی كە هەمیشە رۆڵی دیاری هەبوە لە بەرزكردنەوەی دەنگی نارەزایی و رەخنە گرتن لە دام و دەزگا گەندەڵەكانی دەسەڵات وە خودی بەرێز قادر عزیز لە سەر تابلۆی روداوەكاندا هەمیشە دیار بوەو لە بەرەی خەڵــــــكدا بوە ...
بەلای زۆر كەسەوە حزبی زەحمەتكێشان نزیكترین ناوەند بوە كە لەویوە بتوانرێت هەوڵی گەڵاڵە كردنی ئۆپوزیسیۆنی سیاسی بدرێت بە هاوكاری لەگەڵ لایەنی تردا ئەوەش بێگومان بە لای پارتی و یەكیەتی و دەوڵتانی دراوسێوە كاریكی یاساخكراوە بۆیە یەكیەتی و پارتی بە هەموو شێوەیەك هەوڵی ئەوەیان دا ئەو سەرچاوەی دەنگی ڕەخنەو جمو جۆڵە كپ كەنەوە ئەوبو توانیان دەستیان بگاتە ناوەوەی حزب و لەویوە كۆمەڵێك كادیری حزب بە پارەو پوڵی خەڵكی كوردستان رازی بكەن , كە ئەو كارەی پارتی و یەكیەتی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هیچ رێسایەكی دیموكراسی و بروابوون بە مەبدەئەكانی فرەحزبی یەكناگرێتەوە , پاوانە كردنی گۆرەپانی خەبات یەكێكە لە سەرەتا رێخۆشكەرەكانی لەدایك بوونی ملهوڕی و دكتاتۆریزمی سیاسی.
پارتی و یەكیەتی ئەزمونێكی رەشیان هەیە لە هەمبەر چارەسەری كێشەكان هەموو خەڵكی كوردستان ئاگادار بوو بە چ شێوەیەك هێرشیان كردە سەر بزوتنەوەی جوتیاران و رابەركەیان (مامۆستا ئەمین) بە ترسنۆكترین شیوە شەهید كرد , لە لایەكی ترەوە پەلاماردان و تیرۆر كردنی خەڵكی نیشتمان پەروەر , داخستنی بارەگاكانی پارتی چارەسەر , هیرشەكانیان بۆ سەر پەكەكە , شەری براكوژی , دزی و گەندەڵی و بازرگانی بە پیرۆزیەكانی خەڵكەوە تا لوتكەی خەیانەتی 31 ی ئاب ...
ئەوەش یەكێكە لەو هۆیانەی كە رۆحی هەموو جوڵانەوەیەكی دیموكراسی خەفە كردوە ئەوانە هەر بەرەیەكی كە بۆنی بە جەماوەری بوونی لێ بێت بە هەرەشەیەكی گەورە دەزانن بۆ خۆیان لەوەشدا بەتەواوی راستن چونكە ئەوان دەزانن كە خەڵكی كوردستان تا سەر باری قورس و بێ واتای گەندەڵی هەلناگرێت و جامی ئەوان زۆری لەسەرەوە رژاوە.
من پێم وایە ئەو كارە بەرامبەر حزبی زەحمەتكێشان و سكرتێرەكەی لە چوارچێوەی پڵانێكی پارتی و یەكیەتی بەدەر نیە ئەوەش چوارچێوەیەكە هیچ دەنگێكی نارەزایی لە كوردستاندا لێی بێ بەری نیە , بۆیە دەبێت ئەندام و كادێرانی هەموو حزب و رێكخراوەكانی كوردستان لەوە ئاگادار بن كە ئەوە سیاسەتی یەكیەتی و پارتیە وە مەبەستی سەرەكیش دروستكردنی زەمینەیەكی لەبارو گونجاوە بۆ بەردەوام بوونی دەسەڵاتی بنەماڵەو دارو دەستە كۆیلەكەیان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست