یاسا و رێسا و ئازادی ڕادەربڕین و پێشێلکاریەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی باشوری کوردستان
Tuesday, 19/03/2013, 12:00
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەمە 18 ی ئاداری 2013 لە لایان دادوەر تارق داودی دادوەری دادگای بەرایی کەلار لە دادگایەکی ناعادیلانەو تۆڵە سەندنەوەدا لە سەر تۆمارکردنی سکاڵای بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە بڕی 5 پێنج میلیۆن دینار غەرامەی سەرنوسەری گۆڤاری گەڕان کاوە گەرمیانی دەکرێت. بە هۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگەی گەرمیان لە ژمارە 4 ی گۆڤاری گەڕان.
ئەمەش لە حاڵێکدایە ژمارە 4چواری گۆڤاری گەڕان کە ئەو ڕاپۆرتەی تیادا بڵاوکرابویەوە لەلایان ئاسایشی گەرمیان بەهۆی کێشەی یاسایەوە دەستی بەسەردا گیراو نەکەوتە بەردیدی خوێنەرانی.
دوای کاردانەوەی ئەم بڕیارە ناعادیلانە تۆڵەسەندنەوەیە لە ڕاگەیاندنەکاندا. پێنوسەکەم داوای لێکردم وتاریکی کورت لەسەر یاسا و رێسا و ئازادی ڕادەربڕین و پێشێلکاریەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی باشوری کوردستان بنوسم.
لەم وڵاتەیا واتا هەرێمی باشوری کوردستان. یاساو ڕێسا و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین. وەڵامەکانیان لە لایان دەسەڵاتدارانی هەردوو حزبی فەرمان ڕەوا پێچەوانەکەی ئەمانەن... ئەوەی بەرپرسە و ئۆتۆمبێلی جام ڕەشی پێیە چی پێیی خۆش بێت دەیکات، ئەوەی بەرپرس و کاربەدەستە لە ژێر دەستی هەردوو دەسەڵاتداری فەرمان ڕەوا لە هەرێمی باشوری کوردستاندا کۆمەڵێک سەگیان لە دوی خۆیان خستوەو بە ئارەزوی خۆیان سەگەکانیان لە ڕۆژنامەنوسان بەردەدەن. بۆ ئەوەی کارە گەندەڵە نهێنیەکانیان لە لایان ڕۆژنامەنوسانەوە فاش نەکرێت. ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەکانی بەرپرسە دەسەڵات بەدەستەکانی هەردوو دەسەڵاتداری فەرمان ڕەوا لە گەڵ سەگەکانیان کراونەتە لانەی ڕفاندن و بێسەرو شوێنکردن و سوکایەتی پێکردن و تۆقاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنوسان. مۆدێلێکی نوێش لە هەرێمی باشوری کوردستان بەرپابوە ئەوەیش ئەوەیە ئێمەی ڕۆژنامەنو س دەمان ڕفێنن و دەمان بەنە دۆڵێکی ئەو شاخانەی کوردستان دەمان کوژن. دواتر بە بەرتیلی پارەیەکی زۆر ڕادەستی چەند عەرەبێکمان دەکەن و لە یەکێک لە شارەکانی جنوبی ئێراق فڕێمان دەدەن و دەنگۆی پڕو پاگەندە لە میدیا سێبەرەکانی خۆیاندا بڵاودەکەنەوەو ڕایدەگەێنن کەوا فڵان ڕۆژنامەنوس لە لایان چەند تیرۆریستێکەوە ڕفێنراوەو کۆژراوە. لە هەموی سەیرتر ئەوەیە یەکێکی دیکە لەو مۆدێلانە کە ئەمڕۆ لە نێو سیستەمی حوکمڕانی هەردوو حزبی فەرمان ڕەوای دەسەڵاتی باشوری کوردستاندا بەکاردەهێنرێت. ئەویش ئەوەیە دادوەرە کانیشیان کردوە بە دادوەری یاسا دژە مرۆڤایەتیەکانی خۆیان. هەر دادوەرێک یاسای بەرپرسە دەسەڵات بەدەستەکانی هەردوو حزبی فەرمان ڕەوای هەرێمی باشوری کوردستان پەیڕەو نەکات ئەوا بە بێ یەکو دوو لە بەردەم ماڵەکەیدا بۆمبێکی بۆ دادەنێن و دەی کوژن. دواتر دەڵێن ئەوا لە بەردەم ماڵی فلان دادوەر تیرۆریستێک خۆی تەقاندەوە . هەروەها سەروەت و سامان و پارەی نەوتی خەڵکی چینی کرێکارو هەژاری ئەم کوردستانە و پارەی گومرکی سنورە زێڕینەکانی هەرێمی باشوری کوردستان و سەدان نمونەی دیکەش هاوشێوەی ئەمانە کە ئاماژەمان پێکردن. لە لایان بەرپرس و دەسەڵات بەدەستانی هەردوو حزبی فەرمان ڕەوا بە ئارەزوی خۆیان پەخشان ونەخشانی پێوەدەکەن و جەزیرەی پێدەکڕن لەوڵاتان و بە میلیۆنەها دۆلار پارە دەخەنە خەزێنەی بانکەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. و کەس و کاری خۆیان لەسەر حسابی سەروەت و سامانی خەڵکی چینی فەقیرو هەژار پێدەنێرن بۆ وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا بۆ ئەوەی ڕابواردنی پێوە بکەن. لە حاڵێکدا چینی کرێکار و فەقیر و هەژاری ئەم کوردستانە کە خوانی شوێکیان هەیەو عەوداڵی خوانی شەوەکەی دیکەن. بۆ خەڵکیش بڤەیە بپرسێت یان باسی بکات بڵێت کوا بۆ کوێ دەچێت ئەم هەموو سەروەت و سامانە؟
لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی دەسەڵات بەدەستانی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆیان خستۆتە گەڕو تۆمەتی جوارو جۆر دور لە راستیەوە دەخەنە پاڵ ڕۆژنامەنوسان و سەرکوتیان دەکەن بۆئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ڕەوشە ئاگادار نەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست