دەوڵەتی بنەماڵەی بارزانی
Saturday, 05/07/2014, 12:00
ویژدانی پێنوسەکەم هێندە لێم توڕەیە بۆ تەنها وشەیەکیش لێم نابورێت و دەڵێت بەرامبەر بێشەرمەکان بێشەرمانە بنوسەوە بۆیان...
باسوخواسی دەوڵەتی کوردی خراوەتە چوارچێوەی موزاهیدەیی سیاسییەوە لەهەلومەرجێکی نەخوازراودا بەبێ بونی هیچ پڕۆژەو پلان و بەرنامەیەک لە ڕەوشێکی ناتەندروستتدا بنەماڵەی بارزانی موزاهیدەیی سیاسیی بە پرسی دەوڵەتی کوردییەوە دەکەن و لە ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانیاندا کردوویانەتە ڕۆژەڤی بازار گەرمی خۆیان. مەسعود بارزانی سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی لەژێر ناوی سەرۆکی هەرێم، هەر ڕۆژەو شێوە زوڕنایەک لێدەدات و باسی دەوڵەتی کوردی دەکات؟ باشە مەسعود بارزانی سەرۆکی بنەماڵەی بارزانی ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لە بونی ئەو هەموو قەیرانە سیاسییە ئابورییە نەبونی هیچ جۆرە پڕۆژەیەکی ژێرخانی ئابوری و بونی دەیان و سەدان و هەزاران کێشەی دیکەی ناوخۆی هەرێمی باشوری کوردستان بیری لەوە نەکردووەتەوە بزانێت ئاخۆ دەوڵەتی کوردی و ئەو هەموو گرفتە چارەسەر نەکراوانە بە قەوڵی فارس دەڵێت (کوجا مەرحەبا؟؟؟)
هاتوهاواری پرسی دەوڵەتی کوردی لای بنەماڵەی بارزانی بۆ مەبەستی چەند ئامانجێکییانە لەوانە موزاهیدەیی سیاسیی بەو پرسەوە بکەن هەروەها بنەماڵەی بارزانی دەیانهەوێت شێوەی حزبی بەعسی دیکتاتۆر لەڕێگەی حوکمی بنەماڵەییەوە ڕێشەی تەحەکومی بنەماڵەی بەسەر هەرێمی باشوری کوردستاندا بسەپێنن، بنەماڵەی بارزانی دەیانهەوێت بەخستنە ڕۆژەڤی پرسی دەوڵەتی کوردییەوە بەشێک لە خیانەتەکانیان پەردە پۆش بکەن.
من لە مەسعود بارزانی و بنەماڵەکەی دەپرسم؟ کوا کامەیە ویژدانی کوردایەتی و مەردایەتیتان بۆ لە شاشەی تیڤیەکانەوە ئیعلانتان نەکردو نیشانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بدەن و چەند کەسێکتان لەو بەلاشخۆرانە کە لەسەر حیسابی خەڵکی ڕەشو ڕووت ژیانی (های لایڤ) ئەبەنە سەر، بۆ نەچونە بەرەکانی شەڕەوە شانبەشانی ئەو پێشمەرگە کوڕە فەقیرە بێمەعاشانە شەڕ دژی (چەتەکانی داعش) بکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە ئێوە کوردایەتی دەکەن.
کاتێک باس لە پرسی سەربەخۆی دەوڵەتی کوردی دەکرێت پێویستە پێش هەموو شتێک یەکێتی نەتەوەیی نێوماڵی کورد ڕێک بخرێت نەوەکو بە پێچەوانەوە موزاهیدەیی سیاسیی بەو پرسەوە بکرێت. مەسعود بارزانی ئەگەر خاوەنی ویژدان و سیاسەتێکی تەندروستە و خۆی بە کورد پەروەرێک نیشاندەدات بۆ نایەت هەوڵی چارەسەری و ڕێکخستنی یەکێتی نەتەوەیی نێوماڵی کورد نادات؟ باشە مەسعود بارزانی و هاوشێوەکانی بۆ کۆنگرەی نەتەوەییان پەراوێز خست؟ هاوکێشە سیاسییەکان هاوتەریپ نیین لەگەڵ خستنە ڕۆژەڤی پرسی دەوڵەتی کوردییەوە. وەکو خاڵی سەرەکی هاوکات وەکو زەرورەتێک پێش بازارگەرمی پرسی دەوڵەتی کوردی دەبێت کاری تەواو پێویست بکرێت بۆ ڕێکخستن و سازدانی کۆنگرەی نەتەوەیی واتا بەڕێوەچونی کۆنگرەیەکی تەندروست و سەرکەوتوو کە تیایدا نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیی و مەدەنییەکانی هەرچواربەشی کوردستانی لەخۆگرتتبێت.
پرسی دەوڵەت و دەوڵەت بون بە واتا دیارەکەی دەوڵەتی کوردی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ڕاوبۆچونوو ڕاوێژی هەموو تاکێکی کوردەوە بۆیە پێویستە پێش هەموو بڕیارێکی حزبی و بنەماڵەی و پاوانخوازی، ڕێفراندۆمێکی گشتی و سەرتاسەری لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا بکرێت و دواتر بە ڕاوێژێکی تەواوی سەرجەم حزب و ڕێکخراوە جەماوەریە مەدەنییەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی دانیشتوانی هەرێمەوە ئەو پرسە تاوتوێ بکرێت، هاوکات بەڵێنی پشتیوانییەکی تەواوی دەوڵەتانی زلهێز تەئمین بکرێت، لەگەڵ ئامادەکردنی هەموو جۆرە پلانسازییەکی پراکتیکی و سەرکەوتوو. بەپێچەوانەوە هیچکام لەو خاڵە گرنگانە کە شرۆڤەمان کرد، کاریان پێنەکراوە.
هیواخوازم هەموو تاکێکی کورد لە ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەتی باشوور لەبەرامبەر پرسی دەوڵەتی کوردییەوە بێخەم نەبن و هەست بە بەرپرسیارییەتیەکی تەواو بکەن و ڕێگە نەدەن هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسیی موزاهیدەیی سیاسیی بە پرسیی دەوڵەتی کوردییەوە بکەن، چونکە پرسی دەوڵەتی کوردی لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستانەوە باس بکرێت پەیوەندی بە بەشەکانی دیکەوە هەیە پرسی دەوڵەتی کوردی پرسی چارەنوسی هەموو گەلی کوردە لە هەرچوار لای کوردستانەوە بەبێ جیاوازی.
بەهمەن ژاوەرۆیی/ ٥.٧.٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست