کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دوا خستنی موچەی پێشمەرگە پیلانگێڕییە

Wednesday, 15/01/2014, 12:00




هەموو وڵاتێک و هەرێمیک مافی یاسایی خۆیەتی هێزێکی بەرگری سەربازی نیشتمانی هەبێت. هەرێمی باشووری کوردستانیش هێزێکی بەرگری سەربازی هەیە بەناوی پێشمەرگە، هەرچەندە لێرەو لەوێ دەڵێن هێزی سەربازی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان هێزێکی نیشتمانی نییە و دوو باڵی سەربازی حزبین و سەر بە دوو پارتی دەسەڵاتدارن. بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو هێزانە بەردەوام لە پشت سەنگەرەکانی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان و سەروەریەکانی.

دواخستنی (موچ) یان پێنەدانی موچە لە کاتی خۆیدا بە پێشمەرگە لە هەرێمی باشووری کوردستان لە لایان حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یان ئێراق" یەکەم جار نییە و ڕەنگە ئەگەر ڕەوشەکە بەم جۆرە بەردەوامی هەبێت دواجاریش نەبێت. بەڵام لێرەدا چیرۆکەکان دەست پێدەکەن... ئاخۆ وەڵامی دەیان و سەدان پرسیاری پێشمەرگە و شرۆڤەکارانی سیاسی لای کام لایەن و حزبە و کێ و کام لایەن و حزب ئامادەیە وەڵامی پرسە بێوەڵامەکان بداتەوە؟؟؟ دواخستنی موچەی پێشمەرگە چەند هۆکارێکی سیاسی نادیار لە پشت پەردە و ژوورە تاریکەکانی ئەم پرسەیە، هاوکات چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دێنێت بەڵکو تەنها گرفتەکە ئەوە نییە پێشمەرگە موچەی وەر نەگرتەوە بەڵکو کێشە کۆمەڵایەتیەکانی لێدەکەوێتەوە وەکو ئەوەی کە پێشمەرگە هەیە کرێ خانوی نەداوە هەیە هاوسەرەکەی یان منداڵەکەی نەخۆشە و پێویستی بە پارەیە بیبا بۆ لای پزیشک هەیە منداڵەکانی خوێندکارن و پێویستیان بە پارەیە وە هتد...

خوێندنەوەی بەندە، سەبارەت بەهۆکارە سیاسیە نادیارەکان ئەوەیە هەروەک مێژوو شاهیدە، گەلی کورد هەر لە سەردەمی سەفەویەکان و عوسمانیەکان و پێش ئەوانیش گەلی کورد بەردەوام چەوسێندراوەتەوە و ژێردەستە بووە هەر بۆیە نەیاران و ناحەزانی گەلی کورد و کوردستان هیچ کات نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا و نە لە داهاتووش چاویان بە ئازاد بوونی هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان هەڵنایەت و بگرە بەردەوام پیلانی ڕووخان و لە ناوبردنی ئەو دەسەڵاتەش دەدەن کە لە بەشێکی کوردستان واتا باشووری کوردستان بەدەست هاتووە. هەروەها هەمان ئەو ناحەز و نەیارانەی گەلی کورد و کوردستان لە ئێستا و لە ڕابروودشدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان بەڕێگای جۆراو جۆر هەوڵی لاوازکردن و پەرتەوازەخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی باشووری کوردستان دەدەن تا وەکو باشووری کوردستان لە ڕووی پاراستنی بەرگریکردن لە نیشتمان و سەروەریەکانی لاواز بێت بۆ ئەوەی لە هەر ئان و ساتێکی نادیاردا نەیاران و ناحەزانی گەلی کورد شێوەی سەفەویەکان و عوسمانیەکان هەوڵی دروستکردنی لۆزانی دیکە بدەن ئەوکات گەلی کورد نەتوانێت بەرگری لە نیشتمانەکەی خۆی بکات.

لێرەدا دەمهەوێت ئەوە بە بەرپرسە حزبی و حکومەیەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بڵێم تکایە با واز لە بیری تەسکی حزبایەتی بێنن و بەرژەوەندی گشتی نیشتمان و گەل بخەنە پێش بەرژەوەندیە حزبیەکان چوونکە حزب ئامڕازێکە هەموو مرۆڤێک لەو ڕێگایەوە دەتوانێت هەدەفەکان بەدەست بێنێت. بەڵام پێش هەمووشتێک ئەبێت ئەو ئامڕازە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەکەمان بەکاری بێنین.

لەلایەکی تریشەوە ئاشکرایە لای هەموان هیچ کات دوژمنانی کورد نابن بە دۆستی کورد بەڵکو تەنها لەو کاتانە دوژمنان دەبن بە دۆستی کورد کە بەرژەوەندییان لە گەڵ کورد هەیە دوای بەرژەوەندیەکان کورد ناناسن هاوکات دژایەتی کورد و کوردستان دەکەن.

قۆناغی سیاسی ئێستا لە ئێراق و ناوچەکەدا لەبەرامبەر کورد و دەسەڵاتی هەرێمی باشووری کوردستان زۆر هەستیارە بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، بەگشتی و سەرجەم فراکسیۆنە براوەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە هەستێکی بەرپرسیارانە و نەتەوەییانە بڕواننە دۆخەکە هاوکاتیش لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا چارەسەرکردنی پرسی پێشمەرگە بخەنە پێش هەموو پرسەکانی دیکە و بەکردار کار بۆ ئەو مەسەلەیە بکەن چونکە چارەسەرکردنی پرسی کێشەکانی پێشمەرگە بنەمای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکەی ناوخۆی هەرێمی باشووری کوردستانە.

بەهمەن ژاوەرۆیی / ١٥. ١. ٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە