حزبە ئۆردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵات و (داعش)
Thursday, 12/06/2014, 12:00
ڕەوشی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەدوای سەرهەڵدانی بەهاری بەناو عەرەبی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ کە سەری هەڵدا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکەدا تا دەچێت تەموومژاویتر دەبێت، هاوکات دۆزی گەلی کوردیش لە ناوچەکەدا زیاتر بارگرانی دەکەوێتە سەر، لەبەرامبەر ئەم بارگرانییە دەبێت سەرجەم هێزە سیاسییە کوردستانییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان زیاتر لە ڕابردوو هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن دوور لە بەرژەوەندی حزبی. لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان بزوتنەوەی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد بە پشتیوانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەو یەپەژە، بە شێوەیەکی بێوێنە لەبەرامبەر هەموو ئەو هێزو گروپە چەکدارانە کە لە چوارچێوەی جۆغرافیای سوریاو دەرەوە کە ویستویانە هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن (یەپەگەو یەپەژە) بەرپەرچی تەواو دراونەتەوەو تیایدا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگەو یەپەژە) دەیان داستانی قارەمانانەیان بۆ مێژوو تۆمار کردووە. نموونەی ئەو داستانە قارەمانانە سەرکەوتنی سەنگەرەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو لەبەرامبەر هێزە تیرۆریستە چەکدارەکانی بەرەی ئەلنوسرەو داعش و هتد... شایانی باسە تا پێش ئەوەی هێزە تیرۆریستە چەکدارەکانی (داعش) ڕوو لە ئێراق و شاری موسڵ بکەن کاتێک لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕۆژانە باس لە قەتڵ و عامی کوردان دەکرا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستی چەکدارە تیرۆریستەکانی (داعش) هەندێک حزب و لایەنی سیاسیی بەبێ شەرمانە لێدوانی چەواشەکارانەیان بڵاو دەکردەوەو دەیان گوت ئەو هەواڵانە ڕاستنییە. بۆیە ڕۆژگاری تاڵ و شیرین وایکرد ئەمڕۆ لەنزیکەوە ئەو هێزە چەکدارە تیرۆریستانەی (داعش) ڕووبەڕووی بەشێک لەو حزب و لایەنانە ببێتەوە کە پێشتر هینکارییان دەکرد لە بوونیان. نموونەیەکی دیکە لەسەر شێوازی قەتڵ و عام کردنی دژە مرۆڤانەو کاری وەحشیگەرانەی ئەو گروپە چەکدارانەی بەناوی، دەولە ئیسلامیە من ئێراق و فی بیلاد ئەلشام (داعش) ئەوەیە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری سەرەتای دەستبەسەراگرتنی پارێزگای موسڵ زیاتر لە نیوملیۆن هاوڵاتییانی شارەکە لەبەر پاراستنی گیانیان هەڵهاتن بەرەو ناوچەکانی هەرێمی باشوری کوردستان.
دێینە سەر هەڵوێستی نەتەوەیی حزبە کوردستانییەکان، تا نوسینی ئەم وتارەم زۆر بە وردی چاوەڕێی بینین یان بیستنی هەواڵێک بووم لەلایەن حزبە ئۆردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور، لەبەرامبەر نیشاندانی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئامادەیی باڵە سەربازییەکانیان بۆ پشتیوانیکردن لە کوردستانییانی باشوری کوردستان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەگەری نزیک بوونەوەی (داعش) لە هەر ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی باشوری کوردستان، بەڵام بەداخەوە جیا لە هەڵوێستەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەو یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگەو هەروەها یەکینەکانی پاراستنی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(یەرەکە) حزبە ئۆردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی باشوری کوردستان هاوشێوەی ئەو سێ حزبەی دیکە (پەکەکەو پەیەدەو پژاک) کە لە ڕێگای باڵە سەربازییەکانیانەوە هەڵوێستێکی نەتەوەییان نیشانداو بەیاننامەی پشتیوانی تەواوی خۆیان ڕاگەیاند لەبەرامبەر پاراستنی خاک و سەروەریەکانی کوردو کوردستان، هیچکام لە حزبە ئۆردوگا نشینەکانی ڕٶژهەڵات لە باشوری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاوشێوەی (پەکەکەو پەیەدو پژاک)یان نیشان نەداوە.
بێدەنگی حزبە ئوردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوری کوردستان پرسیارو شرۆڤەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئێمە شرۆڤەی چەند خاڵێک لەم بارەوە دەکەین، لەم هەلومەرجە هەستییارەدا کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، نیشانەی سیاسەتێکی ناتەندروست و شکست خواردووە بۆ حزبە ئوردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور کەوا بێدەنگییان هەڵبژاردووە لەبەرامبەر ئەو ڕەوشە نەخوازراوە کە هاتووەتە ئاراوە لە باشوری کوردستان و لەبەرامبەر دۆزی نەتەوەیی گەلەکەمان.
بێدەنگ بوونی حزبە ئۆردوگا نشینەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور لەبەرامبەر ئەو ڕەوشە نەخوازراوە کە ڕووی لە ئێراق و نزیکبونەوە لە هەرێمی باشوری کوردستان کردووە مەترسییەکی گەورەیە بۆ نەبوونی هیچ جۆرە گەرەنتییەک بۆ داهاتوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە کاتێک لە هەلومەرجێکی ئاوەهادا ئەو حزبە ئوردوگا نشینانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور نەتوانن لە حاڵەتێکی ئامادە باشیدا بن بۆ پارێزوانی کردنی خاکی کوردستان و سەروەریەکانی، واتا ئەو ڕاستتیەمان بۆ پشت ڕاست دەبێتەوە کەوا سیاسەتی حزبایەتی لە ئۆردوگا نشینیدا سیاسەتێکی شکستخواردووەو ئەنجامێکی مایەپوچی هەیە.
هیوادارم ئەو حزبە ئۆردوگا نشینانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەباشوور بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوەو واز لە شەڕی پۆست و پلەو پایەو سەیارەو پەخشان و تەخشانی ئۆردوگا نشینی بێنن و لە ئاستی بەرپرسیارییەتی و داخوازی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار بکەن.
هەروەها ئەم هەلومەرجەی ئێستا کە لەئێراق و ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە ئەگەری ئەوەی هەیە دۆزی کورد زیاتر بخاتە ژێر مەترسییەوە هاوکات ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە باشوری کوردستانیش شێوەی ڕۆژئاوا بخرێتە ژێر شەڕێکی نەخوازراو لەبەرامبەر هێزە چەکدارەکانی (داعش) و هاوپەیمانەکانی.
تێبینی: بەندە، وەکو پیشەی هەمیشەیی پێنوسەکەم هەمووکات بەبێ جیاوازی ڕخنەی توند لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان دەگرم و سیاسەتە هەڵەکانیان دەخەمەڕوو.
بەهەمەن ژاوەرۆیی/ ١٢.٦.٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست