"حیزبه‌كان به‌ناوی ته‌جاوزه‌وه ناسنامه‌ی كوردی‌یان له‌خه‌ڵك سه‌نده‌وه"
Friday, 17/12/2010, 12:00
له‌دیمانه‌یه‌كی ئاوێنه‌دا، پارێزگاری پێشووی كه‌ركوك- ئیداره‌ی سلێمانی، ئیحسان نه‌جم محێدین (62) ساڵ ناسراو به (ئه‌بو شه‌هاب)، كه ده‌رچووی په‌یمانگای نه‌وته، رایده‌گه‌یه‌نێت ماده‌ی (140) ناتوانێت چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك بكات. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی توند له‌ئه‌دای بهرپرسانو ئیداره‌ی كه‌ركوك دهگرێتو ده‌ڵێت "له‌سه‌ر بودجه شه‌ڕیانه‌و له‌حه‌قیقه‌تی پێكه‌وه‌ژیان نه‌گه‌یشتوون".
ئاوێنه: ئێوه به‌كه‌سێك ناسراون به‌رده‌وام ره‌خنه له‌ئه‌دای سیاسی‌و ئیداری له‌كه‌ركوك ده‌گرن، گرنگترین ئه‌و خاڵانه چین كه جێگه‌ی گله‌یی تۆن؟ به‌ڕای تۆ ئه‌و شتانه چین ده‌بوو بكرانایه‌و نه‌كراون؟ئه‌بو شه‌هاب: سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت به‌كورتی باس له‌كێشه‌ی كه‌ركوك بكه‌م، له‌هه‌موو ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا خه‌ڵكی به‌پاره‌و به مه‌سره‌ف له‌ڕێگه‌ی وانه‌ی قوتابخانه‌و كۆرساتهوه، فێری پێكه‌وه‌ژیان ده‌بن، به‌ڵام كه‌ركوك به‌بێ زیاده‌ڕۆیی له‌هه‌موو ئه‌وانه گه‌وره‌تره. پێكه‌وه‌ژیان لای ئێمه مێژوییه‌كی كۆنی هه‌یه. به‌داخه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كاربه‌ده‌ستن له‌م شاره‌دا له‌حه‌قیقه‌تی پێكه‌وه‌ژیان نه‌گه‌یشتوون. كه‌سێكیش حه‌قیقه‌تی شاره‌كه‌ی خۆی نه‌زانێ، ناتوانێ كاری تیابكات. ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و باسكردنیشی عه‌یب نییه. مرۆڤ خاوه‌نی هه‌ر بیروباوه‌ڕێك بێت‌و سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بێت، ده‌بێت هه‌ندێك قودسیه‌ت له‌ناخیدا دروست بێت، به نموونه ئێستا من جلێكی عه‌ره‌بیم له‌به‌ره، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه نییه من ئیعتراف ده‌كه‌م ئه‌م شاره عه‌ره‌بییه.
خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بته‌وێ جوڵه له‌شارێكدا دروستبكهیو قودسیه‌تی تیا بپارێزی، ده‌بێت رێزی خه‌ڵكه‌كه‌ی بگری، بێڕێزیكردن به‌خه‌ڵك، لادانه لهقودسیهت. ده‌بینم له‌م شاره‌دا بێڕێزی به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ به‌خه‌ڵكه‌كه نه‌كرێت، ئه‌وا به قانونه‌كه‌ی دهكرێتو به ژیانه‌كه‌ی ده‌كرێت. پیس‌و پۆخڵی ئه‌م شاره رێزنه‌گرتنه له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌ته‌نگه‌وه نههاتنو ئه‌م وه‌زعه‌ی ئێستا ده‌یبینی ده‌ڵێی كه‌لاوه‌یه، ئه‌مه بێڕێزییه. ته‌عینكردنی خه‌ڵك له‌سه‌ربنه‌مای موحاسه‌سه، بێ ئیحترامیه به‌خه‌ڵك. ده‌توانم له‌چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی‌و قانونی‌و ئهخلاقیو زانستی ئه‌و بێ ئیحترامیه دابڕێژمو بڵێم ئه‌وانه‌ن، حه‌زده‌كه‌م بهگشتیگری قسه‌بكه‌م‌و په‌نجه نه‌خه‌مه سه‌ر كه‌سێك بڵێم ئه‌م یان ئه‌و تاوانباره، به‌ڵام ئه‌مه حه‌قیقه‌ته، هه‌موو به‌رپرسانی كه‌ركوك ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن، ئه‌وه خاڵێكی جێ گله‌یی منه‌و منیش بۆ چاره‌سه‌ركردن ره‌خنه ده‌گرم.
ئاوێنه: واته پێتوایه گرفت له‌عه‌قڵیه‌تی سیاسی‌و ئیداری ئه‌م شاره‌دا هه‌یه؟
ئه‌بو شه‌هاب: به‌كاملی، با نمونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه، ناسنامه‌ی ئه‌م شاره له‌وه‌دایه تۆ زهویو خانوو موڵك‌و دوكانت هه‌بێ، ئێمه هه‌ستاین به‌هۆی تهجاوزێكی بێ قانونییه‌وه، هه‌موو كه‌سێك كه موڵكێكی هه‌بووه فرۆشتویهتیو داویه‌تی به دوو ته‌جاوز. سبه‌ی ئه‌گه‌ر سه‌رژمێری بكرێت، كێ خاوه‌ن موڵك نییه له‌كه‌ركوك؟ كورده. بچۆ لهتاپۆو نوسینگه‌كان پرسیاربكه، ئه‌گه‌ر ده خانوو هه‌بێت بۆ فرۆشتن، به‌بێ موباله‌غه هه‌شتی هی كورده دهیفرۆشێت. موڵك فرۆشتن لای كورد بووه‌ته شتێكی ئاسایی، بۆ ئه‌وه‌ی بچێت دوو سێ خانووی ته‌جاوز بكات، بیر له‌وه‌ناكاته‌وه كه هه‌ویه‌ی كه‌ركوك له‌ده‌ستده‌دات، ئه‌وه‌ش شتێكی مه‌ترسیداره‌و ئه‌مه‌ش حیزبه كوردییه‌كان به‌ناوی ته‌جاوزه‌وه به‌خه‌ڵكیان كرد‌و هه‌ویه‌ی كوردایه‌تی كه‌ركوكیان له‌خه‌ڵك سه‌نده‌وه.
ئاوێنه: كه‌واته چاره‌سه‌ر چییه؟ئه‌بو شه‌هاب: ئه‌م دیمه‌نه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه كه بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌كان‌و بۆ سه‌ركردایه‌تی كوردیشه ئه‌گه‌ر لێی تێبگه‌ن. ئه‌مه‌ریكیه‌كان به چهپڵهڕێزانو گوڵباران هاتنه عێراقه‌وه، له‌ساڵی (2011) كه ده‌ڕۆن یان ده‌كشێنه‌وه، به ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراوو (عبوه ناسیفه) یه. كوردیش كه هاته ئه‌م شاره، هه‌موو خه‌ڵكی باوه‌شیان بۆ كرده‌وه، كه ده‌ڕۆنه ده‌ره‌وه، به چه‌پڵه‌ڕێزان ده‌ڕۆن. ئه‌و حاڵه‌ته ترسی لای من دروستكردووه، ده‌بێت كورد چۆن به به‌هێزی هاته ژوره‌وه، له‌وه به‌هێزتر بمێنێت‌و بچه‌سپێت. بڕۆ له‌خه‌ڵكی كه‌ركوك بپرسه بزانه چه‌ندێك كورد له‌ئه‌دای كورد بێزارن؟ ده‌بێت لای عهرهبو توركمان چه‌ندێك بێزاری هه‌بێت؟ چاككردنی ئه‌و بێزارییانهش به‌بڕیاری سیاسی‌و سهركردایهتیو به‌رپرسان ده‌بێت، نه‌ك به‌بڕیاری من. له‌ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابردودا كورد كاری باش‌و خراپی كردووه، به‌ڵام كاره خراپه‌كان زهقو له‌به‌رچاون، بۆیه ئێستا ئهحزابو قیاده‌ی كوردی بووه‌ته شتێكی تاڵ. با لانیكه‌م بۆ ماوه‌ی ساڵێك ئیداره‌ی كه‌ركوك بده‌ینه ده‌ست توركمان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش له‌ئه‌دای ئه‌وان بزانێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڵێن هه‌ر كورد خراپه‌و هیچ ناكات. بۆ ئه‌وه‌ی بزانن واقیعی كه‌ركوك ئه‌وه‌یه ئیشی تیاناكرێت، به‌ڵام تۆ خۆت بسهپێنیو مهسئولیاتهكهت به‌ده‌سته‌وه بێت، هه‌روا ده‌بێت.
ئاوێنه: تۆ پێتوایه گرفته‌كه له‌به‌رپرسانی كه‌ركوكه، یان له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌م به‌رپرسانه‌ی داناوه؟ئه‌بو شه‌هاب: گرفته‌كه لهكهسهكانهو لهحیزبهكانه به پله‌ی یه‌ك. ئه‌م حیزبانه كوردین، به‌ڵام كوردستانی نین. بڕۆ بزانه له‌سه‌ركردایه‌تی یهكێتیو پارتی‌و گۆڕان‌و حیزبه ئیسلامیه‌كان، چه‌ند توركمان‌و عهرهبیو مه‌سیحی هه‌یه، له‌كاتێكدا ئه‌و پێكهاتانه له‌كوردستاندا هه‌ن. ئه‌مانه حیزبی نه‌ته‌وه‌یین، بۆیه ناتوانن چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كه‌ركوك بكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بریا هه‌ر حیزبی نه‌ته‌وه‌یی بونایه، به‌ڵكو بونه‌ته حیزبی بنه‌ماڵه، بنه‌ماڵه ناتوانێت كێشه‌ی شار‌و میلله‌تێك چاره‌سه‌ربكات، ئه‌گه‌ر به حیزبی قه‌ومی بمانایه ئومێدێك هه‌ر ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا بوونه‌ته حیزبی بنه‌ماڵه‌و ده‌سته‌و تاقم.
ئاوێنه: ده‌وترێت رهخنهگرتنو باسكردن له‌هه‌ندێك كێشه‌ی ناو كه‌ركوك، زیانی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، پێتوایه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك، ده‌بێت دهستخهینه سه‌ر برینه‌كان یان بێده‌نگی لێ بكه‌ین؟ئه‌بو شه‌هاب: رێزم بۆت هه‌یه لهجهنابتهوه تا جه‌نابه گه‌وره‌كان بتوانن پێناسه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، لهخزمهتیاندام. ئه‌وان ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی به ئه‌منی كورد ده‌زانن، كه وانییه. ئه‌سڵی ئه‌مه‌ریكا هه‌مووی هندییه سوره‌كانه، به‌ڵام ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. ئێران (33%) فارسه، به‌ڵام ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. جیاوازی له‌نێوان ئاسایشی نهتهوهییو ئاسایشی كوردی هه‌یه. ئه‌منی نه‌ته‌وه‌یی بریتیه له‌وه‌ی كه تۆ چۆن ئه‌و جێگهیهت بپارێزی‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی بۆ فیداكا. كورد‌و عهرهبو توركمانێكیش ئه‌گه‌ر بزانێت قیادهكهی خزمه‌تی ناكات‌و به‌ته‌نگیه‌وه نایه‌ت، خۆی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی به كوشت نادات. ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بریتیه له‌ئاسایشی خزمه‌تگوزاری، به‌ڵام تۆ ئه‌منی قه‌ومی به ئه‌منی خۆت‌و بنه‌ماڵه‌و ئه‌وه‌ی بزانیت چۆن له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ت ده‌مێنی، ئه‌وا من ئاماده‌نیم خۆمی بۆ به‌كوشت بده‌م.
به‌داخه‌وه قیاده‌ی كوردیم وه‌كو منداڵێكی ساوا دێته به‌رچاو، كه فێری كۆمه‌ڵێك وشه‌ی دیاریكراو بووه، وه‌كو ئه‌منی قه‌ومی‌و خه‌تی سورو قبوڵی ناكه‌م. ئه‌مانه كه‌ی وشه‌ی سیاسی‌و دیپلۆماسین؟ قبوڵی ناكه‌یت چی ده‌كه‌یت؟ خه‌تی سور چییه؟ خه‌تی سور ئه‌وه‌یه سهروهتو سامانی خه‌ڵك بخۆیو بهفیڕۆبدهیو رێز لهدیموكراتیهت نهگریو رۆژنامه‌نوس بكوژیو ده‌می خه‌ڵك دابخه‌ی، من ره‌خنه له‌تاڵه‌بانی‌و بارزانی ده‌گرم، ئه‌وه خه‌تی سور نییه، چونكه ئه‌وه شتێكه له‌نێوانی من‌و ئه‌ودا. خه‌تی سور ئه‌وه‌یه خیانه‌ت لهمیللهتهكهت بكه‌یت، ئه‌مانه كه خه‌تی سور ده‌خه‌نه‌ڕوو بۆ ترساندنی خه‌ڵكه، بۆ ئه‌وه‌یه له‌ڕێگه‌ی دیموكراتیهتو ئازادییه‌وه ده‌مكوتی خه‌ڵك بكه‌ن، تا له‌ڕێگه‌ی خۆشگوزهرانیو مافی مرۆڤ بیانترازێنن، به‌ناوی خهتهریاتو خه‌تی سوره‌وه.
ئاوێنه: پێتوایه ئه‌دای پارێزگار‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا سلبی بووه یان نا؟ئه‌بو شه‌هاب: كورد په‌ندێكی روونی هه‌یه ده‌ڵێت سفره‌ی پڕ نوقته نوقته، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مان له‌سه‌ر سفره‌كه شه‌ڕیانه، ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه له‌به‌رماوه‌ی ئه‌و سفره‌یه چی بخوات‌و چ ئهدایهكیان هه‌بێت؟ ئه‌مان نه‌توانن پێكه‌وه كاربكه‌ن، چۆن خه‌ڵكه‌كه ده‌توانێت ئیسراحه‌ت بكات؟ له‌ئه‌سڵدا ئه‌وان بێ مشت‌ومڕ ئه‌دایان خراپه. ناكۆكی نێوانیان له‌سه‌ر شتێك نییه په‌یوه‌ندی به‌خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه هه‌بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كۆمپانیایه‌ك دێت ره‌فیقی ئه‌مه، ده‌یه‌وێت ئیشه‌كه‌ی بداتێ‌و ئه‌ویتر نایه‌وێ، ئه‌مه چ په‌یوه‌ندییه‌كی به شاری كه‌ركوك‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه هه‌یه. بۆیه پێموایه ئه‌و دوو ده‌سه‌ڵاته به ده‌سه‌ڵاته گه‌وره‌كانیشه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌دای كورد له‌كه‌ركوكدا رۆڵیان سلبی بووه.
ئاوێنه: تائێستا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك نه‌كراوه، پێتوایه ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه هۆی دواخستنی، تائێستاش به‌رده‌وامن؟ئه‌بو شه‌هاب: ئه‌وه پرسیاره بایی ئه‌وه‌یه كتێبێكی له‌سه‌ر بنوسی، نه‌ك چاوپێكه‌وتنێك. ئه‌مانه هه‌مووی له‌ئاوی لێڵدا راو دهكهنو كه‌سیان پێیان خۆش نییه هه‌ڵبژاردن بكرێت، به ئهمهریكیهكانیشهوه پێیان خۆش نییه، هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوكدا بكرێت. له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی عێراقه‌وه تائێستا، كه‌ركوك هه‌ر باری تایبه‌تی هه‌بووه. له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوكه‌وه ته‌نها كه‌س كه قسه‌ی نییه، خه‌ڵكی كه‌ركوك خۆیه‌تی. ده‌بێت چاره‌سه‌ری كه‌ركوك له‌ناوخۆی شاره‌كه‌وه بێت‌و ده‌ستی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ببڕدرێت كه ته‌ده‌خول له‌پرسی كه‌ركوك دهكهنو ده‌بێت كه‌ركوك موسته‌قیل بێت. گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ش ئه‌وه‌یه لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و پاك رێكنه‌كه‌ون، چونكه به‌پێی قانون ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ماوه‌و ته‌مه‌نیان حه‌وت ساڵه. هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی پێشوو كه له‌م شاره‌دا كراون، من به هه‌ڵبژاردنێكی نه‌زیهی نازانم.
ئاوێنه: به‌ڕای تۆ ته‌نها ماده‌ی (140) چاره‌سه‌ره بۆ پرسی كه‌ركوك، یان چاره‌سه‌ری تر هه‌یه؟ئه‌بو شه‌هاب: ته‌نها سه‌رلێشێواندن له‌كێشه‌ی كه‌ركوك (140)ه، نه‌ك چاره‌سه‌ر، (140) چاره‌سه‌ر نییه.
ئاوێنه: چۆن ده‌ڕوانیته پڕۆژه‌كان‌و په‌یوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم به ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه؟ئه‌بو شه‌هاب: بێویژدانییه ئه‌گه‌ر بڵێی هیچ نه‌كراوه، ههرێمو ناوهندو ئه‌مه‌ریكیه‌كان شتیان كردووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی داخوازی خه‌ڵكه‌كه نییه. له‌عێراقدا كه‌مترین بودجه بۆ كه‌ركوك ته‌رخانكراوه، له‌كاتێكدا ده‌سكه‌وتی یه‌ك گرێبه‌ستی نه‌وتی، هێنده‌ی بودجه‌ی یه‌ك ساڵی كه‌ركوكه. ته‌نها ئه‌و بودجه‌یه‌ی له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، بۆ ته‌كیه‌و سۆفیهكانیان بڕییه‌وه (22%) بودجه‌ی كه‌ركوك بوو. وه‌ك ده‌زانین كه‌ركوك خاوه‌نی چ سه‌روه‌تێكه، ده‌ڵێم هێنده‌ی سهروهتهكه خزمه‌ت مه‌كه‌ن، به‌ڵكو بایی ده‌سكه‌وتی خۆتان له‌و سه‌روه‌ته، خزمه‌تی كه‌ركوك بكهنو زیاترمان ناوێت. بڕواموایه حكومه‌تی عێراقیش وه‌كو حكومه‌ت ره‌فتاری نه‌كردووه، به‌ڵكو زیاتر لایه‌نی حیزبی به‌سه‌ریدا زاڵبووه.
ئاوێنه: به‌ڕای تۆ ئه‌گه‌ر له‌كه‌ركوكدا سه‌رژمێری بكرێت، به سودی كورد ته‌واو ده‌بێت؟ئه‌بو شه‌هاب: دڵنیا نیم له‌وه‌ی زۆر سودی ههبێو ئه‌نجامبدرێت، چونكه كوردێكی زۆری خه‌ڵكی كه‌ركوك، تائێستا نه‌هاتونه‌ته‌وه ناو شار. جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵك هه‌یه به‌ناو لێره‌یه، ره‌نگه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ بێت. لایه‌نه‌كان رێككه‌وتنی نێوانیان به‌لاوه گرنگتره له‌سه‌رژمێری، به‌نمونه سوننه‌و شیعه (1400) ساڵه له‌سه‌ر مانگه‌شه‌و رێكنه‌كه‌وتون كه جه‌ژنه یان ره‌مه‌زانه، به‌ڵام له‌سه‌ر حوكمڕانی‌و دزی عێراق رێكده‌كه‌ون، ئه‌مانه‌ی ئێمه‌ش وان، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان بخوازێت رێكده‌كه‌ون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست