پێشنیارێک له‌ پێناوی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌ هه‌ولێر

Tuesday, 22/03/2011, 12:00


باشترین چاره‌سه‌ربۆ کردنه‌وه‌ی گرێ کوێره‌ی ڕێگه‌پێنه‌دانی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هه‌مان چه‌کی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌نگاری ده‌سه‌ڵات ببینه‌وه‌، لێره‌شدا مه‌به‌ستم شه‌ڕه‌په‌ڕۆیه‌ که‌ ساڵه‌های ساڵه‌ ده‌یکه‌ن.
بۆیه‌ داواکارم له‌و ڕێکخراوو و گه‌نجانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت خۆپیشاندان ئه‌نجام بده‌ن له‌ هه‌ولێر، په‌یڕه‌وی ئه‌م ڕینماییانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن له‌کاتی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانه‌که‌دا:
- هه‌موویان به‌ ئاڵای زه‌ردی پارتی و کراسی زه‌رد و جه‌مه‌دانه‌ی سووره‌وه وبه‌بێ هه‌ڵگرتنی ئاڵای کوردستان خۆپیشاندانه‌که‌ بکه‌ن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی، بۆ ئه‌وه‌ی پیشانیان بده‌ین که‌ میلله‌ت گاڵته‌ی به‌م په‌ڕۆ و پاتاڵه‌ی یه‌کێتی و پارتی دێت، په‌ڕۆ لای گه‌ل هیچ به‌هایه‌کی نیه‌ که‌ ئازادی نه‌بوو.
- که‌ خۆپیشاندان گه‌رم بوو به‌و پێنووس و په‌ڕانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردوویانه‌ ئه‌م دروشمانه‌ بنووسن:

به‌ڵێ بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌میشه‌یی.. به‌ڵێ بۆ دزی
نا بۆ دادپه‌روه‌ری.................... نا بۆ ئازادی
بڕوخێ کوردستان
بژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌
مردن و سه‌رشۆڕی بۆ میلله‌تی کورد
بژی جاشایه‌تی
بژی گه‌نده‌ڵی
نا بۆ پێشخستنی کولتوری کوردی
بژی حیزبنووسان و قه ڵه‌مفرۆشان.... بمرێ ده‌نگی ئازاد و پێشکه‌وتووخواز
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی هه‌ولێرین
دژی ئاژاوه‌ گێڕین؟
خۆشتان کۆمه‌ڵێک دروشمی جوانتر له‌وانه‌ی منی بۆ زیاد بکه‌ن؟؟؟؟؟

ئه‌گه‌ر نا هه‌رچه‌نده‌ ده‌یهێنم و ده‌یبه‌م و هه‌ڵسوکه‌وتی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌ولێر له‌ماوه‌ی ڕابوردوودا دێنمه‌وه‌ پێش جاوی خۆم، هێچ بوارێکی بۆ هه‌ر جۆره‌ خۆپێشاندانێک نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ ووشه‌ی دژ ده‌ستپێبکات واته‌ خۆپێشاندان دژی نه‌بونی سووته‌مه‌نی یان دژی خوا نه‌خواسته‌ گه‌نده‌ڵی یان دژی ئافاتی کشتووکاڵیش.
واژۆ کردنی یاسای خۆپیشاندان به‌و خێراییه‌ و به‌بێ ڕێگه‌دان به‌ گفتوگۆیه‌کی تێر و ته‌سه‌ل له‌سه‌ری ته‌نها بۆ گه‌یشتن بوو به‌م ئامانجه‌ی که‌ ئێستا پێیگه‌یشتوون‌ و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی لێی ته‌نها ڕێگه‌ گرتن بوو له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ر جۆره‌ خۆپیشاندانێک و کپکردنی هه‌موو ده‌نگێکی ناڕه‌زایی. له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ست خۆشی له‌هه‌موو جۆره‌ هه‌ڵپه‌ڕکێ و سه‌ماوبادانێک ده‌که‌ن به‌ بۆنه و‌ به‌ بێ بۆنه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ماکه‌رانی حیزبیشیان ده‌ستنه‌که‌وێت یان زۆر به‌دڵیان نه‌بێت ئه‌وا له‌ لوبنان، تورکیا و شوێنانی تره‌وه‌ و به‌ پاره‌ی میلله‌ت و له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی تێکدانی کولتور و ڕۆشنبێری هه‌رێمی کوردستانی به‌ناو دیموکرات و پێشکه‌وتووخوازه‌وه‌ بانگهێشت ده‌کرێن بۆ ئه‌وه‌ی کچان و کوڕانی میلله‌تی کوردی پێ فێرومه‌ست بکه‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە