کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


تاڵەبانى شین لەگەڵ بارزانى دەكات و هەریسەش لەگەڵ مالیكى دەخوات!

Thursday, 17/05/2012, 12:00


لە كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكەى هەولێرى بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكى لە پۆستى سەرۆك وەزیرانى عێراق، دەگوترێت تاڵەبانى ئامادەى ئیمزاكردنى رێككەوتنەكە نەبووە! پێیان وتووە واژۆى بكات، یان بەرپرسێكى باڵاى حیزبەكەى، بەڵام بە بیانووى ئەوەى كە بارزانى نوێنەری هەموو كوردە، واژۆى ئەو بەسە لەسەر ئەو رێككەوتنە!
گومان لەوەدا نییە تاڵەبانى لە پێناو پاراستنى كورسییە تەمەن دوو ساڵییەكەى، ئامادەیە هەموو باجێك بە گەلی كوردیش بدات، وەك چۆن حیزبەكەى خۆیشى بەرەو بێهێزى و بچوك بوونەوە لە بەرامبەر پارتى لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆك، بەرامبەر بزووتنەوەى گۆڕانیش لە شاری سلێمانى!
تاڵەبانى دەزانێت تەمەنى كورسییەكەى تەنها دوو ساڵ تەمەنى ماوە، لە هەوڵى ئەوەدایە دۆستە تۆراوەكانى ئاشت بكاتەوە، لە بەرامبەریشدا پشت بكاتە بارزانى كە رێككەوتننامەى ستراتیژى لەگەڵیدا هەیە، ئەویش بە پێی هەڵسوكەوت و جیاوازى لێدوانەكانى لەگەڵ بارزانى، دركێنەری ئەو راستییەیە!
كاتێك مالیكى وەك تەحەددایەك بۆ كورد بە گشتى و بارزانى بە تایبەتى دێت و لە شاری كەركووك كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران دەبەستێت، لە تەوقیتێكى وەك ئێستادا، جێى هەڵوەستە كردنە لەسەری، هەرچەندە وەك سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆى هەیە هەر شارێك هەڵبژێرێت بۆ بەستنى كۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران، یان سەردانى كردنێكى ئاسایى، بەڵام لە كاتێك گرژى بوونى هەبێت، جێى تێڕامانە و ناكرێت بێدەنگى لێ بكرێت، لە كاتێكدا مالیكى عێراقى بوونى ئەو شارەى دوبات كردەووە و سیفەتى كوردستانى بوونى بە خەیاڵى خۆیى و راكێشانى سۆزى عەرەب و هەندێك لە توركمانەكان بۆ لاى خۆی، هاوكات ئیستفزازكردنى كورد بە گشتى مەبەستى بوو، لەوكاتەدا ئەندامێكى مەكتەبی راگەیاندنى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بە نووسینێك راى خۆى لەسەر ئەو بابەتە دەربڕى و پێى وابوو، كە نێوماڵى كورد یەكگیر نییە! پێویستە لە ئاست بابەتە نیشتیمانییەكاندا هەموو لایەك هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن، لێ بەداخەوە سنووری ئازادی تاڵەبانى تەحەمولی ئەو بابەتەى نەكرد و ئەندامەكەى خۆى لە پۆستەكەى دەركرد! كە ئەمەش هەمان كاری یەكێتى و ساڵانى هەشتامان بیر دەخاتەوە، بە دەمانچە و لە ناو فڕۆكەخانەى تاران نووسەرێكى تریان دەرهێنایە دەرەوە!
هەمیشە چ وەك خۆم، وە زۆرێكیش لە یەكێتییەكان شانازى ئەوە بە تاڵەبانى كراوە، پاڵپشتى موكری كردووە، لە دواى نووسینى رۆمانى سەگ وەڕ، كە زۆرێك لە سەركردەكانى ئەوكاتى یەكێتى دەیانویست بیكوژن، بەڵام تاڵەبانى لە چاپى دووەمیدا خۆى پێشەكى بۆ نووسی! ئەم كارەى تاڵەبانى و دەركردنى عارف قوربانى لەسەر ئەو بابەتەى دوو فاقى ئەومان لە هەڵسوكەوتدا بۆ دەردەخات! دەشكرێت بپرسین، ئایا تاڵەبانى چى بابەتەكە قەڵسى كردبوو؟! جیا لەوەى كە داواى یەكدەنگى كورد دەكات؟! عەبدوڵاى مەلا نوری وەك پەرلەمانتارێكى بزووتنەوەى گۆڕان لە پەرلەمانى كوردستان، كە بە هەڵوێستە توند و حەق بێژییەكانى ناسراوە دژ بە گەندەڵى و دەسەڵاتى كوردى، لە رادیۆى نەوا، جیا لە هەڵوێستە توندەكانیشى وتى: "مالیكى ئەو قسانەى دەیكا لە دڵسۆزى نییە بۆ كورد"، هاوكات حاكم شێخ لەتیف وەك پەرلەمانتاری بزووتەوەى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق باسى لە دووبارە و كۆنى قسەكانى مالیكى كرد و لە هەیمەنەى كەم كردەووە. ئەم هەڵوێستانەى ئۆپۆزسیۆن لە كات و وادەى خۆیدا جێى دەستخۆشى كردنە، كە نیشاندەری ئەوەن نەتەوەییانە بیر دەكەنەوە، پێش هەر ناكۆكییەكیان لەگەڵ دەسەڵات، بەڵام ئەوەى وەك نیمچە مەتەڵێكى لێهاتووە، سیاسەتە دوو فاقیەكانى تاڵەبانییە لە ئاست روودا و پرسە نەتەوەییەكان! بارام بەگ تەڵاقى خستووە، ئەوكاتە ماڵى كورد وێران بوو، كە بە سیاسەتیان وت درۆ! دیارە لاى تاڵەبانى سیاسەت درۆیە بۆ خۆ گونجاندن، نەك زانست بۆ خۆ گونجاندن! بۆیە دەیەوێت هەم شینیش لەگەڵ بارزانى بكات و هەمیش لەگەڵ مالیكى هەریسەكە بخوات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە