مەسعود بارزانى لەسەر مێزى گفتوگۆ و مەنسوری كوڕیشى لەسەر مێزى قومار، دەیدۆڕێنن
Monday, 14/05/2012, 12:00
لە كوردستانپۆست هەواڵێك لە مانشێتەكەیدا بڵاوبوویەوە، كەوا مەنسوور بارزانى كوڕى مەسعود بارزانى بڕى 3 ملیۆن دۆلارى لە قوماركردن لە وڵاتى ئیمارات دۆڕاندووە! دواتر هەمان هەواڵ لە سایتى لڤین بڵاوبوویەوە، ئەوانیش لە گۆڤارێكى ئیماراتى وەریانگرتووە، ناوبراو بڕى 3 ملیۆن دۆلار و 200 هەزار دۆلارى لە سەر مێزى قوماركردن داناوە!
ماوەیەكە پێشمەرگەكانى خودى پارتى، چ بە گۆرانى وتن! چ بە بایكۆتكردنى دەوام! چ بە خۆپیشاندان لە بەردەم لقەكانیان! هاوكات كەمبوونەوەى پێشمەرگانیان لە هێزەكانى زێرەڤانى بە هۆى كەمى موچە و زۆرى دەوام! بووەتە جێى قسە و باسى كەناڵە راگەیاندنەكان! لە تازەترین ناڕەزایى پێشمەرگەكانى خۆیشیاندا بە پێى هەواڵێكى سایتى ستاندەر، لە بەردەم لقى سۆرانى پارتى دیموكراتى كوردستان پێشمەرگەیەك بە هۆى خراپى باری ئابووریەوە، هەڕەشەى خۆسوتاندنى كردووە! ئەمانە هەمووى دەرخەرى ئەو هەم و ستەم و زوڵمەیە كە پارتى لە پێشمەرگەكانى خۆی دەیكات! ئەویش بەو سیاسەتەى، كە عەقڵەكانى پارتى وەك پەندێك دەیڵێن:
"هێندە بدە پاسەوانەكەت بدە لە برسا نەمرێت، گەر زۆرت دایە لێت تەرە دەبێت!".
لەم تێكست و سیاسەتەى پارتى بەرامبەر شوێنكەوتوانى خۆى ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە هەمان سیاسەتى بە كۆیلەكردن دەگرنە بەر لە پێناو رامكردنى خەڵكێكى سادە و ساویلكە، بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەكانیان!
سەروەت و سامانى خاكى كوردستان، خاكێك بە هەزارن كەس خۆى لە پێناودا كردۆتە قوربانى، ئەمێستا بەرهەمەكەى تەنها لە بەردەت دوو بنەماڵەدایە و باقى ئەوانەشى دەمێننەوە بە سكێ برسى و بە سكێ تێر، هەندێكیشیان ئەركى پاراستنى سەروەت و سامانە دزراوەكەى ئەو دوو بنەماڵەیان پێ سپێردراوە! پێم سەیرە تا ئێستاش زۆرێك لە پێشمەرگە و كادیرانى پارتى پاسەوانى دزیكەری ماڵى خۆیانن! نەنگییە! ئەوپەڕى بێ ئیرادەیی مرۆڤى رووخاو و شكاوە!
ئەوەتا مالیكیش لە تازەترین لێدوانیدا ئاماژەى بەوەداوە، سەروەت و سامانى كوردستان نازاندرێت بۆ كوێ دەڕوات و بۆ كێ دەبێت؟! دەڵێت: خۆ ئەگەر بۆ گەلی كوردستانى خەرج بكەن، ئەوا زۆر ئاساییە، بەس كە دڵنیام سەرف ناكرێت! بێگومان جەنابی مالیكى لەوە تێگەیشتووە بەرپرسانى كورد، لە ئێستادا خەریكى قوماركردنن بە سەروەت و سامانى گەلێك، كە قوربانى داوە! ئێستا دەزاندرێت ئەو قوربانیانە پردێك بوون بۆ ئەو دوو بنەماڵە و گەیشتنیان بە رەفاهیەتەكانى ژیان.
هەر ماوەیەك بەر لە ئێستاش وێنەى كەسێكى پایە بەرزى تری پارتى دیموكراتى كوردستان لەسەر قوماركردن بڵاو بوویەوە! خەمى گەڵ و باخەڵ، بۆتە ئامانج و ستراتیژییەتى بەرپرسە باڵاكانى پارتى! پرسە نەتەوەیى و سەرەكییەكانى كورد لە دەست كۆمەڵێك قومارچى و لگاوچى بێت، ئاشبەتاڵى 1975 چارەنووسمانە! درووستە كە زۆرجار دەوترێت مێژوو خۆى دووبارە دەكاتەوە!
با لە جەنابی مەنسور بارزانى كوڕى مەسعود بارزانى بپرسین، ئەو پارەى لەسەر مێزى قومار دۆڕاندووتە، نەدەكرا چەندین ماڵى هەژار و نەدار بەسەر بكەیتەوە و لە کێشەی خانوو رزگاریان بكەیت، ئەوكات كارێك بوو هەم ئایین پێى باش بوو، هەم لە رووى مرۆڤایەتیشەوە كارێكى جوان بوو.
لە ئێستاشدا بارگرژییەك لە نێوان مەسعود بارزانى و مالیكى دا درووست بووە، هەرچەندە مەسعود بارزانى هانای بۆ چەند وڵاتێك هێنا و دواتر بۆ موقتەدا سەدر، تا رادەیەك شكستى هێنا و موقتەداش لە لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكى، كە دواى بارزانى بوو پەشیمان بوویەوە، گەر پرسگەلێكى نەتەوەیى لە سەر دەستى حیزبەكەت و لەسەر مێزى گفتوگۆ لە دەست بچێت، ئاسایی ترە تۆش لەولاوە سەروەت و سامانەكەى لەسەر مێزى قومار بدۆڕێنیت!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست