کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


نەوشیروان راماڵەرى دوو پەڵە هەورە تاریكەكە

Saturday, 07/02/2009, 12:00


ئەو هەورە تاریكەى كە 18 ساڵە ئاسمانى كوردستانى گرتووە، ئەمێستا خەریكە دەڕوات و گۆڕى ون دەكات، ئەوەتا رووداوەكان مژدەى ئاسمانێكى ساماڵى بێ گەرد دەدەن، بۆیە دەبینم كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوان و هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان، گەنجە بێ نازەكانى سەرشەقامەكان، دایك و باوكە جگەر سوتاوەكان، لە چاوەڕوانى ئەو ئاسمانە ساماڵەدان.
ئەوەتا ئافرەتێكى بە تەمەنى كوڕ كوژراو ئەنفالكراو دەڵێت لەگەڵ هەڵهاتنى خۆرى گەشى كوردستان و ساماڵى ئاسمانى كوردستانەكەم، دڵنیام كە بۆ تەنها جارێكیش بێت دەتوانم وێنەى كوڕەكەمى تێدا ببینم و مژدەى ئەوەى بدەمێ، كە ئێستا سەردەمى زوڵم و ستەم و تیرۆر و گەندەڵى بەسەر دەچێت، چیدى كەس بێ سەروشوێن ناكرێت، كەس دەرمانخوارد ناكرێت، فەلسەفەى لەگەڵمى یا لە دژمى بەسەر دەچێت، رۆڵە دەزانى دواى ئەو دەسەڵاتە بۆگەنەى كە تۆیان ئەنفالكرد، دواتر دەسەڵاتى 18 ساڵیش ئێمەى بە زیندوێتى ئەنفال دەكرد، دەزانى رۆڵە ئەو دەسەڵاتى 18 ساڵە ئێمەى رادەگوێزا، ئاخخ رۆڵە جیاوازى ئەوتۆیان تەنها لە زمانەكەدا هەبوو و....
هەڵەبجە و بالیسان و شێخ وەسانان هەناسەیەكى شادى هەڵدەمژن و دەڵێن: ئەو رۆژانە بەسەر چوو كە ئەو دوو پەڵە هەورە رەشەى كە ئاسمانى كوردستانەكەمانى گرتبوو، لە جیاتى بەخشندەیى و دەستى یارمەتى رق و غەزەبیان بەسەردا دەڕشتین، رۆشت ئەو سەردەمەى كە بە ناوى ئێمەوە خۆیان دەوڵەمەند دەكرد. هەڵەبجە دەڵێت: جارێكى تر (كوردە)* ناكوژرێتەوە، ئەوەتا كوردەكان بە ئازادى بە خەندە و شادییەوە بە ناو شارى هەڵەبجەدا پیاسە دەكەن و كەس فیشەكیان پێوە نانێت، ئاخخ (كوردە)گیان ئیستا دڵنیام كە رۆحى پاكت لەگەڵ هاوڕێكانتا دەسلەملانە و لەگەڵیاندا پێدەكەنیت، تۆ ئێستا رۆحت شادە. ئەوەتا بالیسان دەڵێت ئەو جاشانەى كە دواى كیمیاوى ماڵەكانمانیان تاڵان دەكرد، دواتر لە ژێر سایەى ئەو دوو پەڵە هەورە دەیانجار دەمانبینین كە لە باوەشى رەشى هەورەكان بوون، بەڵام ئێستا شادین بەوەى كە بەسەرچوون.
گەنجانیش وەك چینێكى بێ بەریكراو پاش تەماشاكردنى ئاسمانى ساماڵ و بێ گەرد، بەوپەڕى خۆشحاڵییانەوە دەڵێن: چیتر پەراوێز ناخرێین، چیتر لەسەر رەخنە ناكوژرێین، چیتر لەسەر خۆپیشاندان و داواكردنى مافەكانمان لە برى پێشوازى و چارەسەر، بە تفەنگ وەڵام نادرێینەوە، چیتر خوێندنمان بە هەدەر ناچێت، چیتر جیاوازى منێكى گەنجى بێ پشت و پەنا لەگەڵ كوڕە گەنجێكى بەرپرس نامێنێت، چیتر دەرگاكانمان لێ داناخرێت، چیتر سێو رن و دەسكە نۆككەرەكان ئەفزەلیەتیان بەسەر ئێمەى خێر لە خۆ نەدیو نابێت، چیتر نابینە خۆراكى ماسیەكانى ئیجە، نابینە ئەو درعەى كە جەندرمەكانى تورك شەقمان تێهەڵدەن و سوكایەتیمان پێ بكەن و هەورە رەشەكانیش لە جیاتى غەزەب رژاندن بەسەر ئەو كەسانەى كە رۆڵەكانی ئازار دەدەن، پێچەوانە رۆڵەكانیان بخەنە بەر غەزەب و رق و كینەى خۆیان، لە ئێستاوە ئێمەى گەنج بە یەك دەنگ سوێند بەو ئاسمانە ساماڵە دەخۆین، كە هەرگیز وڵات بە جێناهێڵین و خزمەت بە هێز و راماڵەرى ئەو دوو پەڵە هەورە تاریكە دەكەین كە 18 ساڵە سوكایەتیمان پێ دەكات و دنیاى رۆشنى لێ كردووینەتە شەوى تار، ئەو دوو پەڵە هەورە كە مافى گەنج بونمانى لێ زەوتكردبووین، ئەمێستا دەماندرێتەوە، دەزانین چیتر مافەكانمان زەوت ناكرێت، دڵمیاین كە ئەرك و مافمان دیارى دەكرێت.
بەڵێ ئەوەى كە جێى دڵخۆشى هاووڵاتیانى كوردى دڵسۆزە بۆ خاك و نەتەوە، بەڕێز (نەوشیروان مستەفا)یە، كە ببێتە راماڵەرى ئەو دوو پەڵە هەورە و بتوانێت كەشوهەوایەكى لەبار لە تەواوى بوارەكانى ژیان بۆ كوردستان بەرهەم بێنێت، ئەوانەشى كە ئێستا بە دنەدانى سەرو خۆیان دێن و قەڵەمە ژەگاویەكانیان دەخەنە سەر لاپەڕەى رۆژنامە روو رەشەكانى خۆیان دژ بە كەسایەتى ئەو زاتە، جیا لە هەڵەوەڕى هیچ مانایەكى ترى نییە، بگرە كاریگەرى سلبیشى بۆ سەر خۆیان و پارتەكانیان هەیە، ئینتیماى ئێمەش بۆ ئەو زاتە پیرۆزە زیاتر دەكات.
كەسایەتى بەڕێز كاك (نەوشیروان) لاى تەواوى گەلى كورد ئاشكرایە، ئەو هەرگیز مومارەسەى پۆستى حكومى نەكردووە، تا سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە بۆ مەرامى شەخسى خۆى و چوار دەورى قۆرخ بكات، بە هەمانشێوەش هەرگیز پۆستى حیزبى كە هەیبووە و لە ئاستى باڵادا بووە، قۆرخى نەكردووە بۆ مەرامە شەخسیەكانى خۆى، كە ئەمیە پێوەر بۆ كەسانى چاكساز و مژدە بەخش بۆ دوا رۆژى ئەم گەلە ستەمدیدە، نەك ئەو پێوەرەى كە ئەقڵە مەودا كورتەكەى سەرۆ قادر دەیپێوێت بۆ كەسى چاكساز.
بەڵێ ئەوكەسەى كە ئاسمانى ساماڵ و بێ گەرد دێنێت و ئەو دوو پەڵە هەورە رەشەى كە 18 ساڵە ئەم كوردستانەى كردۆتە تاریكستان و تێیدا شوێنكەوتوان و مەوالیەكان و كۆیلەكانى ئەو دوو پەڵە هەورە تێیدا وەك جەنگەڵێكیان لێكردووە و یاساى دارستان حوكم پێ دەكەن، بەسەر دەچێت، بەڵێ مژدە بۆ تۆ كوردستان هێندەى نەماوە سەردەمى تاریكى بەسەر بچێت و سەردەمى رۆشنایى بێتە ئاراوە لەسەر دەستى (نەوشیروان مستەفا)، بۆیە بەڵێن بێت بە گۆڕى پاكى شەهیدان و كەسوكارى ئەنفال و كیمیاباران، كە بە دەنگ و كردەوە لەگەڵتاین، چونكە تۆ تاكە هیوا و هێنانەدى خواستە خەسێنراوەكانمانى.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە