کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


مەسرور بارزانى دەنگەكەى دەشارێتەوە، ئەى بۆنەكەى؟!

Wednesday, 22/06/2011, 12:00


لە هەندێ راگەیاندنەكانى ناوخۆى كوردستان هەواڵێكم بەرچاو كەوت، كە گوایا مەسرور بارزانى چاوى لە هەردوو كورسیەكەى باوكى بڕیوە! دیارە كە داهاتووى بۆ خۆى زامن كردووە ببێتە سەرۆكى پارتى و سەرۆكى هەرێمیش!
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تێكستێكى مەسعود بارزانى لە كۆنگرەى 13ى حیزبەكەیان (بنەماڵە)، كە گوایا كوڕەزاكەى كەركووكمان بۆ وەردەگرێتەوە! وەكو ئەوەى مساوەمەكانى لەسەر ئەو شارە شتێكى شاراوە بێت! ساڵى 2008 دۆسیەى ماددەى 140 خرایە عوهدەى un بۆ چارەسەر كردن، لەگەڵ مەحمود محەممەدى ئەندامى مەكتەبی سیاسی پارتى دا دیمانەیەكم بۆ رۆژنامەى هەواڵ كرد، تێیدا پرسیاری ئەوەم كرد، كە ئایا چ گەشبینیەك هەیە بۆ كورد لە كاتێكدا ماددەى 140 خراوەتە عوهدەى un، كە لە ساڵى 1978ەوە تاكو ئێستا نەیتوانیوە كێشەى نێوان (پۆلیساریۆ و مەغریب) لەسەر (بیابانى رۆژئاوا) چارەسەر بكات؟! بەڵام ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیە لەبەر ئەوەى نەیدەزانى مساوەمەكانى سەرۆكەكەى چۆن بشارێتەوە كەوتە هەڵەوە و بە منى وت: "un خۆى هاتووە كە هاوكار بێت لە نێوانمان بۆ چارەسەر كردنى ماددەكە، نەك ئێمە ئەوانمان بانگكردبێت بۆ چارەسەر كردن"! پێى وابوو كە ئێمە ئاگامان لە مساوەمەى مەسعود بارزانى لەسەر كەركووك لە بەرامبەر تورك و عەرەب نییە! هاوكات چوونى دوسیەى ماددەكەش سیاسەتێكى گەوجاندنە لە لایەن بنەماڵەى بارزانیەوە پیادە دەكرێت، چونكە دەزاندرێت هەر كێشەیەك چووە un، ئوتووەكەى (حەمە زلە) دەبێتە پێناسەى!، ئاخۆ دەبێت كوڕ و كوڕەزا ئەو ماددەیە رەوانەى كوێى تر بكەن؟! كورد جوانى وتووە: "ئەوەى لە مشك بێت جەواڵ دەدڕێت"!
هەموو دەزانین لە سەردەمى مەلا مستەفادا مەسعود بارزانى كراوەتە بەرپرسى دەزگاى پاراستن و دواتریش لە كۆنگرەى 9دا و لە ناوەڕاستى حەفتاكان كراوەتە سەرۆكى حیزب، كە ئەوكات خۆیان لە شێوەى سەركردایەتى كاتى رێكدەخستەوە، یەكێ لە هۆكارەكانى پێشخستنى مەسعود لە چاو ئیدریس لە لایەن مەلا مستەفا، ئەوەیە، كە مەسعود كەسێكى حاقد و توند بووە، هەمیشە ئەوكاتەى كە دۆستایەتى لایەنێك، یان كەسێك بوایە باشتر لە پەنای ئەو دۆستایەتیەدا گورزى خۆى دەوەشاند، بە پێچەوانەوە، ئیدریس كەسێك بووە وەك دەوترێت شەڕى شەڕ بووە، ئاشتى ئاشتى، لە ئێستاشدا مەسرور بارزانى كار بۆ لەقكردن و كەمكردنەوەى دەسەڵاتەكانى ئامۆزاكەى دەكات و دەیەوێت هەر چۆنێك بێت نەوەكانى ئیدریس بارزانى لە ناو پارتیدا كەم و سنووردار بكات، تاكو رێگاكە بێ هەوراز و سانا بۆ ئەو دوو شوێنەى كە خۆى ئاماژەى پێداوە هەڵكشێت.
هەرچەندە لە راگەیاندنەكانى پارتیەوە روونكردنەوە لەو بارەوە دراو و گوایا قسەكان وەكخۆیان نەبوون و لە لایەن رۆژنامەى (زە ناشناڵ) دەسكاری كراوە! لێرەشدا ئەو نموونە كوردیەمان بیر دەخاتەوە، كاتى خۆى كابرایەك لە ناو چەند كەسێكدا دانیشتووە، بۆ نەگبەتى بایەكى لی بەردەبێت، بە كورسیەكەى ژێرى دەكەوێتە جیڕر جیڕكردن، كەسێكى تر پێى دەڵێت: ئەوا دەنگەكەیت شاردەوە، ئەی بۆنەكەى؟!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە