روونكردنەوەیەك لەمەڕ بابەتێكم لەسەر (پشتیوان سادق و سەفین حەسەن)
Sunday, 15/11/2009, 12:00
"رەخنە و رەخنە لە خۆگرتن گیانێكى دیموكراسیە" بەر لە ماوەیەك لە نووسینێكمدا ناتێگەیشتنێك لە نێوان من و بەڕێز كاك (پشتیوان سادق) و (سەفین حەسەن) روویدا، دیارە سەرەتاى ناتێگەیشتنەكەش دەگەڕێتەوە بۆ خودى من! دیارە دانپێدانانى مرۆڤیش بە خودى هەڵەكردنە لە بوارى كاركردندا جگە لە گەورەیى نواندن هیچ تەخسیرێكى تر هەڵناگرێت، چونكە لە كاتێكدا ئێمە رۆژانە قەڵەمەكانمان بە دەستەوەیە بۆ رەخنەگرتن لە پێناو چارەسەركردنى كێشەكان، دەبێت ئەوەشمان قبوڵ بێت لە كاتێكدا تووشى هەڵەیەكیش دەبین ئامادەیى ئەوەمان تێدا بێت رەخنە لە خودى هەڵەكانی خۆشمان بگرین، ئەمەش بۆ ئەوەى نەبینە (مەلا بەزێن)ى گۆڕەپانەكە و تەنها وەك خۆسەپاندنێك ببینە مایەى نواندنى كاراكتەرى رەخنەگر لە بوارەكاندا.
داننان بەم هەڵەیەى خودى خۆم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەر لە ماوەیەك و لە سەردەمى ئەو نووسینەدا كوێرانە چووبوومە مەیدانى هاوڕێگرتنى كەسێكى گومان لێكراو لە بوارى مرۆڤایەتیدا، دیارە پەیوەندیگرتنى من بۆ ئەو جۆرە هاوڕێگرتنە لەو سەردەمەدا هونەرى هاوڕێ گرتنم رەچاو نەكردبوو، هەر بۆیە لەو پێناوەشدا تووشى ئەو هەڵەیە بووم و لە نووسینەكەمدا كەسایەتى بەڕێزان (پشتیوان سادق) و (سەفین حەسەن)م تێدا شێواندبوو. بۆیە بە چاكم زانى بە سنگفراوانیەوە داواى لێبوردن لەو بەڕێزانە و خوێنەرانیش بكەم، هیوادارم بە هۆى ئەم رونكردنەوەیەوە كەسایەتى ئەو دوو بەڕێزە لاى خوێنەران بچێتەوە دۆخى جارانى، هیواداریشم هەموومان لە دواى ئەنجام دانى كارى هەڵەوە و گەیشتن بە قەناعەت، لێبوردن و داننان بە هەڵە ببێتە هەوێنى راستكردنەوەى كارەكان.
ئەو مرۆڤە گومانلێكراوەش كە لە پێناو بەرژەوەندى و دەسكەوتى ماددى دەیەوێت لەسەر حیسابى ناشرینكردنى خەڵكى و لەسەر پێستى هاوڕێیەتى یارى بكات و بە ئاماژەى دەزگاكەى پشتیەوە بجوڵێتەوە و زانیارى هەڵە بدات، رۆژێك دێت باجى ئەو پەتپەتێنەى بدات.
سوپاس بۆ ئەوكەسانەى كە لەو نێوەندەدا دەوورى باشیان بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشەیە گێڕا و روو رەشى بۆ ئەوكەسانەش مایەوە كە هەوڵى گەرم كردنى ئەو كێشەیان بە هەموو شێوەیەك دا
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست