کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كۆسرەت رەسوڵ هەوڵى كۆنترۆڵكردنى هەولێر دەدات

Friday, 01/01/2010, 12:00


كۆسرەت رەسوڵ وەك كەسێكى دیارى ناو یەكێتیى نیشتیمانى كوردستان، كە هەمیشە كارى بۆ ئەوە كردووە شارى هەولێر لە دەست نەدات، بەڵام لە كاتى شەڕى ناوخۆ و لە دەستدانى ئەو شارە لە لایەن یەكێتیەوە، وردە وردە ئەو شارە لە ژێر ركێفى هاتە دەرەوە، هەرچەندە لە دواى ئاشتەواوى نێوان پارتى و یەكێتیى ناوبراو هەمیشە هەوڵى داوە ئەو شارە بخاتەوە ژێر ركێفى خۆى، بەڵام هەمیشە هەوڵەكانى بێ ئاكام دەرچوون، ئەمێستاش لە دواى دەست بەكار بوونى كابینەى شەشەم و بوونى (دكتۆر بەرهەم ساڵح) بە سەرۆكى، دیسان لە هەوڵدایە ئەو خەونەى بێنێتەوە دى.

هاتنەوەى مەڵبەندى 3 و هەوڵەكانى كۆسرەت رەسوڵ
پاش ئەوەى كە مەڵبەندى 3ى یەكێتیى هاتەوە ناو شارى هەولێر و لقى4ى پارتیش گەڕایەوە سلێمانى، ئیدى كۆسرەت رەسوڵ دەستى بە كۆكردنەوەى خەڵك كرد، ئەمەش لە پێناو كڕینەوەى خەڵكى شارى هەولێر، بەڵام ئەو ئامانجەى كۆسرەت رەسوڵ ئاكامێكى واى نەبوو، ئەویش بە حوكمى چەند خاڵێك، یەكەم: ئەو باگراوندەى كە لە میانەى شەڕى ناوخۆدا كۆسرەت رەسوڵ هەیبوو، كە پێى تاوانبار كرابوو وەك كوشتنى (127) كەس لە شارى زاخۆ و كەسێكى دیارى ناو شەڕەكانى ناوخۆى یەكێتیى و پارتى، هاوكات وەك دەزاندرێت پارتى ئەو تاوانبارەى كە ئەو كارەى كردووە دەستگیری كردووە و بۆ رۆژى خۆى هێشتوویەتیەوە! دووەم: هێندەى نەبرد (عەدنان موفتى) لە بەرپرسیارێتى مەڵبەند لابرا و (سەعدى ئەحمەد پیرە) كرایە بەرپرسى مەڵبەندى3ى هەولێرى یەكێتیى، كە ناوبراو سەر بە باڵى خەتى گشتى (تاڵەبانى) بوو، هاوكات (سەعدى ئەحمەد پیرە و كۆسرەت رەسوڵ) ناكۆكیەكیشیان هەبوو، كە ئەوەش واى كرد، كارەكانى بۆ هێنانەوەى هەولێر بۆ ژێر باڵى خۆى پەك بخات. هەرچەندە دواتر (مامۆستا بەكر) كە لەسەر كوتلەى كۆسرەت رەسوڵ كرایە بەرپرسى مەڵبەندى3 بەڵام وەك دواتر دەركەوت زیاتر كار بۆ باڵەكەى تاڵەبانى كە بە باڵى گشتى ناسراوە دەكرد، وەك لەوەى كار بۆ ناوبراو بكات.

دەرهێنانى راگەیاندنكارەكانى هەولێر لە ژێر باڵى كۆسرەت رەسوڵ
لە ساڵى 2008 كۆسرەت رەسوڵ كەوتە بەر كارێكى چاوەڕواننەكراو، ئەویش دەركردن و بەركەنار خستنى ئەو كەسە راگەیاندنكارانەى ناو راگەیاندنى یەكێتى بوو لە سنوورى مەڵبەندى3، وەك بینیمان كە چەندین راپۆرت لەسەر ئەو كارە لە بڵاوكراوەكاندا بڵاو بكرانەوە، كە تەنانەت وێنەى (كۆسرەت رەسوڵ)یشیان لە ناو دەزگا راگەیاندنەكانى یەكێتیى لەو سنوورە دەهێنایە خوارەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ناوبراو كەوتە خۆ ئەویش بە كۆكردنەوەى چەند رۆژنامەنووسێك و سەرفكردنى پارە و بەخشین بۆیان تا بتوانن كار بۆ بەژەوەندى ناوبراو بكەن، بەڵام ئەم سیاسەتەش تا رادەیەك سەركەوتوو نەبوو، وەك كادیرێكى یەكێتیى وتى: "لەبەر ئەوەى كۆسرەت رەسوڵ كەسێكى عەسكەرییە، ناتوانێت لە رێگەى راگەیاندنەوە پێگەكەى جارانى دروست بكاتەوە، ئێستاش شەڕ نەماوە بۆیە ئەو ئامانجەى ئەو كارى بۆ دەكات ئەستەمە بێتەدى".

گۆڕان و كاریگەریەكى تر لەسەر لاوازبوونى پێگەى كۆسرەت رەسوڵ
پێش هەڵبژاردنەكان و دروستبوونى لیستى (گۆڕان) بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، دیسانەوە كۆسرەت رەسوڵ گورزێكى ترى بەر ئامانجەكەى كەوت، ئەویش بەو پێیەى كە زۆربەى یەكێتیە هەولێریەكان دەنگەكانى خۆیان بۆ ئەو لیستە دا و بەشێكى زۆرى كادیر و ئەندامان و لایەنگرانى یەكێتیى چوونە ناو ئەو بزوتنەوەوە، بۆیە دروست بوونى ئەو لیستە بە سەرۆكایەتى (نەوشیروان مستەفا) و چەند بەرپرسێكى باڵاى ناو یەكێتیى و بە تایبەت هەولێریەكانى ناو ئەو لیستە هۆكارى سەرەكى بوون بۆ لێدانى ئەو گورزە ناڕاستەوخۆیە، كە بۆ جارێكى تر ئەو ئامانجەى كە (كۆسرەت رەسوڵ) هەوڵى بۆ دەدات، لەبار ببرێت، هەرچەندە بۆ هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانیش ناوبراو سەردانى ناوبازاڕى شارى هەولێرى كردوو و وەك كەسێكى ئاسایى خەڵكى بینى و قسەى بۆ دەكردن و دەیگوتن كە دەنگ بە لیستى كوردستانى بدەن، لێ ئەوەش ئەو هاوكێشەیەى بۆ راست نەكردەوە.

زویر بوونەكانى كۆسرەت رەسوڵ و خەنجەر لە خۆدان
زویر بوونى كادیر و ئەندامانى هەر حیزبێك چاوەڕوانكراوە و ئاساییە، بەڵام ئەوەى جێى هەڵوەستە لەسەر كردنە ئەوەیە، كە كۆسرەت رەسوڵ چەندین جار لە ناو یەكێتیى زویر بووە و دواتر گەڕاوەتەوە ناو یەكێتیى، كادیرێكى یەكێتى كە پلەیەكى باشى لە ناو یەكێتیدا هەیە سەبارەت بە زویر بوونەكانى ناوبراو چەند نموونەیەكى هێنایەوە و گوتى: "كۆسرەت رەسوڵ دواى كۆنگرەى 2ى یەكێتیى زویر بوو و ماوەیەك چووە ئەوروپا و دواتر گەڕایەوە، هەروەها لە ساڵى 2004یش دیسان زیور بوویەوە و دیسان بۆ جارى دووەمیش گەڕایەوە، لە ساڵى 2009ش كە چوار ئەندام مەكتەب سیاسییەكە و 7 ئەندامە سەركردایەتیەكەش دەستیان لەكار كێشایەوە، كۆسرەت رەسوڵیش وەك جارەكانى تر دەستى لەكار كێشایەوەن دواتر پڕۆژەیەكى خستە بەردەم تاڵەبانى كە پێكهاتبوو لە 12 خاڵ و داواكاریشى بۆ گەڕانەوەى ئەوەبوو دەبێت ئەو خاڵانە جێبەجێ بكرێت، گەر بێت و جێبەجێش نەكرێت ئەوا دادەنیشێت"، ئەوەى كە جێى سەرسوڕمانى ئەو كادیرەى یەكێتیى بوو ئەوەیە كە وەكخۆى ئاماژەى پێدا هیچ یەك لەو خاڵانەى كۆسرەت رەسوڵ جێبەجێ نەكراون! هەروەها ئەوەشى وت: "ئێستاكە تاڵەبانى لە مەبەستى زویربوونەكانى كۆسرەت رەسوڵ تێگەیشتووە، دەزانێت كە هەرجارەى زویر دەبێت بە مەبلەغێك پارە دەگەڕێتەوە، تاڵەبانى ئەوەش دەزانێت كە زویر بوونەكانى تەنها كاتیە و هیچ جدیاتێكى نییە و تەنها فشارێكە و هیچی تر". بەم جۆرە زویر بوونانەى ناوبراو و گەڕانەوەكانى دیسان بۆ ناو یەكێتیى بە شێوەیەك لە شێوەكان وێنەى خۆى لە ناو ئەندامەكانیدا بە شێوەیەكى سلبى بۆ سەر كەسایەتى شكاوەتەوە!

ئەو كەسەى دروستى كرد، ئەم پشتى تێكرد
ناوەڕاستى هەشتاكان كێشە و ناكۆكیەكانى ناو یەكێتیى لە ترۆپكدا بوون، ئەویش زیاتر لە نێوان (كۆمەڵەى رەنجدەران و ئاڵاى شۆڕش)دابوو، وەك ئەندامێكى باڵاى یەكێتیى لەبارەى ئەو گرژیانەوە بۆى باسكردم و وتى: "ئەو سەردەمە زۆربەى هەولێریەكان سەر بە ئاڵاى شۆڕش بوون، كەمتر بوون كە سەر بە خەتى كۆمەڵەى رەنجدەران بن، بۆیە نەوشیروان مستەفا بۆ دەستبەسەراگرتنى هەولێریەكان تەنها كۆسرەت رەسوڵى دۆزیەوە و لە ناو شار هێنایە دەرەوە و راستەخۆ كردیە ئەندامى سەركردایەتى و بەرپرسى مەڵبەندى هەولێر، ئیدى كۆسرەت رەسوڵ لەوكاتەوە پێگەیشت و نەوشیروان مستەفا پشتگیریەكى زۆری دەكرد، ئەویش لە دژى خەتى ئاڵاى شۆڕش"، هەروەها ئەوەشى وت: "بەڵام كۆسرەت رەسوڵ وەفاى بۆ نەوشیروان مستەفا نەبوو، كە لە ساڵى 1995 لە شەڕى ناوخۆدا لە جەبهەیەكدا دژى پارتى پشتى كردە قوەتەكەى نەوشیروان مستەفا، كە ئەو پشتتێكردنەش بوە هۆى تێكشكانى نەوشیروان مستەفا"، وەك ئەو سەرچاوە ئاماژەى پێدا ئیدى لەوێوە كێشە دەكەوێتە نێوان نەوشیروان مستەفا و كۆسرەت رەسوڵ. وەك دەزاندرێت لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا كۆسرەت رەسوڵ لە رێى بورهانى سەعید سۆفیەوە هەوڵێكى زۆرى داوە، كە نەوشیروان مستەفا دەروازى كۆمپانیاى وشەى بۆ بكاتەوە و ئەویش لەگەڵ كوتلەكەیدا بچێتە ناو رەوتى گۆڕانەوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا ئەو پشتتێكردنەى ساڵى 1995ى لە بیرنەچوەتەوە و ئەو داوایەى ناوبراوى رەت كردوەتەوە.

داواكردنى زەوى لە پارتى و رەتكردنەوەى لە لایەن پارتیەوە
بە پێى ئەو زانیاریانەى كە دەستم كەوتوون كۆسرەت رەسوڵ بۆ بەدى هێنانى بەشێك لە ئامانجەكەى كە كۆنترۆڵ كردنى شارى هەولێرە، داواى چەند پارچە زەویەكى لە پارتى كردووە، كە لە شارى هەولێر بیدەنێ، ناوبراو چەند شوێنێكى ستراتیژى دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەو رێگەیەشى لە لایەن پارتیەوە لێگیراوە و ئەو شوێنانەى كە داواى كردووە، پارتى نەیداوەتێ وەك : (سەر رێى مەسیف، تەنیشت دارالزیافەكەى نێچیرڤان بارزانى)، بەڵام پارتى زەویەكى لە پاڵ خانوە ئەمین عامەكانى شارى هەولێر پێدا، كە دواتر كۆسرەت رەسوڵ كردیە نەخۆشخانەیەكى خێرخوازى، ئەمەش هەندێ كەس بۆ ئەوەى دەگێڕنەوە كە ئەو پارچە زەویە لە ناوەڕاستى شارى هەولێر تەنیشت خانوە ئەمین عامەكانى هەولێر بووە و تەواوى زۆربەى دانیشتوانى ئەو خانوانە بەرپرسەكانى پارتی لێى نیشتەجێن، ئەمەش بۆ كۆسرەت رەسوڵ جێى قبوڵ نەبووە، بۆیە بڕیارى دا بكرێتە نەخۆشخانەیەكى خێرخوازى.

پشتگیرى لە دكتۆر بەرهەم ساڵح و خۆ ئامادەكردن بۆ وەرگرتنى پۆستى سكرتێرى
لە پێش دەست بەكار بوونى دكتۆر بەرهەم ساڵح و ئێستاش كە دەست بەكار بووە بە سەرۆكایەتى كردنى كابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ پشتگیریەكى زۆر دیارى ناوبراو دەكات، ئەمەش بە جۆرەها شێوە، یەكێ لە شێوەكان رۆژانە كۆكردنەوەى گەنج و رۆژنامەنووس و سەنتەر و خەڵكى ترە، كە داواكارى كۆسرەت لێیان تەنها پشتیوانى كردنى خودى بەرهەم ساڵحە و لە بەرامبەریشدا كۆسرەت رەسوڵ جیا لە پێدانى پارە، بەڵێنى ئەوەى پێداون و وتوویەتى بەرهەم ساڵح لە قسەى من دەرناچێت و لە ناو حكومەتیش كارتان بۆ دەكەم، بەڵام ئەو سیاسەتەى كۆسرەت رەسوڵ لە ئێستادا و لە كەشێكى وەهادا كە تاكەكانى كۆمەڵگا بە شێوەیەك لە شێوەكان هوشیار بوونەتەوە لەوەى كە كەمتر دەتواندرێت لە لایەن بەرپرسە حیزبیەكانەوە كۆنترۆڵ بكرێن، بەڵام ناوبرا رەنگە پێى وابێت كە گەنجى ئێستاش هەمان بیركردنەوەى ئەقڵیەتى سەردەمانى شەڕى ناوخۆن هەتا بەرپرسەكانى حیزب دەستەمۆیان بكەن! كۆسرەت رەسوڵ بەم پشتگیریەى كە لە دكتۆر بەرهەم ساڵحى دەكات، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەیەوێت ئەو ئامانجانەى كە لە سەردەمى عومەر فەتاح كە جێگرى سەرۆك وەزیرانى پێشوو بوو و بۆى نەهاتەدى، وەك بینیشمان دژایەتى عومەر فەتاحیشى لەسەر ئەوە دەكرد، كە گوایا هاوكارى نەكردووە لە پلانەكانى بۆ بە دەست هاتنى ئامانجەكانى. هاوكات لەم رێیەشەوە دەیەوێت لە دواى نەمانى تاڵەبانى، سكرتێرى گشتى ببێتە موڵكى خۆى و ببێتە سكرتێرى گشتى یەكێتیى نیشتیمانى كوردستان، هاوكات لە پەنا دكتۆر بەرهەمیشدا كە دوو كوتلەى هاوڕان لە دژى كوتلەكانى ترى ناو یەكێتیى و لە كۆمەڵێك بەرژەوەندی دا هاوبەشن، ئایا ئەم هاوڕا و هاوبەشیەى نێوان كۆسرەت رەسوڵ و دكتۆر بەرهەم ساڵح دەتوانێت ئەو خەونەى كۆسرەت رەسوڵ بۆ بوونى بە سكرتێرى گشتى و كۆنترۆڵكردنەوەى شارى هەولێر بێتە دى؟!


خێڵان بەختیار_ یه‌که‌مینجار، تایبەت بۆ كوردستانپۆست
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە