كۆیلەكانى بنەماڵە بۆ كێ رادەكەن؟!
Thursday, 20/10/2011, 12:00
زۆر ئەستەمە بۆ مرۆڤێكى خودان بیركردنەوەیەكى سەربەخۆ، بتوانێت عەقڵ و رەئیەكانى یەخسیری بنەماڵەیەك! یان حیزبێك! یا كەسێك بكات! شەرمهێنەرتر بۆ هەندێ قەڵەم بە دەستى بێ شەرمى دەمامكدراو لێرە و لەوێ بكەونە هۆنینەوەى چەند دێڕێك و بە فرۆشتنەوەى و تەنها، شەڕ دژى قەڵەمى ئازا و ئازاد بۆ بنەماڵەیەك بكەن!
كێشەى كورد بە گشتى، ئاریشەیەكى ئاڵۆزە و باگراوندێكى مێژوویى كۆنى هەیە، وەلێ كێشە و خاڵى سەرەكى خودى عەقڵیەتى تاكەكانى خۆمانە، وەك (فۆكۆیاما) دەڵێت: "هەر تاكێك لە ئاست خۆیدا دەسەڵاتێك پیادە دەكات، دواتر ئەو حوكمڕانیەى كە هەیە رەنگدانەوەى عەقڵیەتى تاكەكانى كۆمەڵگە خۆیەتى"! ئەم تێكستە دەشێت زۆر شت لە خۆبگرێت، خوێندنەوەیەكى ورد لەسەر ئەم دێڕ بۆ كۆمەڵگەى كوردی بكرێت، بەڵام لێرەدا من پێویستیم بە یەك دیاردە هەیە و قسەى لەسەر بكەم، ئەویش بوون بە كۆیلەییە، یا شانازى كردن بە كۆیلایەتى! رەنگە خوێنەر بڵێت: "لەم سەردەمە و كۆیلایەتى؟!"، هەموودەزانین شتێك لە كوردستاندا بە ناوى حیزب نەماوە و بوونى نییە! ئەوەى كە هەیە بنەماڵەیەكە و قۆرخى كایەكانى ئەم هەرێمەى كردووە، دەست بۆ هەموو كون و قوژبنێكى دەبات، سەدان و هەزاران كۆیلەى لە خۆی كۆكردوەتەوە و لە ژێر ناوى حیزبێكدا رێكى خستوون، لێ لە بنەڕەتدا هەموو ئەو كەسانە و ئۆرگانەكانیان بۆ پاراستنى بنەماڵەیەكە، نەك خەمێكى گەورەتر كە (نەتەوە)یە! ئەوان نەتەوەشیان لە نێو بنەماڵەیەكدا بچوككردوەتەوە، تەنانەت كۆیلەكانیان لێرە و لەوێ بە گوێماندا دەدەن، كە ئەگەر "ئەو بنەماڵە نەبێت كورد دەفەوتێت"! تۆ بڵێیت پێناسە و مانەوەى كورد وەك نەتەوە وابەستە بێت بە بنەماڵەیەكى هەزار كەسى؟! دڵنیاشم خۆیشان ئەو حەقیقەتە باش دەزانن، بەڵام ناچارن ئەم جۆرە ئاوازانە بچڕن و گەر كەسیش نەبوو سەرچۆپیەكەى بگرێت، ئەوا خۆیان لەو بوارەدا زیرەكن و سەرچۆپیەكەشى بۆ دەگرن و لە ناو بۆگەناوى كۆیلایەتى خۆیاندا دەگەوزێن.
كۆیلەكان هەمیشە چەند دێڕێكیان پێیە، ئەوانیش ئەوەن گەر كەسێكى رەخنەگر و خاوەن هەڵوێست دەنگی ناڕەزایەتى هەڵبڕێت، سەرچۆپى كێشەكانى بنەماڵە لێى دەكەنە هەڵڵا و رەخنەكانى بە قسەى بێ مانا و تێكدەر و نەزان و كۆمەڵێ وشە و دەستەواژەى نەشیاو، كە تەنها شانى خۆیان هەڵى دەگرێت دەیبارێنن بە سەریدا، لێ كۆیلەكان لە كوردستان بن، یا هەندەران، ناوچاوى رەش و عەڵقەى كۆیلایەتى بە گوێیانەوە دیارە.
خاڵێكى تری كۆیلەكان پاراستنى هێڵى گشتى بنەماڵەیە! زۆرجار لەگەڵ ئەو جۆرە دەمامك و كۆیلانە گفتوگۆم كردووە و پێیان وتووم، "دەكرێت رەخنە بگرین، بەڵام كەموكوڕیەكان و بوونى گەندەڵى تاوانى سەرەوەى تیا نییە"! سەیرە هەر دەسكەوتێك بێتە دى حەكیمى و حیكمەتى سەرەوەیە! بەڵام بوونى كەموكورتى و لەدەستدانى پرسێك سەرەوەى لێ بێ بەرییە! بێ چاو و روویى ئەو كۆیلە قەڵەم خوارانە تا ئەو ئاستەیە بیانەوێت بەو قسانە ئێمە لە خشتە ببەن، مەگەر نەیانزانیوە كورد دەڵێت: "ماسى لە سەرەوە بۆگەن دەكات"؟!
قەڵەم شكاوەكانى بنەماڵە رۆژانە لەم سایت بۆ ئەو سایت، لەو گۆڤار بۆ ئەو گۆڤار و رۆژنامە بۆ رۆژنامە، راكە راكیانە بۆ بنەماڵە و ناشرینكردنى دەنگى حەق و بوێرى، كە ئەوان چاویان پێدا هەڵنایەت، بەڵام هەرچى بكەن و تاو بدەنە خۆیان وەك "ئەو تانجیەى كە لە راودا بە دواى دوو كەروێشك بكەوێت، ئەنجام هیچیانى بۆ ناگیرێت" بەشیان دەبێت. لە كوردەواریدا رازێك هەیە دەڵێت: "تانجیەك دەكەوێتە شوێن كەروێشكێك، زۆر هەوڵ دەدات بۆى ناگیرێت و ماندوو دەبێت، بۆیە بە كەروێشك دەڵێت بەڵێن دەدەم ناتگرم، بەس پێم بڵێ حیكمەت لەوەدا چییە من دوو دەست و دوو پێى درێژم هەیە و ناسراوم بۆ تیژ رەوى، تۆش دەستت لە قاچت كورتتر، بۆم نەگیراى؟! كەروێشكیش بە تانجى دەڵێت: تەنها حیكمەت ئەوەیە من بۆ خۆم رادەكەم، تۆ بۆ خەڵك را دەكەیت"، واتە تانجیەكە بۆ راوچیەكەى را دەكات و خواستى خۆى نییە، دواجار ئێمە لە ناخیشدا ئاسوودەین، چونكە وەك ئەو كۆیلە قەڵەم چروكانە نین بە خواستى بنەماڵەیەك راناكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست