کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دانانى شێروان حەیدەری وەك وەزیری داد، شەرعییەت دانە بە ئەنفال

Friday, 13/04/2012, 12:00


لە وادەى دەستاودەستكردنى كابینەى شەش بۆ حەوتى هەرێمى كوردستان و پێشكەشكردنى سیڤى وەزیرەكان بۆ دەستبەكار بوونى كابینەى نوێ لە پەرلەمانى كوردستان، كە ئەویش بە پێى وتەى عوسمان بانیمارانى لە وادە یاساییەكەى خۆى نەبووە، كە دەبوو 48 كاتژمێر پێش دانیشتنى پەرلەمان و ئامادەبوونى وەزیرەكان بوایە، كەچى 24 كاتژمێر پێش دانیشتنەكە بووە.
ئەوەى جێى هەڵوەستەكردنە و بووەتە ناڕەزایى لاى زۆربەى گەلى كورد بە گشتى و هەندێ كادیرە باڵاكانى ناو پارتى دیموكراتی كوردستانیش بە تایبەت ئەدهەم بارزانى، دانانى شێروان حەیدەرییە، كە كراوەتە وەزیرى داد لەم كابینەیەدا! هەرچەندە ناوبراو لە سەردەمى كابینەى پێنجیشدا هەڵوێستى لەبەرامبەر شێروان حەیدەری وەرگرت كە كرایە سەرۆكى لیژنەى یاسا لە پەرلەمان. بەڵام ئەمەش نەبووەتە هۆى بە خۆداچوونەوەى پارتەكەى تاكو چیتر ئەو كەسە بۆ پۆستى هەستیار نەپاڵێوێت!
بە پێى راپۆرتێكى گۆڤاری لڤین بێت و ئەوانیش لە ئەرشیفى رۆژنامەى سەورەى عێراقیەوە وەریان گرتووە، شێروان حەیدەری لە ساڵى 1983دا بڕى 3000 هەزار دیناری سویسری ئەوكاتى بەخشیوەتە حیزبی بەعس بۆ سەرخستنى پرۆسەى بەدناوى ئەنفال، كە دژ بە بارزانییەكان لەو سەردەمەدا كرا، دواتریش ئەو كردەوە نامرۆڤانە بەردەوامى هەبوو، كە لە ئێستادا بە 182 هەزار كەس مەزەندە كراوە. كە ئەدهەم بارزانى ئەو بڕە پارە بەخشراوەى لە لایەن ناو براوەوە لە پرۆفایلی شەخسى خۆی پشتڕاست كردووەتەوە.
ئەوەى جێى سەرسوڕمانە هەمیشە پارتى دیموكراتى كوردستان بلۆفى كوردایەتى و نەتەوایەتى بەسەر لایەنەكانى تردا لێ دەدات، پێى وایە ئەوان فریادرەسى گەلی زوڵملێكراوى كوردن! كەچى لە هەندێ لە ئاكارەكانیاندا زۆر پێچەوانەى ئەو درووشمانەیان جموجوڵ دەكەن!
ئەگەر بە كورتى بڕوانینە شۆڕشى جەزائیر كە بە وڵاتى یەك ملیۆن شەهید ناسراوە، دەبینین لە دواى ئازاد بوونیان لە ژێر دەستى فەرەنسییەكان، ئەوكەسانەى نۆكەری فەرەنسییەكان بوون بە هیچ شێوەیەك بۆیان نەبووە بەشداری لە حكومەتى وڵاتەكەیاندا بكەن! زۆربەشیان بەرەو وڵاتى فەرەنسا كۆچیان كردووە، كە زانیویانە چیتر لە وڵاتەكەى خۆیان لەبەر خیانەتكردن جێیان نابێتەوە. بەڵام لە كوردستان و لە ژێر باڵى دوو حیزبدا خیانەت و كورد فرۆشى بوونەتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەى پلە و پایە، وەك چۆن لە ئێستادا زۆربەى كادیرە توڕەكانى ناو پارتى جاشایەتى بە شۆڕشى ناوەڕاست ناو دەبەن!
دەكرێت لە سەركردایەتى پارتى بە تایبەت و سەرۆكایەتى كابینەى حەوت و ئەو هێز و كەسانەى تر كە دەنگیان بە كاندیدكرنى شێروان حەیدەری داوە بپرسین، ئایا دانانى ناوبراو بە وەزیری داد، شەرعییەت دان نییە بە كردەوەى ئەنفال؟! خۆ بینیشمان ئەندام پەرەلمانێكى سەر بە لیستەكەى مالیكى لە پەرلەمانى عێراق وتى: شتێك نییە بە ناوى ئەنفالەوە! پێتانوانییە كردەوەى ئەنفال لێرە بەدواوە بە كارێكى دادوەرانە لە لایەن نەیارەكانى كوردەوە ناو ببرێت و بۆ بەڵگەش دانانى كەسێك كە پارەى بۆ ئەو كردەوە نامرۆڤانە بەخشیوەتەوە لە ئێستایا كراوەتە وەزیری داد؟!
دەبێت كەس و كاری قوربانیانى ئەنفال ئەم كارە بە هیچ شێوەیەك قبوڵ نەكەن و هەڵوێست وەرگرن، تەنها لەبەر ئەوەى نەیارەكانى كورد ئەم كارەى دەسەڵاتى كوردى بە قازانجى خۆیان بۆ پەردەپۆشكردنى تاوانێكى وەها گەورە كەڵك وەرنەگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە