کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا هەندرێنی لقى2 لە سەنگەر گۆڕینەوە، بۆ گیرفان گۆڕینەوە

Thursday, 29/10/2009, 12:00


سەیر لەوەدایە هەندێ جار كەسەكان بە شێوەیەك دەگۆڕێن، كە مرۆڤ سەرسام دەكەن بەو پێچەوانەبوونەوەى ئەفكار، یا هەڵسوكەوت، یاخود ئەوەى كە زۆرێك لە تاكەكانى ئەم كۆمەڵگایە خووی پێوەگرتووە ئەویش گۆڕینى سەنگەر و حیزب! لەوپەڕى چەپ بۆ ئەو پەڕى دۆڵ و نشێو و لالەزارى خێڵەكى.
هەرچەندە گۆڕان پڕۆسەیەكى لە سەرخۆى ئەبێییە، بەڵام چ گۆڕانێك؟! ئەو گۆڕانەى كە لە كەسێك، یا سیستمێك، كە روودەدات ببێتە مایەى خۆشگوزەرانى بۆ كۆمەڵگا و جێى رازى بونیان، بەڵام لە كۆمەڵگایەكى زۆرى ئینتیهازى وەك ئێمەدا ئەو گۆڕانە نەوعى و جەوهەرییە لە كەسەكاندا كەمترن، بەڵكو زۆر لەوكەسانەى كە سەنگەر گۆڕێنەوە و لادان لە ئەفكارى پێشتریان روو دەدات گەر لێى بكۆڵیتەوە دەبینى تەنها لە پێناو ئیمتیازى خودى خۆى بووە، كە لە كاتێكدا باشتر لە هەڵسوكەوتى بفكریت ئەوكات ئەو راستیەت بە ئاسانى بۆ دەردەكەوێت.
ئەوەتا كەسێكى وەك مەلا هەندرێن، كە كارگێڕى راگەیاندنى لقى2ە، بەو پێیەى ئەم هاوڕێیە وك بڕنەو وابووە هەر راكێشانێكى حیزبێك بووە و دواجار ئەو فیشەكەى كە تەقیووە تومەس زەرد بووە و پارتى دەرچووە! وەك دەڵێن هەر لەسەر حەبلى شیوعیەت و زەحمەتكێشان و یەكێتیەوە بیگرە تا دواجار خۆى لەسەر حەبلى پارتیدا گرتۆتەوە و خوا هەڵناگرێ بازبازێنى باشى كردووە و پێموابێ و درۆم نەكردبێ رەنگە لە یارى ساحەومەیدان و بە تایبەت 3 باز توانایەكى لە رادەبەدەرى هەبێت!
ئەم هاوڕێ ماركسیە كە دواجار لە دواى لێدانى عێراق ماركسیەتەكەى خۆى موتوربەى بیرە خێڵەكیەكەى پارتى كرد، ئەرێ چى دەرچوو؟َ! ئا بیرم كەوتەوە لەوانەیە ئەوە دەرچووبێت كە لە كاتى خۆ گۆڕینى بۆ پارتێكى خێڵەكى وتبێتى نیەتمە ئەم ماتریالیزمى دیالیكتیەم موتوربەى رێبازى خێڵەكیزمى پارتیزم دەكەم بەو نیەتەى كە بتوانم لەو نێوەندەدا وەك كابراى سەردیوار بە دەستێ چەقەنە لێبدەم و بە دەستەكەى تر بكێشم بە سنگى خۆمدا! ئێ ئەویش وەك هاوڕێ كۆنە شیوعیەكانى ترى وایە كە ئێستا لەناو ئەو بازنەدا خولەیاندێت و راگەیاندنی ئەو حیزبەیان بە قۆنتەرات گرتووە و بیلامانێ بۆ كەسى بەرنادەن و عەیبیش نەبێ پارتیە ئەسڵەكانیش ئەو گرتنەیان پێ خۆشە و تەزووى شادیان پیادێت!! ئەرێ تۆ بۆ هێندە بێویژدانیت و واز لەو كۆنە شیوعیانەى ناو پارتى ناهێنى؟! بۆ باس لەوانى تر ناكەیت؟! بۆ هێندە بەشوێن عەیب و عارى خەڵكیدا دەگەڕێیت؟! ئەو هەش بەسەرە ئێستا ئیسراحەتیان بە دەم و كەلامى داوە و ناتوانێ وەك ساڵانى شەڕى ناوخۆ قسە لەسەر 31ى ئاب و ئەو شتانە بكات و وەك هاوڕێكانى ترى رازین بەو رێبازە و سەركز بۆى دانیشتوون و لە خوایان دەوێت ئەم حیزبە تازەیان بیر لەو هەڵوێستانەى رابردوویان نەكەنەوە، نەوەك خوانەخواستە موچەكانیان ببەنەوە خەزێنەى سەركردایەتى، ئەمانیش ناچار غلۆر غلۆر بەرەوباوان بڕۆنەوە! گەر نەتزانیوە بۆ وازیان لێناهێنم ئەوەیە تەبیعەتى پورە فاتمى دراوسێمانیان هەیە دەستیان بۆ ببەیت و نەبەیت دەستدەكەن بە (ئەلەلەلەلەلە).. ئەرێ بەڕاست جا باوانیان كامە؟! ئەو باوانەى كە بە تەریقەى ویست كەوتۆتە باوەشى پارتیەوە؟! ئاخر دە بەسە ماڵتم ئاواكرد بۆ ئەوەنە لەسەر شت دەڕۆیت و دەتەوێت بن بەڕە بێنیتە سەر بەڕە؟! بەخوا تۆش بە دەردى كابرا دەبەن و سەرنگومت دەكەن؟! یا لە پەنایەكدا دوو خزمەتگوزارى رێكخراوێكت بۆ دادەنێن و دەڵێن حەسیرمەیدانى ئەو دەم درێژە چالاكیتان بێت! ئێ خۆشت دەزانى ئەوانیش بەدواى چالاكیدا دەگەڕێن ئێ لە دواییدا سەروخۆیان مكافەئەیەكیان بكەن؟!
مەلا (هەندرێن) رەنگە هەندێجار لە كۆبونەوەكانیدا لەناو لقى2دا لێى تێكبچێت و سەرەتاى قسەكانى بە مەدحكردنى لینین و ماركس و خرۆشۆف و گۆرباتشۆف دەستپێكات و دواجار بیباتەوە بۆ سەركردەكانى هەریەك لەو حیزبانەى كە رۆژێك لە رۆژان لە خزمەتیاندابووە و باس لە هێز و ئەقڵ و مەنتیقیان بكات و باس لەو گۆڕانە نەوعى و جەوهەرییانە بكات كە لەسەر دەستى ئەو كەڵەشاخ ببورن كەڵە پیاوانەوە هاتۆتە ئاراوە و، لەونێوەندەدا ئەم هەش بەسەرە لە ناو بارەگاى پارتیدایە و موتوربەكەى بیردەكەوێتەوە و دەڵێت هاوڕێیان، ببورن هەڤاڵان ئەو سەركردە لێهاتوانەى كە باسمكردن بڕواتان بێت ناگەن بە حەكیمى و لێهاتووى جەنابى بارزانى!! یاخود نەشیدى پارتى لێببێتە نەشیدى ئینتەرناسیۆنال و بڵێ گیرفان گۆڕینەوەكانى جیهان یەكگرن..ئاخر شەڕە شەڕى سەروماڵ با یەكگرتووبین هاوڕییان، یاخود بڵێ بە 31ى ئازار نەمرێ جەژنى كارگەران..بانگى یەكێتى و خەباتە بۆ تێكۆشەران!! ئێ ئەم برادەرە خۆ ناهەقى نییە بڕوات بێت ئەوەندەى ئەفكارى ئەملا و ئەولاى لە مێشكیدا چەسپاندووە هەرباشیشە بتوانێت لە دواساتى فاوڵەكانیدا بەو شێوە بیهێنێتەوە نەخوازە دواجار بیكەن بەساقەى یەك تەقریر! وەك چۆن ئەو كۆنە كادیرە (حسك)انەى كە بە رێككەوتنیش چوونەتە ناو یەكێتى و پارتیەوە، كەچى ئەو قوڕ بەسەرانە چەنێ چالاك و زیرەك بن ئەگەر لە مەكتەبى سیاسیى هەردوولا ناوى یەكێ لەو كادیرانە بێنن و بڵێن فڵان كەس! ئەڵێن كێ؟! ئەڵێن فڵان كۆنە حسك، واتە مرۆڤ لە سەرەتاوە بەچى دەسی پێكرد تەڵقینى سیاسیشى هەر بەوەیە، هەروەك چۆن تا ئێستاش عەیارى جەلالى و مەلایى كاڵ نەبوەتەوە! بۆ مێژوو دەڵێم (حەبیب محەممەد كەریم)ى سكرتێرى پێشووى مەكتەبى سیاسیى لە دواى ئاشبەتاڵ خزمەتى قیادەى بەعسى كرد، كاتێ لە مەجلیسى قیادەى سەورە ناویان بهێنابایە و یەكێ نەیناسیایە لە دواییدا پێیان دەوت "هدول زومرە الملا".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە