مە لا بەختیار دەبێت دواهەمین كەس بێت باسی ئیمتیازی بەلاش بكات
Tuesday, 07/02/2012, 12:00
مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەب سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەرپرسی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتیەكان، ووتارێكی بڵاوكردۆتەوە لە سایتی چاودێردا بەناونیشانی "پەندەكانی ناكامی هەڵبژاردنی كوەیت"
ئەگەرچی بابەتەكە لە بنەرەتدا بۆ موزایەدەی شاریعی كوردی و موجامەلەی حكومەتەكەی نێچیرڤانە، چونكە ووتارەكە سەد دەرسەد پەیوەندی نە بە پەندەوە هەیە نە بە هەڵبژاردنیشەوە، ناوبراو ویستویەتی لەو ووتارەدا مەسجێك بدات بە گوێی رای گشتی و شەقامی كوردیدا كە یەكێتی و لیستی كوردستانیش وەك نەوشیروان مستەفاو لیستی گۆران ئەتوانێت سەركۆنەی پەرلەمانتارەكانیان بكەن، بەڵام كۆمیدیاكە ئەوەیە بۆ ئەم سەركۆنەیە، مەلابەختیار خۆی لێ بۆتە ئەو كاراكتەرەی كە دەتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت وەك نەوشیروان مستەفا، بەبێ ئەوەی كە بزانێت سەرجەم شكست و نشوستیەكانی هەڵبژاردنەكانی رابردوو بەشی شێری بەر خۆی دەكەوێت نەك كەسی دیكە.
ئەگەرچی ئەم ووتارەی ناوبراو بەتایبەتی پەرە گرافی كۆتاییەكەی كە پەیوەندی بە پەرلەمانتارەكانی لیستی كوردستانییەوە هەیە، هەڵگری دونیایەك پارادۆكس و موفارەقەی گەورەیە بۆ خودی مەلابەختیارو حاشیەكەی چواردەوری، هەم لە سەركردایەتی و هەم لە مەكتەبی رێكخراوەكان و لیژنەی ئۆلۆمپی و گۆڤارە وەهمیەكان، كە خۆی باش دەزانێت خزم و كەسە نزیك و حاشیەكانی ناوبراو چۆن سودمەند بوون لەو بودجەو داهاتە زەبەللاحەی مانگانە دێتە بەردەستی ناوبراو، نمونەی زیندو، تەنها بودجەی یەك مانگی مەكتەبەكەی كاك مەلا بەختیار 700 حەوت سەد ملیۆن دینارە كە 100 سەد ملیۆنیشی سەرف ناكات دەكاتە موچەی سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان كە بەرێزیان زۆر بەسادەیی تەشهیریان پێدەكات و چاوی بریوەتە خانەنشینی ئەو پەرلەمانتارانە و دەڵێت " چ جۆرە پەرلەمانتارێك لە ئاستی بەرپرسیارێتی پەرلەماندا بووە، كامیشیان بە درێژایی چوار ساڵ چوار رستەی رێكو پێكیان نەخستۆتە خزمەتی پەیامی لیستی كوردستانی و كۆمەڵانی خەڵك، هەر رستەیەك لەو رستانە، ئەگەر ئەو جۆرە پەرلەمانتارە كەم لە بارا بوانە وتوبێتیان، ساڵانە لانی كەم سەد ملیۆن دینار لەسەر حكومەتی كوردستان كەوتووە، پاشانیش بەپارەیەكی زۆر ئا ئەم پەرلەمانتارە ناشایستانەش خانەنشین دەكرێن"
سەیرە مەلا بەختیار شین بۆ پارەی حكومەت ئەكات؟ لەكاتێكدا لە باشترین شوێنی سلێمانی چەندین ئەرزەی وەرگرت و فرۆشتییەوە بە پارەی خەیاڵی، ئێمە هەڵە زمانەوانیەكانی ئەم پەرەگرافە كورتەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و جیاوازیە دژ بەیەكەكانیش راست ناكەینەوە كە مەگەر خۆی بزانێت مانگانەو نەسریەو ئیفادو سەفەری چەندەو چەندی بۆ نوسراوە ، وەك (كامیشیان، وتوبێتیان، ئائەم) تەنها ئەوە بە بیری بەرێزیان دەخەینەوە كە بیرۆكەی دەستنیشانكردنی كاندیدی ناشایستەو نوێنەری درۆینەو دەستخەرۆیی دەسەڵاتدارێتی و نەهێشتنی فلتەرو عەقڵیەتی تەسكی حیزبایەتی و دەستەگەری، لەو مۆدێلانەن كە بەرێزیان داهێنانكاری بۆ كردن لەناو جەستەی یەكێتیدا (ئەمەل و وەزیرە) دوو نمونەی بەرجەستەن،
با بەرێزیان لە بری جوملەی تەشهیر ئامێزو نا عەقلانی و رەخنەی دوور بەدوور بۆ یەك جار سەردانی پەرلەمانی بكردایەو پەرلەمانتارانی بەسەركردایەتەوە؟ لەبری داوەتكردنی ئەو هەموو هونەرمەندو شاعیرە ژیكەڵەو میكەڵەیە و ئەو نوسەری شۆڤێنی و ئەو ئەدیبانەی كە سەدان هەزار دۆلاری بۆ سەرفكردن لە ڤیستیڤاڵە لاوازەكانی گەلاوێژدا، با نیو هێندەش بە خەم پەرلەمانتارەكانی لیستەكەیەوە بوایە؟
هیچ نەبێت خۆ ئەو پەرلەمانتارانە چەندین سەردان و چالاكییان هەبووە بۆ فەرمانگەكان و گوندەكان و بینینی كەم و كورتیەكان و خستنە رووی پێشنیارەكان، لەماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا و جەماوەری دەنگدەریش شاهیدی بۆ ئەو راستیە ئەدەن بەڵام لەبەر ئەوەی كە كاندیدەكانی كاك مەلا بەختیار نەبوون و نین و باوەریان بە دەستەگەری نییە بەداخەوە كاك مەلا بەختیار چالاكیەكانیان نابینێت و بە هەڵەداوان كەوتۆتە رەخنەگرتن لێیان.
بۆیە ئێمە بە بەرێزیان ئەڵێین ئیدی تۆش وورد تر و قوڵتر كاربكە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لامەدە لە هێڵە راست و دروستەكەی یەكێتی، تۆ دەبێت بزانیت چەندین ساڵە لە چەندین پۆستی باڵای یەكێتیدا چەقی دەسەڵات و لوتكەی هەرەمەكەت گرتووەو چۆڵی ناكەیت بۆ كەس و سەری زمان و بنی زمانیشت دیموكراسیەت و تەداولی سوڵتەیە، چیت كردووە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان؟ ئاخۆ دەتەوێت بە ووتارێك خۆت پاك بكەیتەوە لەو هەموو گەندەڵی و گوناه و كەمتەرخەمیانەی كردووتە لەرابردووداو دەستە چەورەكان بسریت بەو پەرلەمانتارانەدا كە موچەكانیان هێندەی یەك دەعوەت نییە كە بۆ ئەم و ئەوی ئەكەن لەپەناو پەسێرەوە، تا ئێرەو بەس چونكە قسەی دیكەمان دەبێت..........!؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست