گۆڕان هێزە تەنیاكە (شڵەژانی سیاسی لای گۆڕان)
Saturday, 25/12/2010, 12:00
گومان لەوەدا نیە بزوتنەوەی گۆڕان بەدەر لەوەی ئێستا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم هێزێكی جەماوەری و خاوەن پێگەی بەهێزە، لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان و بەدیاریكراویش لە بەغدای پایتەختی عیراق خاوەنی پێگەی خۆیەتی و لەپەرلەمانی عیراقدا خاوەنی هەشت كورسییە كە ئەمەش سەنگ و قورساییەكی زیاتری داوەتێ.
بزوتنەوەی گۆڕان رەنگە تاكە هێزی هەرێم بێت كە بۆچونە جیاوازەكانی لەنێو هەناوی خۆیدا كۆكردبێتەوە و رەوتێكی وەهای دروستكردبێـت بێ گوێدانە رای سیاسی و رابوردوی حزبایەتی و لایەنگری هەر ئایدۆلۆژیاو ئاینێكی دیاریكراو خەبات بۆ ئامانج و ئاواتێكی مەزن بكات كە ئەویش گۆڕان و گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە لەكوردستان.
بۆنمونە لەم هێزەدا لەوپەڕی چەپی تیادایە تاوەكو ئەوپەڕی راست، عەلمانی و ئیسلامی، مۆدێرن و كۆنزەرڤاتیڤ،كۆنە یەكێتی و گۆڕانخواز، گەنج و پیری لەخۆی كۆكردۆتەوە كە هەموو ئەمانەش هێزێكی سەیری داوەتێ و بزوتنەوەیەكی جیاوازی سیاسی لێدروستكردووە .
گومان لەوەشدا نیە بزوتنەوەیەكی وەها بەم پێكهاتە سەیرو جیاوازەوە دیاریكردنی هێڵە سیاسیەكانی هەندێكجار ئەستەم بێت و هەندێكجاری دیكەش بریارە سیاسیەكانی لەلایەن خەڵكەوە بەر رەخنە بكەوێت و گومان لەسەر ئەدای نوێنەرەكانی بكرێت.
هەموو رەخنەو گومانێكی بنیاتنەرانەش لەم بزوتنەوەیە رەواو هەقە چونكە هەرچی هێزێك گوێ لەرەخنەو گومان نەگرێت ئەم بزوتنەوەیە نابێت پشتگوێی بخات چونكە دواجار بنەمای ئەم هێزە لەسەر رای جیاواز دروستبوەو هەر هەوڵدانێك بۆ كوشتنی دەنگی رەخنە و ناڕەزایبون لەلایەن كەسەكانی ئەم هێزەوە بەخراپ لەسەر ئازادی و ئازادی رادەربڕین دەكەوێت، هەروەها دەیەها دروشمی ئەم بزوتنەوەیەش دەكات بەهەڵمی ئاو.
روداوەكانی ئەم دواییەی عیراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە بزوتنەوەی گۆڕان لەبریارە سیاسیەكانیدا توشی شڵەژانێكی سەیربووە كە تاوەكو ئەم ساتە وەڵامێكی قەناعەتپێكەرمان لای سەرانی ئەم بزوتنەوەیە دەستنەكەوتوە كە ئایا ئەمە ئاراستەی سەرەكی سیاسی ئەم بزوتنەوەیە یاخود ئەم شڵەژانێكی سیاسی كاتییە و دەگەڕێتەوە بۆ بێ ئەزمونی.
با لەبەشداریكردنی گۆڕانەوە دەست پێبكەین لەئیتیلافی هێزە كوردستانیەكان،دیارە بەشداریكردنی گۆڕان لەم ئیتیلافەدا زیاتر ماكیاجكردنێكی ناشیرین بوو بۆ روخساری هێزە دەسەڵاتدارەكانی كورد،چونكە هەڵەی یەكەمجارو كوشندەی گۆڕان ئەوەبوو كە یەكێتی وپارتی بەناوی كوردایەتیەوە فریویانداو رۆشتە ناو ئەو ئیتیلافەوە، لەبەرئەوەی ئەزمونی ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە لەبەغدا ئەوەی دەردەخست ئەوان جگە لەدەستكەوتی خۆیان گوێ بەدەستكەوت بۆ كورد نادەن و دروستكردنی ئەم ئیتیلافەش تەنها بۆ بەهێزكردنی داواكارییە حزبییەكانی خۆیانە(وەك بینیشمان هیج خاڵێكی داواكارییەكانی كورد جگە لەسەرۆككۆماری جێبەجێنەكراون)، دواتر گۆڕان كە بۆماوەیەكی زۆر لەناو ئیتیلافەكەشدابوو نەدەبوو لەكۆتاییەكەیدا بكشێتەوەو فریای هیج داواكارییەك نەكەوێت و هێزەكانی دیكە لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێكبكەون.
ئەو كاتەی گۆڕان كشایەوە هێڵە سەرەكیەكانی دروستكردنی حكومەتی عیراقی ئاشكرابوو، ئەمریكا مەسعود بەرزانی راسپاردبوو دروستكردنی حكومەتی عیراقی ببڕێنێتەوەو لەرێگای دەستپێشخەرییەكەوە كە خەڵكانێكی سادە بەدەستپێشخەری مەسعود بەرزانی تێگەشتبون هێزە سیاسیەكانی عیراق رێكبخات، كە دیاریشە كارێك سەرۆكی هەرێم بیكات گۆڕان بێبەش دەكات لێیی، ئەوەشبوو هەمومان بینیمان دوژمنەكانی دوێنێی كورد ساڵح موتڵەگ و ئەسیل نوجەیفی بانگی هەولێركران و نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەكەی بانگ نەكران.
هەڵەیەكی دیكەی گۆڕان لەبەغدا كاریگەرییەكی خراپی لەسەر هەڵویست و ناوبانگ و سیاسەتی جێهێشت بێ دەنگیان بوو لەكاتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆك كۆماری عیراق، نوێنەرانی گۆڕان هەڵەیەكی ستراتیژییان كرد كاتێك لەو پرۆسەیەدا رونكردنەوەیان نەدا، ئاخر گۆڕان لەهەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی ئەوەی دەكرد ئەو پۆستە نەتەوەیی نیەو حزبییەو پۆستێكی تەشریفاتیە،هەربۆیە بون ونەبونی لەبەرژەوەندی كورددانیە، كەچی كتوپڕ قەناعەتیان گۆڕاو دەنگیان لەبەرژەوەندی سەرۆك كۆماردا(ئەو سەرۆك كۆمارەی ئەوان هەموو شەوێك لەكەناڵەكەیانەوە هێرشیاندەكردە سەری و دەنگیان پێ كۆدەكردەوە).
هەموو چاودێرێكی سیاسی ئەگەر تەماشای شانۆی سیاسی عیراقی كردبێت بۆ دەركەوتوە گۆڕان لەكوێ هاوكێشەكەدا بووە، هێزە سیاسیەكانی عیراق بەتایبەتیش شیعەكان كە هاوپەیمانی ستراتیژی یەكێتی و پارتین بەئاسانی دەست لەم دوو حزبە كوردییە بەرنادەن بۆ هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كوردی، چونكە بەرژەوەندی ئەم گروپانە لای یەكێتی و پارتییە نەوەك گۆڕان، گۆڕانیش بەهەڵە لەوە گەشتبوو، هەربۆیە وەك دواجار بینیمان حكومەتی عیراقی راگەیاندراو وەزیرێكیش بە گۆڕان نەدرا.
بەبڕوای من گۆڕانی بەغدا گۆڕانی كوردستان نیە، ئەم هێزە لەبەغدا نازانێت سیاسەت بكات، نازانێت دەنگی چەوساوەكانی كوردستان بەبەغدا بگەیەنێت، ناتوانێت ئاستی گەندەڵی دەسەڵاتدارانی كوردی پیشانی بەغدا بدات و پێیان بڵێت هاورێیان هەر ئێوە گەندەڵ نین، ئەمانەی ئێمەش لەئێوە باشترنین، ئەو بەهەشتەی كە باسدەكرێت لای ئێمە وەهاش نیە، فەرمون ئەو ژمارەی وەزیرە خانەنشینكراوەكان كە خۆی دەدات لەهەزار، ژمارەی موچەخۆرانی حزب سەدان هەزارە، ناعەدالەتی لەوپەڕی ئاستدایە، وەكچۆن سەرزەوین خوارد، ئێستا خەریكن ژێر زەویش دەماشنەوە، ئیدی بەمجۆرە سەدان و هەزاران گەندەڵی دیكە.
گۆڕان لەبری دەرخستنی هەموو ئەمانە كەچی داوای پۆستی دەكرد، هەربۆیە جارێكی دیكە دەسەڵاتدارانی كورد پاشقولێكی دیكەیان لەگۆڕان گرت و هێندەی دیكە تەنیایان كرد.
ئێستا گۆڕان لەكوردستان ولەبەغداش هێزێكی تەنیایە،گۆڕان هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، هەڵەیە گەر بیرلەوەبكاتەوە وەك هێزە ئیسلامیەكانی دیكە پێیەكی لەناو دەسەڵات و پێیەكی لەناو ئۆپۆزسیۆندا بێت، چونكە جەماوەر زۆر زوو لەو یارییانە گەشتوە، گۆڕان دەبێت بیر لەدەسەڵات نەكاتەوە بیر لەجەماوەر بكاتەوە، ئەو خرۆشانە جەماوەرییەی بیرنەچێت كە ئەوی دروستكرد.
دەبێت دان بەوەدا بنێین دۆخی بریاری سیاسی لای گۆڕان ئێستا شڵەژاوە، هاوكاریكردنی ئەم هێزەو دەرخستنی هەڵەوكەموكوڕییەكان ئەركی هەموو ئەوانە دەیانەوێت مۆمێك لەم شەوەزەنگی گەندەڵیەدا هەڵبكەن.
گۆڕان دەبێت بریاری ئۆپۆزسیۆن بون بدات لەهەموو دۆخێكدا، ئۆپۆزسیۆنێكی شەرمن نا، ئۆپۆزسیۆنێكی بەجورئەتی وەك هەڵبژاردنەكانی تەموزی كوردستان، ئەوكات دەشزانێت چۆن بریاری سیاسی بدات.
د_ دەربەندیخان
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست