کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕانەكەی گۆڕان

Monday, 10/10/2011, 12:00





حەزناكەین كەس موزایەدە بەسەرمانەوە بكات و خۆیمان لێبكات بە گۆڕانخواز و ئێمەش بە كۆنخواز، ئێمە ماوەیەكە زۆرە بانگەشەی گۆڕانكاری دەكەین و وتارمان نوسیوە و لەهەڵبژاردنەكانا دەنگمان بەگۆڕان داوە، ئێستاش كە رەخنە دەگرین خەممان خەمی گۆڕانە نەوەك خەمی حزبی گۆڕان.
من ئێستاش یەك شت لام بوەتە پرسیارێك و پێویستم بەوەڵامێكی سادە هەیە، ئایا سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوای 25ی 7ی ساڵی 2009وە ئەو هەموو دەنگەیان هێنا لەوە تێگەشتون خەڵكی دەنگیان بەگۆڕانكاری داوە نەوەك بە حزبی گۆڕان؟ ئایا ئەوە دەزانن ئەو حەماسەتە و ئەو هەڵچونە جەماوەرییەو ئەو رەتكردنەوەی گەندەڵییە تەنها بۆ ئەوەبوو هەیمەنەی حزب و كاریزمای حزب و بازاڕی حزب كۆتایی پێبێت؟ ئایا ئەوە دەزانن بێزاری خەڵكی بێزارییەك بوو لە سیستەمی حزبی كوردی، بێزارییەك بوو لەو ناوچەو كۆمیتەو مەڵبەند ولقانەی كە بوبونە شوێنی بریاردانی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی خەڵكی؟ بەكورتیەكەی دژی چاخانەكانی حزببون كە هەموو مەسەلەیەكی تیادا یەكلایی دەكرایەوە.
ئەوە راستە بێزراوی هەندێك دەموچاوی حزب دەسەڵاتداریش هۆكاری سەرەكی ئەو دەنگانەی گۆڕان بون، بەڵام خۆ لەو دەمووچاوە بێزراوانەش هێشتا پڕ گردەكەن، هەربۆیە بەبڕوای من زۆرینەی دەنگەكانی گۆڕان دەنگی گۆڕانكاری بون، دەنگی نا بون دژ بەسیاسكردنی كۆی جومگەكانی ژیان.
ماوەیەكی زۆرە دەڵێین مادام گۆڕان ئۆپۆزسیۆنە نابێت لەسەری بنوسرێت و رەخنەی لێبگیرێت، هەمومان بڕوامان بەوەكرد، بەڵام ئیدی ئێستا كە مانگی هەنگوینی دەسەڵات و گۆڕانە هەق وایە رەخنەكانمان چەندە ئاراستەی دەسەڵاتە ئەوەندەش ئاراستەی گۆڕان بێت، راستیتان بوێت من (كۆمەڵ)و (یەكگرتو) بە ئۆپۆزسیۆن نازانم بۆیە بمبورن باسیان ناكەم.
رەنگە بزوتنەوەی گۆڕان تاكە هێزی كوردی بێت شانسی ئەوەی پێبڕاێت هاوسۆزییەكی زۆر لەناو هەموو هێز و توێژو چینەكانی كۆمەڵگای كوردیدا وەدەستبهێنێت و بتوانێت دەنگێكی بێ شومار وەدەستبهێنێت،بەئیسلامی و عەلمانی، بەچەپ وراستەوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی ئیدامە بەو هاوسۆزییە دەستەجەمعیە بدات و لەساتێك لەساتەكانی وەك ئێستادا بوەتە هێزێكی بێ پاشەڕۆژ و بێ ئایدیا و تەنانەت دابڕاویش، ئەویش بەو مانایەی ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی درێژە بەپەلكێشانی بدات و لەهەموو ناوچەكانی كوردستان درێژە بەبونی خۆی بدات.
هەڵەكانی ئەم بزوتنەوەیە زۆرن، كە ئێستا كاتی ئەوە نیە لێرەدا ریزیان بكەین، تەنها ئاماژە بەیەك هەڵەدەكەین ئەویش ئەوەیە ئەم بزوتنەوەیە بوەتە حزب و دەستی خستۆتە ناو هەموو رێكخراو پیشەییەكانی دیكەوە.
هەموو خەڵكی لەوە بێزاربون سەندیكاكانی تەندروستی و مامۆستایان و خوێندكاران و رۆژنامەنوسان و هتد هەمویان حزبی بون، كەچی گۆڕان لەبری ئەوەی ئەو تەقلیدە بشكێنێت و خۆی لەحزبیكردنی بەدوربگرێت كەچی هات لەبەرامبەری سەندیكاكانی حزبەكانی دیكەدا سەندیكای حزبی خۆی داهێنا، باشترین نمونەش ئەم كۆنگرەیەی دوایەمینەی مامۆستایانە كە كۆنگرەیەك بوو دەسەڵات و گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ بچوكترین سەربەخۆییان تیادا نەهێشتەوە.
لەم وڵاتەدا بەهۆی باڵادەستی ئابووری و سیاسی و سەربازی حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە حزب دروستكردن گەورەترین هەڵەیەكە سیاسیەكان بیكەن، نەوشیروان مستەفا رەنگە وەك ئەزمونی خۆی سەرەتا ئەوەی زانیبێت بۆیە كتوپڕ حزبی دروستنەكرد، بەڵكو لیستێكی سەربەخۆی دروستكرد و توانی ئەو دەنگانە بباتەوە، بەڵام دیارە ئێستا بیركردنەوەی ئەم پیاوە گۆڕاوە بۆیە تازە بەتازە دوای 30ساڵ زیاتر لەحزبایەتی دەیەوێت بەحزبێكی بچوكەوە دۆخەكە بگۆڕێت.
ئاخر ئەگەر حزبت هەبوو، بەرژوەندیت هەیە، بودجەت هەیە، ئەندامت هەیە، بۆ مانەوەی هەموو ئەمانەش پێویستت بەموساوەمەو سازشكردن هەیە، پێویستت بەپاراستنی ئەندامەكانت و نەبڕینی بودجەكەت هەیە، ئەوەتا لەدوای 17ی شوباتەوە حزبی گۆڕان توشی چی قەیرانێك بوە هەر رۆژەو لەسەر بابەتێك سازشدەكات، رۆژێك پشت دەكاتە خەڵك(وەك ئەوەی ئێوارەی 17ی شوبات كردی) و رۆژێكی دیكەش لەگەڵ سەرۆكی ئەو هێزەدا دادەنیشێ كە زێرەڤانی دەنارد گردەكە بسوتێنێ و رۆژگارێكیش سەرۆكی گۆڕان (لەهاتنی ئیزرائیل) ئاگاداری دەكردەوە.
رۆژێكی دیكەش بۆ وەرگرتنی بودجەكەیان لەخوێنی شەهیدانی 17ی شوبات خۆشدەبن، ئەو شەهیدانەی كە ئێستا راگەیاندنی گۆڕان بۆ تامی ناو چێشتیش باسیان ناكات.
دروستكردنی حزب واتە كردنەوەی مەكۆ(مورادیفێكی موحتەرەمانەی مەڵبەند ولق) واتە دروستكردنی خەڵكانی بەرژەوەندیخواز، خەڵكانێك رۆژ تا ئێوارە بیر لە ژیانی خەڵكی بكەنەوە، خەڵكانێك هەر خەریكی راپۆرت نوسین بن، بەكورتیەكە واتە دوبارە ئەزمونكردنەوەی كاری حزبایەتی حزبە دەسەڵاتدارەكان.
رەنگە زۆر كەس بڵێن ئەگەر گۆڕان نەبێتە حزب دەپوكێتەوە، من سەد دەر سەد بڕوام بەوە نیە، گۆڕان كە خۆی كرد بەحزب پوكایەوە، كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگای سویدی نیە حزبی باش و حزبی خراپ لێك جیابكاتەوە، حزبی كوردی هەمویان هەر یەك حزبن، ئەوە نیە هەموویان دەیان ساڵە یەك سكرتێریان هەیە، دەیان ساڵە كەس نازانێت بودجەیان چەندە، و چەندان و چەندانی دیكە.
بەبڕوای من ئەگەر گۆڕان هەموو هەڵبژارندنێك وەك لیستێكی سەربەخۆ دەهاتە ناو گەمە سیاسیەكانەوە، وەك بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی دەمایەوە حاڵی بەم رۆژە نەدەگەشت، چونكە لیستی سەربەخۆی كاتی هەڵبژاردن هەمیشە كەمترین كێشەی توش دەهات، ئەوانەی دەنگیان پێدەدا نانبڕاو نەدەكران چونكە نەدەناسران، بزوتنەوەی كۆمەڵایەتیش نەدەكەوتە ژێر كاریگەری روداوە سیاسیەكانی رۆژەوە و ئەو هەموو سازشەی نەدەكرد.
من یەك وتەی بەرێز (عەدنان عوسمان)م زۆر بەدڵە لەچاوپێكەوتنێكی گۆڤاری لڤیندا دەڵێت (من بەكاك نەوشیروانم وتوە گۆڕان كۆنگرە نەبەستێت باشترە).
بەستنی كۆنگرەی گۆڕِان واتە دوا بزمار لەتابوتی بزوتنەوەی گۆڕان،واتە هەمان تاس و هەمان حەمامی دەسەڵاتداران، سكرتێر كاك نەوشیروان و ئەوەكانی دیكەش هەموی دیارن، بەكورتیەكەی واتە حزبێكی دیكە بۆ هەرێمەكە زیادیكرد.
كە حزبیش زیادیكرد هەمویان چ جیاوازییەكیان هەیە چ یەكێتی بێت یا پارتی یا یەكگرتو یا كۆمەڵ یا شیوعی یا گۆڕان یاخود حسك.....بەراستی گۆڕان گۆڕانی كرد، حزبێكی دیكەی دروستكرد..

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە