تاوانە سێكسیەكان و تاوانەكانی جەنگ
Monday, 13/06/2011, 12:00
نووسینی : یۆان كۆڵ* ئەوە چیە ئەم رۆژانە لەویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا روودەدات، ئەو لەلایەك لەبەرامبەر تاوانە سێكسیەكاندا بەتوندی مامەڵە دەكات كەچی لەلایەكی دیكەوە ریگای هەڵهاتن بۆ چەند سەركردەیەكی دیكە خۆشدەكات ئەو كاتەی كە كێشەكان تایبەتن بەتاوانەكانی جەنگەوە.
بۆنمونە پۆلیسی نیویۆرك زۆر بەخێرایی سەرۆكی سندوقی نەختینەیی نێودەوڵەتی (سترۆس كان) یان دەستگیركرد پاش ئەوەی تۆمەتباركرا بەوەی دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر ژنەكرێكارێك لەو هوتێلەی كە تیایدا نیشتەجێ بووبوو، ئەم دەستگیركردنە خێراییەی كەسێكێكی دەوڵەمەندو خاوەن بڕیاری لەجۆری (سترۆس) بەئامانجی بەدێهێنانی دادگەری لەبەرامبەر كەسێك كە لەخواری خوارەوەی كۆمەڵگای ئەمریكیدایە، شایانی دەستخۆشی لێكردنە، ئەمەش ئەوەدەسەلمێنێت كە هیچ كەسێك لەسەرەوەی یاساوە نیە.
بەڵام بێوەژن و بێ باوكەكانی عیراق ناتوانن هیواخوازبن بە پۆلیسی نیویۆرك بۆ ئەوەی جۆرج بۆش بەهۆی تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتی دەستگیربكەن.
(گلین گرینۆلد) دەڵێت ئەو وانانەی كە هەمومان لە دادگاییەكانی (نۆریمبێرگ)ەوە فێریبوین هەموی لەبیرچونەتەوە، وە پێویستە بۆش و هەموو ستافەكەی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگەوە دادگایی بكرێن، بۆئەمەش پشت بەو نوسینانەی خۆی دەبەستێت كە پێشوتر دەربارەی ئەو مەسەلەیە نوسیونی، هەروەها نوسینەكانی (جان فریڵ).
یاساییەكان هەر بەتەنها بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگەوە نایانەوێت بۆش دادگایی بكەن، بەڵكو بەهۆی تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتیش وەك ئەشكەنجەدان، چونكە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكە میساقی نەتەوەیەكگرتوەكانیان ئیمزاكردوە كە وەك پەیماننامەیەك وەهایە و هێزی یاسایی هەیە.
فەسڵی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەكگرتوەكان هەموو جەنگێكی قەدەغەكردوە تەنها لەكاتی دوو حاڵەتدا نەبێت:
1- لەكاتی بەرگریكردن لەخۆ
2- هەروەها بەهۆی رێگەپێدانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە دژ بەرژێمێك كە مەترسی بێت بۆ سەر سیستەمی نێودەوڵەتی.
لەمادەی 51 لە فەسڵی حەوتەمی میساقەكەدا هاتوە (لەم میساقەدا نەهاتوە رێگا لەمافی ئاسایی دەوڵەتان یاخود تاكەكان یاخود كۆمەڵەكان بگیرێت بۆ بەرگریكردن لەخۆ هەركاتێك توشی هێرشكردنی چەكداری بون لەلایەن یەكێك لە ئەندامانی (نەتەوەیەكگرتوەكان)ەوە تاوەكو ئەو كاتەی كە ئەنجومەنی ئاسایش رێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی).
بەهەمان شێوە مادەی 42 باس لەوە دەكات ئەگەر بریارەكانی پێشوتر كاریگەری نەبوو ئەوا رێگای سەربازی دەگیرێتە بەر.
(جۆرج بۆش) هیچ بیانویەكی لەو دوو بیانوە نەبوو بۆ شەڕی عیراق كەچی سەرەڕای ئەوە جەنگەكەی ئەنجامدا، بەمانایەكی دیكە جەنگەكە بۆ بەرگریكردن نەبوو لەخۆ، هیچ بریارێكی ئەنجومەنی ئاسایشیش نەبوو ئەوە پشت راستبكاتەوە كە داگیركردنی عیراق پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
جەنگەكەی بۆش داگیركاری و لەدەرەوەی یاسابوو كە هەزاران هەزار كەسی تیادا بوە قوربانی.
(گرینۆلد) لە (بینجامین فێرێنز)ەوە كەپێشوتر داواكارێكی گشتی بوە لە دادگایی (نۆرێمبۆرگ) و ئێستا تەمەنی لە 90 ساڵی تێپەڕیوە دەگێڕێتەوە: هەموو جەنگێكی داگیركاری تاوانێكی بنەڕەتییە دژ بە مافەكانی مرۆڤ، چونكە هەموو تاوانەكانی دیكە كە رودەدات لەسیاقی ئەو جەنگەدا رودەدات.
توشی سەرسوڕمان هاتم كاتێك زانیم زۆرێك لەخوێنەرەكانم لەوە تێنەگەشتون كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە روی یاساییەوە پابەندە بە رێزگرتن لەمیساقی نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەوەش نازانن كە ئەم میساقە رێگا بەئەنجامدانی هیچ جەنگێك نادات لەدەرەوەی ئەو دوو هۆكارەی لەسەرەوە باسمانكردن.
(ئایزەنهاوەر)ی سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا بەشێوەیەكی رون وئاشكرا جەنگی ساڵی 1965ی بەریتانیاو فەرەنساو ئیسرائیلی دژ بەمیسر رەتكردەوە ئەویش بەپشت بەستن بەو حەقیقەتەی كە ئەم جەنگە داگیركارییە و دژ بەبەندی حەوتی میساقی نەتەوەیەكگرتوەكانە.
من هەروەك (گرینۆڵد) بروام وایە ئەوەشتێكی سامناكە رێگا بدەین كە بۆش و ستافەكەی لەدەستی یاسا رزگاریان بێت، بەڵام بۆ جەنگی لیبیا بروام وایە ئەوە شتێكی رەوایە چونكە نەتەوەیەكگرتوەكان رێگای پێداوە.
چاكترین دەزگاش بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە زۆر بەئاسانی دژی بۆش و دیك چینی و ستافەكەی دیكە ئیدارەكەی و بانگكردنیان بۆ دادگا هەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی سەربە كۆنگرێسە، هەرچی كۆنگرێس خۆیەتی لەژێر كۆنترۆڵی دیموكراتەكاندایەو پێشوتر رایگەیاندبوو كە رێوشوێنی یاسایی دژ بەبۆش ناگرێتە بەر.
ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە لەژێر هەیمەنەی كۆمارییەكاندایە دژ بەهەر هەوڵێك دەوەستێتەوە كە بەهۆی حزبایەتیەوە بێت.
سەرۆك (ئایزەنهاوەر) لەبەرگریكردن لەمیساقی نەتەوەیەكگرتوەكان هیچ سڵێكی نەكردەوە تەنانەت لەبەرامبەر هاوپەیمانە نزیكەكانیشی، بەڵام ئەمرۆ دۆزینەوەی پیاوێكی وەك ئەم سەرۆكە لەناو سیاسیەكانی ئەمریكادا بۆ بەدبەختی كارێكی ئەستەمە.
[email protected] * مێژونوسێكی ئەمریكییە سەرچاوە/ سایتی (ئیلاف)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست