درێژەی روداوەكەی دەربەندیخان - داواكراوێك پاش دوو كاتژمێر تەقەكردن خۆی كوشت
Tuesday, 20/07/2010, 12:00
سەعات 1ی پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ ماڵێك لەسەر شەقامی سی مەتری دەربەندیخان بوبە مەیدانی پێكدادانی داواكراوێك و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و جل رەشەكان.
خەڵكی بەكۆمەڵً وەستابون و سەیری دیمەنەكەیان دەكرد،داواكراوەكە تەمەنی 28 ساڵە و داواكراوە بەتۆمەتی كوشتنی پۆلیسێكی هاتوچۆ كەشەوێك لەشەوەكانی پار زستان لە خاڵێكی پشكنینێكدا كوژراوە.
تەقەكان تادەهات زیاتر دەبوو،ئاسایشێك بەتەقەی داواكراوەكە بریندار بوو، ئۆتۆمبیلی ئاسایش و پۆلیسیش تادەهات زیاتردەبون.
سەعات دوو و نیو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش ئاربیجیەیەكیان ئاراستەی ماڵەكە كرد، خەڵكی دوركەوتنەوە و دواتر دەنگی چەند تەقەیەك لەمالًەكەوە هات، پۆلیس و ئاسایش بانگەوازیان لە داواكراوەكە كرد خۆی بدات بەدەستەوە كەچی ئەو بەتەقە وەڵامی دایەوە.
موقەدەم سەلام ئەحمەد بەرێوەبەری پۆلیسی دەربەندیخان رایگەیاند: داواكراوەكە بەتۆمەتی كوشتن داواكراوە، هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس ویستویانە دەستگیریبكەن كەچی ئەو بەتەقە وەڵامی داونەتەوە ویەكێكیانی برینداركردووە.
دواتر دەنگی گوللە ئاربیچییەكی دیكە هات كە بەخانوەكەوە نرا، دەنگی تەقەیەكی دیكە هات لەماڵەكەوە،ئیدی بێدەنگی ئەو قەرەباڵغییەی داگرت، پاش چەند دەقیقەیەك پۆلیس و ئاسایش خۆیان كرد بەماڵەكەدا، دەركەوت كە بەگوللەیەك داواكراوەكە خۆی كوشتوە.
پەیامنێری سبەی كەوەك شایەد حاڵێك لەروداوەكە وەستابوو تێبینی ئەوەی كرد بێسەروبەری كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسەوە بەئاشكرا دیاربوو بەجۆرێك خەڵكی هێندە نزیكبوبەنەوە ژیانیان كەوتبوە بەرمەترسی و خەڵكیان پێ دەرنەدەكرا.
جێگای ئاماژەیە پەیامنێری كەی ئێن ئین و سبەی و رۆژنامە ویستیان وێنە بگرن لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە نەیانهێشت و تەنانەت ویستیان كامێرای كەناڵی كەی ئێن ئێن ببەن خەڵكی نەیهێشت كەچی پەیامنێری كوردسات بە ئازادی وێنەی دەگرت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست