بۆ ئەوەی كوڕەكەم داهاتوی جوانتر بێت...دەنگ بە دەستورنادەم
Tuesday, 30/06/2009, 12:00
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە دیداریدا لەگەڵ رۆژنامەنوساندا لەچەند رۆژی رابوردودا رایگەیاند بۆچی نابێت ئێمە دەستوری خۆمانمان هەبێت؟.
لەراستیدا هەر كەسێك كە گوێی لە قسەیەكی وەها دەبێت هاوڕایە لەگەڵ بارزانیدا و دڵخۆشە بەوەی كە ئەم هەرێمەی ئێمەش چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێت و هێزە سیاسیەكانیش لەژێر چەتری دەستورێكدا خەباتی خۆیان بكەن.
هیچ كەسێك كێشەی لەگەڵ هەبونی دەستوردا نیە، تەنانەت توندترین نەیاری سیاسی ئێستای ئەم دەستورەش كە نەوشیروان مستەفایە لەگەڵ هەبونی دەستوردایە، بەڵام كێشەی راستەقینە لەوەدایە ئایا چ جۆرە دەستورێك هەبێت، كام دەستورەیە دیموكراسیەت و ئازادییەكانی تاك و گروپەكان دەپارێزێت.
جارێ سەرەتا ئەم دەستورەی كە بارزانی پێیوایە بونی هەبێت باشترە پەرلەمانێك بریاری لەسەر داوە كە ماوەكەی بەسەر چووە و دەسەڵاتی یاسایی ئەوەیان نیە دەستورێكی وا چارەنوسساز بۆ میللەتێك دابنێن كە رەنگە زۆرینەی لەگەڵیدا نەبن.
دواتریش تێپەڕاندنی ئەم دەستورە بەم خێراییە بە ئاشكرا مەبەستێكی سیاسی لەپشتە، ئەویش دەستپێشخەریكردنە بۆ ئەوەی سبەینێ هێزە نوێیەكانی ناو پەرلەمان داهاتوو نەتوانن رەتی بكەنەوە و دواجاریش پەرلەمانێكی بێ دەسەڵات و تەشریفاتی دروست ببێت.
بەبڕوای من هێنانە پێشەوەی مەسەلەی دەستور ئالەم كاتەدا كە سەروبەندی هەڵبژاردنەكانی كوردستانە وخەڵكی بەحەماسەوە خۆیان بۆ رودواوێكی مێژووی گرنگی وەها ئامادەكردووە زیاتر بۆ خاوكردنەوەی خەڵك و لەبیربردنەوەی كۆمەڵێك گرفتی سەرەكییە كە حكومەتی كوردی لەماوەی تەمەنیدا نەیتوانیوە چارەسەری بكات.
یەكێتی و پارتی چەندین ساڵە هەستیان بەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كوردی جیدی نەكردووە ئەوەی هەبوە یا ئیسلامیەكان بوە كە لەبەڕەكەی خۆیان زیاتر پێیان رانەكێشاوە یاخود حزبەكانی دیكە بووە كە بەبودجەیەكی كەم گوێیان راكێشاون.
ئێستا نەبێ كە هەستدەكەن ئۆپۆزسیۆنێكی جیدی و هێزێكی گەورەی گۆڕان لەناخی خەڵكدایە هەربۆیە دەیانەوێت لەلایەك ئەو هێزە بەدەستورو كێشە دەستورەوە خەریكبكەن، لەلایەكی دیكەشەوە گەندەڵی و ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئابووری لەبیر خەڵك ببنەوە.
هەردوو هێزە سیاسیەكەی كورد لە بەغدا لەبەرامبەر داواكانی مالیكیدا كە داوای سیستەمێكی سەرۆكایەتی دەكرد بۆ عیراق زۆر بەتوندی دژی وەستانەوە و بە گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەتیان وەسفكرد.
كەچی ئێستا لێرە داوای سیستەمێكی سەرۆكایەتی توند و دەسەڵاتدار و پیرۆز دەكەن و رونیشی ناكەنەوە بۆمان ئەمەیان لەچی و ئەوەیان لەچی.
ئەم دەستورەی ئێستا سەرەتایەكی بچوكە بەرەوحوكمی بنەماڵەیی و دەستەبژێری گروپێكی دیاریكراو، ئەم دەستورەی ئێستا هەنگاوی یەكەمە بەرەو دیكتاتۆرییەت.
لەوڵاتە پێشەكەوتوەكانی دونیادا ئەوەی تەنها تەشریفاتی بێت سیستەمی سەرۆكایەتی وڵات و پادشایەتی وڵاتە، بەڵام لێرە لەم هەرێمە بچوكەدا تازە بەتازە بەدەستورێكی كۆن وبیروڕای سیاسی تۆز لەسەرنیشتو خەریكین دیكتاتۆرێك بەناوی سەرۆكەوە دروستدەكەین.
بەبڕوای من ئەگەر تا ئێستا بیانویەك هەبێت بۆ بێدەنگیمان نابێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دەستورە ئیدی هەمان بێت.
ئەم دەستورە داهاتووی نەوەكانمانی پێوە پەیوەستە، ئێمە باسی ئێستا ناكەین، باسی داهاتویەك دەكەین كە چاوەڕوانین گەشاوە بێت بۆ نەوەكانمان، نەوەی ئێمە مناڵیمان دیكتاتۆرییەت وبەعس و جەنگ و گەنجێتیشمان گرانی و شەڕی ناوخۆو ئێستاشمان ئەوەتا كە دەیبینین تیًَپەڕاندووە.
من خەمی كوڕەكەمە لە وڵاتێكدا گەورە بێت سەرۆك بە پێغمبەر بزانرێت و تا قیامەتیش نەوەی نەوەی سەرۆك حوكم بكەن، من ئەم دەستورە كۆنە رەتدەكەمەوە چونكە نامەوێت كوڕەكەم لەژێر سایەی دیكتاتۆرییەتدا بژی،لەسایەی بابژی بابژی و بابمرێ بابمرێ دا گەورە بێت..
دەنگ بە دەستورێك نادەم بە ئارەزوی سەرۆك جەنگ دروستبكرێت و كوڕەكەمی بۆ رەوانە بكرێت، بەحەزی سەرۆك دوژمن دیاری بكرێت و ئاگری كینەی بۆ خۆشبكرێت.
میللەتی ئێمەش دەبێت لەرۆژی دەنگداندا دەستورێك رەتبكاتەوە كە تا ئێستا نەیدوە، دەستورێك رەتبكاتەوە كە پەرلەمانێكی ماوە بەسەرچوو بریاری لەسەرداوە، دەستورێك رەتبكاتەوە لەجیاتی دیموكراسیەت تازە بەتازە بمانگەڕێنێتەوە بۆ دیكتاتۆرییەت، دەستورێك رەتبكاتەوە لەبری ئەوەی بەهەشتمان بۆ دروستبكات، دۆزەخمان بۆ گەرم دەكات.
دەربەندیخان
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست