کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیكایەتی پاسپۆرت دەركردن لەكەلار

Tuesday, 01/05/2012, 12:00



 

ئەوەی كە ئەم وڵاتەی وێرانكردووە بونی رۆتینیاتێكی زۆرە لە فەرمانگەكانی حكومەتدا، وەستانی سەرەی دورو درێژو ئیمزاو كۆپیكردنی بێ ماناو دواكەوتنی درێژی مامەڵە فەرمییەكانە.
ئەوەی رێزی مرۆڤ بێت لەم وڵاتەدا لەزۆربەی فەرمانگەكانی حكومەتدا ناگیرێت، ئەمە جیا لەواستەو واستەكاری، جیا لەدەستی حزب و برادەرایەتی، لەهەندێ شوێنیشدا جیا لەبەرتیل وەرگرتن و كار بەڕێكردنی ئاسان بۆ هەندێك كەس و بەپێچەوانەشەوە بۆ هەندێ كەسی دیكە.
من خۆم پاسپۆرتم هەیە و لەسلێمانی دەرمكردووە، ئەگەر پێم بڵێن لە پارێزگای سلێمانی دا چ فەرمانگەیەك لەهەموو فەرمانگەكان باشترە بێ دوو دڵی دەڵێم پاسپۆرتی سلێمانی، ئەویش لەبەر ئەو سیستەمەی لەو شوێنەدا هەیە كە هەموان وەك یەكن وئیشی هەموانیش بێ جیاوازی وەك یەك ئەنجامدەدرێت.
بەڵام ئەوەی من لێرەدا باسی دەكەم حیكایەتی دەركردنی پاسپۆرتێكە لەشارۆچكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەویش وەك وتم هی خۆم نا، هی هاوڕێیەكم.
لەم رۆژانەی پێشودا لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆشەویستمدا رۆشتین بۆ كەلار بۆ دەركردنی پاسپۆرت بۆ ئەو هاوڕێیەم، ئەمەش حیكایەتەكەیە.
پێشوتر بانك و كۆمپیوتەرو نوسینگەی پاسپۆرت چەند مەترێك لەیەكەوە دوربون، بەڵام ئێستا نوسینگەكە نزیكەی 1 كیلۆمەتر دوركەوتۆتەوە لە كۆمپیوتەرو بانك، جا نەهامەتیەكە لێرەوە دەست پێدەكات.
تاكە عەریزە نوسێك لەدەرەوەو بەرامبەر نوسینگەی پاسپۆرتی كەلار، لەژێر تاقەدارێكدا بەو گەرمایە مێزێكی داناوە (وەك لەوێنەكاندا دیارە)و فایل بۆ خەڵكی پڕدەكاتەوە.
هاوڕییەكەم فۆرمی پڕكردەوە، تاكسیەكمان گرت و رۆشتین بۆ بانك و كۆمپیوتەر،
ئەو كەسانەی مامەڵەكانیان بە كۆمپیوتەر پڕدەكردەوە دیاربوو تازە فێری كۆمپیوتەر بووبوون، هەر بۆیە بەنزیكەی 2 كاتژمێر سەرەمان هات و فۆرمەكانیان پێداینەوە.
هەموو كاتەكە نزیكەی 3 كاتژمێری پێچوو تا ئەو مامەڵانەمان تەواوكرد، بەتاكسیەكی دیكە گەڕاینەوە.
رۆشتینە بینایەكی گەورەی چۆڵەوە، ئەمە نوسینگەی پاسپۆرتی كەلارە، لەقاتی دووەم پۆلیسێك سەیرێكی فۆرمەكەی كرد كە كۆمپیوتەر پڕی كردبووە وتی فۆرمەكەتان هەڵەیە، ئەی چار؟ لەسەرەتادا وامانزانی تەنها لای ئێمە هەڵە كراوە، كەچی خەڵكانی دیكەش هەریەكەو بە بۆڵە بۆڵ دەهاتنە دەرەوە دەیانوت كە لەكۆمپیوتەر نازانن بۆ خەڵكانی وەها دادەنێن، هەر لەوێدا لە 8 كەس 6 كەسیان فۆرمەكەیان بە هەڵە پڕكردبوویەوە.
جارێكی دیكە بە تاكسیەك گەڕاینەوە بۆ لای كۆمپیوتەر، هەڵەكانی چاككردەوەو بەتاكسیەكی دیكە هاتینەوە.






پۆلیسەكە سەیرێكی دیكەی كرد، وتی فۆرمەكەتان تەواوە، بەڵام دەبێت مامەڵەكەتان لەفایلێكی نایلۆندا بێت، ئێ دوكانیش لەو نزیكانە نیە، بەتاكسی رۆشتین وجارێكی دیكەش بەتاكسی هاتینەوە،بەڵكو خوایە ئەمجارە تەواوبێت.
وتیان مامەڵەكەتان تەواوە بەڵام نوسخە چاككراوەكە دەبێت دوو نوسخەبێت و كۆپی بكەنەوە، ئەی چار؟ باشبووپۆلیسێك وتی مادام زۆر رۆشتون هاتونەتەوە لای خۆمان بۆتان كۆپی دەكەین، ماڵی ئاوا بێت.
مامەڵەكانمان تەواو، كاتژمێر 1 ی نیوەڕۆیە، وتیان كاتژمێر 3ی ئێوارە وەرنەوە بیبنەوەو سبەینێ بچن بۆ سلێمانی.
بەو گەرمایە چی بكەین، رۆشتین لەمزگەوتێكا ئیسراحەتمان لێكرد.
كاتژمێر 3 رۆشتینەوە،سەیر دەكەین مامەڵەی ئەو هەموو خەڵكە لەسەر مێزێك ی پرسگەكە دانراوە و پۆلیسێك دەڵێ هەركەسەو مامەڵەی خۆی بدۆزێتەوە، ئاخر چۆن وادەبێت، بەڵكو خەڵكێك مامەڵەكەی ئێمەی برد یان بەپێچەوانەوە، چارنیە، بەهەزار دوعا تا ئەوەی خۆمان دۆزییەوە.
ئەمەی من دەیگێڕمەوە خەیاڵ نیە، ئەمە واقیعە، ئەمە حاڵی كار رایكردنی هاوڵاتیانە لە دامودەزگاكانی حكومەتدا.
پرسیارەكە لەوێدایە كە فەرمانگەیەكەی گەورەی وەك پاسپۆرت لەگەرمیان دەكرێتەوە (كە ئەمە مافێكی رەوای گەرمیانیەكانە)دەبێت بەجۆرێكی وابێت كار بۆ هاوڵاتیان ئاسان بكات، هەر هیچ نا با وەك ئەوەی سلێمانی بێت.
ئاخر كەی رەوای هەقە هاوڵاتیەكی سادە و كەم دەرامەت لە 3 كاتژمێردا 6 جار بەتاكسیەك هاتوچۆ بكات بۆ مامەڵەیەكی سادەی وەك دەركردنی پاسپۆرت، كە هێشتا ئەوەش تەواو نەبووە، دەبێت دووجاری دیكەش بڕوات بۆ پاسپۆرتی سلێمانی بۆ تەواوكردنی.
بەڕاستی ئیدارەی گەرمیان هەقە بەدوای ئەم كێشەیەدا بچێت و چارەسەری بكات.

هێمن مەحمود حەمە*
[email protected]
* سەرنوسەری سایتی
Rwnaky.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە