کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلا عەلی شاعیری مەرگ و عەشق...

Tuesday, 20/12/2011, 12:00





هەستكردن بەنزیكی مردن هەستێكی ترسێنەر و سەیرو خەفەت ئامێزە، بۆ مرۆڤی سادە ئەوانەی كە ژیانیان خۆشدەوێ و بەتوندی باوەشیان كردووە بە ژیاندا هیچ شتێك لەوە قورستر و ترسناكتر نیە كە پێی بڵێن مردن هات...مردن ئەو ناوەی لەناخەوە هەمومان رادەچەڵكێنێت و بەهەزارەها شێوە لەخەیاڵماندا خۆی نمایش دەكات.
بۆ مرۆڤە ئاساییەكان ئەوانەی ژیانیان دەقی گرتوە بە شتە دوبارەبوەكانەوە ساتەوەختی مردن ساتەوەختی روخانی دونیایە، ساتە وەختی لەدەستدانی خۆشییەكان و گلۆربونەوەیە بەرەو دۆڵە قوڵەكانی نا ئومێدی و جێهێشتنی ئەوانەیە كەخۆشیان دەوێ و ئەوانەش كە ئەمانیان خۆشدەوێت.
رەنگە بەیانیەك كتوپڕ خەبەرمان نەبێتەوە، و خێزانەكانمان پاش نائومێدبون لەهەڵسانەوەمان بۆ هەتایی خۆیان بگرنە قوڕ، یاخود لەسەفەرێكدا ئۆتۆمبیلێكی سەرشێت هەنجن هەنجنمان بكات و پارچەكانمان بەئاسانی نەناسرێتەوە.
ئێمەی مرۆڤە سادەو ئاساییەكان یاخود بەنەخۆشی دەمرین یاخود بەروودوای زۆر توڕوهات و ئاسایی، هەربۆیە چۆن ژیانیشمان هیچ گرنگیەكی بەدوای خۆی جێنەهێشتوە، مەرگەكانیشمان هیچ شتێكی وەها جێناهێڵێت، ئێمە ئەوانەی دەستمان گرتوە بەژیاندا كتوپڕ وەك ئەوەی هەرگیز نەژیابین لەشاخێكی بەرزەوە فڕی دەدرێنە خوارەوەو هەپرون بەهەپرون دەبین..ئای مەرگ چەندە بۆ ئێمە سامناك و چەندە بۆ مرۆڤە گەورەو نائاسییەكان سەرنج ڕاكێشی.
مەلا عەلی وەك مرۆڤێك، وەك شاعێرێك، وەك پێشمەرگەیەك، وەك زیندانیەك پیاوێكی گەورەیە، گەورە بەمانای گەورەیی، بەمانای كەسێك لەساتەوەختی مردندا بەرووی ژیاندا پێدەكەنێ، لەساتەوەختی ژیانیشدا پێشوازی لەمردن دەكات.
قسەكردن لەسەر شیعرەكانی دەبێت خاڵی بكەینەوە لەهەستە سیاسیەكان، دەبێت بەدوربگرین لە پۆخڵەواتی ئەم سەردەمە، ئاخر ئەم كوڕی سەردەمێكە سیاسەت بەم شێوەیە ناشیرین نەبووە، سیاسیەكان بەم شێوەیەی ئێستا بوغراو بوغزای نەبون، سیاسیەكان نەبوبونە سەرمایەدار، شۆڕش و شۆڕشگێڕی مانای جودای خۆی هەبو، خەباتكردن و خۆبەكوشت دان تەنها یەك ئامانجی هەبوو ئەویش سەربەرزی نیشتمان.
مەلا عەلی كوڕی سەردەمێكی پاكبو، كوڕی شۆڕشێك بوو نەوەكانی بەپێكەنینەوە دەڕۆشتنە بەر پەتی سێدارە و سرودی نەمریان دەوتەوە، مەلا عەلی كوڕی كەس نیە كوڕی میللەت نەبێت، مەلا عەلی كوڕی بیرەوباوەڕی پاكی خۆیەتی، مەلا عەلی بەمانا مرۆڤ بوو، لێتان ناشارمەوە كەبۆ یەكەم جار دیوانی (شیعرو هەڵوێست)ی شەهید مەلا عەلی م خوێندەوە هەستێكی سەیر دایگرتم، لەناخەوە ئەو پیاوەم خۆشویست، وەك چۆن ژیانم خۆشدەوێت، مەرگێكی هاوشێوەی مەرگی ئەویشم خۆشویست.
ئەو ساڵەی ئەم پیاوە دەمرێت، من لەدایكبوم، بەڵام هەستدەكەم من و ئەو هاوڕێ بوین، هەستدەكەم پێكەوە لەموسڵ لەبەردەمی جەلادەكاندا هەڵواسراوین،پێكەوە دانیشتوین و چەندەها شەو قسەمان كردوە، كە مەلا عەلیم ناسی تێر تێرگریام، ئێستاش نەمزانی بۆ ئەو گریام یان بۆ خۆم.
ئەم شاعیرە كە ناوە ڕاستەقینەكەی (حسێن مەولود)ە ساڵی 1953 لەگوندی بەربەردی ناحیەی ماوەت لەگەڵ برایەكی دیكەیدا بەدوانەیی لەدایكبوە، ساڵی 1977 پەیوەندی كردوە بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە وبوەتە پێشمەرگە، لە 30-1-1979 لەگوندی كرژەی ناوچەی سورداش بەدەسیسەی خۆفرۆشانی كورد لەلایەن بەعسیەكانەوە دەستگیردەكرێت و لەرۆژی 23-7-1979 لەبەندیخانەی موسڵ لەسێدارەدەدرێت.
شیعرەكانی ئەم شاعیرە شیعری ساتەوەختێكن لەچاوەڕوانی مردندایە، شیعری شاعیرێكن چاوەڕوانی هەڵواسینە،شیعری شاعێرێكن ئەوەی بەژیانەوە دەیبەستێتەوە تەنها تاڵەمویەكە، شیعری كەسێكە چاوەڕوانی ئەوەیە نیوەشەوێك جەلادێك بەدەموچاوێكی بەستراوەوە ناوی بۆ مەرگ بخوێنێتەوەو بەڕاڕەوە تەنگ و تاریكەكاندا بەدەست بەسراوی بیبەن و لەسێدارەی بدەن، شیعری كەسێكە لەكاتی مردنیشا بیری لای ژیان وهاورێكانێتی لەقەندیل:

هاتەوە یادم شەوێكی قەندیل
هێنایە گریان دڵەی مات و دیل
ئەو دەستەی لەوێ بەفراو ئەیتەزاند
داخ كراوە لێرە بەئاگرو ژیل

ئەم شاعیرە وەنەبێت هەر بەتەنها بەرەوو رووی مەرگی وەها پێكەنیبێت، بەڵكو وەڵامێكی وەهای ئەو كەسانەش دەداتەوە كە پێیان وایە لەمردن دەترسێ، ئەم نەك هەر ناترسێ بەڵكو پێدەكەنێت، پێكەنینێكی وەها جەلادەكان دەهێنێتە لەرزەو هەر تەنها ئەوان لەمانای ئەو پێكەنین و زەردەخەنەی ئەم تێدەگەن.

ئەڵێن: ئەمرێ و، لەترسی مردن پەشێوە
پێشمەرگەبم هەر ئەكەومە پێش ئێوە
بەمەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسودەم
رووشم، زەردی پێكەنینی هەر پێوە

هەستی بەرلەمردن هەستێكی سەیرە، مرۆڤ چەند گەورە بێت ناچاردەكات بیر لەو رۆژانە بكاتەوە كە تیایدا ژیاوە، مەلا عەلی شەهید لەبەرپەتی سێدارە رۆژەكانی رابوردوی بیرنەچوەتەوە، خەفەتیش بۆ ئەو كاتانە دەخوات كە هیواكانی بەدینەهێناوە، دڵتەنگە بەرامبەر ئەو خەیاڵانەی كە دەبوو بێتە دی و نەهاتە دی، ئەو شیعرانەی كە دەبوو بینوسێت و نەینوسی:

لەدڵما تۆوی چەند بیرەوەری
سەوزبوو، گوڵی كردو، هەڵوەری
دیسان بۆ وەرزی تازە تۆوی ڕشت
تا، بێ گوڵ نەبێ بۆ كوێرەوەری

لەو چركە ساتانەی بەرلەمردن كە هێشتا ئێمەی زیندوو تاقیمان نەكردۆتەوەو تاممان نەكردوە،مەلا عەلی شاعیر هەمیشە خێزانەكانەی لەلا ئامادەیە، باوك و دایكی لەرۆحیدا جارێكی دیكە زیندوو دەكاتەوە، تەمەنای ئەوەیان بۆ دەخوازێت بۆی نەگرین و دڵتەنگ نەبن، لەوەزیاتریش داوای بەردەوامی ژیانیان لێدەكا،داوای گەردن ئازادیان لێدەكات، گەردن ئازادیی مناڵێك كە تەنها دایك و باوكەكان لێی تێدەگەن چی مانایەكی هەیە، ئەوەتا لەنامەیەكدا كە لەرۆژی 22/7/1979 لەزیندانەوە نوسیوێتی دەڵێت " دایك و باوكی شیرینم، براو خوشك و براژن و مام و ئامۆزا و ئامۆژن و خاڵ و خاڵۆزاو پورو پورزاو هەموو خزم و كەس.گەردنتان ئازاد بێت.
دوعاخوازی یەكجاری تكام ئەوەیە بۆم سەغڵەت مەبن وە هەرگیز نەڵێن لەپێناوی هیچدا رۆیشت".

ئای عەشق...ئەی ئەو نەگبەتیەی بەرۆكی شۆڕشگێڕترین كەس بەرنادەیت، بەرۆكی خەمگینترین كەس بەرنادەیت، ئەی عەشق ئەی ئەو ئازارەی لەدواین ساتدا، لەدواین لەحزەی بەر لەمردن جارێكی دیكە و بەجۆرێكی دیكە دێیتەوە، مەلا عەلی چەند ساتێكی دیكە لەسێدارە دەدرێت، چاوەڕوانی بینینی یارە:
كە ڕێیان داوی بۆ یەك جار
توخوا ئازیز
دیدەنیم كە
چەند رۆژێكم وەرزی بەهار
ماوە، (بێ وادە) هات پایز
خەزڵوەرە
توخوا وەرە
مەلا عەلی بۆچی لەو ساتەدا یاری دەوێ؟ بۆچی دەیەوێتی ئازیزی دیدەنی بكات؟ بۆچی هێندە ناسكبوەتەوە ئەم كەسە شۆڕشگێڕە؟
دیدەنیم كە
با وا تێ نەگەن كە دەردی
سورە گوڵی
گەشی دوێنێ
سەر دوا چڵی
ئەمڕۆ لەبەر زریان زەردی
بەرەو مەرگ چوونە ئەمكا زیز...تۆ خەنیم كە

ئەو چ هەستێكە كەسێك لەیەككاتدا خۆی دەكاتە قوربانی نیشتیمانەكەی و خۆشەویستەكەی؟ چی شتێك تەفسیری دۆخێكی وەها دەكات، من بڕوام وایە لەتوانای مرۆڤدا نیە ئەم هەستە وەك خۆی بخاتەروو، ئەوە تەنها مەلا عەلی یە لەو چركە ساتە تێدەگات، هەر دەبێت خۆی جارێكی دیكە بۆمان شەرح بكاتەوە، یارو نیشتیمان چەند لەیەك دەچن.
هەتا ماوم
بفەرموو، جێتە سەرچاوم
لەڕێی هاتنت وەستاوم
دیدەنیم كە
گەر ئەفەرموی...خوێنم هەمووی
گوڵزاری ڕێتە، موو بەمووی

نەك هەر ئەوەندەش بەڵكو لەو دۆخە ناهەموارەدا شاعیرەكەمان هەندێكیش شەرم دایدەگرێت كە ناتوانێت شوێنێكی خۆش و ئارام بۆ یارەكەی دابینبكات:
توخوا ئازیز، خۆ ئەزانی چۆنە شوێنم
ئەزانی بێ بەرگ و نوێنم..
بێچارەم و، بەشەرمەوە، تۆ ئەدوێنم
عەشقی مەرگ و مەرگی عەشق لەم شیعرانەیدا ئاوێتە دەبن، ئەم عاشقە گەورەیە كە هەرگیز نەگەشت بەمەعشوقەكەی لەدواین ساتیشدا نائومێد نابێت و هێندە ناسك دەبێتەوە دەنوسێت:
سەرپۆشەكەت پێش كفن بكرێتە بەرم
وەرە چارێ: شەونخونی و، رۆژ خەواڵووی
بێ نوێنیم كە
ئازیز گیان تۆ بێ و گوڵی رووت
بەپێی پەتی...
قوڵفەی پەتی
سێدارە ئەخرێتە بینم
ئەمرم و نەبا نەتبینم
نەت بینم هەر بڵێم خوا حافیز
توخوا ئازیز
وا دڵ ناسك نەبووم هەرگیز
دیدەنیم كە...!!
حەیف هەرگیز یار دیدەنی نەكرد...بەڵام مەلا عەلی شیعرگەلێكی بۆ جێهێشتوین هەموو زەمەنێك هەر بەزیندوی دەیهێڵێتەوە و رۆحی بۆ ئەبەد لەئارامیا دەژی.


* (شیعرو هەڵوێست) تاكە دیوانی شەهید (مەلا عەلی) یە و ساڵی 2011 لەلایەن لقی سلێمانی یەكێتی نوسەرانی كوردەوە چاپ وبڵاوكراوەتەوەو هەموو شیعرەكان لەو دیوانەوە وەرگیراون.

* لەژمارەی رۆژی 19-12-2011ی رۆژنامەی رەخنەی چاودێردا بڵاوبوەتەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە