سەردانەكانی یەكێتی بۆ لای گۆڕان... ترس لە داهاتوو یاخود گەڕانەوە بۆ رابوردوو!
Monday, 30/07/2012, 12:00
لەو دانیشتنە كۆمەڵایەتیانەی نێوان بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی و كۆنە یەكێتیەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان گەڕێین كە پێشوتر ئەنجامدراون، دانیشتنە بەناوبانگەكەی نێوان (نەوشیروان مستەفا) و (هێرۆخان) لەدوای رووداوەكانی 17 شوبات، بەیەكەم دانیشتنی رەسمی نێوان ئەو دوو لایەنە ئەژماردەكرێت.
دوبارەبونەوەی سەردانەكانی بەرپرسانی یەكێتی بۆ لای گۆڕان بەردەوامبوو، تازەترین سەردانیش سەردانی ئەمجارەی (هێرۆخان)ی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی و (مەلا بەختیار)ی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆ ماڵی (نەوشیروان مستەفا) ی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان لەم دۆخ و ساتەدا چەندین دەلالەت و مانای خۆی هەیە.
لە رووە كوردستانیەكەوە سەیری بكەین، ئێستا پارتی دیموكرات و بەتایبەتی خودی (بارزانی) سەرۆك، پاش شكستهێنانی پرۆژەی متمانە سەندنەوە لەمالیكی، بەتەنها لەگۆڕەپانەكەدا ماوەتەوەو(لە عەلاوی و سەدرییەكان گەڕێین) تەنانەت لە كوردستانیش هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی كە (یەكێتی)یە پشتی لێكردووە.
لەلایەكی دیكەوە (مالیكی) هێزەكانی هێناوەتەوە بۆ ناوچەكانی نەینەواو دەیەوێت بەزۆر ئەو ناوچە سنورییانە داگیربكاتەوە كە ساڵانێكی زۆرە كورد دەیپارێزێت، ئەمەش نەك هەرەشەیە بۆ سەر پارتی،بەڵكو هەڕەشەیەكی جدیشە بۆ سەر هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی لەكەركوك و دیالە.
هەربۆیە سەردانێكی وەها رەنگە بۆ قسەكردن بێت لەسەر یەكهەڵوێستی و یەك تێڕوانینی بۆ ئەو دۆخە.
بەبڕوای من یەكێتی (یان راستڕ ئەم باڵەی یەكێتی) مەیلی زیاتریان بەلای سیاسەتەكانی گۆڕاندا هەیەو كاریگەری ئایدۆلۆژییان بەسەر یەكەوە هەیە، دەیانەوێت لەم سەردانانەدا رای گۆڕان بزانن و سیاسەتەكانیان لەهەمبەر هەر پێشهات و روداوێكدا یەك سیاسەت بێت و پێچەوانەی سیاسەتی پارتی بێت.
ئەگەر بێت و ئەمەمان لەبیربێت هەمیشە سەردانی (هێرۆخان و مەلا بەختیار) پێكەوە بووە بۆلای (نەوشیروان مستەفا) وسەردانەكانی باڵەكەی دیكەی یەكێتی (د.بەرهەم ، ئەرسەلان بایز)یش بەجیا جیابووە.
لەرووە حزبیەكەشەوە ئەگەر خوێندنەوەیەكمان بۆ ئەم سەردانەی ئەمجارەی یەكێتییەكان هەبێت بۆ لای (نەوشیروان مستەفا)، ئەویش ئەوەیە ئەم باڵەی یەكێتی وەك باسمانكرد، لە گۆڕانەوە نزیكترن تاوەكو پارتی، هەربۆیە رەنگە بۆ قسەكردن بێت لەسەر داهاتووی یەكێتی، بەتایبەت بۆ دوای قۆناغی تاڵەبانی، كە بەبڕوای من ئەمەش لە پەرۆشیانەوەیە بۆ پەیوەندی نێوان یەكێـتی وگۆڕان بۆ ئەوەی چیدی نێوانیان بەرەو گرژی نەڕوات، ئەگەر بێت و ئەوەشمان لەبیربێت گۆڕان لە ناوچەی سلێمانی براوەی 2 هەڵبژاردنەو خۆی بەبەشخوراو دەزانێت لەحومكردندا، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوەشە ئەوەمان لەبیربێت سەردانەكەی (نەوشیروان مستەفا) بۆ ئێران زۆر پرسیاری سیاسیان بەدوای خۆیدا هێنا كە داهاتوو وەڵامیان دەداتەوە.
سەردانەكانی یەكێتی بۆ لای گۆڕان، لەم دۆخە گڕگرتوەی هەرێم و عێراق و ناوچەكە بەگشتی، هەم ترسە لەداهاتوو، هەمیش نەخشە دانانە بۆ قۆناغێك رەنگە نەوشیروان مستەفا بكەری سیاسی سەرەكی بێت تیایدا.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست