کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاراستنی دیموكراسییەت

Thursday, 18/06/2009, 12:00


لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەستدەكرێت شەڕە وتار و قسەی ئاگرین و یەكتر تۆمەتباركردن و سڕینەوەی یەكتری تابێت توندتر دەبێت.
سەرەتای هەموو دیموكراسییەك جگە لە هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات، ئازادی تاك و ئازادی بیروڕای جیاوازیش بەشێكی سەرەكی و دانەبڕاوی دیموكراسیە بۆیە هەموو گروپ و لایەن و تاكێكیش مافی خۆیەتی تەعبیر لەڕای خۆی بكات بەڵام لەسنورێكدا كە نەبێتە هۆی دروستبونی دەمارگیری و توندوتیژی.
هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانیش دەكرێت لەو رووەوە دڵخۆشكەر تەماشابكرێت كە ئەمجارە جیاواز لەساڵی 1992 و2005 چەندین لیستی جیاواز كێبڕكێ دەكەن و تاڕادەیەكیش لەساڵی خۆیدا دەكرێت(سەرەڕای ئەوەی چەند مانگێكیش دواكەوتوە).
بەبڕوای من دروستبونی لیستی جیاواز و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ململانێیەكی سیاسی مۆدیرنانە لەبەرژەوەندی دیموكراسی وئەزمونی كوردییە هەربۆیە هەمومان هەستدەكەین ئەمجارە جیاواز لەجارانی پێشو زۆرترین گفتوگۆی لەناو شەقامی كوردیدا دروستكردووە.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت لەنێو ئەو هەموو كێشمە كێش و ململانێ سیاسیەدا شتێكی گرنگ بەئەنقسەت پشتگوێخراوە و قسەیەكی وەهای لەبارەوە ناكرێت كە ئەویش پاراستنی دیموكراسی و دیموكراسیەتی هەڵبژاردنەكانە.
لەراستیدا مەسەلەی سەرەكی و هەرە گرنگ لەم هەڵبژاردنانەدا سەرەڕای حەزوو ئارەزوییەكی زۆری گروپ و لایەنەكان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دەبێت ئەوەش بێت كە پیشانی دونیای بدەین ئێمە میللەتێكین دیموكراسیمان خۆشدەوێت.
میللەتی ئێمە مادامەكی كە ژێردەستەیی و دیكتاتۆرییەتمان بۆ ساڵانێكی درێژ دیوە دەبێت ئارەزووییەكی بێ سنوریشمان هەبێت بۆ دیموكراسی.
مەسەلەی بردنەوە یاخود دۆڕانی هیچ لایەك هێندەی هەڵبژاردنێكی پاك وبێگەرد بۆ ئێمە گرنگ نیە.راستە سندوقەكانی دەنگدان دەبنە سنگی مەحەكی داهاتووی هەر لایەنێك یاخود گروپێك بەڵام دواجار رەونەقی سندوقەكانی دەنگدان لە كەشێكی هێمن و ئازادییەكی فراوان و نەبونی خروقات وتەزویركردندایە.
ململانێ سیاسیەكانی پێش هەڵبژاردن ئەوەندەی تاوەكو ئێستا دیتبێتمان زیاتر لە سەر ئاستی شەخسی و كۆنە رق و یەكتر شكاندنبوە.ئێمە ناكرێت پرۆسەیەكی حەیاتی لەمجۆرە كورتبكەینەوە یاخود دایبەزێنینە ئاستێكی وەهاوە كە سەنگی ئەزمونی كوردی و ناوازەیی ئەزمونەكە لەناوچەكەدا(سەرەڕای هەموو كەموكورییەكانی) لەكەداربكەین یاخود بڕوشێنین تەنها لەبەر بەرژەوەندی شەخسی و رقی مێژینەی گروپەكان لەیەكتری.
ئەزمونی ئێمە نابێت بڕوخێت دەبێت چاكسازی تیادا بكرێت و هەوڵی ریفۆرمێكی دەستەجەمعی و توانایەكی گشتی بۆ بدرێت.روكردنە سندوقەكانی دەنگدانیش بەوحەماسەتەی هاوڵاتیانەوە كە چاوەڕوان دەكرێت نیشانەی زیندویی ئەزمونی دیموكراسی ئێمەیە.
بەبڕوای من ئەركی رۆشنبیران و نوسەران ئەوەنیە پشتگیری گروپێك بكەن لەدژی گروپێكی دیكە، بەڵكو دەبێت ئێمە بەرگری لەئازادی زیاتر و پاكوخاوێنی هەڵبژاردن و دیموكراسی زیاتر بكەین.
هیچ سیستەمێكی سیاسی دونیا یاخود حزبێك نیە ئارەزوییەكی سەیری تیادانەبێت بۆ پاوانكردنی زیاتر و بەرتەسككردنەوەی ئازادی، بەڵام ئەوەی رێگایان لێدەگرێت بونی چاودێرییەكی تۆكمە و لێپرسینەوەیە.
ئێستا لە هەموو ساتێك زیاتر قسەكردن لەسەر ئازادی ودیموكراسی زەرورە، زەرور بەو مانایە ناكرێت هیچ شتێكی دیكە وەهامان لێبكات دیموكراسیمان لەبیربچێتەوە، دیموكراسی بەو مانایەی كەهەمومان هەین و هەموشمان رێز لەرای جیاوازی یەكتری دەگرین.
راستییەك هەیە پێویستە هەمومان لەسەروبەندی ئەم هەڵبژاردنەدا وەبیری ئەو گروپ ولایەن و سیاسیانەی بخەینەوە ئەویش ئەوەیە میللەتی ئێمە بێ دیموكراسی میللەتێكی بێ گیان و چەوساوەو ژێردەستەیە، بۆیە دەبێت هەمومان خەمی پاراستنی دیموكراسی بخۆین رێز لەڕای ئەو خەڵكە بگرین كە رودەكەنە سندوقەكانی دەنگدان و دەیانەوێت ساڵانی ئەنفال و كیمیاباران و ژێردەستەی سەدەكانی پێشوتریش دوبارە نەبێتەوە.

دەربەندیخان
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە