کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یەكێتی و گۆڕان .. پارتی و 31ی ئاب...

Saturday, 28/08/2010, 12:00


ئەم رۆژانە لەسەر ئاستی كوردستان دوو بابەت جێگای مشتومڕی زۆرێك لەنوسەران و هاوڵاتیانە،كە یەكەمیان پەیوەندی نێوان یەكێتی و گۆڕان و ئەوەی دوهەمیشیان ساڵیادی روداوەكەی 31ی ئابی ساڵی 1996ە.
ئەم دوو بابەتە پەیوەندییەكی قوڵیان بەژیانی ئێستاو یادەوەری نەوەیەكەوە هەیە كە شەڕی ناوخۆیان بینیوە یاخود لەیادەوەرییاندا ماوەتەوە.
من كە 31 ئاب رویدا تەمەنم 17 ساڵان بوو،ئێستاش بەچاكی رۆژەكانی ئەو شەڕە نەگریسە ناوخۆییەم لەبیرە، ساڵی 1994 كە یەكەم تەقەی شەڕی ناوخۆ رویدا لەقەڵادزێ ئێمە كۆمەڵە خوێندكارێكی پۆلی سێهەمی ناوەندی بوین لەدەربەندیخان تازە ئیزن درابوین بۆ سەعیكردن، بەهۆی ئەوەی لقی سێ ی ئەوكاتی پارتی و مەڵبەندی 2 كەركوكی یەكێتی لەدەربەندیخاندا بون هێزێكی زۆر بۆ یەكتری كۆكرابویەوە، ئێمە وازمان لە سەعیكردن هێناو شەوان بەدیار تەلەفزیۆنی گەلی كوردستانەوە دادەنیشتین بۆ خوێندنەوەی هەواڵەكانی شەڕ، پارتی باش بوو لەدەربەندیخان عاقڵبون كەسیان نەدا بەكوشت، هەندێكیان بەشەو رۆشتنە ماڵەوە و هەندێكی دیكەشیان خۆیان تەسلیمی یەكێتی كرد،هەربۆیە لەدەربەندیخان خوێن نەڕژا.
شەڕ بەردەوامبوو، ساڵەكان هاتن و ساڵەكان رۆشتن،پارتی لەروژی 31ی ئابی 1996دا بەهاوكاری هێزەكانی بەعس هەولێری گرتەوە و یەكێتی ئاوارەی ئێرانكرد.
رۆژی 31ی ئاب رۆژی مێژوو گۆرین بوو بەشێوە ناشیرینەكەی، رۆژی ئەنفالكردنی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەبوو، بەدەر لەهەموو پاساوە سیاسیەكان بۆ ئەو رۆژە، ئەگەر قێزەونترین رۆژ لەمێَژووی شەڕی ناوخۆی كورددا دەستنیشانبكرێت ئەوا بێ یەكو دوو 31ی ئابە.
بەحوكمی ئەوەی من لەماڵ باپیرەمدا بەخێوكرام و لەوێ گەورەكراوم و ئەوانیش دۆست و لایەنگری یەكێتی بون،هەروەها چەند بەرپرسێكی گەورەی عەسكەری ناو یەكێتیش خزمانبون یادەوەری ناخۆشمان هەیە لەو رۆگارەدا.
ئێستاش نیگای ئەو خەڵكەم لەبیرناچێت چۆن بەترسەوە ساتەكانیان دەژماردو هەواڵی گرتنی یەكەیەكەی شارەكان لەلایەن پارتییەوە هێندەی تر دەیترساندن.
خزمێكی شەهیدمان هەبوو فەرماندەی كەرتێكی یەكێتی بوو لەشارەزور، سەرەتای هەشتاكان لەلایەن حسكەوە شەهیدكرابوو، وێنەكەی لەساڵەكانی بەعسیشدا لەماڵ باپیرەم هەڵواسرابوو،بەڵام كەپارتی گەشتە سلێمانی ، نەنكم بەپەلە پەل وێنەكەی لێكردەوە وشاردییەوە.
گەنجانی دەربەندیخان بەشەوان هەمویان لەبازاڕدابون،تەنانەت سەردەمی بەعس و سەردەمی دەسەڵاتی یەكێتیش هەروابوە، بەڵام كەپارتی هاتەوە یەكەمین شتێك پێیان وتم ئەوەبوو كە شەو نەرۆمە دەرەوە چونكە وەزعەكە ناخۆشەو خەڵك دەگرن،خاڵۆشم پارتی گرتبوی، بەڵام ئێمەی گەنج گوێمان بەچی دەدا،هەموو شەوێك بەناوی سەعیكردنەوە دەرۆشتمە ژورێكی نهۆمی سەرەوە بەڵام لەلەحزەیەكدا كە ماڵەوە بێ ئاگادەبون دەرۆشتمە دەرەوە تادرەنگانێك لەگەڵ كۆمەڵە هاوڕێیەكدا گوێمان لەرادیۆَكەی یەكێتی دەگرت، كەلەسەرسنورەوە هەڕەشەی بەرپاكردنی گۆمی خوێنی دەكرد بەهاتنەوەیان.
هەرواشبوو، یەكێتی گەردەلولی تۆڵەی هەڵكردولەسەرتەكی بەمۆ،تەنانەت لەناو جەرگەی دەربەندیخانیشدا ژمارەیەكی زۆر پارتی كوژرا، تەنانەت بەپێی هەندێ ریوایەتیش زۆرێك لەو كوژراوانە بەدیلی كوژرابون و بەبەرد سەریان پانكرابویەوە، من ئەو شەوەم هەرگیزلەبیرناچێتەوە، ئەو دیمەنەم تاوەكو ئێستاش لەبەرچاوەە كە بەگەڵابە تەرمی پێشمەرگەكانی پارتیان هێنایەوە بەردەم مزگەوتی شافیعی لەدەربەندیخان، منیش وەكو ئەو سەدان خەڵكەی كە هاتبون بۆ سەیریان سەیرێكی ناو گەڵابەكەمكرد،خودای گەورە چ بۆنێكی ناخۆشیان هەبوو، هەمویان كەوتبون بەسەر یەكدا، هاڵاوێكی گەرمیان لێوەهەڵدەستا، هاڵاوی غەدركردنی براكان لەیەكتری و رێزنەگرتنی ئینسانەكان لە ئینسانییەتی خۆیان.
ئەو شەوەی گەردەلولی تۆڵە شار بۆنی خوێنی لێدەهات، بەبچوكترین تۆمەتی پارتی بون دەیانكوشتی، بەیانییەكەشی لاشەی جل مغاویرە كوردەكان لەحەوشەی مزگەوتەكەدا بەتەنیشت یەكەوە راكشابون، هەمویان غەریب، هەمویان تەنها، دایكەكانی هەریەكەشیان خودا دەیزانێ لەچ شارێكدا چاوەڕوانی چارەنوسی كوڕەكانیان دەكرد؟!.
ئەمڕۆژانە 31ی ئابی 2010یە، ئێستا دۆخی كوردستان جیاوازە لە نەوەدەكانی سەدەی رابوردوو، سەڕەرای گلەیی و گازەندەی هاوڵاتیان لە رێكەوتننامەی ستراتیژی یەكێتی و پارتی، بەڵام هاوڵاتیان خۆشحاڵن كە جەنگ لەنێوانیاندا نیە، نەكردنی جەنگ بەهەموو شێوەیەك لەكردنی جەنگ باشترە.
لەلایەكی ترەوە ماوەیەكە قسەوباسێكی زۆر لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی دەكرێت، كاوەمحمدی سەرنوسەی پێشوی كوردستانی نوێی زمانحاڵی یەكێتی لەوتارێكیدا ئاماژە بەوەدەكات قاعیدەی گۆڕان و قاعیدەی یەكێتی بە ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە خۆشحاڵن، من سەد دەر سەد لەگەڵ ئەو بۆچونەدام.
سەرەڕای ئەو راستیەی كە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەمیراتگری یەكێتی نازانێت و رابەری بزوتنەوەكە ئاشكرایكردووە كەیەكێتیان بۆ خاوەنەكانی جێهێشتوە، بەڵام نزیكایەتییەكی زۆر لەنێوان جەماوەری ئەم دوو حزبەدا هەیە، نزیكایەتییەكی وەها كە هەندێك جار بەئاستەم یەكێتی گۆڕانخواز لە گۆڕانخوازی یەكێتی جیادەكرێتەوە.
گرژی نێوان هەر حزب ولایەنێك لەكوردستاندا زیانی بۆ میللەتی كورد هەیە، دڵنیاشم هیچ تاكێكی كورد نیە حەزی لەدوبارەبونەوەی مێژووی خوێناویی نێوان براكان بێت.
بەڵام راستیەكی گرنگ هەیە لێرەدا دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن هەرگیز لەبیری نەكات، دەستخستنە سەر كەموكورتییەكان و دژایەتی گەندەڵی و شەڕكردن لەپێناوی ئازادییەكی زیاتربۆ میدیاو تاكەكان نابێت بكرێتە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیەكان.
ئێمە حەزمان لەشەڕ نیە، بەڵام حەزمان لەوەش نیە ئەم بزوتنەوەیە وەك حزبە ئیكسپایەرەكانی لیێبَت، ئەوانەی چونەتە ژێر چەتری یەكێتی و پارتی و هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن بەبڕێك پارە یاخود كورسییەكی پەرلەمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت شەڕی سیستەم بكات، شەڕی یەكێتی نەكات، شەڕی پارتی نەكات، وەك چۆن تا ئێستا شێوازێكی مەدەنیانەی گرتۆتە بەرو خەمخۆری چینی پەراوێزخراوە هەروەهابێت.
گۆڕان ویەكێتی مادام جەماوەرییان لەیەك سنوردایە بەبچوكترین هەڵەی سەركردەیەكی سیاسی یان عەسكەری خوێنی سەدان كەسی بێگوناه دەرژێت.
ئەم رۆژانە كە یادی 31ی ئابە، دەبێت ئەم یادە پەندێكی باش بێت، نا بۆ دوبارە بونەوەی،بەڵكو بۆ سڕِینەوەی برینەكان، ئەم رۆژانە زۆر گرنگن، دەبێت هەموو هێزە سیاسیەكانی هەرێم، بەتایبەتیش یەكێتی وگۆڕان لەم رۆژەدا ئاشتببنەوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو رۆژە بەجۆرێكی دیكەو بەشێوازێكی دیكەو لەسەردەمێكی دیكەدا دوبارە نەبێتەوە.
]
دەربەندیخان
Hemnm1979@yahoo. com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە