کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای شۆڕشەكان ...ئایا دیموكراسیەت سەردەكەویت..؟

Sunday, 22/05/2011, 12:00





یوسف الكویلیت
و.لەعەرەبیەوە: هێمن مەحمود_
دەربەندیخان

ترسی دوای شۆڕشەكان بوەتە ترسێكی میللی ئەویش لەبەرترسی ئەو بۆشاییە نا كە دوای شۆڕشەكان دروستدەبێت، بەڵكو ترسە لەو كەسانەی كەشۆڕشەكان و بەرهەمی شۆڕشەكان دەدزن، ئەمەش بەنیسبەت شۆڕشەكانی میسرو تونس ەوە تارادەیەك راستە چونكە روخسارەكانی ئەم دوو شۆڕشە تائێستا بەروونی دەرنەكەوتوە، هەروەها چەند مەترسییەك هەیە كە راگەیاندنی دەرەكی باسی لێوەدەكەن وەك ئەوەی كە رەوتە ئاینییەكان دەبن بەپاڵێوراوو جێگرەوەی دەسەڵاتی كۆن چونكە ئەم رەوتانە زیاتر رێكخراوترن و قورساییان لەرێكخراوەكانی دیكە زیاترە.
هەرچی ئەو وڵاتانەی دیكەش هەیە كە دۆخێكی ناجێگیریان هەیە شەقامێك بەرێوەیان دەبات كە ئارەزوی گۆڕانكاری دەكات، لێرەوە داواكارییەكان خۆی لە داواكردنی ئازادی و دادگەری و دیموكراسیدا دەبینێتەوە، ئەم پرۆژانەش زەمەنێكی زۆرە دواكەوتون، تەنانەت كار گەیشتبوە رادەیەك دەیانوت عەرەبەكان بەهۆی ئەنگێزەی خێڵەكی و ئاینییەوە ناتوانن ئەم پرۆژانە لەدەسەڵاتێكی سەركەوتوی جیهانیدا مومارەسەبكەن. بەڵام لەگەڵ شۆڕشی شەقامدا حسابات و تیۆرەو بیروباوەڕەكان گۆڕانكاری بەسەرداهات، واتە عەرەبەكان وەك مرۆڤ بێ هیوا نەبون لەژیانێكی هاوشێوەی ژیانی هاوڵاتیانی دیكەی جیهان، بەڵام ئایا ئامادەكارییەكتان بۆ دیموكراسی بەوكۆت و بەندانە كە دەیانگەیەنێت بە قۆناغەكانی گواستنەوە شەقام قبوڵی دەكات؟ دواتر ئایا ئەو زامنییە چییە كە رێگا دەگرێت لە تێكچونی باردوخی ئەمنی كە دەبێتە هۆی شكستهێنانی ئەم شۆڕشانە.
چونكە هەژاری و نەخوێندەوارییەكی زۆر هەیە، لەبەرامبەر دەوڵەمەندبونێكی نائاسایی كەسانێك لەژێرسایەی دەسەڵاتەكانی پێشودا كەوایكردوە دوو توێژ دروستببێ ،توێژێك كەهیچ رۆڵێكی نەبوە لەگەشەپێدانی راستەقینە بەڵكو دەستكەوتی خێرای بەدەستهێناوە بۆخۆی، توێژێكی خوارەوەش كە لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە، لەو نێوانەشدا توێژی ناوەڕاست لەناوچوە كە زۆرینەی مامۆستایان و رۆشنبیران وفەرمانبەران دەگرێتەوە، كە بەهۆی فەسادەوە هەموو شتێكیان لەدەستداوە.هەربۆیە ئەم دۆخە گرفتی خێرا بۆ جێبەجێكردنی دیموكراسی لەرێگای سندوقەكانی دەنگدانەوە دروستدەكات، ئەمەش بەمانای گەڕانەوەی شێوازی كۆنی حوكم نایەت وەك بیانویەك بۆ بەدینەهێنانی ئامانجەكانی شۆڕش و شۆڕشگێڕان، بەڵكو بۆ ئەوەیە شێوازێكی دیكە لەرێگای گفتوگۆیەكی نیشتیمانی كراوەوە بگیرێتەبەر كە ئارەزووەكان و داواكارییەكان بەدیبهێنێت.
لەهەندێ كۆمەڵگادا چەند هێزێكی كاریگەری لەجۆری تائیفی و خێڵەكی و حزبی حكومی دەردەكەوێت، لەم دۆخانەشدا دروشمی گۆڕین و هاتنەكایەی رەمزی حوكمڕانی تازە بەرزدەكرێتەوە، بەڵام هێشتا ناروونی بەو شێوازەوە دیارە كە رێگا بۆ دەسەڵاتێكی نیشتیمانی خۆشدەكات لەیەكێتیەكی نیشتیمانی دا كە شایانی هەڵوەشانەوە نەبێت، بەتایبەتی وەك لەواقیعی خێڵەكی لەنێوان یەمەن و لیبیادا بەدیاردەكەوێت كە ئەمەی دواییان هەر لەیەكترازانێكی رەتكردەوە كە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوەی یەكێتی خاكەكەی، دواتر داهاتەكانی نەوت و پارەكانی قەزافی و خێزان و هاوكارەكانی ئەگەر بەشێوەیەكی باش بۆ گەشەپێدانێكی راستەقینە بخرێنە گەڕ رێگا بۆ دۆخێكی سیاسی دیموكراسی خۆش دەكات كە هەموو لایەنە ناكۆكەكان تیادا دەژین.
یەمەنیش چەندین مەترسی روبەروی دەبێتەوە،ئارەزوی گۆڕانكاری دۆخێكی ناوخۆیی ئاراستەی دەكات بەڵام ئایا ئەو بەدیلەی كەدێت سەركەوتو دەبێت لەپاراستنی یەكێتی خاكی یەمەن و پێكەوە ژیانی هێزە ناوخۆییەكان، وەئایا میللەت لە ئاستێكدایە كە قۆناغی گواستنەوە تەحەمول دەكات؟ یاخود رودواوەكان بەجۆرێكن كە هیچ مرۆڤێك خەیاڵی ناكات؟.
سەرچاوە :
سایتی ئیلاف
[email protected]

* لەژمارە (733)ی رۆژی 22/5/2011ی رۆژنامەی (هاوڵاتی) دا بڵاوبوەتەوە
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە