کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئازادی بەشەرتی یەك ملیار دۆلار!

Monday, 09/08/2010, 12:00




یەكەم جار كە ئەو هەواڵەم خوێندەوە توشی شۆك بوم، جارێكی دی و جارێكی دی لەسەر یەك خوێندمەوە،نەك لەبەرئەوەی خوانەخواستە روداوێكی وەك وەك مردن یاخود ئیستقالەكردنیی سەرۆكی حزبێكی كوردی رویدابێت، یاخود مالكی وازی هێنابێت و حكومەتە شەق وشڕەكەی عیراق دروستكرابێت، نەخێر توشی شۆك بوم لەبەرئەوەی پارتی دیموكراتی دەسەڵاتدار لەهەولێرو دهۆك داوای داخستنی رۆژنامەی رۆژنامەو یەك ملیار دۆلاری كردووە، ئاخر ئەمە لەنوكتە دەچوو،نوكتەیەكی بێتام،لەپڕ دامە پێكەنین، خێزانەكەم وتی خێرە واپێدەكەنی خۆخاوەنی ئوتێل سۆما نەگیراوە؟ وتم نەخێر، وتی دەزانم تەنكەرە نەوتەكانە دەركەوت هی كێن و بۆ كێ دەڕۆن و داهاتەكەشیان دەچێتە گیرفانی چ كەسێكەوەو ئیتر ئەمریكا ناهێڵێت بڕوات، وتم نەوتی چی جا بۆ نەوت دەڕوات؟ نازانم من هیچ نابینم، وتی دۆزیمەوە تازەترین نوكتەی ناو فەیسبوكە، كە وتم نەوەڵا جابۆ لەفەیسبوكیش لەبەر وێنەی سیاسیەكان شوێنی نوكتە گێڕانەوەی تیادا ماوە، وتی ئەی چیە خۆ ئاوەكەی سیروانیان پاككنەكردۆتەوە و بەپاڵاوتەیی و بەپاكێتی بماندەنێ، وتم ئاوی چی بۆ هێشتا بۆرییەكان دانراون تا ئاومان بۆ بهێنن، وتی ئاگرە ،تەواو ئیتر دارستان و رەزەكان ناسوتێنێ لەخودا بەزیادبێ بەرگری شارستانی هێندە ئامێرو كارمەندی هەیە ناهێڵن ئاگرێك بكەوێـتەوە یەكسەر دەیكوژێننەوە.
چی بڵێم... وتم ئەوەش نیە، وتی دەتوخوا ئیتر بەسە دڵنیام كارەباكەیە دڵنیام رەمەزان بەیانیان سەعات 6 نایكوژێننەوە و خەبەرمان كەنەوە، وتم وەڵا ئەوەش شایانی پێكەنینە بەڵام ئەوەشیان نییە، خەریكبوو ئیتر واز لە پرسیاركردن بهێنێ كەچی منی بینی سەر بادەدەم خۆی نەگرت و وتی ئەمجارە زانیم پاركەكانی شارە كە هێشتا سەوزنەكراون كەچی مولیدەیەكی گەورەی ئەهلی تیادا قوتكراوەتەوە لەبەر دوكەڵ و دەنگەدەنگ كەس روویان تیاناكات، وتم نەبابە پاركی چی و شتی چی ئەوە كەی مایەی پێكەنینە.وازی هێناو رۆشت بۆ ئەوەی ئەو ئاوە بگرێت كە تەنكەرێكی حكومی بەم هاوینە گەرمەو كێشەی كەم ئاوییە لەشارەكەی مندا كە دەریاچەیەك و روبارێكی بەتەنیشتەوەیە هەفتەی دوو رۆژ تەنكییەكی گەورەمان بۆ پڕدەكات.
ئەم وڵاتە زۆر خۆشە، هەندێك تادێت دەوڵەمەندتر دەبن، و توێژێكی زۆریش ئەگەر یەك مانگ موچەی فەرمانبەرێتیەكەی وەرنەگرێت دەبێت لەبەر خاوەن قەرز سەری خۆی هەڵبگرێت، حزبەدەسەڵاتدارەكانیش چونكە گیرفانێكی قەڵەوو سكێكی تێریان هەیە هەمیشە ئاگایان لەسكە برسی و گیرفانە بچوكەكان نیە، من هیچ بەلامەوە سەیرنیە لەداوایەكی وای حزبێكی دەسەڵاتدارو دەوڵەمەندی وەك پارتی چونكە ئەو لەگیرفان و سكی خۆیەوە سەیری هەموان دەكات.
من یەك شتم بەلاوە سەیرە لەم داواییەدا باشە ئەگەر بزوتنەوەیەكی وەكو گۆڕان یەك ملیار دۆلاری هەبوایە بۆ نانبڕاوەكانی خۆی پێ تێرنەدەكرد، بۆ دڵی ئەو خێزانانەی نەدەدایەوە كە بەگیان و بەماڵ پشتگیریان دەكرد.
كە خێزانەكەم هاتەوە بانگمكرد وتم وەرە تازەترین نوكتەی حزبێكی دەسەڵاتداری كوردی ببیستە كە ئەویش ئەمەیە(پارتی داوای یەك ملیار دۆلار دەكات ؟ لەكێش لە رۆژنامەی رۆژنامەی بزوتنەوەی گۆڕان...) توخوا ئەمە نوكتە نیە... دەی هەمووتان بزەیەكی بێتام بكەن و هاواركەن...وەرن بۆ ئازادی...بەڵام بەشەرتی یەك ملیار دۆلار......
دەربەندیخان
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە