کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


40 پەنجەمۆرو حكومەتی ئەلیكترۆنی كوردی!

Monday, 18/06/2012, 12:00





چەند ساڵێكە ئەم حكومەتە كوردییە بانگەشەی بە ئەلیكترۆنیكردن و بەكۆمپیوتەركردنی دامودەزگاكانی خۆی دەكات، چەند ساڵێكە بودجەی گەورە گەورەو زەبەلاح بۆ كڕینی كۆمپیوتەرو سیستەمی ئەلیكترۆنی تەرخاندەكرێت، كەچی كە ڕێت دەكەوێتە فەرمانگەیەك بۆت دەردەكەوێت ئەو بانگەشانە هەمووی جگە لەدرۆییەكی ئیعلامی هیچی تر نەبوون، ئەوەی لەفەرمانگەكاندا هەیە سیستەمی سەدەی ئەنتەرنێت و گەشەی ئەلیكترۆنی نیە، بەڵكو سیستەمی سەردەمی بیستەكانی سەدەی رابوردووە كە حكومەتی عێراقی تازە تیادا دروستكرابوو.
رەنگە هەندێك فەرمانگە هەنگاوێكی بۆ پێشەوە نابێت، بەڵام فەرمانگەكانی پۆلیس بەتایبەتی هێشتا هەر بەزەمانی (خولە پیزە) لێ دەخوڕن.
لەم رۆژانەدا بەهۆی سكاڵایەكەوە بەپێی مادەی (9)ی رۆژنامەنوسی وەك سەرنوسەری سایتی (رووناكی پرێس) لەگەڵ لێپرسراوی لیژنەی داكۆكیكردن لەرۆژنامەنوسان لە لقی گەرمیانی سەندیكای رۆژنامەنوسان ناردمیانە دادگا.
دواتر بەبڕیاری دادوەر بە كەفالەتی شەخسی ئازاد كرام، تا ئێرە كێشە نیە، كێشەكە ئەو كاتە دەستی پێكرد كە ناردمیان بۆ پۆلیسی دەربەندیخان بۆ پەنجەمۆر!.
منێكی رۆژنامەنوس و دزێك و پیاوكوژێك لە پۆلیس جیاوازیمان نەبوو، با ئێمە بەمادەیەكی ئاسانی وەك (9) رۆژنامەنوسیش سكاڵامان لەسەر بێت كە رەنگە دواتر دادگاییەكەش ببەینەوە پەنجە مۆرمان بۆچی پێدەكرێت؟ ئەم قسانەم بۆ پۆلیسەكە دەكرد، نەك هەر لەوە تێنەدەگەیی، بەڵكو ئەوەندە توند پەنجەمی بە كاغەزەكەی بەردەستییەوە دەنوساند، دەتوت من ئەنفالم كردووە!.
رەنگە ئەو پۆلیسە داماوەش ناهەقی نەبێت و خەتاكە لەوەوە نەبێت، خەتاكە لەو یاسا سەقەتەوە بێت كە جیاوازی هیچ جۆرە سكاڵایەك، هیچ جۆرە كەسێك جا رۆژنامەنوس بێت، پیاوكوژبێت، دز بێت ناكات، بە مەرەكەبی سەردەمی مەلیك مەحمود 40 پەنجە مۆرت پێدەكات.
من یەك پرسیار لەوەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەكەم، باشە هەر پەنجە مۆر دەكەن دەكەن، بۆ لەهەموو فەرمانگەیەكی پۆلیس، دوو گەنجی خاوەن بروانامەی كۆمپیوتەر دانامەزرێن و دوو كۆمپیوتەریان بدەنێ و پەنجە مۆرەكان كۆمپیوتەری بێت، ئاخر جەنابی وەزیر پەنجە مۆری مەرەكەب هی زەمانی شایە نەوەك ئەم سەردەمە.
ئەوەی بۆم دەركەوت لەم دوا دواییەدا ئەوەیە هەرچی كەسێك ئەگەر بۆ سڵاوێكیش رێگای بكەوێتە فەرمانگەیەكی پۆلیس، پۆلیس دەیگرن و وەك ئەوەی هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە 40 پەنجە مۆری پێدەكەن...خەفەتەكەم ئەوەیە ئەو پەنجە مۆرانە رەنگە نەك جارێكی دیكە كەس سەیری نەكاتەوە، بەڵكو فڕێیش بدرێنە تەنەكەی زبڵەكەی بەردەمی پۆلیسە بەڕێزەكەوە.
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە