کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەروداوەكانی بادیناندا پارتی دۆڕاو..یەكگرتوو قوربانی..گۆڕان تەماشاكەر..یەكێتی براوە

Sunday, 04/12/2011, 12:00






ئێستا لەدوای روداوەكانی بادینان هەموو شتەكان خەریكە بە ئاشكرا رووندەبنەوە، بەجۆرێك بەتەماشكردنێكی خێرایی ئەو رووداوانە هاوكێشە قورسەكان شیدەكرێنەوە.
رودواوەكانی بادینان كە سەرەتا لەزاخۆ بەسوتاندنی دوكانەكانی مەی فرۆشی و شوێنە گەشتیاری و شوێنەكانی مەساجكردن دەستی پێكرد و دواتر بەسوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لە تەواوی بادینان كۆتایی هات، كارێكی نەخوازراو و سەرەتاییەكی ترسناكبوو لەلایەك بۆ سەر ئازادییە كەسییەكان (وەك سوتانی شوێنە گەشتیارییەكان) لەلایەكی دیكەشەوە بۆ سەر ئازادییە دیموكراسیی و سیاسییەكان(وەك سوتانی بارەگاكانی یەكگرتوو).
سەرەتای هەڵگیرسانی روداوەكان هەرچۆنێك بێت و چ كەسێك یاخود لایەنێك لەپشتیەوە بێت(كە بەبڕوای من هیچ حزبێكی لەپشتەوە نیە بەشێوەیەكی رێكخراو) ئەمە لەو راستییە كەمناكاتەوە كە توڕەیی ئەو خەڵكە هەر بەتەنها دژ بە شوێنەكانی گەشتیاری و مەی فرۆشی نیە، بەڵكو تەقینەوەی بوركانێكە دژ بە دیاردەی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و گەندەڵی و پاوانكردنی سیاسی.
بەهەرحاڵ ئەوەی رویدا رویدا، بەڵام دەرئەنجامەكانی ئەو روداوانە بەجۆرێكی دیكە كەوتنەوە كە جارێكی دیكە حزبە سیاییەكانی هەرێمی بەجۆرێكی سەیر لەیەكتری جیاكردەوە بەتایبەت (پارتی و یەكێتی).

(پارتی دۆڕاو)

نكۆڵی لەوەناكرێت ناوچەكانی بادینان بەگشتی بەدرێژایی ساڵانی دوایی راپەڕین ناوچەگەلێكی ئارام و پڕ لەئاشتی بون، هەروەها هەمیشە گەشەی ئابوری ئەم ناوچانە لەپێش هەموو ناوچەكانی دیكەوە بوە، جگەلەوەی ئەمە وەك دەستكەوتێك پارتی دیموكرات هەمیشە شانازی پێوەكردووە، هەمیشەش ئەم حزبە ئەم ناوچانەی بەدڵی خۆی زانیوە، هەربۆیە هەر نائارامی و پشێوییەك لەم ناوچانەدا زیانێكی زۆری لێدەدات و دەیخاتە ژێر چەندین پرسیاری جیدییەوە، وەك دەزانین پارتیش لەهەموو دۆخەكاندا كە بەشێكی جەستەی توشی ئازار هاتوە هەرگیز نەیهێشتوە ئازارەكە بگاتە دڵی.
بەڵام رودواوەكانی چەند رۆژی رابوردوی بادینان وەك دڵەكوتییەكی كاتی بوو بۆ پارتی ، دڵە كوتییەك كە ئەگەر بەپەلە پارتی فریای نەكەوێت ئەگەر نەیكوژێت رەنگە توشی شەلەلی جەستەیی بكات.
كاردانەوەكانی سەرەتای ئەم حزبە پەلەپەل (تاوانباركردنی یەكگرتوو)و هەڵەشەی سیاسی و موجازەفەیەكی(وەك باسكردن لە هێرشكردنە سەر مەسیحی وئێزیدی) گەورەی پێوە دیاربوو، كە دواتر بەسوتاندنی سەرجەم بارەگاكانی یەكگرتولەبادینان كۆتایی هات كە ئەمەش بزمارێكی گەورەبوو لەتابوتی ئەو ئارامی و ئازادی و دیموكراسیە درا كە هەمیشە سەرۆكی پارتی و پارتی شانازیی پێوەدەكەن.
دەنگدانەوە نێودەوڵەتیەكان و هاوسۆزی هەموو هێزە سیاسیەكان و باوەڕنەكردنی خەڵك بەو تێزەی پارتی كە یەكگرتوو لەپشت توندوتیژییەكانەوەیە، پارتی دیموكراتی توشی ئیستێك كرد، ئەوەتا ئێستا ئەم حزبە لە خیتابی ئیعلامیدا پەشیمانبوەیەكی پێوەدیارەو دەیەوێت دڵی یەكگرتوەكان بەدروستكردنی لیژنەو سەردانەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ بادینان بداتەوە، خاوبونەوەی پارتیش بەجیدی لەوكاتەوە دەستی پێكرد كە هاوپەیمانە سەرەكییەكەی (یەكێتی نیشتیمانی) هاوسۆزییەكی لەرادەبەدەری بەرامبەر یەكگرتوو پیشاندا ئەویش بەتەلەفونكردنی تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق بۆ ئەمینداری یەكگرتوو و سەردانی بەرهەم ساڵحی سەرۆك وەزیران بۆ بارەگای سەرەكی یەكگرتوو، كە هەرگیز پارتی چاوەڕێ نەبوو یەكێتی بەو شێوەیە ئەو هاوسۆزییە پیشانبدات و بتوانێت هێمنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی (بەپێچەوانەی روداوەكانی 17ی شوباتی رابوردووە بپارێزێت) .
لەروداوەكانی 17ی شوبات ناوچەكانی سۆران بەگشتی وسلێمانی بەتایبەتی نائارام و جێگای نارەزایی جەماوەری بوو، پارتیش شانازی بەوەدەكرد كە ناوچەكانی ژێر دەستی ئەو ئارامە، بەڵام ئەمجارە هاوكێشەكان پێچەوانە بونەوە،سۆران ئارام و بادینان نا ئارام، ئەمەش كارەساتە بۆ پارتی.
بڕوام وایە ئەمجارەش وەك روداوەكانی ساڵی 2005 پارتی دیموكرات داوای لێبوردن لەیەكگرتو دەكات و قەرەبوشیان دەكاتەوە، بەڵام ئایا یەكگرتوو ئەمجارەش قەرەبوو وەردەگرێت؟؟.

(یەكگرتوو قوربانییەكە)
بەدرێژایی هەموو مێژووی ئیخوان موسلمین لەناوچەكەدا یان قوربانی بون یاخود حەزیان لەوەبوە رۆڵی قوربانی بگێڕن، گرنگ ئەوەیە هاوسۆزی خەڵك بەدەست بهێنن جا بەگێڕانی رۆڵی قوربانی بێت یاخود خۆیان قوربانی بن، رەوتی ئیخوانیش لەكوردستان كە خۆی لەیەكگرتوی ئیسلامیدا دەبێنێـتەوە
هەمیشە توانیویەتی لەسەر ئەو ریتمە كاربكات و سۆزی خەڵكانێكی زۆر بەدەستبهێنێت، وەك لەروداوەكانی ساڵی 2005ی ناوچەی بادینان دا بینیمان كە ئەم حزبە بارەگاكانی سوتێنراو توانیان دەنگەكانیان دوقات بكەنەوە.
ئەمجارەش یەكگرتوو زیرەكانە كار لەسەر ئەم ریتمە دەكات، ئەم حزبە كەهیچ هێزێكی چەكدار یاخود میلیشیایی نیە توانیویەتی تا ئێستا نەبێتە بەشێك لەتوندوتیژی و شەڕەكانی ناوخۆی كوردو كورد، ئەمەش قەبارەی مەعنەوی وجەستەیی حزبی پاراستوەو ئەندامەكانی لەرویان دێت شانازی بەو خاڵَەوە بكەن.
من بڕوام بەوەنیە یەكگرتوو وەك حزب بەشداربێـت لەتوندوتیژییەكانی ئەمجارەی بادینان، ئەگەر تەماشای ئەو جەماوەرە زۆرەبكەین كە پەلاماری شوێنە گەشتیاری و مەی فرۆشییەكان دەدەن بەهەزاران كەس دەبن،بەدڵنیاییەوە لەم هەزاران كەسە لەهەواداری هەموو حزبێكی تیادایە بەیەكگرتوشەوە،بەڵام مرۆڤ ناتوانێت بڵێت هەموو ئەو خەڵكە یەكگرتون یا پارتی یا یەكێتی یا گۆڕان، ئەوە جەماوەرە.
سوتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو لەبادینان جارێكی دیكە لەبەرژەوەندی یەكگرتوو كۆتایی هات، راستە لەرووی مادییەوە زیانێكی زۆریان پێگەشت، بەڵام هاوسۆزییەكی سەیریان بەدەستهێنا،جارێكی دیكەش وێنەی قوربانیبونی خۆیان پیشانی دونیا دا،بەدڵنیایشەوە هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەپێشە، یەكگرتوو دەنگێكی زیاتربەدەستدەهێنێ، بەتایبەتیتریش ئەمجارە چونكە قوربانیەكانی زیاتر و تۆمەتەكانی گەورەتر.
(گۆڕان تەماشاكەر)
كاتێك بارەگاكانی گۆڕان سوتێنرا، هەموو حزبەكانی دیكە بەیەكگرتوشەوە تەماشاكەربون، لەسوتانی بارەگاكانی یەكگرتودا ئەمجارە گۆڕان تۆڵەی خۆی كردەوەو بوە تەماشاكەری یەكگرتوو، سەرەڕای ئەوەی ئەم دوو هێزە ئۆپۆزسیۆنن و هاوپەیمانن بەڵام كاردانەوەكانی گۆڕان نەگەشتە ئاستی كاردانەوەكانی هێزێكی ئاسایی زیاتر.گۆڕان نەجەماوەری خۆی هێنایە سەر جادەو نە تەلەفزیۆنەكەشی تەنانەت وەك كەناڵی (ئێن ئار تی) گرنگی بەروداوەكان نەدا، لەكاتێكدا دەبوو گۆڕان چ وەك ئۆپۆزسیۆن چ وەك حزبێكێش كە هەلە سیاسیەكان بقۆزێتەوە بۆخۆی رەفتاری نەكرد بەتایبەت كەساڵانێكە خەون بەوەوە دەبینێت بادینان لەپارتی بسەنێـتەوە وە ك لەدوای روداوەكانی 17ی شوباتی سولەیمانی بانگەوازی بۆ هەڵسانی بادینان دەكرد.
رەنگە دوا دیداری مەسعود بەرزانی و نەوشیروان مستەفا كاریگەری هەبێت لەسەر ئەو گرنگی پێنەدانەی گۆڕان بۆ روداوەكانی بادینان، بەڵام بەبڕوای من گۆڕان بۆیە ئەم روداوەی بەگرنگ نەگرت چونكە هەمیشە دەیەوێت خۆی دروستكەری روداوەكان بێت، بەڵام دواجار هەلێكی سیاسی گەورەشی لەدەستداو نەیتوانی وەكچۆن یەكگرتوو قوربانی نەبونی ئازادییە لەبادینان ئەمیش خۆی بەقوربانی نەبونی ئەو ئازادییە بزانێت لەو ناوچانەدا.

(یەكێتی براوەگەورەكە)
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانی پارتی بوو لەدوای روداوەكانی بادینان هەڵوێستی یەكێتی بوو، هەمومان دەزانین یەكێتی وەك لەراگەیاندنەكەیانەوە بینیمان زۆر توندبوو دەربارەی هەرگردبونەوەیەكی یەكگرتووو، بەڵام دواتر دوای پەیوەندی تەلەفونی مام جەلال و سەلاحەدین بەهادین و هەروەها سەردانی بەرهەم ساڵح راگەیاندنی یەكێتی جۆرێكی دیكەبوو، تەنانەت زمانی كادرەكانی ئەوانەی دەهاتنە سەر شاشەی تیڤیەكان گۆڕا، هەروەها رێگەش بە گردبونەوەكەی بەردەم مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتوو درا، وەك چۆن دژی سوتاندنی شوێنەگەشتیارییەكان بون، ئاوەهاش داوای دادگایی سوتێنەرانی بارەگاكانی یەكگرتوویان لەبادینان كرد، بەمەش یەكێتی هەم توانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەهەر كاردانەوەیەك بپارێزێت، هەمیش توانی دڵی یەكگرتوو رابگرێت و هاوسۆزیی خۆی بۆ دەربڕێت، لەكاتێكا یەكگرتو هێزێكی سەرەكی ئۆپۆزسیۆنە، هەروەك چۆن توانی بەم كردارانەشی هەنگاوێك لەیەكگرتوو نزیك بێتەوە و یەكگرتوش هەنگاوێك لە گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بون دوربخاتەوە.


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە