کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموساڵە و ئەم زامە تازە دەبێتەوە (یادەوەری منداڵێك لە ئەنفالدا)

Saturday, 14/04/2012, 12:00






ئەو ساڵەی ئەنفالەكان بوو من تەمەنم 9 ساڵان بوو، لەبیرمە بەهۆی تۆپبارانی ئێرانەوە بۆ سەر دەربەندیخان لەگەڵ ماڵ باپیرەم دا هاتبوینە ماڵێكی خزمی خۆمان لەنزیك لیواكەی كەلار.
كەلار ئەو كاتە رەنگێكی خەمگینی هەبوو، سەڕەرای فشاری خەلكی ئاوارەبوی دەربەندیخان، خەمێكی دیكەشی لەكۆڵ گرتبوو.
من بەو تەمەنە كەمەی خۆمەوە هەستم بەخەمی ئەو ژن و پیاوە خەمبارانە كردبوو كە لەژورەكاندا بە بێدەنگی دادەنیشتن و فرمێسكیان بۆ كەسوكارەكانیان دەڕشت كە لە دێهاتەكاندا یاخود گیرابون یاخود كەس هەواڵێكیان نەدەزانیی.
ئەو ماڵەی ئێمەی لێبوو كەسوكارێكی زۆریان پێشمەرگە بون، نەوەیەكی زۆریان لە دێهاتەكاندا بون، هەموو مەغریبێك گریانێكی قوڵ قوڕگی دەگرتن و دەست بە دوعا چاوەڕوانی چارەنوسێكی باشیان بۆ نەوەكانیان دەكرد.
ئێستاش هەمیشە دیمەنی ئەو دوانیوەڕۆیەم لە یادناچێتەوە كەئێمە لە كۆڵانەكەدا یاریمان دەكرد كەسێك بەپەلە خۆی كرد بەگەڕەكەدا و وتی جاشەكان خەڵێكی زۆریان هێناوە كە ژن ومنداڵیشی تیادایە و لەو دیهاتەنەدا گیراون.
ئیدی هەموو گەڕەك شڵەژا و ئێمەش یارییەكەمان تێكچو.
من ئەو كات تێنەدەگەشتم چی رویداوە، بەڵام بە چپە چپەی پیاوەكان و گریانی بەردەوامی ژنەكاندا لەوەگەشتم ئەو ماڵ و ئەو گەڕەك و ئەو شارە خەڵكێكی زۆریان لەدەستداوە.
كەلار چەند رۆژ دواتر دەتوت شاری مردوانە، من كە ئێستا بیر لەو رۆژانە دەكەمەوە تێدەگەم ئەو هەموو خەڵكە بۆ رەنگی مردوی لێنیشتبو.
ماوەیەك دواتر لەنزیك مەلعەبەكە و لەژێر دارتویەكدا شوتیم دەفرۆشت لەپڕ هەموو كەلار رژانە سەر ماڵێك كە زۆر دور نەبوو لەمنەوە.
نیوەڕۆیەكی گەرمبوو، هێندە گەرم وەك گەرمی ناخی ئەو خەڵكەی هەریەكە و كەسێكی لەدەست دابوو،وەك دەرونییان، وەك فرمێسكیان .
خودایە بەو هەموو گەرمایە ئەو هەموو خەڵكە چۆن لەپڕ كۆبونەوە.
شوتیەكەم جێهێڵا و فزوڵیەتیەكی منداڵی منیشی بۆ ئەو ماڵە برد.
هێندە بچوكبوم بەزۆر لەبەینی چەندین پیاوی گەورەوە چومە ژورەوە و خۆم بەو پەنجەرەیەدا هەڵواسی كە ئەو حەشاماتە لەو ژورەیان دەڕوانی كە لەسەر حەوشەكەبوو.
پیاوێكی پیر كە تەمەنی لە هەفتا ساڵی تێپەڕیبوو لە ئەنفال و نوگرە سەلمانەوە هاتبویەوە و بەر لێبوردنە درۆینەكەی سەدام كەوتبو لەو ژورەدابوو.
هەرچەندە چەند كەسێك رایاندەكێشام تا بەردەمی پەنجەرەكە بەربدەم كەچی رەنگی پیاوەكە هێندە شێواو پەریشان بوو توندتر منی هاندەدا دەست بەتەلی پەنجەرەكەوە بگرم و گوێ لە حیكایەتی بگرم.
بیرمە ئەو پیاوە بە گریانەوە دەیوت گەنجەكان بەجیا و ژن و مناڵەكان بەجیاو پیرەكانیشان بە جیا دابڕیوە.
لەیەككاتدا دەیەها كەس لێیان دەپرسی، ئەرێ براكەمت نەدیوە، ئەی خوشكەكەم، ئەی خزمەكانم و تا ناكۆتا.......
من رەنگی ئەو پیاوەم هێشتا لەبەرچاوە، دەموچاوێكی وشك هەڵاتوو و چاوانێكی پڕ لەپرسیار و حەسرەت... ئەو پیاوە كە لەبەردەم پانكەكەدا لە مردوییەك زیاتر دەچوو تا لە زیندوییەك قسەی زۆری تری كرد، قسەی زۆری تریشی پێبوو كە نەیدەوێرا بیكا..
منیان فڕێدایە خوارەوە و شێوەی ئەو پیاوەم هەر لەبیرنەچوو..
كە بیركەوتەوە شوتیەكانم بە جێ هێشتوە بەپەلە گەڕامەوە.
ساڵانێك دواتر لە حوزنی تەنیایی ئەو پیاوە گەشتم، ئێستاش هەموو ساڵێك ئەم زامە لەمندا زیندوودەبێتەوە ...
هەموو ساڵێك كەلار هاوەڵی یادەوەرییەكانمە لەو رۆژانەدا..
هەموو ساڵێك شێوەی كەلار وشێوەی ئەو پیاوە پیرە و شێوەی ئەو ژنانە لەرۆحمایە كە بەدزییەوە رەسمەكانی خزم و كەسوكارەكانیان دەردەهێنا و بەسەریدا دەگریان و هەر بەدزییشەوە پرسەیان بۆ دادەنان....


*سەرنوسەری ماڵپەری rwnaky.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە