ئەم گالتەجارى یە لەپێناو چى ؟؟
Sunday, 20/07/2014, 12:00
ئاشكرایە ماوە یەك ساڵ و حەوت مانگە جەلال تالەبانى بەهۆى نەخۆشى لە ولاتى ئەلمانیا كەوتووە و لەوساتەوە تاكو ئەمرو یەكێتى نیشتمانى كوردستان و بنەمالەو كەسە نزیكەكانى جەلال تالەبانى ولە سەروى هەموویانەوە (هێروابراهیم ئەحمەد) كەوتونەتە چەواشەكردنى خەلكى كوردستان و تەنانەت ئەندامانى سەركردایەتى یەكێتیش , كە گوایە مامە تەندروستى باشە و بەم زووانە دەگەرێتەوە كوردستان كەئەوە ساڵێك و حەوت مانگى خایاند , بەلام راستى تەندروستى مامە بو كەس باس ناكەن .
لێرەدا پرسیار ئەوەیە , باشە گریمان لەو یەك ساڵ و حەوت مانگەى مام جەلال لەژێر چارەسەریدا بووە و دواتر لافى ئەوەیان لێ دەدا تەندروستى باشە !! بۆچى لەو ماوەیەدا و لەسەروبەندى ئەو هەموو روداو و پێشهاتەكانى هەرێم و عێراقدا تەنانەت بۆ یەكجاریش بێت مامەیان نەهێنایە سەر شاشەى تەلەفزیون كە دوو قسە بۆ خەلكى كوردستان بكات باوەربكەن كەبەڵێ مامە تەندروستى باشە , ئایا هیروخان بەخۆى گێلە و خەڵكى كوردستان لەگەلأ رێزم بە گێل و نەزان لەقەلەم دەدات , ئەگینا ئەو گاڵتە جاریە چى یە بە خەلكى كوردستانى دەكەن .
لەكاتى پرۆسەى دەنگدان لەگرتیەكى تەلەفزیونیدا نیشاندرا كە ئەوە مامەیە و چووە بۆ دەنگدان , بێگومان و پێم باشە هێرۆخان بزانێت كە ئەو گرتە ڤیدیویە لەو ساتەدا زۆر بەگرانى لەسەر یەكێتى راوەستاو باجەكەشى شكستى یەكێتى بوو لە هەڵبژارتنەكاندا و هەروەها دووبەرەكى لە نێوان سەرانى یەكێتى دا , ئەمرۆش لەسەروبەندى ئەم قەیرانەى ئەمرۆى عێراق و لەماوە چەند رۆژى رابردوو راگەیاندنى یەكێتى كەوتە بلاوكردنەوەى هەوالى هاتنەوەى مامە بۆ خاكى كوردستان , خەڵكانێكى سادەو ساكار كەوتنە پەرۆشى گەرانەوەى بەندەو چاوەرێ بوون كەى دەگات , بۆ ئەوەى بیبینن , بەلام چ گەرانەوەیەك ؟؟!!!! بەراستى ئەوەى هێروخان كردى ئەو پەرى بێرێزى بوو بەرامبەر بەگەلى كوردستان , بەتایبەتى بەرامبەر هاوڵاتیانى شارى سلێمانى (شارى هەڵمەت و قوربانى) , كەئەو هەموو جەماوەریان دارژاندە سەر شەقامەكان بۆ پێشوازیكردنى مامە , كەچى تەنانەت سەرە پەنجەكانى مامەش دیارنەبوو , كەتەنانەت سلاوێك لەو خەلكە بكات , سەرەراى ئەوەى رێگەیان بەهێچ میدیایێك نەدا رۆمالى گەیشتنى مامە بكەن و وێنەى نیشان بدەن , دواتر رێگەیان بەهێچ ئەندامێكى سەركردایەتى خۆشیان نەدا بچن لە دەباشان سەردانى مامەیان بكەن , بە بیانۆى ئەوەى ئەمە تایبەتمەندیێكى خێزانى یە و كەس بۆى نیە مامە ببینێت , ئەمەش بێگومان بووە مایەى بێزارى و نارەزایى سەركردایەتى یەكێتى و جەماوەرى شارى سلێمانى .
ئەوەى ئاشكرایە لەو سیناریۆیە بێ مانەیەدا چەند مەبەستێك هەیە ,
یەك : دیارە دكتۆرە ئەڵمانیەكان لە چاكبوونەوەى مامە بێ ئومێد بوونە بۆیە بریاریان داوە بیگەرێننەوە هەرێمى كوردستان .
دوو : لەو باوەرەدام ماوەیەكى تر خانەوادەى مامە رایدەگەێنن كە مامە مردووە , بەو بۆنەیەشەوە دەیانەوێت رێو رەسمێكى گەورەى بەخاكسپاردنى بۆ بكەن و جارێكى تر هاوڵاتیانى پێ چەواشە بكەن .
سێ : دەیانەوێت و بەنیازن بۆخۆیان و هەوادارانیان مامە بكەن بە باوكێكى رۆحى .
بەڵام ئەوەى لێرەدا جێگاى سەرسوڕمانە , ئەو جەماوەرەیە كە ئەوەندە سادەو ساكارە بەزووى هەڵدەخەڵەتێك باوەر بەو چەواشەكاریانە دەكات و دەڕژێنە سەرشەقامەكان بۆ پێشوازى مامە , كەتەنانەت وەهمێكە (هێرۆى ابراهیم ئەحمەد) و دارو دەستەكەى دروستیان كردووە .
بەڵام ئافەرین بۆ هێرۆخان كە بتوانێت هاوڵاتیان لەخشتە بەرێت و بەو جۆرە شانۆگەریە ئابڕومەندانە گاڵتە بە عەقل و هەست و سۆزیان بكات , ئەو جەماوەرى كە كوردستانى لە گەورەترین راپەرین لە مێژووى خەباتى گەلى كورد دا رزگاركردو تەسلیم بە نموونەى وەك هێرۆخانیان كرد , ئەمرۆش ئەوان گاڵتە بە عەقلى جەماوەر بكەن و بو جۆرە شانۆگەریە هەڵیان بخەڵەتێنن , بێگومان رۆژانى داهاتوو ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا دەكەن , كەئایا ئەوەى هاتەوە مام جەلال بوو یان وەهمێك بوو , ئەم سیناریۆیەش لە سیناریۆى جارى پێشووە خراپتر دەبێت و لەو باوەرەدام یەكێتى باجێكى گەورەتر دەدات و هیواداریشم جەماوەرى شارى سلێمانى هۆشیار تر بن و چیتر ریگە بە خۆیان نەدەن چەواشە بكرێن ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست