کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوای ئه‌و هه‌موه‌، عێراقه‌كه‌ی دیكه‌ زۆر ئازاد نیه‌

Friday, 03/06/2011, 12:00


له‌ئینگلیزیه‌وه‌: شوان بورهان له‌كی

كوردستانی عێراق كه‌ به‌ په‌ناگه‌ی دیموكراسی و ئاسایش داده‌نرا سه‌ركوتی خۆپیشاندان و میدیا ده‌كات.

له‌ سلێمانی_كودستانی عێراق ته‌قه‌كردن ئێواره‌یه‌كی ئارامی شڵه‌ژاند له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ پۆلیس تێوه‌گلابو، بڕیار نامیق په‌یامنێری KNN خێرا چو بۆ گواستنه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه‌، پاش كه‌مێك له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌فسه‌رێكه‌وه‌ ده‌وره‌درا و له‌ هه‌مولایه‌كه‌وه‌ لێیدرا و پاش كه‌له‌پچه‌كردنی و داپۆشینی فڕێدرایه‌ پشتی سه‌یرایه‌كه‌وه‌ دوباره‌ لێی درایه‌وه‌ و ئه‌فسه‌ره‌كان باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ بیكوژن یان نا. دواتریش به‌ بێهۆشی له‌ نزیك ماڵی خۆیان فرێدرا.

بڕیار نامیق له‌ كاتی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستی شكاوی و هات و هاواری ئازاری ملی وتی: "من ئێستا به‌ لێدان و گرتن راهاتوم، ئاساییه‌ لێره‌." وتیشی: "به‌ تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتو نزیك بوه‌ته‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م زۆر جاری تریش روبدات."

گروپه‌كانی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ له‌و باره‌ نائارامه‌ی عێراقدا ناچاربون ئاراسته‌ی كاره‌كانیان بگوێزنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام و دیموكراسی داده‌نرا.

دوای دومانگ له‌ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی دژ به‌ حكومه‌ت كه‌ سه‌ركوتكردنی توندی به‌دوادا هات، سه‌ركرده‌كانی خۆپیشاندان ده‌ڵێن 10 كه‌س كوژراون و زیاتر له‌ 500 كه‌س برینداربون و 900 كه‌سیش ده‌ستگیركراوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیس و هێزه‌كانی حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش بوبه‌ جێگه‌ی ناڕه‌زایی هه‌ریه‌ك له‌ رێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ و رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی.

به‌ كاریگه‌ری سه‌ركه‌وتنی خۆپیشاندانه‌كانی میسر و تونس، له‌ 17ی شوباتدا له‌ شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری خۆپیشاندانی رۆژانه‌ له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و بێكاری و كه‌می خزمه‌تگوزاری ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندی چه‌كداره‌كانی حیزب خه‌ڵكی توڕه‌ كرد و وای كرد داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیان كرد، دواجاریش به‌هۆی سه‌ركوتكردنی دڕندانه‌ی چه‌كداره‌كانه‌وه‌ خۆپیشاندان كۆتایی پێهێنرا و تائێستاش چه‌كداره‌كان پاسه‌وانی شه‌قامه‌كان ده‌كه‌ن.

له‌ درێژه‌ی توندوتیژیه‌كاندا، رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنور له‌ راپۆرتێكدا لیستێك له‌و په‌لاماردانانه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نوسان كرابونه‌ ئامانج له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو كه‌ ئه‌و په‌لاماردانانه‌ وایكردوه‌ كاری رۆژنامه‌گه‌ری مه‌حاڵ بێت.

هاوكات كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری كردنی عێراقی له‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نوسان 226 حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری پێگه‌یشتوه‌ كه‌ له‌ نێویاندا ئازاردانی جه‌سته‌یی و برینداركردن به‌ گوله‌ و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌نوسی و ده‌ستگیركردن و رێگه‌نه‌دان به‌ گواستنه‌وه‌ی روداوه‌كان له‌ خۆده‌گرێت.

ئه‌م روداوانه‌ بۆ بڕیار نامیق جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نین، كه‌ دوه‌م ساڵی كاركردنیه‌تی وه‌كو په‌یامنێری KNN و ده‌یان جار لێیدراوه‌ و دوجار ده‌ستگیركراوه‌ و له‌ چه‌ند روداوێكیشدا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ به‌بێ هیچ تاوانێك و براوه‌ته‌ دادگا و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌ و خێزانه‌كه‌ی بێزاركراوه‌. بڕیار وتیشی:"ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه‌ و هه‌ركاتێك كه‌ راپۆرتێك ئاماده‌ بكرێت كه‌ به‌ دڵ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نه‌بێت ئه‌وا ئازار ده‌چێژی".

هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی 1991دا به‌ هاوكاری خۆرئاوا سه‌ربه‌خۆییه‌كی رێژه‌یی له‌ رژێمی سه‌دام به‌ ده‌ستهێنا، سه‌قامگیری هه‌رێمه‌كه‌ بوه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌ره‌نجی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ بیانیه‌كان و پێشكه‌وتنی ئابوری به‌ به‌راورد به‌ به‌شه‌كانی تری عێراق، كه‌ له‌ دوای داگیركردنیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ كه‌وته‌ نێو شه‌ڕێكی تایه‌فیه‌وه‌. دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار (یه‌كێتی و پارتی) كه‌ له‌لایه‌ن دو بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ قۆرخكراون سه‌ره‌ڕای زۆریی گه‌نده‌ڵی، بۆ 20 ساڵه‌ هه‌رێمه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش ئه‌و پرسیاره‌ی هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ سنوری ئازادی و دیموكراسی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا چه‌نده‌ و حكومه‌ت تا چه‌ند ئاماده‌یه‌ بۆ كپكردنی ئه‌و میدیایانه‌ی كه‌ دژین.
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ تایبه‌تی كراونه‌ته‌ ئامانجی ته‌قه‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كان.

ئاراس محمه‌د له‌ كاتێكدا كه‌ راپۆرتی بۆ رادیۆی ده‌نگ ئاماده‌ ده‌كرد قاچ و ورگ و ملی بریندار كرا، ئه‌و ده‌ڵێت: "راسته‌وخۆ ته‌قه‌یان له‌من ده‌كرد زانیان كه‌ من رۆژنامه‌نوسم چونكه‌ باج و كامێرام پێبو، یه‌كێ له‌ پێشمه‌رگه‌كان كاتێك ته‌قه‌ی ده‌كرد ده‌یوت ئه‌تكوژم" وتی پێشتریش له‌ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێكیان دا و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كران.

به‌هۆی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ زۆربه‌ی رۆژنامه‌نوسان له‌ترسی ده‌ستگیركردن خۆیان شاردوه‌ته‌وه‌. ئۆفیسی هه‌ندێ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانیش كراونه‌ته‌ ئامانج و له‌ دومانگی رابردودا باره‌گای سێ ته‌له‌فزیۆن و دو رادیۆ تاڵانكراون یان سوتێنران یان ته‌قه‌یان لێكراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌.

ئاسۆس هه‌ردی خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رۆژنامه‌ ئازاده‌كانی هه‌رێمه‌كه‌ ده‌ڵێت: " لێره‌ ته‌نها ده‌روازه‌یه‌كی بچوك هه‌یه‌ بۆ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری، به‌ڵام له‌ كاتی روبه‌ڕوبونه‌وه‌كاندا روی راسته‌قینه‌ی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان رونده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ش داده‌خرێت".

حه‌سه‌ن جه‌باری وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: ته‌نها ئیجرائاتی پێویست به‌رامبه‌ر به‌ خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی بۆ هه‌رێمه‌كه‌. وتیشی: رۆژنامه‌نوسان له‌ كوردستانی عێراق ئازادییان هه‌یه‌ جا سه‌ر به‌هه‌ر لایه‌نێك بن، بارودۆخه‌كه‌شی به‌ باش وه‌سف كرد بۆ رۆژنامه‌نوسان.

ئازاد جوندیانیش له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هاوڕابو، وتی: "پێموایه‌ هێشتا ئازادی هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌بێته‌ ئاژاوه‌ كه‌س نازانێ چی ره‌ده‌دات"، راشیگه‌یاند كه‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ئاشكرایه‌ كاتێك 1400 ده‌زگای میدیایی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا به‌ ئازادی كارده‌كه‌ن. به‌ڵام فاروق عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵی په‌یام پێیوایه‌ چۆنیه‌تی كاركردن كێشه‌یه‌ نه‌ك ژماره‌ی میدیا، وتیشی: "حكومه‌ت رێگه‌ به‌ دروستكردنی ده‌زگای میدیا ده‌دات به‌ڵام له‌ واقعدا سه‌ركوتی په‌یامنێران ده‌كات رێگه‌نادات به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر كاربكه‌ن".

سه‌ره‌ڕای سه‌ركوتكردنی په‌یامنێر و باره‌گای ته‌له‌فزیۆنی په‌یام، فاروق عه‌لی پێی وایه‌ كه‌ كێشه‌ی میدیا له‌ كوردستانی عێراق ته‌نها كێشه‌ی ده‌ره‌كی نیه‌ به‌ڵكو ئینتمای سیاسی هه‌یه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه‌ و رێزی یه‌كتریش ناگرن، زۆربه‌ی راپۆرته‌كانیش ته‌شهیر و درۆن، بونی رۆژنامه‌نوسی راسته‌قینه‌ مه‌حاڵه‌ لێره‌.

زۆربه‌ی رۆژنامه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆكان له‌ كوردستانی عێراقدا پاشكۆی حیزبه‌ سیاسیه‌كانن، هه‌ندێكی كه‌م بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن به‌ڵام لایه‌نێك یان ئه‌جێندایه‌كی سیاسی له‌ پشتیانه‌.

ره‌حمان غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ به‌رگریكردن له‌ مافی رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند: چه‌ندین هاوپه‌یمانی نهێنی له‌ پشت رۆژنامه‌ی ئازاد هه‌یه‌. وتیشی: "هه‌ربۆیه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر رۆژنامه‌نوسی ناپرۆفێشناڵمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌قامدا گوێ به‌ قیه‌م و ئه‌خلاقی رۆژنامه‌وانی ناده‌ن، ته‌نها كاریان ئاگایی خستنه‌سه‌ر كه‌یسی بێمانا و درۆكردنه‌".

سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌مو كێشانه‌ش ره‌حمان غه‌ریب پێی وایه‌ چاوه‌ڕوانی باش ده‌كرێت له‌ میدیای كوردی، پێشی وایه‌ كه‌ رۆژنامه‌وانی كوردی پێویسته‌ ستاندارد و به‌های‌ رۆژنامه‌وانی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێشبكه‌وێت و رێكخراوه‌ جیهانیه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیش له‌و پێشكه‌تنه‌دا یارمه‌تیده‌ری بن.

ره‌حمان غه‌ریب وتیشی رێكخراوی په‌یامنێرانی بێسنور و كۆمیته‌ی به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوسان له‌ نێو رێكخراوه‌كانی تردا زۆرترین كاریان كردوه‌ له‌ كوردستانی عێراق و چاویان له‌سه‌ر ئازادی و به‌تایبه‌تی ئازادی رۆژنامه‌وانیه‌ بۆیه‌ به‌رپرسانی حكومه‌ت پێویسته‌ زۆر به‌ئاگابن له‌ توندوتیژی له‌ دژی رۆژنامه‌نوسان چونكه‌ زۆر زیان به‌ سومعه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت.

له‌كاتێكدا كه‌ ده‌ستدرێژی سه‌ر په‌یامنێران به‌رده‌وامه‌، ئه‌حمه‌د میره‌ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری لڤین ده‌ڵێ مه‌ترسی سه‌ر رۆژنامه‌وانی راسته‌قینه‌ له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌حمه‌د میره‌ تا ئێستا چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه‌، له‌ ئێستاشدا روبه‌ڕوی پێنج ساڵ زیندانی ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی بابه‌تێك له‌ باره‌ی تاوانێكی حكومه‌ت.

ئه‌حمه‌د میره‌ ته‌نها دو رۆژ پێش ده‌ستگیركردنی وتی: "ئه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ من شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م و رۆژنامه‌نوانی راسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مشتومڕ له‌ كۆمه‌ڵگادا دروست بكات نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی روبه‌ڕوبونه‌وه‌كاندا باسی ئاهه‌نگی ژنهێنان بكات".

سه‌رچاوه‌: گلۆبالپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە