ئه‌مرۆ و دوێنێی یه‌کێتی

Saturday, 04/06/2011, 12:00





کاتێک لێدوانی هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌و به‌رپرسه‌کانی یه‌کێتی ده‌بینم و ده‌بیسم وده‌یانخوێنمه‌وه‌،ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌و شه‌م ده‌مگرێ، رابردووی دوێنیی یه‌کێتی وئه‌مرۆ دووشتی جیان له‌یه‌کتری ،دوێنی ئایدۆلۆژیه‌تێک هه‌بوو که‌ گه‌نجانی کۆکردبۆوه‌ له‌به‌رده‌م کاسکێته‌که‌ی کاک ئارام وباوه‌ره‌کانی هه‌رچوار سه‌رکرده‌ی شه‌هیدوسه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو باوه‌ڕێک که‌ هه‌یان بوو ،ژیانیان به‌خشی ،ئه‌وانه‌ی له‌ زیندانه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌یان کێشاوئه‌وانه‌ی عومری گه‌نجێتیان له‌پێناو ئه‌م شۆڕشه‌داناو پیربوون ، ئیمرۆش، که‌سانێک بون به‌قسه‌که‌رو ده‌م راست مرۆڤ ناشێت گوێیان بۆ بگرێ وبه‌سه‌رکرده‌و لێپرسراو له‌قه‌له‌میان بدات.
مه‌دره‌سه‌که‌ی کۆمه‌له‌،مامۆستایان، کاک ئارام وجه‌عفه‌رو شه‌هاب وئه‌نوه‌رو....... . که‌سیان وا په‌روه‌رده‌و فێر نه‌کردووه‌ ،لێدوانی عه‌فه‌ویانه‌ ونامه‌نتقی ودوور له‌ هه‌موو مۆڕالێک ،دژ به‌ هاولاتیان بده‌ن وهه‌ڕه‌شه‌ بکه‌ن، من کاتێک لێدوانی به‌رپرسێکی یه‌کێتی ده‌بینم به‌،خۆپیشانده‌ران ، نووسه‌ران ، رۆژنامه‌نووسان، ڕوناکبیران ده‌لێت:ئه‌وانه‌ چه‌قۆکێشن وسه‌رسه‌رین به‌ره‌لان جۆره‌ها قسه‌ی ناشایسته‌و دوور له‌ هه‌موو قیه‌م وبه‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی مرۆڤ، ده‌به‌خشێته‌وه‌،ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌،له‌ رابردووی یه‌کێتی نا به‌لکو له‌ ئێستا که‌ که‌سانێک بوونه‌ته‌ خاوه‌نی مالو ،شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ لێده‌خورن ،به‌خه‌لوزی جاران،نه‌ک به‌ کاره‌باو ووزه‌ی ئێستا.
ئه‌م کولتوره‌ی ئێستا ،مرۆڤێکی سه‌رده‌م وعه‌قلی کۆن به‌رێوه‌ی ده‌بات ،مه‌دره‌سه‌یه‌کی تری سه‌رده‌میانه‌یه‌،وا گۆش وپه‌روه‌رده‌کراون، هه‌موو خیارێک ورێگه‌یه‌ک دژ به‌هاولاتیان بگرنه‌ به‌ر ئه‌وه‌ش ته‌نهاو ته‌نها له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌لات ، ئه‌م هه‌موو شعاری پڕ له‌ دیموکراسی وئازادی ومافی مرۆڤ وئازادی کوردستان مافی چاره‌ی خۆ نووسینه‌ له‌ کوێن ،ساله‌های سال رۆله‌ی کوردتتان پێ هه‌لخه‌له‌تان وبه‌کوشتتان دان، که‌واته‌ ئه‌وه‌ هه‌مووی هه‌مبانه‌ی درۆبوو،ته‌نها بۆ ده‌سخه‌رۆدانی گه‌نجه‌کانمان ،له‌پێناو گه‌یشتنی ئێوه‌ بۆ کورسی وده‌سه‌لات بوو،هه‌ر واش ده‌رچوو.
هه‌موو ئه‌م ماندووبون وقوربانیدانه‌،کرا به‌ پاروویه‌ک بۆته‌نها چه‌ند که‌سێک، ئه‌خیرا ته‌سلیم به‌پارتی بوون،خۆتان هاوێشته‌وه‌ ماله‌گه‌وره‌که‌ وبونه‌وه‌ به‌ نۆکه‌ری جاران ،وای له‌م به‌دبه‌ختی و مالوێرانییه‌، چه‌ندتان گووت: بنه‌ماله‌ سه‌ره‌تانی میلله‌تی کوردن،ده‌بێ له‌ناو بچن ‌،چه‌ندیان گووت ئه‌وانه‌ نۆکه‌ری بێگانه‌و موسادو میت وساواکی ئێران و به‌عسن،هه‌رچی تۆمه‌ت وناو ناتۆره‌ی ناشرین هه‌بوو بۆتان هه‌لبه‌ستان،که‌چی ئێستاش هه‌ر خۆتان چونه‌وه‌ ژێر باره‌که‌، خه‌لکیش ناهه‌قی نییه‌ هه‌ر بریارێک بدات ،جیابێته‌وه‌،چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات ، بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان وداوای مافی ره‌وای خۆیان بکه‌ن ،په‌شێوی شاعیر له‌ شعرێکیدا به‌ناوی دێوه‌ره‌و که‌ر جوانی داڕشتوه‌ ،من ته‌نها کۆپله‌ی کۆتاییه‌که‌ی ده‌نووسم که‌ ده‌لێ: خاوه‌ن که‌ر ،که‌ره‌که‌ی له‌مێرگێکدا ده‌له‌وه‌رێنێ، دز به‌سه‌ریان دادێن،خاوه‌ن که‌ر به‌که‌ره‌که‌ی ده‌لێ :هه‌تا زووه‌ با بارت که‌م له‌ رێگران ڕزگارت که‌م. که‌ر دایه‌ قاقای پێکه‌نین گووتی " قوربان،هاورێی شیرین! باره‌که‌ی من له‌خۆت بارکه‌ هه‌تا زووه‌ خۆت ڕزگار که . که‌من که‌ربم،باره‌به‌ربم،کورتان له‌پشت،هه‌شبه‌سه‌ربم، فه‌رقی چییه‌؟ ده‌رد هه‌ر ده‌رده‌، که‌ری تۆبم یا هی جه‌رده‌!".
سوکرات له‌ داستانی ئه‌شکه‌وته‌که‌دا باس له‌وه‌ده‌کات که‌خه‌لکانێک له‌ ناو ئه‌شکه‌وتێکدان،ڕوویان له‌دیواره‌،ئه‌و شتانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن،له‌رێگه‌ی سیبه‌ره‌کانه‌وه‌ به‌وان ده‌گات،که‌سێک له‌وان ڕزگاری ده‌بێت وده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌،خۆر ده‌هێنێت بۆ ڕزگار کردنی ئه‌وانی تر.
کاتێک مرۆڤ ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌بینێت ،هیوای به‌شتێک نییه‌ بتوانێت ئه‌م خه‌لکه‌ ڕزگار بکات،هه‌ر چی یه‌کێتیه‌ چی به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ نه‌ماوه‌،ئاماده‌یه‌ بۆ راگرتنی دلی خزمانی پارتی،هه‌موو شتێک ئه‌نجام بدات ،وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ کردی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌رای ئازادی وخۆپیشانده‌ران ورۆژنامه‌نووسان ونووسه‌ران،لێدوانه‌ به‌تال وبێ ماناکانی به‌رپرسانیان،ته‌نها شتێک ئه‌وانی هێشتبێته‌وه‌ پاره‌و هێزه له‌ژێر سایه‌ی هاو په‌یمانی ستراتیژی‌.
ده‌کرێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لکی کوردستان ورێزگرتن له‌ ئیراده‌یان ، پارتی به‌ هاو په‌یمانێتی ستراتیجی دا بچێته‌وه و هه‌لی بوه‌شێنێته‌وه‌،له‌ ئه‌سلدا ئه‌م هاو په‌یمانێتیه‌،ته‌نها پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌م دوو حزبه‌ی له‌ خۆ گرتووه‌، بۆته‌ هۆی ئیفلیج کردنی شاده‌ماره‌کانی ژیانی سیاسی له‌ کوردستان هه‌مو رێگاکانی به‌ بن به‌ست گه‌یاندووه‌. گه‌ر ده‌تانه‌وێ ئێوه‌ش خۆر بۆ هاولاتیانتان بهێنن ،ئه‌وه‌ کۆتایی به‌م سیاسه‌تی تاکره‌ویی وبه‌رژه‌وه‌ند خوازیی وخۆپارێزییه‌ بهێنن ،له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌مان وحکومه‌تی کوردستان، سه‌رجه‌م هێزه‌کان کۆببنه‌وه‌، خزمه‌ت به‌خه‌لکی کوردستان بکه‌ن.‌


 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە