کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڤاری ئا‌ڵته‌رناتیڤ: (386) که‌س به‌ ناوى په‌ژاک به‌کوژراوی راده‌ستى ئێران کراون

Tuesday, 17/05/2011, 12:00


سه‌لاح مه‌حمود چاپه‌مه‌نى ناوه‌ندى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان، له‌ هه‌فته‌نامه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤى خۆیدا به‌ فراوانى پرۆژه‌ى دژه‌په‌ژاکى خستۆته‌ڕوو. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌ک دژى کۆمه‌ڵگاى کورد ‌ناوبراوه‌ که‌ له‌ ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌کاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هه‌ر بوارێک چه‌ندین لق له‌خۆ ده‌گرێت، به‌ به‌رفراوانى باسی له‌ سه‌ر کراوه‌ و نمونه‌ و به‌ڵگه‌ى بۆ هێنراوه‌ته‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک که‌س له‌ بواره‌ جیاوازه‌کاندا دانیان ناوه‌ به‌م کردارانه‌ى که‌ له‌ لایه‌ن کۆمارى ئیسلامى پێیان کراوه‌. له‌م پرۆژه‌یه‌دا که‌ به‌ دژه‌ په‌ژاک به‌ناو کراوه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ که‌ڵک له‌ جاشه‌کان و ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى که‌ پێشووتر ئه‌ندامى حزبه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌کان بوون و خۆیان راده‌ستى کۆمارى ئیسلامى کردۆته‌وه‌ وه‌رگیراوه‌. هه‌روه‌ها ئێران له‌ رێگاى حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانى باشورى کوردستان به‌تایبه‌ت یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان بۆ بێده‌نگکردنى ئه‌و حزبانه‌ى‌ له‌ باشوورى کوردستان ئۆردوگانشینن سودی وه‌رگرتووه‌ و نامه‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى که‌ بۆ (سه‌حراروودى)‌ نێردراوه‌ خراوه‌ته‌وه‌ڕوو. په‌ژاک له‌و گۆڤاره‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت حزبه‌ ئۆردوگانشینه‌کان کراونه‌ته‌ دارده‌ستێک دژ به‌ په‌ژاک تا له‌ گه‌شه‌کردنى په‌ژاک شوێنى خۆیان ون نه‌که‌ن و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌ک له‌ حزبى دیموکراتی کوردستان به‌ هه‌ر دوو باڵی مسته‌فا هیجرى و عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده‌، له‌ ناو ئه‌ندامانى خۆیان و له‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ده‌ره‌کییه‌کانى ئێرانى و ده‌نگى ئه‌مریکا و له‌ کۆبوونه‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان، په‌ژاکیان به‌ پلانێکى کۆمارى ئیسلامى ناساندووه‌. گۆڤاره‌که‌ له‌و بابه‌ته‌دا وتی ده‌نگى ئه‌مریکا له‌م بواره‌دا که‌وتووه‌ته‌ پروپاگه‌نده‌ دژ به‌ په‌ژاک و سه‌رچاوه‌کانى کۆمارى ئیسلامى له‌وباره‌یه‌وه‌ کردۆته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵى خۆى.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شێکیتری گۆڤاره‌که‌ باس له‌وه‌ کراوه‌ عه‌بدوڵا موهته‌دى کاتێک که‌ فرۆکه‌کانى تورکیا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر چاپه‌مه‌نى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان و شه‌ش له‌ ئه‌ندامانى چاپه‌مه‌نى گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن موهته‌دی ده‌ڵێت: له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا له‌ ده‌ست شه‌ڕى په‌ژاک رزگارمان ده‌بێت. ژماره‌ نۆی ئه‌و گۆڤاره‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت:‌ زۆر لایه‌نى کوردیش که‌وتوونه‌ته‌ خزمه‌ت ئه‌م پرۆژه‌یه‌ى کۆمارى ئیسلامى و عیرفان قانعى فه‌رد وه‌ک لێکۆله‌ر له‌ بوارى راگه‌یاندن له‌و‌ پرۆژه‌یه‌ ده‌ورى ئه‌کتیڤى گێڕاوه‌، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ قانعى فه‌رد ده‌ستى له‌گه‌ڵ موحسێن ره‌زایى تێکه‌ڵ کردووه‌ که‌ یه‌کێک له‌ به‌رپرسانى باڵاى کۆمارى ئیسلامییه‌. گۆڤاره‌که‌ باس له‌ کۆمه‌ڵێک که‌س کراوه‌ که‌ داوایان کردووه‌ دژ به‌ په‌ژاک وێبلاک و فه‌یسبوک... دروست بکه‌ن و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ ناوه‌کانى دژه‌په‌ژاکو زد پژاک و... که‌وتوونه‌ته‌ خه‌باتى راگه‌یاندن و له‌م بواره‌شدا ناوى کۆمه‌ڵێک که‌س هاتووه‌ که‌ دانیان به‌وه‌ داناوه‌، له‌ لایه‌ن کۆمارى ئیسلامى و ئیتڵاعات داوایان لێکراوه‌ ده‌ست بکه‌ن به‌ هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندن دژ به‌ (pjak). گۆڤاره‌که‌ی په‌ژاک‌ باس له‌ ته‌قینه‌وه‌ و کۆمه‌ڵێک تیرۆر ده‌کات که‌ په‌ژاک لێى ئاگادار نییه‌ و دراوه‌ته‌ پاڵیان به‌ مه‌به‌ستى ره‌شکردنیان و شیمانه‌ کراوه‌ ئێران ده‌یه‌وێت هه‌ندێک کرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجام بدات و بیداته‌ پاڵ ئه‌و حزبه‌.
هه‌روه‌ها له‌ به‌شى کرداریکردنى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی که‌ به‌ دژه‌په‌ژاک به‌ناوی ده‌کات هه‌ر یه‌ک له‌ ئه‌رگه‌نه‌کۆن وه‌ک به‌شێکى بچوکى پرۆژه‌که‌ و میتى تورکیا، ده‌وریان له‌ په‌روه‌رده‌ و ئاماده‌کردنى کادر له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا هه‌بووه‌ و تیمه‌کانى دژه‌په‌ژاک له‌ (جاشه‌ به‌ ئه‌زموونه‌کان و که‌سانى لات و لوت که‌سانى گیان فیدا) پێکهاتوون و به‌ هه‌موو شێوازێک وه‌ک بۆسه‌ دانان و ژه‌هر به‌کارهێنان که‌وتونه‌ته‌ کاره‌وه‌. یه‌کێک له‌و تیمانه‌ به‌ ناوى هیوا تاب ناوى هاتووه‌، که‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان کاریان کردووه‌ و چه‌که‌کانى ناتۆ به‌ تایبه‌ت (ئێم16) و دوربینى شه‌ویان به‌کار هێناوه‌ و ده‌وریان له‌ کوشتنى (386(که‌س هه‌بووه‌ و به‌ ناوى ئه‌ندامى په‌ژاک به‌ جلوبه‌رگى گه‌ریلاوه‌ راده‌ستى ئێران کراون و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌و ته‌رمانه‌ (40) ملیۆن تمه‌نیان وه‌رگرتووه‌. له‌ به‌شێک له‌ گۆڤاره‌که‌دا ئامارى کوشتنى کاسبکاران له‌ ساڵى (2010) خراوه‌ته‌ڕوو که‌ (66) کۆڵبه‌ر کوژراوه‌ و (31) که‌س ده‌ستبه‌سه‌ر کراون و (76) که‌سیش بریندار کراون. ئه‌م گۆڤاره‌ که‌ له‌ (5/5/2011) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و له‌ کۆتایدا ده‌ڵێت به‌ رۆحى خۆڕاگرى شیرین، عه‌لى، فه‌رهاد و فه‌رزاد پرۆژه‌ى دژه‌ په‌ژاک شکست پێدێنین.
دوا به‌ دواى ئه‌وه‌ کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاند هه‌ندێک قسه‌ و قسه‌ڵۆکى بێ بنه‌ما و چه‌واشه‌کارى دراوه‌ته‌ پاڵ عه‌بدوڵا موهته‌دى و ده‌ڵێت: سه‌ڵاح موهته‌دى، وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کى ناسراو جێگه‌ى متمانه‌ى گه‌له‌که‌مانه‌ به‌مجۆره‌ قسه‌ و بالۆرانه‌ خه‌وشێک له‌ داوێنی نانیشێ، ئێمه‌ له‌م رێگایه‌وه‌ ئه‌م چه‌واشه‌کارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی په‌ژاک له‌ به‌رده‌م بیروڕای گشتی به‌ درۆ ده‌خه‌ینه‌وه‌ و پێمانوایه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی له‌م چه‌شنه‌، دووره‌ له‌ ئه‌خلاقی سیاسی. له‌مباره‌یه‌وه‌ شێرزاد که‌مانگه‌ر، ئه‌ندامى کوردیناسیۆنى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان، له‌ لێدوانێکی تایبه‌تدا به‌ (چه‌تر)ی وت: ئه‌مه‌ بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ى راى گشتى و کۆمه‌ڵگایه‌ که‌ ئاگادار و هۆشیار بێت، که‌ شه‌ڕێکى تایبه‌ت له‌ سه‌ر کورد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ده‌یانه‌وێت گه‌لى کورد و بزوتنه‌وه‌که‌ى بێ پاراستن و بێ رێکخستن بکه‌ن، ئه‌وه‌ هێرشکردن نییه‌، ئاشکراکردنى ئه‌و (شه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌) بۆ ئه‌وه‌یه‌ راى گشتى و گه‌لى کورد و هه‌موو کۆمه‌ڵگا له‌و شه‌ڕه‌ ئاگادار بێته‌وه. که‌مانگه‌ر له‌ قسه‌کانیدا وتی: ئه‌وه‌ ئاشکراکردنى ئه‌و پیلانانه‌یه‌ که‌ به‌ ده‌ستی گه‌لێک لایه‌ن دژ به‌ کورد به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. حه‌وت ساڵه‌ به‌رده‌وام تا ئێستا هه‌ندێک که‌س هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ئێمه‌، له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه‌ هێرشمان نه‌کردۆته‌ سه‌ر که‌س و وه‌ڵامیشمان نه‌داوه‌ته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ى که‌ کۆمه‌ڵگا و راى گشتى بزانێت دژ به‌ گه‌لى کورد چ کۆنسێپتێک له‌ ئارادایه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌مان ئاشکرا و شرۆڤه‌ کردووه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە