سێ وەزارەت بەرپرسیاری سەركی كوشتنی ژنانن
Saturday, 01/03/2014, 12:00
ئەوەی كە رۆژانە بووتە هەواڵی دووهەم و سێهەم و زۆرجار پڕ كەرەوەی كاتی هەواڵی زۆربەی تی ڤپ و میدیاكان ئەوە بێگۆمان كوشتن و خوێنرژاندنە لە دوونیادا بەڵام لە كوردستان پێشكەوتنێكی تر هەیە كە لە وەڵاتانی دیكەدا بە كەمی روو ئەدات و ئەویش هەواڵی كوشتنی ژنانە لە ژێر ناوی نامووس .رەنگە دروست نەبێت كە كێشە و رووداوێك گەورە بكرێتەوە و كێشە ناو خۆییەكانی حیزبێك یان كەمی دەرمان و نەبوونی قیر و خزمەتگوزاری لە شوێن و ناوچەیەك بكرێتە بابەتی ژاوە ژاوی راگەیاندنەكان و حكوومەتیش بەرپرسیاری خۆێ بە جێ نەهێنی و بە چەند ووشەیەك بوترێت كێ بەرپرسیارە بەڵام لە بابەتی كوشتنی ژناندا ئەمە ئەبێت لە ئاستی هەموو رووداوەكان زیاتر راوەستەی لە سەر بكرێت چۆنكە باس لە دارووخانی كۆمەڵگا و لە ناو چوونی هەموو بنەماكانی خێزان و تەندروستی دەرونی تاك و كۆمەڵگایە . كوشتنی ژنان یان هەر جۆرە رەشە كوژیەك لە ئەساسدا خۆێ لە نەبوونی یاسا و پێداگر نەبوونیەتی لە چارەسەری كێشەكان دەبینێتەوە و سەروەری یاسا یان لایەنی دانەر و جێبەجێكاری یاسا رۆڵی سەرەكیان هەیە لە بەردەوامی یان راوەستانی رووداوە كۆمەڵایەتیەكان كە ئێستا ئەمە لە ئاستی رووداوێك تێپەڕیوە و ئەتوانرێت ناوی كارەساتی لە سەر دانرێت . دەسەڵاتی یاسا دانانیش لە خۆێدا كەسی شارەزای ئەوێت كە بە داخەوە ئەوەی كە بە دی دەكرێت لەم وڵاتەدا زۆر كەمە و ئەوەش كە لەو بوارە شارەزایە دەسەڵاتی جموجوڵی پێنادرێت و كەسانێك لەو شوێنە بە جێ دەكرێن كە ئەركی سەرەكیان جێبەجێكردنی یاسا و دانانی یاسای دروست نییە بەڵكو پاراستنی بەرژەوەندیەكانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕیوبەری حۆكمە كە ئەوە لە كوردستاندا بە روونی بە دی دەكرێت . دەسەڵاتی دادوەری ئەتوانێت بە ئاسانی بڕیار لە سەر بە دوادا چوون بۆ بێ رێزی كردن بە بەرپرسێكی لە خەیراترین كاتدا دەركات و تەنانەت تاوانباریش بە قۆرسترین شێوە سزا بدات بەڵام لە بەرامبەر كارەساتی كوشتنی ژنان هیچ بەرەوپێشچوونێك لە خویدا نابینێت . سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە ئاسانی ئەتوانێت جەژنانەكەی بۆ خەڵك بەردانی ژن كوژان بێت لە بەندیخانە بەڵام تەنانەت نووسینێ رەخنەگرانەی رۆژنامەنووسێك شایانی گوێگرتن نابینێت بەڵكوو بە پێچەوانەوە سزای مەرگی بە سەردا جێبە جێ دەكات و دەزگای دادوەری هیچ جۆرە كاردانەوەیەكی روونی لە بە دوادەچوون لەو كەیسەدا نییە . ئێستا ئیتر چاو داخستن لە بەرامبەر بەو كارەساتە لە لایەن كۆمەڵگاوە ئەچێتە خانەی هاوبەشی لە ئەنجامی ئەو كارەساتە و چیتر پێویستە كۆمەڵگا بێتە دەنگ و بەرپرسیارەتی خۆێ بە جێ بێنێت . ئەگەر چاوێك بە رێژەی كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستاندا بخشێنردێت ئەوە بە هیچ شێوەیەك ناتوانرێت دڵخۆشیەك بە دی بكرێت لە راوەسانی ئەو مەكینەی كوشتنە كە ناوی مەكینەی شەرەف و نامووسە . شەرەف و نامووس ئێدی بووتە دەسەڵاتی جێبەجێكار و بڕیاردەر لە كاتێكدا هیچ پێناسەیەك دروستی نییە و ژن بووتە مەترسی لە سەر شەرف و نامووس . بە راستی كێ بەرپرسیارە و كێ پێویستە وەڵامدەرەوە بێت ؟ وەڵامی لای من تەنها دەزگای داد نییە بەڵكوو وەزارەتی ئەوقاف و كار و باری ئایینەیە كە بە شێویەكی بێ سنوور رۆژانە رێگا لە دروست بوونی كەسانێك دەكاتەوە كە لە مزگەوتەكاندا بانگەشەی كوشتن و تووند و تیژی بەرامبەر بە ژنان بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەكەن و مایكی مزگەوتەكان بۆ هاندانی كۆمەڵگا بۆ تۆند و تیژی بە كار دێنن . وەزارەتی ئەوقافیش كە خۆڵقێنەر و رێگە پێدەری ئەمانەیە نابێت تەنها كاری دۆزینەوەی مانگە بۆ سەرەتای جەژن و كۆتایی رەمەزان بێت و بە شانازییەوە باس لە بەرز بوونەوەی رێژەی حاجیان بكات لە هەرێمی كوردستان و كلیپی كچە گۆرانیبێژێك بە گەورەترین كارەسات ببینێ و هەزاران نرخاندن و ناو زڕاندن تۆمار بكات . وەزیری ئەوقاف و كار و باری ئایینی پێویستە دوای وەزیری داد دەست لە كار بكێشێتەوە و بڕواتەوە شوێنی شیاوی خۆێ ئەویش سووچی ژوورێكە لە ماڵەكەی یان مزگەوتێتێك و بپاڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك و مێژوو لە تاوانەكانی خۆش بن . دواتریش وەزارەتی كار و باری كۆمەڵایەتی خۆێ بە بێ بیانوو هێنانەوە رەخنەدانی خۆێ بدات و وەزیریش بە بێ هیچ ناو هێنانێك لە كار و چالاكییەكانی دەست لە كار بكێشێتەوە . ئەمە ئەتوانێت سەرەتایەك بێت لە هەڵمەتێكی كاریگەر بۆ راوەستانی كارەساتی كوشتنی ژنان لە هەرێمی كوردستان . ئەگەر چی رۆڵی سەرۆكایەتی هەرێم لە ئەم كارەساتە لەم سێ وەزارەتە كەمتر نییە بەڵام ئایا دوای ئەم دەستلەكاركێشانەوانە سەرۆكی هەرێم وەكوو چۆن دڵی لە ئاست ژن كوژان بە رەحم دێت و لێبوردنیان بۆ دەر دەكات ئەوە دڵی لە ئاستی ژنانیش وایە و دەسەڵات بە جێ دەهێڵی بۆ كەسی شیاو یان نا ؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەگەر چی وەكوو ئۆتۆپیایەكە بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵك بەڵام ئەیهێڵمەوە بۆ سەرۆكایەتی حكوومەت . لە كۆتایشدا بەپێویستی ئەزانم كە رێكخراوەكانی ژنان لە ژوور و ئۆفیسەكانیان بێنە دەرێ و ئەركی سەركیان كە رێكخستنی كۆمەڵگایە بۆ دروست كردنی هەلوومەرجێكی مەدەنیانە بۆ پێشكەش كردن و جێبە جێكردنی داواكاریەكانیان بە جێ بێنن كە ئەگەر وا نەبێت ئەوە ئەوانیش بەرپرسیارن لەو كارەساتە و لە رێكخراویەكی سێبەر و داردەست هیچیتر نیین.
با وەزیرەكانی بەرپرسیار دەست لە كار بكێشنەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست