کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ بوون ئەو دوو كەسەی یەكێتییان ناشرین كرد لە گەرمیان؟

Thursday, 10/05/2012, 12:00


كەلارییەك بۆ هەر حزب و رێكخراو و گرووپ و كۆمەڵەیەك زەمەنێك و چەند ئەكتەرێك هەیە ناشرین و خراپی دەكات، یاخود چەند ئەكتەرو كەسێك ئەو حزب و رێكخراو و كۆمەڵانە ناشرین دەكات، بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە ناوچەی گەرمیان ئەو وتەیە راست و دروستە كە چەند كەسێكی چاوبرسی و مشەخۆرو پارەو سامان و عەرزپەرست بوونە هۆی ناشرینكردن و رەشكردنی لە بەرچاو و دڵی گەرمیانییەكان.
ئەو كەسانەش هەردوو ئەكتەری ناسیاسی و ناعەقڵانی یەكێتی (مەلا سەعید و مەحمود سەنگاوی) بوون، مەلا سەعید پێشمەرگەى كۆنی یەكێتی و سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەى گەرمیان و مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەكەى تاڵەبانی بوون.
بۆ هەر ئەكتەرێك لەو دوو ئەكتەرە زۆر كاری ناشرین و پۆخەڵ و خراپیان لەدواى خۆیان بەجێهێشتووە كە لەم وتارەدا بۆ خەڵك و یەكێتیش دەیخەینە روو.
سەرەتا لە (مەلا سەعید)ەوە دەستپێدەكەین، كە جەنابیان لە سەردەمی سەرپەرشتیاربوونی ئیدارەى گەرمیان دەسەڵاتی بەسەر بەڕێوەبەری ناحیەیەكدا نەبوو، جگە لەوەی بە بەڵگەوە دەستی هەبووە لەبەهەدەربردن و ئاودیوكردنی سەدان ملیۆن دینارى پارەی وشكەساڵی، هەروەها خۆدەوڵەمەندكردن و واسیتەواسیتەكارى بۆ خزم و كەسە نزیكەكانی، بوون بە سەرمایەدار لەوەی كە چەندین دۆنم زەوی كڕیوە لەنێوان كەلارو رزگار (سمود) و كردوویەتی بە باخ و دارستان و بۆ چەند ساڵێك سێ پۆلیسی (تەرك) كردبوو بۆ خزمەتكردنی ئەو باخە، دامەزراندنی خزم و كەسوكارەكانی و پێدانی پارچەیەك زەوی بۆ هەموویان كە كەسی وای تێدا بووە یەك ساڵ خزمەتی پۆلیسی نەبووە زەوی پێداوە، بوونی خانوویەك لە سلێمانی و یەكێك لە دەربەندیخان و یەكێك لە كەلارو داگیرگردنی خانوویەكی 350 مەتری لە كفری لە دواى راپەڕینی 1991، هەروەها بۆ هەر تەعزیەو شوێنێك بڕۆشتایە مەفرەزەیەك پۆلیس و چەكداری دەخستە دواى خۆی وای دەزانی بەو كارەى خۆی و حزبەكەى گەورە دەكات و خەڵك حسابی بۆ دەكات كە ئەمەش تەواو خەڵكی بێزارو توڕە كرد هەم لە خۆی و هەم لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوانەو دەیان كاری ناڕێكی دیكەى ئەو مەلا سەعیدەى ئەكتەرى ناوداری یەكێتی لە گەرمیان.
مەحمود سەنگاوی ئەندامی پێشووی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئێستا پاش ئەوەی مەڵبەندەكانی سنورى گەرمیان دەخرێتە ژێر دەسەڵاتیەوە چەندین كارى نابەجێ و دوور لە ئەخلاقی سیاسی و حزبی و كۆمەڵایەتی ئەنجام دەدات، بۆ نمونە لە هەر قەزاو ناحیە و شارێكی ناوچەی گەرمیان دەیان مافیا و تەقەكەر و شەقوەشێنی بڵاوكردەوەو رۆژانە تەعەداو زوڵمیان لە خەڵك دەكرد، هەروەها كاری قاچاخچێتی و بازرگانی و دەستوەردان لەو بوارانە، هەروەها دەستوەردان لە دامودەزگا حكومییەكان و حساب نەكردن بۆ بەرپرسە ئیدارییەكان، كاری تەزویرچێتی و سپیكردنەوەى پارە، دەستخستنە نێو دادگاكان و دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش، كە هەموو ئەمانە وای لەخەڵكی ناوچەكە كرد رۆژانە نەفرەت لە یەكێتی بكەن.
ئیتر كاتێك یەكێتی بە خەبەر هاتەوە بینییەى لەدەڤەری گەرمیان بەهۆی ئەو جۆرە كەس و بەرپرسانەوە بە تایبەت ئەو دوو ئەكتەرە تەواو بچووك بووەتەوەو گەیشتووەتە ئاستی نەمان، ئنجا پەنای بردە بەر گۆڕینیان، بۆیە تەنها كارێك كە یەكێتی لەم ناوچەیە تاڕادەیەك لە بەرچاو خەڵك جوان دەكات لێپرسینەوەیە لەو دوو ئەكتەرە بازرگان و ئاژەوەچییەو بردنیانە بۆ بەردەم دادگا و لێیان بپرسێتەوە، (مەحمود سەنگاوی) تۆ ئەم چەند ساڵە چەند تاوان و كای نایاساییت ئەنجامداوە و خەڵكت كوشتووەو (مەلا سەعید) ئەو هەموو دەوڵەمەندی و عەرزو خانووەت لە كوێ هێنا ؟،، ئەو كاتە باڵانسی جەماوەرى یەكێتی تاڕادەیەك بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاودەنێت.
ئەمە كورتەیەك بوو لە كارى تاڵانچێتی و ئاژاوەگێڕی و خۆ دەوڵەمەندكردن و ناشیرینكردنی یەكێتی لە دەڤەری گەرمیانی ئەنفال كراو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە