دوو تێبینی سادە بەڵام زۆر گرنگ سەبارەت بە كوشتنی سەردەشت عوسمان
Thursday, 27/05/2010, 12:00
یەكەم: ئەو هەموو هەڵمەتەی دژ بەكوژرانی كاكە سەردەشت كرا هەروەك دەزانین هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە چۆن كەسێك لەسەر نووسینێك لەسەر بنەماڵەیەك دەكوژرێت، بەڵام ڕاگەیاندنەكانی پارتی دوور و نزیك و بەهیچ شێوەیەك ئەو جاش قەڵەم و خۆفرۆش و زبڵ و خاشاكەی كەدەیهانهێننە سەر تەلەفزیۆنەكانیان یان لە گۆڤار و رۆژنامەكان شت دەنووسن، هەربۆ سوعبەتیش كەسێكیان تەنها بۆ جارێكیش بێت نەوێران بڵێن (بنەماڵەی بارزانی خەڵك ناكوژن لەسەر نووسینێك) چونكە هەموویان حەقیقەتەكە دەزانن. تەنانەت خودی مەسعود و مەسرور لە روونكردنەوەكانیاندا خۆیان لەقەرەی ئەو بابەتە نەدا و نكوڵیان لێ نەكرد و نەیانگوت ئێمە خەڵك لەسەر قسە و نووسین لەسەر بنەماڵەكەمان ناكوژین و بەڵكو هەر بەسۆرە سۆرەی چاوان لە بەیاننامە و ڕاگەیاندنەكانی پارتی سیفەتی رۆژنامەنووسیان لە كاكە سەردەشت سەندبووەوە و كردبوویان بە قوتابی بۆ خۆ دوور گرتن لەو بابەتە.
دووەم: هەروەك ئاشكرایە لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتی هەر كاتێك خەلەلێكی ئەمنی روودەدا دەبێت كار لەسەر خاڵە لاوازەكانی ئەو خەلەلە ئەمنیە بكرێت، بۆ نموونە دوای یازدەی سێپتێمبەر لە ئەمریكا و زۆربەی وڵاتانی جیهان كاریان لەسەر باری ئەمن و ئاسایشی فرۆكەخانەكان كردووە و تا ئێستاش دەیكەن. بەڵام دوای ئەم رووداوە ترسناكەی رفاندن و كوشتنەی سەردەشت عوسمان هیچ جۆرە ئیجرائاتێكی سادەش وەرنەگیراوە، بۆ نموونە گریمان ئێمە دەبەنگ و بێ عەقڵین و باوەرمان بەڕاگەیاندنەكانی پارتی كرد كە گروپێكی تیرۆریستی هاتۆتە هەولێر و سەردەشت یان رفاندووە بۆ شاری موسڵ و لەوێش كوشتیتیان؟ باشە سادەترین ئیجرائاتی ئەمنی دوای ئەم رووداوە ئەوەیە كە دەبێت هەموو بازگەكان تەركیز لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە بكەن كە لە هەولێر دەردەچن بۆ شارەكانی دیكە، بەڵام بە پێچەوانەوە، هەموو خەڵكی هەولێر و ئەو كەسانەی كە دێنە شاری هەولێر ئەو راستیە دەزانن كە بازگەكان هیچ جۆرە پشكنین و لێپێچینەوەیەكیان نیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە هەولێر دەردەچن تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت كە لەشارەكانی دیكەوە دین بۆ هەولێر، دەزانن بۆچی؟ چونكە هەموو دەزگاكانی ئاسایش چاك ئەو ڕاستیە دەزانن كە هیچ خەلەلێكی ئەمنی ڕووی نەداوە و پێویست ناكات ئیجرائاتیش لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە وەرگرن كە لەهەولێرەوە دەردەچن و چاكیش دەزانن كە پاراستن كاركەی ئەنجامداوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست