کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەنجان خۆدەكوژن و دەسەڵاتیش باكى نییە..

Wednesday, 07/07/2010, 12:00




خۆكوشتن، دوا بڕیارى مرۆڤەو مەترسیدارترین بڕیارێكە كە مرۆڤ بیرى لێئەكاتەوەو كۆتایى بە ژیانى خۆى دێنێ، بەڵام (بۆچى و كەى و لە كوێ و كێ) ئەوانە هەمووى پرسیارگەلێكن كە لەمبارەیەوە توێژەرانى كۆمەڵایەتى و دەروونى ئاراستەى ئەو دیاردەیەى دەكەن. ئەگەر خۆكوشتن لە حاڵەتەوە بوو بە دیاردەو رێژەكەى رۆژ دواى رۆژ بەرز بۆوە پێویستە حكومەت و بەرپرسان گلۆپى پرتەقاڵى داگیرسێنن و زەنگى مەترسى لێبدەن، كەواتە خۆكوشتن تراژیدیترین و جەرگبڕترین رووداوێًكە كە لە وڵاتدا دەقەومێ.
بێگومان، ئەوەى راستییە لەمبارەیەوە ئەوەیە كە ئەم حاڵًەتە لە كوردستاندا بۆتە دیاردەو رێژەكەى زۆر بەرز بۆتەوە، پێویستە دەسەڵاتى كوردى خۆڵ نەكاتە چاوى كەسەوەو دیزە بەدەرخۆنەى نەكات و لە كەسى نەشارێتەوە كەوا لە هەندێك جێگاو شوێن و دەڤەرى كوردستاندا، ئەم دیاردەیە بۆتە كارێكى رۆژانەى گەنجان، بە تایبەتى لە پارێزگاى سلێمانیدا، لەناو شارى سلێمانى، لە دەربەندیخان، لە ناوچەى پشدەرو رانیەو بتوێن، لە شارەزوور، دیاردەى خۆكوشتن زۆر بەرەزە.. تەنانەت لە دەربەندیخان درەختێكى پیرۆز كە جێنزرگەو مەزارى ئیمام محەمەدە بۆتە درەختى خۆ هەڵواسین و مەرگى نەوجەوان و گەنجە جوانەكانى دەربەندیخان.. زۆرینەیان كوڕى گەنجى بیست ساڵانن، كچى گەنجیش هەمان شێوە هەر رێژەیەكى مەترسیدار پێكدێنن لەو گەنجانەى خۆیان دەكوژن و بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە.
بەڵام بۆچى من ئۆباڵى ئەو خۆكوژییە تراژیدییە دەخەمە پاڵ دەسەڵاتى كوردییەوە؟؟ ئایا ئەمە تۆمەتەو لەخۆوە دەمەوێت دەسەڵات/ واتە حكومەت و حزبەكان تۆمەتبار بكەم و بڕایەوە. ئایا دەمەوێت چاو دابخەم و كوێرانە فیشەك بە تاریكییەوە بنێم و خۆم بكەم بە دوژمن و نەیارێكى تفت و تاڵى ئەم دەسەڵاتەو ئیدى بە چەپ و راست پێى بكێشم و شەلم كوێرم ناپارێزم بە چاك و خراپەكانى ئەم دەسەڵاتەدا بدەم؟!! یان مەسەلە واقیعییەو ئێمەى توێژەرانى كۆمەڵایەتى و دەروونى هۆكارەكان بە هێند وەردەگرین نەك دەرەنجامى ئەم حاڵەتە كە بۆتە دیاردە.. رەنگە زۆر كەس هەبن بڵێن ئەى ئەوە نییە لە فیلەندو ئەمەریكاو ژاپۆنیش ئەم حاڵەتە بۆتە دیاردەو جیهانى گرتۆتەوە.
بەڵام ئەوەى راستى بێت لە كوردستاندا خۆكوشتن یان خۆ سووتاندنى كچان و ژنان خاڵەت بووەو لێرەو لەوێ و ساڵانە دەقەومان و روویاندەدا. ئەمڕۆ لەژێر سایەى راپەرین و ئازادییەوە كەشوهەوایەكى بێسەروبەرەو بێنەوبەردەى داهات و بوودجەى بێشوومارى خەڵكى كوردستان كەوتۆتە ژێر چنگى حزب و دەسەڵاتى كوردییەوە كە بێبەرنامەڕێژى و بێ هەبوونى عەدالەتى كۆمەڵایەتى لە دابەشكردنى ئەو داهاتە زەبەلاحەدا و قۆرخكردنى لە لایەن پێنج سەد بەرپرسى مەكتەب سیاسییەكانى ئەم نیشتمانە هەشبەسەرەدا، ئەو ژیانە تاقەت پڕوكێنەى دروست كردووە كە بەر لە هەر كەسێك گەنجان هەستى پێدەكەن.
بەدرێژایى ئەم نۆزدە ساڵە، نە حزب و نەحكومەت و نە پەرلەمانى كوردستان هیچ پرۆژەیەكیان نەبووەو نییە، باس لە بە كۆنكریت كردن و خۆشگوزەرانكردنى ژیانى گەنج و نەوجەوانانى كورد بكات!!
زۆرینەى زۆرى گەنجى كوردستان نەمرى و نەژى خوێندن تەواو دەكەن و لە خێزانى هەژاردا بە بێبەشى و حیرمانەوە دەگوزەرێن و بگرە هەیانە بە درێژایى هەفتەیەك تاقە یەك هەزار دینارى پێ نییە، لەكاتێكدا بە بێبەرنامەو بێسەروبەرە، بازرگانەكانمان(كە زۆرینەیان بەرپرسن) بازاڕیان پڕ كردووە لە ئامێرو كەرەستەى كارەبایى و ئەلكترۆنى، كە پێش هەموو كەسێك گەنج خەونى پێوە دەبینێ و حەز بە موڵكداریى مۆبایل و لاپتۆپ و شاشەى فلات و سەیارەى مۆدێل بەرزو چى و چى دیكە دەكات كە بێ ئەندازە بازاڕەكانمانى سیخناخ كردووەو گەنجانى چاوچنۆك و بێسەبرو بەرژەوەندخوازو پارەپەرست كردووە. هەلى كەمى كارو دامەزراندنى گەنجان بەبێ تەزكییەى حزبى و واستە، هەروەها كەمى و نەبوونى شوێنى حەواندنەوەى هەرزان و شوێن گۆڕەپانى یارى بە نرخێكى هەرزان و سەر بە كەرتى گشتى و حكومى، ئەو كەشوهەوایەى دروست كردووە كە یەكەمین زەبرێك لە گەنج بدرێت و هەست بە حیرمان و بێئومێدى و خولانەوە بكات لە بازنەیەكى بەتاڵدا..
نەبوونى بەرنامەو پڕۆژەى پەرلەمان و حزبە دەسەڵاتدارەكان لە هەمبەر ژیانى كۆمەڵایەتى و ئابوورى گەنجدا، حاڵەتێكى هەتیوى بەرەڵابوونى لاى گەنج دروست كردووە كە زۆرینەیان پێیان وایە كە دەسەڵات كار بۆ مەیسەر كردنى ژیانى ئاسایى و ئاسانكارى بوارەكانى دامەزراندن و هاوسەرگیریان ناكات.. گەنج دەناسم چونكە بێ پشتو پەنان و حزبى نین و كەسیش ناناسن، چوار ساڵە پەیمانگاى گەشتوگوزارى تەواو كردووەو دانەمەزراوە، لەكاتێكدا كوردستان وەكو سویسرا جێ و شوێنى گەشت و هاوینەهەوارى هەیەو دەكرا سوود لەو بوارە وەرگیرێت. دروستكردنى كارگەى ئاسانى وەكو مافوورو چنین و جگەرەو دۆشاو و مرەباو زەیت و شامپۆو سابوون كە پێش راپەڕین و لە سەردەمى دیكتاتۆردا هەبوون ئێستا پووكاونەتەوە دەكرا دابمەزرایەو بە لێشاو گەنجان لەو شوێنانە كاریان بكردایە.. دەشكرا لە تەنیشت ئەو كارگانەوە(وەكو هەندەران) گۆڕەپانى یارى و پڕۆژەى نیشتەجێبوون (بە شێوەى قیست) دابمەزرایە (كە من ئەو پڕۆژانەم پێشكەش بە زۆرێك لە بەرپرسان و وەزیرى لاوانى پێشوو، سەرۆك وەزیرانى ئێستا/ لە ڕێى سایتەكەیەوە/ كردوون و وەڵامیان نەبووە.)
ئەو رێكلامانەى لە تەلەفزیۆن نیشان دەدرێن و ڤێلاو شووقەو خانوو بۆ دەوڵەمەندەكان مەزاد دەكەن، گەورەترین كاریگەرى سەلبى و خراپ بەسەر دەروونى گەنجەوە بەجێدێڵن، بەڵام كوان راوێژكارو دڵسۆزو میهرەبان و ژیر لەم حكومەت و حزبانەى كوردستاندا.
زۆرن ئەو دەرفەت و هەلانەى كە پێویست بوو بەر لە كوڕانى بەرپرس و بنەماڵەكانیان، بەر لە بیناو ئاپارتمانە هەڵكشاوەكانى شارو هەزاران دۆنمە زەوى و كۆشك و تەلارەكانى ناویان و شەوانى سوورى بەر ئاگرى سەماكاران، دەبوو پڕۆژەى ژیان خۆشى و ئاسانكاریى گوزەران بۆ گەنجى هەژارو نەدارى زۆرینەى كوردستان بڕەخسایە، بەڵام بەرژەوەندیخوازى و بیرى تەسكى حزبایەتى و خزمایەتى و ماشینەوەى داهات و بوودجەى زەبەلاحى كوردستان كە بۆ خەڵك و دانیشتوانى ئەم هەرێمە دابینكراوە، ناعەدالەتیى كۆمەڵایەتى و ناشەفافییەت و لێنەپرسینەوەى گەندەڵ و پەراوێزكردنى توێژى بەرفراوانى گەنجان كە (63%) ى دانیشتوانمان پێكدێنن، بۆتەهۆى بێئومێد بوون و لە هیوابڕانى گەنجانێك كە زۆرینەیان هەژارن و بێ پشتو پەناو ناحزبى و سەربەخۆن، بۆیە ئەوان دەستگێڕو عەرەبانە بەدەست و شۆفێرى تاكسییە بێشومارەكانن كە هەر دە كەس و یەك تاكسیان بەردەكەوێت و لەوەشدا قازانجى بەرپرسەو زەرەرو زیانى گەنجان..
بە كورتى: قورساییەكى زۆرو زەوەندە لەسەر گەنجانە، خەرجى و مەسرەفیان لەم گرانییەدا(كە ئەویش لە ئەستۆى دەسەڵاتە) ئەوەندە زۆرە كە ناتوانن پاش خوێندن دابمەزرێنن بەبێ واستەو تەزكیەى حزبى، ناتوانن خولیاكانیان لە كەلاوەكانى شارو شارۆچكەكاندا (لە جیاتى گۆڕەپان و مەلەوانگەى گەورەى حكومى) مەیسەر بكەن.. ناتوانن سەفەرێك و گەشتێكى ئاسایى بكەن بۆ ناوەوەو دەرەوەى وڵات كە سەرەكیترین مافى مرۆڤە لەسەر زەوى.. ناتوانن پڕۆسەى هاوسەرگیرى مەیسەر بكەن چونكە تێچوونى زۆرەو شوێنى نیشتەجێیان هەرگیز بۆ دابین ناكرێت (هەرچەندە بەقسەى ئەم حكومەتە بێت خانوو یان شوقەى هەرزان بۆ كرێچییەكانمان پاش ماوەیەكى زۆر كەم حازر دەبێت)..
كەواتە گەنج لەژێر فشارێكى زۆر گەورەدایە، بەڵام كە نە حكومەت و نە حزب و نە ریكخراوەكانمان راپرسی و تۆژینەوەو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونى بۆ نەكەن، كێ دەتوانێت بچێتە ژێر پێستەوەو ئەم هەموو رەزالەتییەى گەنجانمان هەست پێبكات.. پیاوى تێر ئاگاى لە برسى نییەو پیاوى دەوڵەمەند بێزى نایەت تەماشاى هەژار بكات.. پیاوى حزبیش پەرۆشى هاووڵاتى نابێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە